ئارام حاجی

لە وەسییەتە بەناوبانگەکەی گابرێل گاریسیا مارکیز-دا، ئەوەندە جەخت لەسەر دینامیکییەتی مرۆڤ کراوەتەوە، هێندە بە بەلای سەرکەوتنی مرۆڤ دا ناچێت بۆ جێیەک وەک دوا حەقیقەت. چونکە هەموو حەقیقەتێک لە خۆیدا چەقبەستووییەکە. دژی ئەو وزە دینامیکییەیە لە مرۆڤدا. دانانی خاڵە لەبەردەم داهێنانی مرۆڤ و سەرگەرمییەکانیدا.
مارکیز دەڵێ: “هەمووان خەون بە لووتکەی چیاکەوە دەبینن، بێ ئاگا لەوەی ڕازی خۆشبەختی لە هەڵگەڕاندایە بە لووتکەی چیاکەدا”.
لە ڕۆمانی “دەریا و خەونە شاراوەکەی مەرجان”دا، نووسەر لە ڕێگەی پاڵەوانی مەرجانەوە، ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە لەنگەرگرتن لە جێیەک وە دوا حەقیقەتی خۆشبەختی، بوونی نییە، بەڵکوو خودی خەونەکە لە گەڕانەکەدایە بەناو دەریا و ڕووبارەکاندا. بۆیە مەرجان ئەوە لە هاوڕێکانی دەشارێتەوە کە دوا لەنگەریان کوێ دەبێت، بەڵکوو پراکتیکی یەک لە دوای یەک لەنگەرەکان دەگۆڕێت، هیچ کوێ ناکاتە دوا نشینگەی خۆی و سەرنشینە هاوڕێکانی.
هەرچی نیتشە-یشە پێی وایە حەقیقەتی ڕەها بوونی نییە، ئەوەی هەیە ڕاڤەی حەقیقەتە.
بۆیە لە دوای گەشتی یەکەم و وەستانەوە لە خاڵی دەستپێک، پاشی ماوەیەک سەرنشینەکان دەچنەوە سەر باوەڕی مەرجان، پراکتیکی ئەوجۆرە لە بزاوت دەکەوێتە سەریان کە دیسانەوە دەست بە گەشت بکەنەوە.. ئەم گەڕانە خودی خەونەکەیە بۆ مەرجان، نەک ئەو جێگەی دوا پەناگەیانە بۆ هەمیشەیی وەک حەقیقەتی ڕەها..
لە دەستپێکی گەشتی دووەمدا بەناو دەریادا، کاراکتەری زێفیر لە مەرجان دەپرسێت: مەرجان ئاخۆ ئەمجارە ئاراستەی گەشتەکەمان بەرەو کوێیە؟
لە وەڵامدا مەرجان دەڵێت: بەرەو “خەون”.
لێرەدا خودی گەڕان دەبێتە ئەو خەون و دینامیکییەتە، کە هەمان ڕاڤەی حەقیقەتە لای نیشتە و هەڵگەڕانیشە بە چیاکەدا نەک لووتکەی چیاکە، کە مارکیز باسی کردووە.

ئارام حاجی
شاعیر و میدیاکار
transcultures ترانسكولتوور