دووشەممە, تشرینی یەکەم 19, 2026
frku

خووەکانی مێشک لای دێکارت و فرەنسیس بەیکۆن

نەوزاد جەمال


“لە جیاتی پاساو بۆ ئەو شتانەی نایانتوانیت بهێنیتەوە، بیانوو بۆ ئەوەی کە دەتوانیت بیکەیت بدۆزەرەوە” نەوزاد جەمال

دێکارت و فرەنسی بەیکن، هاوسەردەم لە جوگرافیایەکی جیاوازدا بەڵام خاڵی هاوبەشیشیان: رزگارکردنی مێشک و هزری مرۆڤە لە چەوتی و بیرکردنەوەی هەڵە و بڕیاری نادرووست. ئەبێت مرۆڤ میتۆدی هەبێت لە بیرکردنەوە و زانست و توێژینەوە، هەروەها دەبێت خۆی رزگاربکات لە پێشداوەریی و بڕیاری سەرپێیی لە رێی گومانکردن لەوە تائێستە پێیوابووە راستە. بەڵام گومانکردن لەوەی دەیزانیت و پێتوایە راستە، کارێکی ئاسان نییە.

Photo by Europeana on Unsplash

1– رەگی بیرکردنەوە و هەڵوێستەکانمان

بەلامانەوە سەیرنەبیت، چەندان بابەت لە مێشکی ئێمەدا رەگیان داکووتاوە بێئەوەی راستودرووستیشبن. مێشکمان وەک راستییەئاشکراکان خوویان پێوەگرتووە. لە مێشک و هزرماندا، دەیان راوبۆچوون کلسیان گرتووە بێئەوەی رۆژێک هەڵوەستەیان لەسەر بکەین.

پرسیارەکە ئەمەیە: ئایا بەڕاستی ئەو شتانەی کە رۆژانە دەیانڵێیتەوە بیریان لێدەکەیتەوە یان تەنها دووبارەیان دەکەیتەوە؟

بەڕای دێکارت دەبێت بۆ جارێکیش لە تەمەنماندا گومان بکەین لەوەی کە دەیزانین و پێمانوایە راستە بکەین. مەرج نییە هەرچییەک مێشک لەسەری راهات، ئیتر راستبێت. ئاخر چۆن بەبێ پرسیارکردن و بەڵگەی سەلمێنەر پێیان رازیبووین؟

خوویەکی تەمەڵێ مێشک راهاتنە لەسەر ئەو زانیاری و بابەتانەی کە هەیە/باوە. چونکە، مێشک حەز بە ئارامی دەکات. نایاوێت بەهۆی گومان و پرسیارکردنەوە، دۆخەکەی بژاکێت. ترس لە راجیایی و قبوڵنەکردن لەلایەن زۆرینەشەوە، پاڵنەرێکیترە.

لەبەرئەوە، زۆرشت کە باوەڕمان پێیەتی، تەنها خوویەکی دووبارەی مێشکمانن. وەکچۆن هەرچی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان یان ژیانی رۆژانەدا، هەڵوێست و بڕیاریان لەسەر ئەدەین، بەرهەمی بیرکردنەوەی خۆمان نین. بەڵکو پێشتر بیرمان بۆکراوەتەوە، بڕیارمان بۆ دراوە و ئێمەش وەک خووەیەک دووبارەیان دەکەینەوە.

تەنانەت کە بیربۆچونێکی جیاوازباویش رەتدەکینەوە، لەبەرئەوە نییە کە بە سەلماندن ناڕاستیمان بۆ دەرکەوتووە بەڵکو لەبەرئەوەی پێچەوانەی ئەوەی کە لەسەری راهاتووییت. کە داکۆکیش لە بیرکردنەوەیەک دەکەیت، ئەزیەتی مێشکت نەداوە ئاخۆ راستییەکی سەلمنێنراوە یان نا.

2– گومان خۆراکی بیرکردنەوە

گومان بەدگومان نییە. بەدگومانی بێلایەن نییە، چونکە بڕیار و هەڵوێستە. هەروەها، گومانکردن پاساوێک نییە بۆ رەتکردنەوەی هەموو شتێک لە پێناو ئەوەی وەک کەسێکی جیاواز و رۆشنبیر دەربکەویت. بەڵکو گومانکردن بوێری پێداچوونەوەیە بە بیرکردنەوەکانی خۆتدا. ئەو بیرکردنەوانەی کە ‘ناسنامە’ی تۆیان داڕشتووە و بوون بە کەسێتیت.

لێرەوە، کاتێک کەسێتیت لە ژێر کاریگەری راوبۆچوون و بیرکردنەوەباوەکاندایە، خۆت خاوەنی کەسێتی سەربەخۆ نیت. چونکە نەتپرسیووە: بۆچی دەبێت باوەڕم بەو بۆچوونە هەبێت؟ بەکام بەڵگەی سەلمێنەر پەسەندمکردووە؟ یان نەتپرسیووە؛ چیدەبوو ئەگەر ‘من’ لە ژینگەیەکی جیاوازتردا گەوەرە بوومایە، هەمان بیرکردنەوەم دەبوو یان نا؟
خوویەکی ئەقڵ نەگەڕانە بە دوایی هەقیقەتێکی دڵنیابەخش و پشتڕاسکراوەدا. زۆربەمان لە بۆچوون و هەڵوێستەکانمدا قەناعەتی پێشوەختەی زۆرینەباو دووپاتدەکینەوە.

ئەوکاتەشی بەڵگە دەهێننەوە، ئەوا دەکەوینە هەڵەیکیترەوە: کە پێشتر باوەڕمان بە بیربۆچوونێک دەهێنین، دوواتر بەڵگەدۆزی سەلماندی دەکەین!

ئەم جۆرە کەسێتیە هەرکات بۆچوونکی پێچەوانەی ئەوەی باوەڕی پێییەتی هاتەبەردەم، ناپرسێت چیدەبێت ئەگەر راست بێت و ئەوەی خۆم هەڵە بێت، یەکسەر سەنگەری لێدەگرێت. بەتوندی بەرگری لە راکەی خۆی دەکات و هەموو هەوڵی رەتکردنەوەی بۆچوونی کەسەکەیترە.

ئەم هەڵوێستەش هۆکارێکی بە بنبەستگەیشتنی زۆربەی مشتومڕەکانە. چونکە ووتوێژ لە ئامرازی لێکتێگەیشتنەوە دەبێت بە جەنگی سەلمانی راکەی خۆت!

هەروەها، ئێمە لەپێناو هاوڕابوون لەپێناو خوگونجاندن لەگەڵ زۆرینەدا پەسەندمان کردوون. کەواتە، زۆرێکی بیرکردنەوە باوەکان میکانزمی خۆگونجاندنی کۆمەڵایەتیین نەک هەوڵێکی مەعریفی.

3– کاتێک بیرکردنەوە لە هەڵوێستەکردنەوە دەبێت بە ئاکت

بیرکردنەوە بوێرییە، چونکە رەخنە و خۆڕەخنکەردنیشە. هەوڵێکی تاقیکردنەوە و سەلماندنی بۆچوونەکانە. هەرکات لە راوبۆچوونی خەڵکی ترسایت، ئاگایی و ئەقڵ قوفڵدەبێت. بیرکردنەوە چالاکییە-ئاکتە- چونکە، مرۆڤ بەکردەیی بیروهزری دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوە. بەڕای فرەنسیس بەیکن ئەقڵ مرۆڤ بە دوو میکانیزم رزگار دەبێت؛ یەکەم خۆتەکاندن لە هەرچی بڕیار و پێشداوەرییە کە مرۆڤ لە کۆمەڵگا و پەروەردەوە پێیدراوە. یان لە رێی میدیا و هەر هۆکاریێکترەوە خراوەتە مێشکمانەوە. دووەم؛ بژارکردن و تەتەڵەکردنی هەرچی بۆچوون و باوەڕە کە وەک راستی بەڵگەنەویست پەسەندکراون.

Photo by Bertrand Colombo on Unsplash

بۆیە، بەیکن باسی چوارجۆر بتی[1] هزری (ئەو چەمک و هەڵەتێگەیشتنانەن لە مێشکی مرۆڤەکاندان دەبنە رێگر لەبەردەم زانست و زانینی راستییکاندا) کردووە: ١- بتی خێڵ(مێگەل-ئاپۆڕە- و حەشامات) کە باوەڕ و بۆچوونە هەڵە باوەکانە لە سروشتی مرۆڤدان و لەسەریان راهاتووە و ناشتوانێت دەستبەرداریان بێت. بەنموونە مرۆڤ واراهاتووە هەرچی زانیارییە کە لە هەستەکانییەوە پێیدەگات، یەکسەر متمانەی پێبکات. لە کاتێکدا هەستەکان بەهەڵەماندا دەبەن. ٢– بتی ئەشکەوت- چاڵەکەی ناخت: هەموو مرۆڤێک ئەشکەوتێکی لەناخییدا هەیە کە لە بینینی رووناکی سروشتی راست رێگرە. مرۆڤەکە بەپێی هەستونەستی ناخ و دەروونی خۆیەوە، بەچاویلکەی حەز و میزاجییەوە بڕیار لەسەر جیهانی دەرەوە دەدات. ٣– بتی بازاڕ/قەرەباڵغی و زمان کە لە پەیوەندییەهاوبەشەکانی نێوان تاکەکانی کۆمەڵەوە دێنەئاراوە. لەجیاتی ئەوەی زمان لێکتێگەیشتنبێتە، چەندان بۆچوون و بڕیاری هەڵە و بێبنەمای لەگەڵ خۆیداهەڵگرتووە. ووشە-زمان- وێنەیە نەک راستیی شتەکان لای بەیکن. شتەباوەکان بەبێ ئەوەی لە راستی و درووستیان دڵنیابیین وەک بەڵگەنەویست دەووترێنەوە. بۆیە، زمان بە هەڵەماندا دەبات. وشەو دەستەواژە(چەمک و زاراوەکان) کە رۆژانە لە ئاڵگۆری بازرگارنی و چالاکیەکانیتردا بەکاریان دەهێنین، پڕن لە خراپت تێگەیشتن: هەمان ووشە کە لای تاک و کۆمەڵ باوە کەچی هەریەکەیان بە نیازێکی جیاوازتر بەکاریدەهێنێت. هەڵەیەکیتریش لەوەدایە کە سەیری ووشە و دەستەواژەکان وەک فاکت/واقیع بکرێت. بتی چوارەم؛ شانۆ-نمایش رۆڵگێڕان- وەهمەکانە کە جێی راستییەکان دەگرنەوە. بتی شانۆ ئەو بابەتانەی وەک راستیەکی تەواو باسدەکرێن یان لە میدیا، ریکلام، تۆڕەکان و سیاسەت و هتد. نمایشدەکرێن. هەموویان وێنەی شتگەلێکی دەوروبەر و ناخن نەک راستییەکان.

پەیەمامە داواکراوەکە ئەمەیە: ئەگەر دەتەوێت ئازادبیت، ببە بە ئیبراهیمە بتشکێنەکەی ناخ و هزری خۆت.

نەوزاد جەمال

دکتۆرا لە فەلسەفەی رەخنەگەرایی کانت

Subscribe to Nawzad Jamal

My personal Substack وتارە فەلسەفییەکان

Check Also

بۆ پلەی گەرمی لە ئەوروپا لە چاو کیشوەرەکانیتر  زیاتر بەرز دەبێتەوە؟

د. مەدیحە سۆفی شارەزاکانی بواری میتیۆرۆلۆژی ئاماژە بەوە دەدەن؛ کە ئیتر لەمەودوا، کەشوهەوای گشتی لە …