د. نەوزاد جەمال
پرسیارێک کە دەبێت بە جیدیی بیری لێبکرێتەوە ئەوەیە؛ بۆچی خەڵکانێک بەتوندی داکۆکی لە ناسنامە و گێڕانەوەیەک دەکەن کە نەخۆیان داڕێژەریین، نە بەشێکیشە لەمێژوو و ئەزموونی ژیانی خۆیان؟
هەفتەکانی رابووردوو بەشێکی دانیشتوانی هەرێم، سەرگەرمی مۆندیال بوون. لە هەرێمێکەوە کە هەزاران کیلۆمتەر لە ئەرجەنتین یان بەڕازیل و ئیسپانیا و هتد. دوورە کە چی هەوادارێکی سەرسەختی ئەو وڵاتانە بیت؟
جێی سەرسوڕمانە کە کوردێک لەم پنتەی جیهاندا، پشتگیری تیپێک کە لە جوگرافیا و مێژووی ئەودا نییە بکات! ئەوە دیاردەیەکە باش لێی تێنەگەیشتووم تا ئێستا. رەنگە، بووترێت لەبەرئەوەی هەرێم تیپێکی نیشتمانی خۆی نییە کە نوێنەرایەتی لە مۆندیال بکات، خەڵکیش پێویستی بە چیرۆکێکە خۆی پێوە سەرگەرم بکات. یان وەرزش هیچ پەیوەندی بە نەژاد و گەلێکەوە نییە( لەکاتێکدا ئاڵا و وەک سیمبولێک لە ناسنامەی وڵاتەکە سەیردەکرێت). یان خەڵکی ئەیەوێت دڵخۆش بێت و مافی خۆیەتی ساتێک بە دوور لە جەنگ و سیاسەتی وێرانکاریی یان…

هەمان ئەقڵیەتی شوێنکەوتن و خۆبینینەوە لە ئاپۆڕای حەشاماتگەرییدا، بۆ ئایینداری و نەتەوەپەرستیش راستە. بەتایبەت لەم یەکدووساڵانەدا بابەتی ‘نەتەوەگەری’ لە ئەنجامی دۆخی داتەپاوی سیاسی و ئابووری هەرێم، بووە بە پەناگەی هەستوسۆزێکی بریندار و دەروویەک بۆ دەربڕینی تووڕەیی خەڵک.
بەنموونە، هەڵکشانی ژمارەی دانیشتوانی عەرەب لە شارەکاندا، یان خوێندن و ناونانی عەرەبی منداڵەکان، کاردانەوەی درووستکردووە، لە کاتێکدا ئەوە بەشێک لە پرۆسەیەکی گەندەڵکاری دەسەڵات و دەستڕۆیشتووە ئابووری و ئیدارییەکانی هەرێم.
هەرگیز لەگەڵ ئەوەدا نیم کەسانێک هەر لەبەرئەوەی سپی یان رەشن، باوەڕدار یا هەڵگری ئاینیێکیتر، نەژاد و نەتەوەیەکیترن، ببێزرێن و رەگەزپەرستانە دژیان بین. لەگەڵ ئەوەش نییم کە مادام دەسەڵاتی فارس و تورک و عەرەب خەڵکی کوردستانیان چەوساندووەتەوە، ئێمەش بەهەمان شت رکمان لەو گەلانە خۆیان بێت. وەکچۆن ساویلکەییشە بێ هەبوونی ستراتیجیەتی نیشتمانی و کولتووری دەرگایان بۆ بخرێتە سەرپشت.
سەبارەت بە ئایینداریی، ئەوەی شایەنی ووتنە بەشێکی هاوڵاتیان بە بیانووی داکۆکی لە پیرۆزی ئایین، پێیانوایە ناونانی منداڵەکانیان بە ناوی عەرەبی رەوایە. پاساوەکەشیان لەبەرئەوەیە کە ئەو ناوانە ئیسلامی و پیرۆزن نەک لەبەرئەوەی کە خۆیان سەرپشکن و ئازادن لە هەڵبژاردنیان. واتە، ئەو ناوانە بەشێکن لە باوەڕی ئایینیی، هەرچییەکیش پێچەوانەکەی بڵێت دەرچووە لە ئایین!
ئەم ئەقڵیەتە بێئەوەی پرسیاریک بکات: ئایا ئەو ناوانە ئیسلامین یان عەرەبی؟
هێشتا مسوڵمانانی کوردستان، جیاوازی لە نێوان ئیسلام(وەک ئاین و باوەڕ) و کولتووری عەرەبی (هەندێکی رێوڕەسمی کولتووری وەک ناونان، جلوبەرگ و خۆراک..)دا ناکەن.
ئایا هەرچی خوونەریتێکی عەرەبی پیرۆزە و کرۆکی ئایینەکەیە؟ تەماشاکە هەر لەناوی پێغەمبەر و یاران و شوێنکەوتوانی، زۆرینەیان پێش ئیسلام ناوەکانیان لێنراوە و باوبووە. رەنگە نزیکەی پەنجا سەرتربێت کەس پاش ئیسلامبوونیان ناوی نوێیان وەرگرتبێت.
ئیتر محەمەد، عومەر، عەلی و عوسمان و هتد. ناوگەلێکی عەرەبین، پێش سەرهەڵدانی ئایینی ئیسلام هەبوون. وەکچۆن دزداشە، چارشێو و جلوبەرگیتر و خۆراک و شێوازی ژیان و گوزەران و هتد. هەبوون.
بەشێکی زۆری ئەو ناوانە، تایبەتن بە کولتوور و فەرهەنگی عەرەبی دوورگە و ژیانای بیابانی. عەرەبەکان ناوی منداڵەکانیان بە رووەک (وەک حەنزەلە رووەکی دڕکاوی بیابان) یان مارومێروو(عوسمان تولەمار) یان شێر و پڵنگ و هتد. ناودێرکردووە.
لە ناو کولتووری عەرەبییدا ئەو جۆرە ناوانە باون. ئیتر سەرەڕای واتا سەیرەکەیان بۆ ئێمە لە ژینگە و جوگرافیای کوردستاندا، شتێک نییە جێی گاڵتە پێکردن بێت. لەبەرئەوەی ژینگەی بیابان و گەرمی، کاریگەربووە لەوەدا کەو بەو جۆرە بیربکەنەوە. هەرچی جۆری ئاژەڵ و گیانلەبەری کێویی و رووەک و داروبەردی ژینگە سروشتییەکەیانە بکەن بەناوی منداڵەکانیان.
تەنانەت حەوت سوورەتی قورئان(مانگا، ئاژەڵ، رەشەوڵاخ و هەنگ و مێروولە و جاڵجاڵۆکە یان هەیە. یان هەندیکیان بە ناوی درەختی وەک زەیتون، هەنجیر و خورما و هتدە.
کەواتە، ئەگەر ئایین لە مێژوو و بەستێنی مرۆییەکەی دابماڵرێت، وەک داستانیکی خەیاڵی لێدێت. ئەوەش زانراوە کە کولتووری عەرەبی بە ئەنقەست وەک بەشێک لە سیاسەتی داگیرکاری ئاوێتەی مێژووی ئایینەکە بووە. هەر لە زمان و ئەقڵیەتی بیرکردنەوە و سایکۆلۆجیای مرۆڤەوە لەگەڵ کشانی سوپای ئیسلامیدا بە جیهاندا بڵاوبووەتەوە و خەریکی دادۆشینی ئابووری گەلانیتر بووە.
هۆکارێکی ئەوەی خەڵکی ئێمە ئەم راستییانە نازانن، ئەوەیە دەقەسەرەکیەکەی ئایینەکە بە کوردی فێرنەکراوە. بەسەختی و تەنانەت هەڕەشەش قورئان بە کوردی کراوە. هەوڵەکانی ‘قازی ئیبراهیم عومەر’ی هەولێر و ‘هەژار’ پتر، بوێری وەرگێڕانی قورئان بە کوردی نەبووە. مەگەر بۆچوونی ‘قازی ئیبراهیم’ و هەندێک مەلای لێدەرکەیت کە پێیانوابووە دەبێت فەرمان و نوێژ و نزا بە کوردی بێت. هەر لەسەر وتاری هەینی سەرئێشەی گەورە و دژایەتی زۆرێک کراوە.
هێشتا باوەڕدارانی ئایینی، هۆشیاری پێویستیان لا درووستنەبووە کە زۆرجار لە رێیی ئایینەکەوە، وڵات و مێژوو و جوگرافیای ئابووری داگیرکراوە. یان بەناوی برایەتی باوەڕییەوە و بە دەستی نامسوڵمانی خۆرئاوا نا، بەڵکو بە دەستی “برامسوڵمانەکان”ی مافەکانی پێشێلکراوە. رێگریکردن لە ماف و سەربەخۆیی و خوێندن بە زمانی خۆی کراوە!
هەمیشە داگیرکەر بەرگی خۆی دەگۆڕێت، رۆژێک بەناوی دیموکراسی، بازاڕی ئازاد، رۆژێک بەناوی برایەتی ئایینی و سەپاندنی ئایینەوە. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە؛ بۆدەبێت باوەڕدارێکی ئایینی یان ئایدیۆلۆجی هێندە بەرگری لە نەریتەکانی داگیرکارەکەی بکات؟
بۆچی توندڕەوانە شانازی پێوەدەکات و گیانی لە پێناوییدا بەختدەکات؟ لە کاتێکدا سەرەتایتریین مافی هەر بەدەستی نوێنەرانی ئەو ئایدیۆلۆجیا و باوەڕانە زەوتکراوە؟
ئەگەر ‘فرانز فانۆنی’ و ‘ئەلبێر مێمی’ بیر لە وەڵامەکەی بکەینەوە: هەمیشە ئەقڵی داگیرکراو ئەوەندەی داکۆکی لە وێنە داسەپاوەکەی داگیرکەرەکەی دەکات، هێندە بەرگری لە شکۆ و پێگەی خۆی ناکات. چونکە، سەرسامبوون بە داگیرکەر، جگەلە گرێی کەمێتی، بەڵگەی هەستکردنە بە بێدەسەڵاتیی.
هەڵمەتە رێکخراوی بە ئیسلامیکردنی کۆمەڵگای هەرێمی کوردستان، دوای راپەڕین شەپۆلێکی نامۆکردنی مرۆڤی ئێمە بوو لە خۆی. بە دروشمی ئایینی ئیسلامەوە، خەریکی داگیکردنی دڵ و هۆشی مرۆڤی ئێمەیە.
لە راستییدا ئەو هەڵمەتە پرۆژەیەکی سیاسی پاڵپشتکراوی دەوڵەتانی هەرێمی بوو. بە ئاشکرا پێی ووتین؛ دەبێت مرۆڤی کورد بە ئیسلامی بکرێت، وەک ئەوەی کورد هەر مسوڵمان نەبێت. سەدان کاراکتەر بەناوی بانگخواز و مامۆستای ئایینی سەرگەرمی “فەتحێکی” تری کوردستانن و ئێستەش لە مزگەوت و تۆڕەکاندا بە راوبۆچوونی توندڕەو خەریکی سەرقاڵکردنی هاوڵاتیانن.
سێ دەیەیە ئەم هەڵمەتە لە بەرگی جیاوازدا وەک مزگەوت و فێرگەری ئیسلامی، وەک وتار و بڵندگۆ تا تۆڕەکانی شەپۆڵ ئەدات. لەم ماوەیەشدا دیسان دەنگۆی درووستکردنی مزگەوتێکی گەورەی چەندان دووەنمیانە لە هەولێر و سلێمانی هەیە! هەولێر هەر خۆی بەشاری منارەکان ناسراوە، سلێمانیش سەدان مزگەوتی تێدایە کە پەکی لەسەر ئەوە نەکەوتووە.
ئامانج لە درووستکردنی ئەم مزگەوتانە چی بن؟ ئەگەر خێرکردنە ناکرێت پردێک، نەخۆشخانەیەم قوتابخانە، باخچە و دایەنگایەک؟ راستە ئەرکی حکومەتە ئەو کەرتانە پەرەپێبدات، بەڵام ئەو کارئاسانییە بەشێکی ریکلامی سیاسییە بۆ بنەماڵەیەکی دەسەڵاتدار یان ریکلامێکی بازرگانییە.
هەر کەس ئازادە باوەڕەکەی خۆی پێ راستبێت. بەڵام هەرکە پێیوابوو هەموو بیروباوەڕەکانیتر نەک هەر چەوتن، بەڵکو تەنها ئەوەی خۆی مافی دەربڕین و بانگەشەی هەیە, ئەوە جگەلە فاشیزمێکیتر هیچتر نییە.
Images:
Photo by Molim Karbalaei on Unsplash
https://pixabay.com/fr/
- moritz320
- gdj
© 2026 Nawzad Jamal
548 Market Street PMB 72296, San Francisco, CA 94104
Unsubscribe

نەوزاد جەمال
دکتۆرا لە فەلسەفەی رەخنەگەرایی کانت
transcultures ترانسكولتوور