بانگخواز و کچە مۆدێل

دلێر محەمەد نوری


بانگخواز ئەو پیاوە ڕیشنە ڕێکپۆشەیە، کە جبەیەکی عەرەبی، پەتی، ئیسلامی بە عەمامەیەکەوە ئەپۆشێ، یان بە ڕیش و سمێڵێکی تەنک و جلی کوردی و مشکی و جامانەوە، یاخود بەبێ ڕیش و سمێڵ و قات و بۆینباغەوە، لە شاشەکانەوە دەردەکەوێت. ئامانج لە وتەکانی بانگخواز ڕەشباوەڕی و  ئایینین بەڵام هەمیشە هەوڵ ئەدات بە زانست و لۆژیک و فکری سەردەمیانە تام و بۆنیان بداتێ. ئەمەش بۆ ئەوەی زۆرترین کەس، لە دەوریان کۆبکەنەوە و چەواشەیان بکەن. هەندێکیان پاڕەی خێریش کۆ ئەکەنەوە. ئەمەش بە ناوی یارمەتیدانی هەژارانەوە. گرنگترین کەرەستەی بەر دەستی بانگخواز زمانە، تا لە ڕێگەیەوە کاریگەری دابنێ. زۆریشیان بەرپرسی باڵای سیاسییان لە پشتە و خواروخێچی بۆ یەکتری دادەپۆشن. هەوادارانیان هەژارەکانن و خۆشیان وەکو فیرعەون ئەژین.

کچە مۆدێلیش ئەو کچە ڕوومەت و لێو ئاوساوە لووت قنجەیە، کە سەروسیمای هێندەی قشڵە و قەڵا مێژووییەکان، نۆژەن کراونەتەوە و دەستکاری کراون و لە قەبارەی خۆیان گەورەتر کراون. وتەکانیان بێ سەروبەرەن و دوور لە ئایین و زانست و فیکرن. هەرچەند جار جارە لووت لەمانەشەوە ئەژەنن. لەش و لاریان لە هەموو لایەکەوە بە سلیکۆن قان کراوە. ئەمانە بە جل و بەرگی نیمچە ڕووتەوە دەردەکەون، بۆ کۆکردنەوەی هەوادار بە دەوری خۆیاندا. هەندێکیان خەریکی کاری بازرگانیشن. هەندێکیشان دەست و پەنجەیان لە گەڵ بەرپرسان نەرم کردووە. تیایاندایە بە چەند مانگێک ئەبێ بە ملیۆنێر وەکو ئەوەی یانسیبی بۆ دەرچووبێ. هەوادارانیان کچ و ژنی هەڵخەڵەتاوی کۆمەڵگا و پیاوانی سۆز برسین. لە ژێر کاریگەری ئەم کچانە، بازاڕی پزیشکەکانی جوانکاریش گەرم و گوڕە.

ڕەنگە هەبن سەیرییان لێ بێت، کە من ئەم دوو کاراکتەرەی کۆمەڵگای کوردی، لە دووتوێی یەک وتاردا باس دەکەم. ڕەنگە بیانووشیان ئەوەبێ، کە ئەم دوو کەسایەتییە، هیچ لایەنێکی لێکچوون کۆیان ناکاتەوە. بەڵێ بە ڕووکەش دوورن لە یەکەوە بەڵام، لە ناواخندا لێکچوونی کووشندە لە نێو ئەو دوو کاراکتەرەدا هەیە. ئەمەش بەم جورەی لای خوارەوە:

١/ بانگخواز و کچە مۆدێل، دوو کەسایەتی تازەی، هەڵتۆقیوی دونیای سۆشیاڵ میدیان و لە گەڵ فراوانبوونی تۆڕەکانی ئینتەرنێتدا، گەشەیان کردووە. جاران لە جێگەی ئەمانە، مەلا هەبوو لە مزگەوتدا و کچە بێژەر و پێشکەشکار و هونەمەندی قەشەنگ و سەنگین هەبوون، لە شاشەکانی تەلەفزیۆنەوە.

٢/ ئامانجی کاری هەردووکیان کۆکردنەوەی لایک و کۆمێنت و شەیر و فرێند و فۆڵەوەری زۆرە. ئامانجی سەرەکیشیان، بەناوبانگ بوون و پارەیە. ئایینی شەڕانگێز و جوانکاری ساختە، ئامانجی سەرەکی ئەم دووانەیە.

٣/ ئەگەر چی ڕێگای بەناوبانگ بوونیان جیاوازە، بەڵام بۆ هەمان ئامانجە کە پارەیە. بانگخواز کار لە سەر ئایین و تابووەکان و داخران و ڕۆژی دوایی ئەکات. کچە مۆدێلیش کار لە سەر نیشاندانی جۆرێکی دیکەی ژیان و پۆشین و ئارایشتی ساختەی ئەمڕۆی ژیان و کرانەوەی ڕووکەش  ئەکات.

٤/ ئەگەر چی بانگخواز و کچە مۆدێل، بە ڕووکەش ڕقیان لە یەکە، بەڵام رزقیشیان، هەر لە سەر یەکە. واتا هەردوولایان وەبەرهێنان، لە سەر یەکتری ئەکەن. ئەگەر کچە مۆدێل نەبێت وتارەکانی بانگخواز نیواونیو کورت ئەهێنێ و ئەگەر بانگخوازیش نەبێت کەمترین سەرنج ئەچێتە سەر ژیان و هەڵسوکەوتی کچە مۆدێلەکان. ئاماژەیەکی بانگخوازبەسە بۆ کۆکردنەوەی هەزاران لایک بۆ کچە مۆدێلێک و کورتە باسێکی کچە مۆدێلیش بەسە بۆ پڕبوونی دیوەخانی بانگخواز لە هەوادار.

٥/ بانگخواز و کچەمۆدێل دوو سەرچۆپی کێشی دوو ڕیز هەڵپەڕکێن. یەکیان ڕووەو ئەو دونیای نادیار ئەیکێشێ و ئەوی تریان ڕووەو ئەم دونیای ساختە. هەردووکیشیان کار لە سەر دوورخستنەوەمان ئەکەن لە ژیان و تێکۆشان و خۆشەویستی و مرۆڤدۆستی ڕاستەقینە. هەردووکیشیان لەم  ناوەندەدا  ژیانی خۆیان ئەژین لە  سەر حسابی هەڵپە و هەڵپەڕکێ و شەڕی هەوادارانیان.

٦/ بانگخواز هەوڵ ئەدات ئارایشت بۆ ناشرینیی و توند و تیژی و کارەساتەکانی ئایین بکات و کچەمۆدێلیش هەوڵی ناشرینکردنی جوانی سروشتی و نیشاندانی ژیانێکی ساختە دەدات. هەردووکیان هەڵخەڵەتێنەر و چەواشەکارن. بۆ ئەوەی لە هەر یەکێکیان بگەین، دەبێت ڕاستی پشتی وشەکانی بانگخواز و ناشرینی پشتی جوانکارییەکانی کچە مۆدێل بخوێنینەوە.

٧/ بوون بە بانگخواز و کچەمۆدێل قورس نیە و سۆشیال میدیایان بۆ تەخت کراوە. گەر لە چەواشەکارییەکانیان، وریا و زیتەڵ بن، لە ماوەیەکی کورتدا، دەیانگەیێنێتە، لوتکەی پارەداری و دەوڵەمەندی. کار و کاسبی بانگخواز و کچە مۆدێل لە پشتی شاشەکانە و بە تۆڕی سۆشیال میدیادا شمەکەکانیان ساغ ئەکەنەوە.

٨/ هەتا بانگواز بە نەرمی بدوێ و بە ئارامی هەڵسوکەوت بکات و فەنتازیای چیرۆکی هەڵبەستراو و خەون بینینی نەبینراو و ڕووداوی ڕوونەداوی زۆر بگێڕێتەوە، زیاتر سیحرەکانی خۆی لە هەوادارانی ئەکات. هەتا کچە مۆدێلیش ژیانی شاهانە و دڵخۆشی و جوانی و سەرکەوتوویی بێ تێکۆشانی خۆی، نیشانی هەوادارانی بدات، زیاتر کار لە دەروونیان دەکات.

٩/ کچەمۆدێل و بانگواز، هەوادارانیان بە سەددان هەزارن. بە جۆرێکن، کە هەڵگرانی فیکرو پێشڕەوانی  ڕۆشنبیری و هونەر، ناتوانن رکابەرییان بکەن. بانگخواز و کچە مۆدێل، بەبێ ئەوەی هیچ شتێکی نوێمان فێر بکەن یان گۆشەیەکی تاریکی ژیانمان بۆ ڕووناک بکەنەوە، زۆر لە پێش ڕێبەرانی هونەر و ئەدەب و ڕۆشنبیری و فیکرەوەن لە ڕووی جەماوەرەوە. بۆیە ئەمانە لە کۆمەڵگا دواکەوتووەکاندا گەشە ئەکەن.

١٠/ دواجار (بادان و سەماکردن!)، کردەی هاوبەش و بزوێنەری چالاکییەکانی هەردووکیانە. بانگخوازی سەرکەوتوو لێزانە لەوەی زمانی بادا و سەمای پێ بکات. کچەمۆدێلی سەرکەوتووش لێزانە لە بادانی سلیکۆنەکانی پاش و پێش.

Images: https://pixabay.com/fr/

Victoria_Regen

Vector-Images

Check Also

هەڵکشانی پڕوپوچی -عەرەب و ئیسلام و خۆرئاوا –

د. هاشم ساڵح شوان ئەحمەد کردوویەتی بە کوردی كۆرنیلۆس كاستۆریادیسی بە ڕەگەز یۆنانی و هەڵگری …