بەیان سەلمان
پرسی کورد زۆر قورسترە لە پرس گەلێکی تر کە لە جیهاندا تیشک دەخرێتە سەریان و دەناسرێن. ئێمە لە ناوەوە، لە ئاستی پێشکەشکردنی بەرهەمەکانمان، بە تایبەتی نووسەران، بەردەوام بەرەوڕووی ڕەتکردنەوە دەبین. بە هۆی ئەوەی سەر بەم لایەن و ئەو لایەن نین، یان دانیشتوانی کوردی پارچەیەکین سەر بەو پارچەیەی ئەوان نین، بگرە لە ناو خودی ئەو بەشەدا، لێرەدا بە تایبەتی مەبەست لە باشوورە، لایەنگری کوێرانەی ”نمایشگەرایی” شارچێتی و تەنانەت خۆدانە پاڵ گەڕەکیش زاڵە! تێبینی دەکرێ کە تەنانەت مەترسییەکانی هێرشی دڕۆن لەم دواییانە بۆ سەر ”هەموو” شارەکانی کوردستانە، کەچی دانیشتوانی هەر شارێک بە تەنیا، وەک قوربانیی، کێشی قورسی دۆخەکە بە لای خۆیاندا دەشکێننەوە. کورد لە لایەکەوە خۆی بە قوربانی دەبینێت. لە لایەکی ترەوە، هەستی ناوچەچێتی بەسەریدا زاڵە و لەو ناوچەیەدا خۆی بە بەرزتر دەبنینێت!

ئەگەر وشەی ”فیکر” لە بری ”نمایشگەرایی” بەکار نابەم، چونکە فیکر خەسڵەتێکی بیرکردنەوەیە؛ نمایش بۆ دەرخستنی ڕووکەشە، لە شارچێتی و شوێنچێتی و بەشچێتی و کەسایەتیچێتی، لایەنگرییەکە بەبێ بیرکردنەوە و لە سەر بنەمایەکی دۆگما بونیات نراوە. کەسەکە بوونی خۆی بە بوونی شوێن و بوونی کەسایەتییەکی شارەکە دەلکێنێت.
دیارە لێرەدا بابەتی هەست و سۆز بۆ شوێنێک زۆر جودایە، چونکە ئەو شوێنەی لێی لەدایکبووین، تەنانەت شارێکی تریش بێت کە لێی لەدایک نەبووین بەڵام یادەوەریی جوان و خۆشمان لە بارەیەوە هەڵگرتووە؛ ناکاتە هەمان بۆچوون. ئەوەی لێرە مەبەستە، تێڕوانینی کوێرانەیە بۆ لایەنگریی، ئەگەر ستەمکاریی و بەرز بەسەیرکردنیش مۆرکێکی ئاشکرا بێت تێیدا. عەرەب دەڵێن ”انصُرْ أخاكَ ظالِمًا أو مَظلومًا” واتە ”پشتی برات بگرە ئەگەر زۆردارە یان ستەملێکراوە” ئەم ڕستە کوشندەیە پوختەی بنەمای لێکدانەوەی خێڵ و دۆگمە. چۆن مرۆڤەکان دەبنە ئامێرێکی هەڵسوڕێنەری ڕووت بۆ باوەڕێک.

لە دەرەوەی وڵات، بە هەمان شێوە، بەڵام لەبەر ئەوەی کوردین، بەبێ ئەوەی بزانن سەر بە کام وڵاتی داگیرکەرین! ژمارەیەکی کەمی لێ دەرچێت لە هاوڵاتیانی ئەو وڵاتانە، کە تێیاندا نیشتەجێ بووین وەک پەناهەندە، بە باشیی پێشوازی لە بەرهەمی کوردێک ناکەن، مەگەر دەقەکەی پێشێلکردنی مافی ژن و مرۆڤ ئاشکرا بکات. ئەوەش بۆ ڕەوایەتی پێدانە بەو بیرۆکە باوەی کە ڕۆژهەڵات فیکری لێ بەرهەم نایەت!
لە ئەوروپا، ساڵانێکی زۆری پیشوو، ئەگەر کوردێک ڕێستورانێکی خواردنی کوردیی هەبوایە، بە تایبەتی ئەوانەی نزیکەی سی ساڵ پێش ئەمڕۆکە، لە سەرەتای هاتنیان بۆ یەکێک لەو وڵاتانە، ناچاربوون وەک ڕێستورانی تورک و فارس و عەرەب ناوی لێ بنێن بۆ ئەوەی موشتەرییان هەبێت. وڵاتە ئەوروپییەکان ئەو دەمانە، بێجگە لەوەی کوردیان بە باشیی نەدەناسی، ئەگەر ناسیبێتیشیان لە خانەی ڕێکخراوی تیرۆریستی و جەنگاوەران جێیان دەکردەوە! لەبەر ئەو هۆیە، کە هۆیەکی بچووک نییە، ئەوانەی لەو سەردەمەدا گەیشتوونەتە ئەوروپا، بە هونەرمەند و نووسەر و خاوەن پیشە و کارگێڕ، هەوڵیان داوە بە شێوەیەکی تر جێگەی خۆیان بکەنەوە. ئەوە ناکاتە لایەنگریی و پشتگیریی داگیرکەران، بەڵکوو تێکۆشانێکی بێ وەچان و پڕ ئازارە بۆ ئەوەی زمان و کولتوور و فەرهەنگەکەی نەسڕدرێتەوە!
پێویستە بڵێین کە لەم بابەتەدا، دوو ناوکێشە لە ئارادایە. لە سەرێکەوە، هونەرمەندان و نووسەرانی جددی ناچار نین لەبەر خاتری دڵڕاگرتنی ئەو وڵاتانەی چوونەتە ناویان بابەت گەلێک بەرهەمبهێنن کە تەنیا مەرج ئەوان پەسەندی بکەن. لە سەرێکی ترەوە، هەڵەیەکی فیکرییە کە نووسەر و هونەرمەندێک کێشە و کەموکورتییەکانی کومەڵگا بشارێتەوە تەنیا لەبەر ئەوەی کوردن! نووسەری ڕۆژئاوایی بە بێ هیچ وت و وێژێک لەگەڵ دەسەڵات و ڕێسای کۆمەڵگا و ئایین… بابەتەکانی بەرهەم دەهێنێت. نووسەرانی ڕۆژئاوا لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ دەق گەلێک و هونەرێکیان دەرخستووە کە هەرچی بوارە خۆیان لێ داوە بەبێ ئەوەی سەیری ئەوە بکەن سەر بە کام نەتەوە و شوێنە. کورد و عەرەب و میللەتانی ڕۆژهەڵات بە گشتیی، تەنانەت لە پێکهێنانی گروپێکی ئەدەبی و هونەرییدا و هتد. خێرا ڕەوتی ئەو گروپە ئاشکرا دەبێت کە چییە، سەر بە کوێیە و بۆ چ مەبەستێک پێکهێنراوە! ئەمە تەنانەت زۆربەی دەزگا کولتوویەکانیش دەگرێتەوە و لە کایە ڕۆشنبیرییەکە ژمارەیەکی کەم توانیویانە خۆیان بپارێزن و نەکەونە ناو تەڵەیەکی لەو جۆرە.

هەروەها ئەوانەی دەچنە ناو بەرەیەکی چەپڕەو و ڕاستڕەو و توندڕەو، بە بەرە سۆفت ڕەوەکانییشەوە، رەوتێکی تایبەت دەگرنە بەر، بە هەمان دۆگما بیردەکەنەوە و ڕەفتار دەکەن ”مادەم تۆ سەر بەو ڕەوتەی من نیت کەواتە تۆ لە بازنەی بیرکردنەوەی مندا نیت” ئەوجا بە هەمان ئەو بیرۆکەییەی گروپەکەی لێ پێکهێنراوە، هەڵدەوەشێتەوە، چونکە وەک هەر دەرکەوتنێکی کاتیی، سەرەتا گەرم و گوڕە بەڵام خێرا سارد دەبێتەوە. بە هۆی ئەوەی لە ناو خۆشیاندا، هەر یەکێکیان ئەو هەستە بەسەریدا زاڵە، ئەو لەوانیتر ڕاستترە!
لە سەرووی ئەوە، لە بۆچوونێکی بەرتەسکی ئەو کەسانە خۆیان، نەبوونی ئامانجی ڕاستەقینە، لە تەک دنیای ئەمڕۆی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان (کە هەموو شتێکە بێجگە لە کۆمەڵایەتی) داوا لە هەڵوێست وەرگرتن دەکەن. وەک بڵێی هەڵوێست قوماشێکی سوورمە بێت لە ڕووبەری دوکانێکدا هەڵواسرێت! تەنیا ئەوەیان شەرعییە و دروستە کە لە چەند دێڕێکی فەیسبوکدا یان لە ڤیدیۆیەکی کورتدا پشتی قسەکانی ئەو یان ئەم بگرێت. بەو داواکاریە، بە رەهایی ڕەوایەتی بە بڕوای خۆی دەدات.

ئەم قفڵی بازنەی دوگمایە هێندە ژەنگی گرتووە زۆر دوورە لەوەی کەسەکە کار بۆ پێشخستن و چاککردنی دۆخی مرۆڤایەتی بکات، بەڵکوو لە ناو ئەو ڕێگا داخراوەدا هاموشۆیەتی و ناتوانێت لێی دەرچێت. لە سەروو ئەوە، بە باوەڕەوە داوا دەکات ئەوانیتر بە دەوریدا بسوڕێنەوە، چونکە ڕاستی تەنیا لەلای ئەوە، هەر ئەو بەرچاو ڕوونە، ئەو تاقە خاوێنە، ئەو بێ خەوشە، ئەو ئەو هێزە رەهایەیە کە کەسیتر ناتوانێت خۆی لە قەرەی بدات… دەیان لایەنی ناریسیی شاراوە کە بە ماسکی هەمەجۆرەوە، بە ناوی ڕؤشنبیری و هونەر و نووسین و داهێنان نمایشیان دەکات. بە دڵنییایەوە هەر بەو لایەنەش کەسەکە بەبێ ئاگای خۆی حوکمی خۆی دەدات. کەسانێک سەر بەو لێکدانەوەیە (دووبارەی دەکەمەوە، کە وشەی -فیکر- بە مەبەستەوە بەکار نابەم)، هەموو هەوڵێکی بەدکارانە دەدەن بۆ ئەوەی ئەو لایەنانە زەقتر بکەنەوە و بۆی دەبنە تێکۆشەرێکی بەگوڕ. ئەوەش لەپێناو مەبەستێکی خۆیانە، جۆرە مەبەستێک کە تەنیا بۆ خۆیان شاراوەیە و لەلای ئەوانەی بێ ئاگان کە چۆن کاری پێ کراوە خەڵکی پێ چەواشە دەکەن.

دواجار، بۆ ئامۆژگاریی ئەم دوا ڕستانە ناخەمە ڕوو، پتر بۆ ڕوونکردنەوەیە. ئەگەر بڕوامان بە باشکردنی دۆخی مرۆڤایەتی هەبێت، هەموو بەرهەمێک ئیرسی مرۆڤایەتییە، بەبێ جیاوازی. هەر هێرشێکیش بۆ سەر بەشێک لە مرۆڤەکان، لە هەر شوێن بن و هەڵگری هەر ناسنامەیەک بن؛ هێرشە بۆ سەر سەرجەمی مرۆڤایەتی. بۆ کارکردن لەسەر خود؛ هونەرمەندان و نووسەران و توێژەکانی تر، ئەگەر دەرنەچن لەو بازنە داخراوە، یان لە بنەڕەتدا نەکەونە ناوی، ناتوانن بەشداربن لە ڕەوتی گۆڕانکاریی دنیا، ئیتر لە هەر جێیەک و شوێنێک بێت و لێرەدا باس لە میللەتان دەکەین نەک ڕژێمەکان و حوکمڕانەکانیان.
کەسی داهێنەر هەرگیز رازی نییە کە خەتمی مۆمێکی سووری بەسەرەوە بێت و رەوانەی بیرۆکەی شارێک و گەڕەکێکی بەرتەسک بکرێت. دروستە وەک کورد لەبەر ئەوەی لە ناو ئەو قافڵە دواکەوتووەدا بە سەختیی ڕێی خۆمان دەکەینەوە، مافێکی ڕەوایە بڵێین کوردین، بەڵام کاتێک خۆت بە یەک شوێنێکی کوردستان دەبەستییەوە و هەموو کوردەکانی تر بە ئاوارە دادەنێیت، بەرەوڕووی شوورای بەرز دەبییەوە و هەرگیز لەو شوێنە دەرناچیت. ئەمە ناکاتە پشتکردن لەو شوێنە، پتر بەو شێوەیە شکۆ دەگەڕێنییەوە بۆ خودی ئەو شارە و ئەو شوێنەی خۆشت دەوێت؛ بەوەی کولتوور و فیکر و پێکەوژیانیی و هاوتەبایی لەوە بەرفڕاوانترە کە لەژێر ڕەشماڵی ڕەوەندێک جێی ببێتەوە و بەو خەتمە سوورەی شوێنێک بشاردرێتەوە.
Images: https://pixabay.com/fr/
- christopher_konrad
- stocksnap
- geralt
- peggy_marco
- roszie
transcultures ترانسكولتوور