چوار شه‌ممه‌, ته‌مموز 28, 2021
frku

کۆنسێپتێکی دیکە بۆ هونەر (هونەر ی نێو فەزای گشتی)

هێرۆ خوسرەوی

پرۆژەی مێینە:

لەم ماوەیەی پێشوودا کارێکی هونەری شۆکێك و جوڵانەوەیەکی بەرەنگارییانەی ئەنجامدا، ئەویش بەوەی خاتوونێک بەناوی تارا عەبدوڵا کارێکی هونەریی هاوچەرخی لەنێو فەزای گشتیدا نمایش کرد. پرۆژەی«مێینە» کە بەرواری ٢٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠ نمایشکرا و ناسێنرا، پێکھاتبوو لە کارێکی ئینستەڵەیشنی دوورو درێژ کە «٤٨٠٠» مەتر دریژبوو، سەرەتاکەی لە باخچەی نالییەوە دەستی پێکردبوو و لە لێواری شەقامی سەرەکیی سالم تا بەردەم دادگای گشتیی شاری سلێمانی کۆتایی پێهات. پێکهاتەکانی ئەم کارە هونەرییە بەشێکبوون لە پارچەیەک لە بەرگ و پۆشاکی ئەو ژنانەی کە توندوتیژییان بەرامبەرکراوە، کە بە گوێرەی زانیارییەکانی تارا عەبدوڵا  «٩٩.٦٧٨» پارچەبوون و هەموویان بەیەکەوە هێڵێکی نەپچڕاویان بەلێواری جاددەکاندا دروست کردبوو، هەر ئەمەش هۆکارێکی گرنگ بوو بۆ بینینی زیاتری ئەم پڕۆژە هونەرییە.

ئەم کارە هونەرییە هەر لەسەرەتای نمایشەکەدا بۆیە جێی دیدی زۆرێک لە دانیشتوانی شاری سڵێمانی و لەڕێگەی هەواڵ و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانیشە بەشێوەیەکی بەرچاو پەخش بوو، لەهەمان کاتیشدا لەلایەن کەسانێکی زۆرەوە پێشوازی لێکراو بووە جێگەی تێڕامان و دەستخۆشیی لێکردنیان، و هەروەها لەلایەکی دیکەشەوە ئەم کارە هونەرییە وەک هەڕەشەیەک و ئەکتێکی توندوتیژیی لێکدانەوەی بۆکرا و کەسانێکی زۆر هەم ناڕەزایەتییان دەربڕی و کاردانەوەی زۆر نەشیاوانەشیان بەرامبەر بەم کارە هونەرییە هەبوو، وەک سوتاندنی بەشێکی ئەو کارە هونەرییە و بڕیاری کۆکردنەوە و هەڵگرتنی (ڕاگرتنی) ئەم کارە هونەرییە لەلایەن سیاسییەکان و بەڕێوبەرایەتییەکانەوە.

وێڕای دەستخۆشی و پاڵپشتیکردنم بۆ ئەم پڕۆژەیە پێویستە ئاماژە بەچەند خاڵێک بکەم و هەڵوەستەی لەسەر بکەم. بەدڵنیاییەوە ئەم کارە ناکرێت بڵێین تاکە پڕۆژەیەکی لەم چەشنەیە،کە هونەر لەنێو چوارچێوەکانی گالێری و مۆزەخانەکان دەهێنێتەوە دەرەوە و فۆڕمێکی دیکەی پێدەبەخشێت – ئەکتی هونەر بۆ هونەر یاخود هونەری جوان بەتەواوی ڕەتدەکاتەوە و هونەرێکی دیکە دەخوڵقێنێت یان بەدەربڕینێکی دیکە بەسیاسییکردنی هونەر و گەڕاندنەوەی هونەر بۆ جەماوەر، نەک تەنیا بۆ ئەو کەسانەی کە لەپێگەیەکی ئابووریی و کولتووریی باشتردان و توانای کڕینی هونەر و سەردانکردنی پێشانگا هونەرییەکانیان هەیە – چونکە بەر لە هونەرمەند تارا عەبدوڵا چەند هونەرمەندانی دیکەش هەبوون کاری زۆر گرنگی پێرفۆرمانس و لەم چەشنەیان لە کۆمەڵگای کوردیدا کردووە. بێگومان دەکرێت هەتا ئەم کارە وەک کارێکی کاڵ و کرچ و ناکامل هەڵبسەنگێندرێت و تەنانەت لەهەندێک لایەنیشەوە ببێتە جێگەی ڕەخنە، لەبەرئەوەی شێوە کارێکی هونەریی لەئێستادا بۆ کوردستان زۆر تازەیە و دەکرێت لە داهاتووشدا لەڕێگەی ئەزموون و بەشداریی زێدەتری هونەرمەندان لەم بوار و چەشنە هونەرەدا کاری زۆر گرنگتر لەمە بکردێت، و هەروەها هیچ بەرهەمێکیش بۆ ئەوە نییە ڕەخنە نەکرێت، هەر خودی بەرهەم لە پێناوی ڕەخنەدا بەرهەم دەهێنرێت، هەر ئەمەش ئومێدی منە، بەڵام نەک سوتاندن و داگرتنی، لەبەرئەوەی کەسانێک پێیانوابێت کە ئەم کارە سیمای شاری ناشیرین کردووە یاخود سوکایەتیی بە توندوتیژیکەران کردووە. ئەم کارە ئیتر تەنیا پێدانی دەنگ نییە بە قوربانییەکانی توندوتیژی، بەڵکو دووبارە نمایشکردنەوەی ئەکتەکانی توندوتیژیکەرانە، کە لەم کۆنسێپتە هونەرییەدا زیاتر جەخت کراوەتە سەر توندوتیژیی کۆمەڵگای باوکسالاریی (نێرسالاری) بەرامبەر بە ژنان. لایەنێکی دیکەش کە زۆر بەتامەزرۆییانەوە چاوەڕوانبووم لەم کارەدا نمایشبکرێت، هەڵبژاردنی هەموو شێوە لە پۆشاکەکانی ژنان بێت، ئەگەر ڕوونتر مەبەستی خۆم دەربخەم مەبەستم لە بەشداریی پۆشاکەکانی ژێرەوەی ژنان بەبێ ئەکتێکی شەرمنانە، کە بەخۆشیاڵییەوە بەشێکبوو لە پێکهاتەی ئەم کارە هونەرییە.

هونەر و هونەرمەند:

هونەر بەگشتی کۆمەڵێک بەها دەگرێتەخۆی و هونەر یانی دواندن، دەربڕین، دەرککردن و داڕشتنی کۆنسێپتی نوێ. لەڕێگەی هونەریشەوە هونەرمەندان دەتوانن پەیامێکی دیکە بگەیەنن و کەسانی بەرامبەر و ئاڕاستەکراو بدوێنن، هەربۆیە هونەر ڕۆڵیکی بەرچاو دەبینێت لە بەریەککەوتنی پڕۆسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و دژیەکییەکانیشدا. بەدەربڕینێکی دیکە هونەر واتا هەر ئەکتێکی مرۆیی کە لە هزر، ڕاهێنان، وێناکردن و وێناوەرگرتنەوە سەرچاوەی گرتبێت، هونەر کاردانەوەیەکە و بەشدارییەکی ڕاستەوخۆیە لەبونیادی سیاسەت و کۆمەڵگایەکی تەندروست، هونەر ئاوێتەبوون و ڕەنگدانەوەیەکە لەگەڵ سیاسەت و واقیعییەت و کۆمەڵگا. هەر کارێکی هونەریی دنیابینین و دەرککرنی خودی هونەرمەندەکەیە، بەدڵنیایشەوە حەقیقەتی ئەو هونەرمەندەشی لەخۆیدا حەشارداوە. ئەرکی هونەرمەند ئەوەیە کە پانتاییەک بۆ تێفکرین و تێڕامان بخوڵقێنێت، ئیتر پەسەندبوون و ناپەسەندبوون، بەجوانبینین و ڕقلێبوونەوە یان هەبوونی کارکرد و بێباکی دەکەوێتەوە سەر کەسی ئاڕاستەکراو و سەلیقە و توانای تێگەیشتنی. هەر ئەمەش ئەو دیلەمایەیە کە خۆمانی تێدا دەبینینەوە، ئەگەر بڕاونینە مێژووی هونەرییەوە دەبینین بۆ هەر سەردەمێک پێناسەیەکی دیاریکراو بۆ هونەر هەبووە و بەرهەمە هونەرییەکانیش سەلمێنەری ئەوەن. بۆ نمونە بەرهەمە هونەرییەکانی ڤان گۆک بۆ ئەو سەردەمەی خۆی بایەخێکی ئەوتۆیان نەبوو، لەبەرئەوەی لەو کاتەدا پێوەرەکانی هونەر و دنیابینی هونەری لەژێر کاریگەرییەکانی لۆرد و بنەماڵە دەوڵەمەندەکاندا بوو و خواستی ئەوان هونەرێکی دەقاودەق و ئایدیالە سروشتییەکان بوو. ڤان گۆک بەپێچەوانەوە دنیابینینێکی دیکە لەنێوجەرگەی دڵی کەسانی زەحمەتکێش و ڕەنجدەرەوە هاتبوونە دەرەوە، مەینەتیی و سەختییەکانی ژیانی خۆی و خەڵکانی چینی هەژاری وێنادەکردەوە، کە خودی ئەمەش هۆکاربوو بۆئەوەی لەسەردەم و شوێنی خۆیدا پێشوازی لێنەکرێت. پێش سەدەیەک لەمەوپێش چەمکێکی دیکە لە نێو هونەردا دروستبوو ئەویش چەمکی « ئەبستراکت» بوو، کە وەک دژەلایەنێکی ئەم ئایدیالە سروشتی و دەقاودەقانە خۆی پێناسەکرد، وەک ئەڵتەرناتیڤێک بۆ بینینی حەقیقەت و پێچەوانەی تەنیا وێنەکێشانەوە. دەکرێت ئەم دەقاودەقییە تا پێش هاتنی فۆتۆگرافی گرنگییەکی خۆی هەبێت لە مێژووی هونەرییدا، بەڵام لەگەڵ پەیدابوونی فۆتۆگرافی و سینەمادا هونەری وێنەکێشانەوە ڕۆڵێکی ئەوتۆی نەما، مەگەر ئەوەی هونەرمەند بیەوێت لەو ڕێگەیەوە پەیامێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی سەر بەواقیعییەت بگەیەنێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارانە ئیتر پێویست ناکات هونەر هەمیشە چێژبەخش و ئێستاتیکیی بێت، بەڵکو پێویستە ناخهەڵتەکێنەر (بزوێنەر) و  توڕە بێت، بەشێوەیەک ئازارمان بدات و چاو لەچاوەکانمان ببڕێت، پێویستە هەراسانمان بکات و نەتوانین لەبەرامبەریدا خۆمان ئارامبگرین. هونەری هاوچەرخ چاوێکی دیکەی بەخشیوە بە هونەرمەند، کە ئیتر ئەرکی دووبارە کێشانەوە و هەمانبینەوەی نەبێت وەک هونەرمەندانی پێشتر و خەڵکی ئاسایی، بەڵکو بتوانێت بە چاوێکی دیکەوە لێکدانەوە بۆ دیاردە و کێشەکانی دەوروبەری بکات. هەروەها خۆی تەرخان بکات بۆ کارێک کە نۆڕم و کۆتوبەندەکانی کۆمەڵگا تێکبشکێنێت. هونەر و هونەرمەند بەرهەڵستکارن.

گواستنەوەی هونەر بۆ نێو فەزای گشتی:

هونەر لە نێو فەزای گشتیی پێچەوانەی نەریت و پێوەرە کلاسیکەکان – کە ئۆبیێکتەکان لە نێو ڕووبەرێکی دیاریکراو بۆ هونەر و هونەرمەندان و ئارەزوومەندانی هونەر دەخرێنە نمایشەوە و دەناسێنرێن – هونەرێکە بۆ  دووبارەکارکردنەوە  لەسەر کاریگەریی و کاردانەوەی کارکردن (لێرەدا مەبەستم لەو هونەرەیە کە لەڕێگەی هونەرەکەیەوە جوڵەیەک لە فەزای گشتیدا دروست دەکات، هەر ئەمەش زەمینە بۆ دووبارەکارکردنەوە و بۆ بەگەڕخستنەوە خۆش دەکات). فەزای گشتیی بۆ هونەرمەند وەک تاقیگەیەکە بۆ دۆزینەوەی حەقیقەت، چونکە هونەرمەند لەنێو ئەو واقیعەی کە تێیدا نغرۆ بووە هەوڵدەدات لەو حەقیقەتەی کە ئێمە دەیبینین ڕابکات و لە هونەردا بەقەڵغانی هونەرەکەیەوە دووبارە بگەڕێتەوە بۆ نێو فەزای گشتی. ئەو هونەرمەندانەی کە کارە هونەرییەکانیان لەنێو هۆڵ و گالێری و مۆزەخانەکاندا نمایش دەکەن، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ یاخود ڕاستەوخۆ بەشدار دەبن لە قەتیسکردنی هونەر لەنێو چوارچێوەیەکی پەنگخواردوودا، کە سوڕێکی دووبارە لە دەرککردن و گفتوگۆی نێوان چەند توێژێکی نیمچە جیاواز بەرهەمدەهێنێت، کە بێجگە خۆسەرقاڵکردنیان بە خشڵ و زەخرەفە و چوارچێوە زێڕینەکانی نێو گالێری مۆزەخانەکان بەر شتێکی دیکە بۆ دەرککردن ناکەون، بۆیە هونەرمەندانی نێو گالێرییەکان هیچ کات ناتوانن بەو واقیعییەتە بگەن.

سەرەڕای هەموو ئەمانەش پێناسەکردنی فەزای گشتی لەم ساتەدا هێندە ئاسان نییە. وەک ئاشکرایە بەهۆی کاریگەرییە دیارەکانی بەتایبەتیکردن (شوێنە گشتییەکانی شار، بوار و کەرتە گشتییەکان، ڕاگەیاندنەکان، دەستگاکانی کۆنتڕۆڵ و چاودێری) ناتوانرێت فەزایەکی گشتیش ببینرێتەوە. فەزای گشتی بەبڕوای من فەزایەکی کۆمەڵایەتی و سیاسییە، کە تێیدا تەنیا مەبەست لە شوێن و جادەوبان و سەکتەرە حکومییەکان نییە، بەڵکو هەموو ئەو شتانەی کە بەشێوەیەکی کۆلێکتیڤی دەکرێت مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. بەدڵنیایشەوە دەکرێت لەنێو فەزای مەجازیشدا ڕوبدات. فەزای گشتی شوێنێکە کە هی هەموان بێت، هەواکەی، ڕووناکییەکەی، دارەکانی، شوێنەکەی بۆ مانەوە….هتد. بەهۆی گۆڕانی بارودۆخ و سیستەمە سیاسییانەی کە لە ئێستادا باڵادەستن و ڕۆزژ دوای ڕۆژ وەک مۆنستەرێک قەبارەیان زیاددەکات، دۆخێکی کۆمەڵایەتیی وا دروستبووە کە کۆمەڵگاکان بەرەو تاکگەراییەکی ڕووت هەنگاو دەنێن، لەئێستاشدا فۆکۆسێکی ڕاستەوخۆ خراوەتە سەر ژیانی تاکگەرایی و پێوەرو بنەما خۆپەرستییەکان، هەر ئەمەش شوێن و پانتایی بۆ بەتایبەتیکردن و بێبەهاکردنی ژیانی هاوبەش ڕێکخستووە. بۆیە فەزای گشتیش وەک فەزایەک کە هی هەموانە وەرناگرترێت، بەڵکو وەک شوێنێک کە هی هیچ کەس نییە. بەدیاریکراویش لەم سەردەم و ساتەی ئێستادا کە نیولیبڕالیزم و بەتایبەتیکردنی هەموو فەزا گشتییەکان لەگەشەیەکی خێراندایە کارێکی هونەریی لەم شێوەیە دەکرێت وەک ئەکتێکی سیاسی دژ بە بەتایبەتیکردن و قەتیسکردن لێکدانەوەی بۆ بکرێت. دووبارە گەڕاندنەوەی هێزو دەسەڵاتی چینی ژێردەستە و ستەمدیدە و خۆپێناسەکردنەوەیان لەنێو فەزای گشتیدا. دەبێت دووبارەش جەخت لەسەر ئەوەش بکەینەوە کە مەسەلەی ژنیش بەشێکە لەم پڕۆسەیە و بە بایەخپێدان و وروژاندنی پرسەکانی ژن بەشێکی دانەبڕاو و سەرەکی ئەم ئەکتە سیاسییەیە.

فەزای گشتی کە بەشێوەیەکی کراوەیی بەردەستە بۆ هەموان، بەتایبەت ئەو کاتەی کە هونەرمەند خۆی بەبەشێک لەو  فەزایە دەبینێت، ئیتر ئەو فەزایە دەبێت شوێنێک بۆ بەکارهێنان و پێناسەکردنی ئایدیاکانی. ئەوەی کە ئەم کارە هونەرییەی تارا عەبدوڵا دەنگدانەوەیەکی خێرای هەبوو دەرخەری ئەوەیە کە هونەر دەبێت بەشێک بێت لە تێڕوانین و هەستپێکردنی ڕاستەقینەی هونەرمەندەکە بۆ ئەو شتەی کە دەیەوێت پیشانی بدات، بەتایبەتی کاتێک دەبینین ئەم کارە هونەرییە نەک تەنیا فۆڕمێکی فێمینیستانەی بەخۆیەوە گرتووە، بەڵکو هەوڵیداوە لەڕێگەی هەستکردن بەئازار و سەختیی ژن ئەم ئازارە بگوازێتەوە بۆ نێو شەقام و پیشانمان بداتەوە. تارا دەیەوێت هونەر لێرەدا لەنێو دۆخێکی تەواو پاسیڤی نێو دونیا بازرگانییەکان و کێبڕکێ و گەندەڵیدا بەخەبەربهێنێتەوە و وەک تەکانێکی توند هونەر چالاکبکاتەوە. ئەم هونەرەی نێو فەزای گشتی زیندووە و بەرهەڵستکارە و هەوڵدەدات لەبارەی ژیانی ڕاستەقینەوە بزانێت ئەویش بەو دەرفەتەی بۆ گفتوگۆ و قسەکردن لەنێو خەڵکدا بەشێوەیەکی شپۆنتانیتی دەیڕەخسێنێت.

کاردانەوەکان

وەک بینیمان هەر خێرا کاردانەوەی زۆر بەرانبەر بەم پرۆژە هونەرییە دروستبوو، لەوپەڕی کۆنزەرڤاتیڤ و کۆنەپارێزەکانەوە (نەریتپارێزەکان، دیندارەکان، سیاسەتمەدارانی سەر بە حزبە باڵادەستەکان) تا دەگاتە بەناو بەرەی خوێندەواران، ڕۆشنبیران و نووسەران. هەموویان بە بیانووی جۆراوجۆر دژی ئەم بەرهەمە وەستانەوە، هەندێک بەناوی بەرگریکردن لە بەها باو و ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگا، هەندێک بەناوی پاراستنی سیمای شار، هەندێکی دیکە بەناوی ئەوەی کە هونەر بەهای کتێبی نییە و ژنان ناخوێننەوە. لەناو ڕێژەی هەرە زۆری کاردانەوەکاندا، پیاوانن، ئەمەش تەنها خاڵێکمان بۆ زەق دەکاتەوە: هەمویان وێنەی توندوتیژانەی خۆیان لەناو ئەم بەرهەمەدا دەبیننەوە، واتا ڕوونتر: هەمویان نایانەوێت ئازارەکانی ژنان ببینن چونکە خۆیان بەجۆری جیاواز جیاواز تێیدا بەشدارن لە کوشتن بەناوی شەرەفەوە لەلایەن کۆنەپارێزان و ئیسلامیست و شەرەفپارێزانەوە تا بەرەی ڕۆشنبیران کە بەشدارن بەجۆری خۆیان لە سەرکوتی ژنان، هەم لە داگیرکردنی کۆی بوارەکانی نووسین، هونەر و ئەدەب بۆ پیاوان و هەم بەپاشکۆکردن و بشتکردنی ژن وەک جەستەیەکی سێکسیی بۆ تێرکردنی حەز و ئارەزووی نووسەران و ڕۆشنبیران. کەم نین ئەو ژنانەی چەندە قوربانیی دەستی مەلا و سیاسیی و کۆنەپارێزەکانن، هێندەش قوربانیی دەستی بەناو نووسەران و ڕۆشنبیرانن. بەرهەمەکەی تارا عەبدوڵا ئەوەی ئاشکرا کرد کە هەردوو بەرەکە لە هەڵدانەوەی لاپەڕە ڕەشەکانیان دەترسن، ئەم پڕۆژەیە ئاوێنەیەک بوو هەمویان خۆیان تێدا بینییەوە. هەروەها بیانووی ناشرینکردنی سیمای شار، یەکێکی دیکەیە لەو بیانووە زۆر مەترسیدارە باوکسالارانە، ڕۆژانە شار پڕییەتی لە زبڵ، شەقامەکانی بە خوێنی ژنان سوور بوون، لە مەولەوییەوە تا دووڕیانی سەرچنار، پڕیەتی لە پەیکەری ناشرینی پیاوان، هەمان ئەو بەرانە بەرگریان لەو پەیکەرە پیاوانە کردووە.

بیانووی ئەوەی هونەر بەهای نووسینی نییە، بیانوویەکی مەترسیداری سەرجەمی بەناو نووسەران و ڕۆشنبیرانی کوردە. نووسەری کورد تا ئەم ساتە لە هونەر تێنەگەیشتووە، بە عەینەکە کۆنەپارێز و جیهانبینیییە سنووردارەکەی خۆی لە هونەری ڕوانیوە، کڵێشەیەکی داتاشیوە کە بەو پێیە هونەر بپێوێت. هونەرمەند ناچار نییە فەیلەسوف بێت، هەموو مێژووی دونیای لەبەر بێت، لەکاتێکدا ئەو نووسەرانەش خۆیان ئەو جیهانبینییەیان نییە. هونەرمەند بۆ ئەوەی بەرهەمێکی هونەریی بخوڵقێنێت پێویست ناکات زانا و مێژوونووس بێت، چونکە لەو حاڵەتەدا هەم کۆسپ لەبەردەم ئازادییەکانی دادەنێت و هەمیش ئیتر کەوابوو پێویست ناکات هونەرمەند بێت بەڵکو با وەک ئەوان ببێتە نووسەر. هونەرمەند زۆرجار کوێرە، بەهۆی ئەوەی نایەوێت وەک ئێمە ببینێت، بەرهەمێک دەخوڵقێنێت، کە هەموان سەرسام دەکات و ئەو شتە ڤیژوەڵایز و بەوێنەیی دەکات، کە ئێمە نەماندەتوانی بیری لێبکەینەوە. ئەکتی هونەریی هەم ئێستاتیکییە و هەم سیاسیی. ئێوە ئەگەر لە هونەر تێناگەن، لێگەڕێن با هونەرمەند کاری خۆی بکات.

Check Also

مینیمالیزم (سادەگەرایی): چۆن دەتوانێت ژیانمان بگۆڕێت؟

مینیمالیزم بزاوتێکی هونەرییە، لە شەستەکانی سەدەی رابردوو لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەری هەڵدا. لە هەناوی قوتابخانەی ئەپستراکتەوە هەتووەتە دەرەوە. تایبەتمەندییەکەی ئەوەیە کە کەمترین رەنگ و فۆڕم لەم بوارەی هونەردا بەکاردەهێنرێت. واتا پێشکەشکردنی کارێکی هونەری بەکەمترین وردەکاریی. دەوترێت وەک کاردانەوەیەک لەبەرامبەر قوتابخانەی تەعبیریی سەریهەڵداوە. ئەوەی گرنگە باسی لێبکەین، لە ئەمڕۆدا مینیمالیزم لە چەندین بواردا سوودی لێوەردەگیرێت، کە دەتوانێت ژیانمان بگۆڕێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Font Resize
error: Content is protected !!