”دەریا و خەونە شاراوەکەی مەرجان”

خوێننەوەی: پەروێز هوما


ئەم ڕۆمانە لە نووسینی نووسەر و ڕۆماننووس(بەیان سەلمان)ە، کە ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، چاپ و بڵاوی کردووەتەوە. ساڵی چاپ ٢٠٢١

چێژی خوێنەر، پشتبەستووە بە مەعریفەکەی، مەعریفەکەیەتی بڕیار دەدات کە چێژ لە چی ببینێت. من کاتێک ڕۆمان دەخوێنمەوە، سەرنجی هەندێک لایەن دەدەم، سەرەکیترینیان: بونیادی کاراکتەر، خوڵقاندنی ڕووداو، زمانی گێڕانەوە، تەکنیکی گێڕانەوە. با لەوەیان بگەڕێم کە من چێژ لەکام شێوە دەبینم لەو بنەمایانەی کە نووسیومن.

سەرەتا کە دەستمکرد بە خوێندنەوەی، بەنییەتی ئەوەی کە بزانم ئەم خاتوونە(مەرجان) سەرگەزەشتەکەی چییە، نووسەری ڕۆمان ئافرەتێکە و بە نییەتی ئەوەیش کە مەرجان ئافرەتێک بێت. کە دەستم پێ کرد تێگەییشتم کە مەرجان پیاوێکە و کەشتیوانیشە، یاخود با بڵێین کەشتییەکی هەیە. من ئەوە زۆر سەرسامی نەکردم کە کەشتیی هەیە، بەڵکوو وەستام و بیرم لەوە کردەوە، بۆ ئەو بنەمایانەی کە من کردوومن بە پێوەری چێژی خۆم، بنەمایەکی تریش زیاد بکەم. ئەویش ئایا نووسەرێکی ژن، دەرەقەتی بونیادنانی کاراکتەرێکی پیاو دێت، لەکاتێکدا ئەم چەند پیاوە کاراکتەری سەرەکیی ڕۆمانەکەن؟ ئەمە بۆ من بوو بەجێی پرسیار و لە ڕۆمانەکەیشدا وەڵامم وەر گرت. بونیادنانی کاراکتەرەکان، هەقی خۆیان وەرگرتبوو، ئەسڵەن زۆر بەباشی نووسەر کەوتبووە ناو کەلەبەری بیرکردنەوەی کاراکتەرە پیاوەکان. هەر ئەم بەشەی ڕۆمانەکە، کەرەستەیەکی لەبارە، بۆ چەندین توێژینەوە. من هەم لێی نازانم، هەم حەوسەڵەی ئەو توێژینەوەیشم نییە. واتا بە من ناکرێ، ئەوە جێ دەهێڵم بۆ کەسانێک، کە لێی دەزانن و کە حەوسەڵەیان هەیە.

هەڵبەتە کە دەڵێم بونیادنانی کاراکتەر، مەبەستم لەوە نییە نووسەر لە هەر پەڕەیەکدا جەخت لەسەر ڕەنگی قژی بکاتەوە و باسی چاوی بکات، ئەمە بونیادنانی فەیسی کاراکتەرە. کاراکتەر بەو جۆرە بونیاد نانرێت لە هەر پەڕەیەکدا باسی پاڵتۆکەی و شەپقەکەی بکەی، بڵێی قژی زەرد بوو، یان ڕەش. بەڵکوو درووستکردنی کەسایەتی و دنیابینی و شێوازی ئاخاوتن بۆ کاراکتەرەکان. کاراکتەری ڕاڕا، کاراکتەری بێدەنگ، کاراکتەری ئیشکەر و بە وزە، کاراکتەری بێڕەحم، کاراکتەری لێزان و بیرکەرەوە و هتد… ڕۆمانەکە بەشێوەیەکی گشتی فەزای دیالۆگ پانتاییەکەی داگیر کردووە. کاتێک دەکەویتە خوێندنەوەی دیالۆگەکان، نووسەر پێویستی بەوە نییە لە پێش وتەی هەر یەکەیانەوە ناوی کاراکتەرەکە بنووسێت. چونکە بونیادی کاراکتەرەکان بەهێزن، هەر بە شێوازی قسەکردنەکەیدا، دەزانی وتەی کام کاراکتەرە کە دەیخوێنیتەوە، دەزانی کاراکتەر ڕووی دەمی لەکام کاراکتەری دیکەیە.

خوڵقاندنی ڕووداو تەنها ئەوەندە نییە کە دەبێت لۆکەیشنێکی گەورە درووست بکەیت و حەشاماتێک لە کاراکتەر کۆ بکەیتەوە و ڕووداوێکی بەرجەستە درووست بکەی، ئەمە تەنها لە ڕۆمانە سادە و کەم سەنگەکاندا هەیە، کە نووسەرەکانیان خاوەن مەعریفەیەکی باش نین و هێشتاکە بەباشی دەست و پەنجەیان لەگەڵ دنیای گێڕانەوەدا نەرم نەکردووە. ڕووداوی گەورە بەمانای پرسی گەورە و لۆکەیشن و لێکەوتەی گەورە نایەت. بەڵکوو بەمانای داگیرکردنی پانتاییەک دێت لە هزری خوێنەردا، ڕووداو لە هزری خوێنەردا درووست بکات، نەک لەسەر پەڕەی کتێبەکە. ڕووداو ئەوەیە ڕۆمانەکە کەشف نەبێت لەلام و ئەوەی ڕوودەدات، ئەوە نەبێت کە من چاوەڕوانم دەکرد. ئەگەر ڕووداو هەر ئەو شتانەبێت کە من لەکاتی خوێندنەوەیدا پێشبینیم کردوون، ئەوا کلیلی ڕۆمانەکە لای من بووە و هیچ سیحرێکی تێدا نییە. بۆ نموونە من لە سەرەتای خوێندنەوەی ڕۆمانەکەدا، یان هەر خوێنەرێکی تر هەر لەسەرەتای دەستپێکردنی گەشتەکەیاندا، پێشبینی دەکات کە ئەم تاقمە گەشتکەرە گەنجینەیەک، یاخود شتێکی مادیی گرانبەها بدۆزنەوە، بەڵام بەو جۆرە نییە کە پێشبینی کرا، گەر وا بوایە، ئەوا نووسەر ئەو کلیلەی ئێمەی پێ بووە، بەڵام بەو جۆرە نەبوو. ئەی چۆن بوو؟ ئەمەیان بۆ خوێنەر، کە خوێندیەوە دەزانێت.

لۆکەیشنی ڕۆمانەکە:

بێگومان بۆ هەر گێڕانەوەیەک، پێویست بە جوگرافیایەک دەکات، چ شوێن بێت، یاخود پانتایی خەیاڵ. تراژیدیاکان، شەڕ و کوشتاری گەلان، ڕووداوە مێژووییەکان، مەینەت و ئازاری کۆمەڵگە و هتد… ئەمانە کەرەستەی خاون، هەروەها پانتایی فراوانن بۆ گێڕانەوە. بەڵام ئەگەر لۆکەیشنی تۆ، تەنها کەشتییەک بێت، ئەمەیان ئەکرێ بڵێم تەنها لە قودرەتی ئەو کەسانەدایە کە وەک بەیان سەلمانن، تا بتوانن ڕووداوی بەهێز بخوڵقێنن. هەرچەندە لۆکەیشن جارجار دەگۆڕدرێت، کەشتییەکە لەنگەر دەگرێت، بەڵام ئەوەندەی بڵێی یەک و دوو دەگەرێنەوە ناو دەریا و خوێنەر دەبێتە هاودەمی دەریا.

وتار و پەیامی ڕۆمانەکە:

زۆر جار زۆرێک لە ڕۆماننووسەکان، هێندە چڕ دەبنەوە لە گوتار و پەیامدا، خوێنەر بیری دەچێتەوە کە ئەم نووسەرە دەیەوێت شتێک بگێرێتەوە. یان نووسەر دەیەوێت خۆی لەم پەتایە ببوێرێ و بپارێزێت، ڕۆمانەکە خاڵی دەکات لە پەیام و گوتار. بێگومان مەبەست لە گوتار ئەوە نییە کە ڕۆمان پڕ بکرێت لە ئاژیتاسیۆن و دروشم و ئاراستەکردن. ئەمە بە ڕای من باشتر وایە لە ناسنامەی کتێبەکە نەنووسرێت ڕۆمان. لەم ڕۆمانەدا، هاوسەنگی پارێزراوە، گێڕانەوە و وتار و پەیامی ڕۆمان، هاوتەریبن، بەگشتی ئاوێزانی یەکتری بوونە.

Check Also

هەڵکشانی پڕوپوچی -عەرەب و ئیسلام و خۆرئاوا –

د. هاشم ساڵح شوان ئەحمەد کردوویەتی بە کوردی كۆرنیلۆس كاستۆریادیسی بە ڕەگەز یۆنانی و هەڵگری …