د. مەدیحە سۆفی
لە پاش پەیماننامەی سیڤەر لە ساڵی ١٩٢٠دا و لەبارچوونی خەونی دەوڵەتی کوردی، پاشتر مۆرکردنی پەیماننامەی لۆزانی ساڵی ١٩٢٣ و دابەشکردنی کوردستان بەسەر چوار پارچەدا، چەندەها شۆڕش و بزووتنەوەی رزگاریخوازی سەریهەڵدا و خەبات و تێکۆشان هەر بەردەوام بوو، سەرەتا مێژووی دوای پەیماننامەی لۆزان بە سەروەختێکی بێئومێدی و رەشبینیدا تێپەڕی، وەلێ هەر زوو کورد خۆی کۆکردەوە و چنگی خۆی لە سەختیەکانی ئەو کاتەی خۆی گیر کرد و سەد ساڵە ئەو بەرخۆدانە هەر بەردەوامە، خۆشبەختانە لە ئێستادا و لە سەدەی بیست و یەکدا کورد دەنگ و ڕەنگە، لە هەمووی گرنگتر ژن لەسەر شانۆی خەباتدا ڕۆڵی هەیە و لەگەڵ قوربانی و دەستکەوتەکاندا ڕایەڵ کراوە، ژنی کورد لە میدیای جیهاندا پایە و پلەی هەیە، ئەکتەرێکی دیاری ناساندنی کوردە بە ناوەندە جۆربەجۆرەکانی جیهان، بەتایبەت لە پاراستنی شاری کۆبانی، شۆڕشی ژینا و شۆڕشی کەزیدا.
یەکێک لە دیاردە گرنگەکانی شۆڕشی فەڕەنسا، ڕێپێوانە مێژووییە مەزنەکەی ژنانی زەحمەتکێش و بێ چەک بوو بەرەو کۆشکی ڤێرسای، تا ئێستاش کاریگەری ئەو بەشداربوون و دەرئەنجامە ئەرێنییانەی لەسەر پێشکەوتن و گۆڕانی هزری گۆمەڵگە بەرەو قۆناغێکی تر، هەر بەردەوامە. تەنانەت لەسەر ئاستی جیهانیش بووەتە نمونە و رەنگی داوەتەوە. لە سەدەی رابوردووشدا، ژنان رۆڵی خۆیان هەبوو لە باشترکردنی ژیانی نێو خێزان و پەرەسەندنی ئاستی هۆشیاری خۆیان، خۆ پێگەیاندن و تەواوکردنی خوێندن، مافی هەڵبژاردن، ڕێکخستنی رێکخراوەکانی ژنان و رێگری لە دووگیان بوون لە رێگای وەرگرتنی دەرمان، هەڵبژاردنی شێوازی جلوبەرگ و زۆر رەهەندی تر، کە دواتر ڕاپەڕینی ١٩٦٨ی لێهاتەکایەوە. ئەوەش زیاتر راپەڕینێکی کولتووری بوو و بۆ رێکخستن و چاکترکردنی فۆڕمی ژیان و پاراستنی مافەکانی تاک بوو لە هەموو بوارەکاندا.
لەسەر ئاستی جیهاندا خەباتی ژنان خەباتێکی نوێ نییە، چ لە ئاستی سیاسی یا کولتووری بووبێت، لە هەر ژینگەیەکدا و لە هەر سەردەمێکدا بووبێت؛ بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە رەواکانی خۆیان بۆ ئەو کاتە لە تێکۆشاندا بوونە، ئەمەش ئەو گۆڕان و هەنگاوانە دەردەخات کە لە هزر و بیری ژنانی ئەو سەردەمەدا بەرجەستە بووە. ئەگەر لە جوگرافیا و کولتووری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وردبینەوە، دەردەکەوێ کە تێکەڵەیەکی ئاڵۆز و دژ بەیەک، هەمەڕەنگ، پێکهاتەی جیاوازی ئاینی و ئیتنی و ناسیۆنالیستی تێدا دەبینرێت و هەمیشە کێشە و بەیەکدادانی تێدا روویداوە. بەهۆی رژێمە ستەمکار و زۆردارەکانی ئەو وڵاتانەش، بەردەوام چەوسانەوە و ژێردەستەیی کەمینەکانیان پەیڕەو کردووە، مافەکانیان زەوت کردووە و تا توانیویانە هەوڵیان داوە ئەو کەمینانە بتوێننەوە و لە زێدی خۆیان بێبەشیان بکەن، یا کولتوور و مێژوویان بشێوێنن.

ژینا ئەمینی کە لە ١٦ی سێپتەمبەری ساڵی ٢٠٢٢دا و بەهۆی سەختی لێدان و برینەکەیەوە گیانی سپارد، نمونەی سیاسەت و زۆرداری یەکێک لەو رژێمانەیە، رژێمی ئیسلامی ئێران سڵ لە گرتنەبەری هیچ ڕێگایەکی نامرۆڤایەتی ناکاتەوە بۆ سەرکوتکردن و ستەمکردن لە خەڵکی سڤێل، لە پێناو مانەوە و بەردەوامیدان بەو سیاسەتە ناپەسەند و دژە مرۆڤایەتییە، تا بتوانێت بەسەر لاشەی پیرۆزی بەرهەڵستاکارەکاندا تێدەپەڕێ و هیچ رێسا و ڕێگایەکی پاراستنی مافی شارستانییەت ناگرێتەبەر. کاتێ نادروستی بەکارهێنانی سەرپۆشەکەی ژینای جوانەمەرگ، بە پێی بیانووەکانی پۆلیسی اخلاق، دەبێتە هۆکاری ئەو لێدانە سەختە و پاشتر سێ رۆژ لە کۆما دەمێنێتەوە و گیان دەسپێرێت، جیهان دەهەژێنێت. سەرەتا لەناوخۆ، پاشان لە زۆربەی وڵاتەکانی جیهاندا خۆپیشاندان و ناڕەزایی بەرامبەر ئەو تاوانە گەورەیە بەڕێوەچوو، لە پاریس، لە بەرلین، لە برۆکسل و لە زۆر شوێنی تر.
مەرگی ژینا ئەمینی بە دروشمی (ژن ژیان ئازادی) شۆڕشی هەڵگیرساند، ئەم دروشمەی لە سەدەی بیست و یەک و دەرئەنجامی ئەو توڕەبوون و ناڕەزاییەتیانەی لە سەراپای جیهاندا هاتنە کایەوە، نهێنی ستەمدیدەیی زۆر کۆمەڵگای دیکەی خستە ئاراوە، کە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و وابەستەکانیان نەیانتوانی لەسەر ئاستی پێویست دەنگیان بەوان بگات، روبەری ئەو ناڕەزاییە ئەوەندە بەرفراوان بوو، کە یەکێتی ئەوروپا لە ساڵی ٢٠٢٣دا بڕیاریدا خەڵاتی ساخارۆفی بە ژینا ئەمینی ببەخشی، ئەوەش لە سۆنگەی ئەو دەنگدانەوەیەی شۆڕشی ژینا (ژن ژیان ئازادی) هەیبوو بەرامبەر ئەو کارە نامرۆڤایەتییەی؛ بووە هۆی لەدەستدانی گیانی و ماڵئاوایی نەک هەر ئەو بەڵکو چەندەها کەسیتر کە لە میانەی ئەو چالاکیانەوە تووشی پێکدادان و روبەروبوونەوە بوون لەگەڵ رژێمی سێدارەوە و بوونە قوربانی.
ئەوەی لەو شۆڕشەدا جێی سەرنج بوو، هەڵسوکەوتی نەتەوەیی و ئەو پشتگیرییە کەم وێنەیەی تەواوی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو بە ژن و پیاوەوە بەرامبەر ئەو دەستدرێژییەی لەلایەن رژێمی سێدارەوە دەکرێتە سەر مافی تاکەکەس. ئەو ۆشتگیرییە پشتگیرییەکی خۆڕسک بوو، بەڵام لە نێو هەناوی کولتوورێکی پێشکەوتوو، وشیار و مۆدێرنەوە سەریهەڵدا، ئەوەی دەسەلماند کە سیاسەتی رژێمی سێدارە بە هیچ جۆرێک نەیتوانیوە سەنگی خۆشەویستی نەتەوەیی و هاوپشتی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ یەکتر کاڵ بکاتەوە. سەرنجێکیتریش ئەوەیە کە تەنانەت خاوەن دوکان و بازاڕەکانیش، بەبێ ئاگادارکردنەوە و ئەرک بەسەردا سەپاندن، هەموو بۆ هاودەنگی و هاوخەمی و ناڕەزایی دەربڕین دوکان و بازاڕەکانیان داخست و خۆیان لە بەرەی نەتەوەکەیان و دژ بەو رژێمە یەکلاکردەوە.

ئەو ژنانەی لە مێژووی نەتەوەی کوردا لە بوارە جیاجیاکاندا دەرکەوتوون و لە نێو کۆمەڵگەدا دەنگ و ڕەنگیان هەبووە، وەکو حەپسە خان، عادیلە خانم، مەستورەی ئەردەڵانی و چەندەهای تر، بە پێی پایەی خێزان و خێڵەکانیان توانیویانە دەسەڵات و توانایان دەربخەن و لە کۆمەڵگەی ئەو کاتەدا ببنە نمونەی ژنی ئازا و خوێندەوار، ئەم چەند ژنە ناسراو و ناودارانە، بەبێ پایە و حوکمرانی ئەو کاتەی مێرد یا برا و باوکیان نەیاندەتوانی هەنگاوی ئەرێنی بنێن و ببنە خاوەن ناو و ناودار بن، وەلێ شۆڕشی ئێستای ژنان شۆڕشێکە بە بوونی هزری نوێ و ویستی خودی کەسەکە لە گۆمەڵگە و لە پەراوێزەوە بەرەو سەرووتر هەڵدەکشێ و بە گشتی لە هەموو کەسەوە بۆ هەموو کەس بەرپا بووە، شۆڕشێکە بۆ ئازادی تاکێکی ئاسایی و رەتکردنەوەی کۆت و بەند لەسەر گشت، گەڕانەوەی ئازادی زەوتکراو و دەنگی کپکردوو بۆ هەموو کەس.
بزوتنەوەی شۆڕشی رزگاریخوازی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستاندا، سیمایەکی لەیەکچووی هەبوو لەگەڵ شۆڕشی کورد لە باکووری کوردستان، ئەویش بە رۆچوونی هەمان ئایدیۆلۆژی و پەیڕەو و پلانی خەبات و تێکۆشان، لەو بەشەدا ژن هەر لەسەرەتاوە بەشدار بوو لە سەرجەم جومگە و دەسەڵاتە سیاسی و سەربازییەکاندا، چ وەک هاوسەرۆک و چ وەک شەڕوانێکی ئاسایی، جگە لەوەی ژن لە رێکخراوە سەربازییەکاندا هەر لەسەرەتای دامەزراندنەوە، وەکو جەنگاوەر و شەڕڤان بەشدارییەکی سەرەکی هەیە. ئەمەش وەرچەرخانێکی تر بوو لە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، کە جیاکاری جێندەری رەتدەکرێتەوە و لەسەر بنەمای توانا و ویستی مرۆڤ خۆی کار و رۆڵی لێپرسراوێتی دابەش دەکرێن، ئەم هەنگاوە دەرگای جۆراوجۆری بەڕووی ئەرکەکانی ئەو بزوتنەوەیە کردەوە و بووە نمونەیەکی زیندوو و مۆدێرن لە بەرگریکردن و داکۆکیکردن لە ماف و ویستی نەتەوەیەکی ئازا و لەسەر جوگرافیایەکی سەخت و لەنێو کۆمەڵێ گروپی توندڕەو و خاوەن ئایدۆلۆژییەکی تەواو جیاواز لەچاو ئەو پەیڕەو و پلانەی کورد لە رۆژئاوای کوردستاندا هەڵیبژاردبوو.

ئەگەر هەندێک بەرەو سەدەکانی پێشوو بگەڕێینەوە، دەبینین رۆڵی ژن لە رۆژئاوای کوردستاندا پاشخانێکی مێژوویی هەیە، خاتوو زەیفە، کە بوکی سەلاحەدین ئەیوبی بووە، لە ساڵی ١٢٣٦ تا ساڵی ١٢٤٢ فەرمانڕەوای شاری حەلەبی کردووە و لە هێرشی خاچپەرستەکانی پاراستووە، ئەم خاتوونە گرنگی زۆر بە زانست و کولتوور دەدات، هەر لەو سەردەمەدا مەدرەسەی (فیردەوسی) لە حەلەبدا بنیاتناوە و بووەتە ناوەندێکی گرنگی فێربوون، تا ئێستاش ئەو باڵەخانەیە هەر ماوە و بەڵگەیەکی دیاری هەوڵی ئەو خاتوونەیە بۆ فەراهەمکردنی زانست و پەروەردەکردن[[1]] ئەم پاشخانەی رۆڵی ژن و تواناکانی دەسەلمێنێت؛ ئاوێنەی ئازایەتی و بەردەوامی ژنانی کوردە لە خەبات و تێکۆشان لەو دەڤەرەدا.
ئەو ئاڵانگارییەی یەکینەکانی پاراستنی گەل و یەکینەکانی پاراستنی ژن بۆ پاراستنی کۆبانی لە ساڵی ٢٠١٤دا کردیان، دژ بە گروپە تیرۆریستەکانی ئەو کاتە، ناسنامەی ژنی لەسەر ئاستی جیهاندا گۆڕی و پێناسەیەکی نوێی دایەوە بە ژن و توانا شارراوەکەی، مانەوەی کۆبانی لە ژێر دەسەڵاتی شۆڕشی رۆژئاوا و بە هاوبەشی ژنانی شەڕڤان، سەدایەکی زۆر گەورەی لەسەر ئاستی جیهاندا دایەوە، ئەو دەڤەرەی بە خۆسەر و خۆبەڕێوەبەر، مافی یەکسانی ژن و پیاو، پاراستنی ژینگە، پەیڕەوی دیموکراتی و پاراستنی مافی گەلان ناسراوە، بووە نمونەیەکی زیندووی تێکۆشان و بەرەنگاری، لە خەباتی پاراستنی کۆبانیدا ژنانی شەڕڤان لە ڕۆژئاوا بوونە کڵپە و گڕ و بڵێسە، هاوێنەی کامیرای جیهان چووە سەر دەست و بازووی نەبردیان و ڕوحی پڕ لە بەرخۆدان و خۆنەویستییان، وەرچەرخانێك لە ڕەوڕەوەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی و شۆڕشی گەلی کورد ڕوویدا، لەوێدا شەڕڤانەکان مرۆڤ بوون، نەك ژن یا پیاو، مۆدێلێك هاتە کایەوە کۆمەڵگای تێدا دابەشی دوو رەگەز نەکرد بەڵکو هێز و وزەی بەرەنگاری دووئەوەندەیتر کردەوە. ساڵانە بە یادی سەرکەوتنی کۆبانی و لە ژێر دروشمی (ژن ژیان ئازادی)دا ئاهەنگ دەگێڕن و یادی دەکەنەوە.
یەکێک لە سیماکانی شۆڕشی ڕۆژئاڤا، پاراستنی ژینگە و پەیڕەوکردنی سیستەمی ئیکۆلۆژییە، ئەمە بەواتای هزری نوێ و خەمخۆرییە بەرامبەر نەوەی سبەینێ، لەو دەڤەرە هەوڵ دەدەن زیاتر بەرهەمی خۆجێی و سروشتی بەرهەم بهێنرێت، دیارە ئەمە پەیوەندییەکان و ماف و دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەپارێزێت، ئەم هەنگاوانە و چەندەها پرنسیبیتر بەڵگەی ئەوەن کە بیروبۆچونی ئەو دەڤەرە کە ژن تیایدا باڵادەستە، میتۆدی نوێی ژیانی تێدا چەسپاوە، ژینگەپارێزی بابەتێکی زیندووە، خۆبەڕێوەبەری و یەکسانی تێدا سەنگی مەحەکە، پرسیارەکە ئەوەیە چۆن ئەم سیستەمە مۆدێرنە لەلایەن ئەو گروپە توندڕەو و چەتانەوە جێی دەبێتەوە؛ ئەگەر ئەو بەرخۆدان و سووربوونە نەبێت بۆ بەدیهێنانی ئامانجە ڕەواکانیان.
دوای شەڕێکی قارەمانانەی شەرڤانەکان لە هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە، کچە شەڕڤانی کورد دێنیز چیا، پاش شەڕێکی قارەمانانە و داکۆکییەکی پڕ لە هیمەت شەهید دەبێت، چەتەکانی سوپای سوریا بێ سڵەمینەوە لە هیچ شتێک، نە لە ئاین، نە عورف و نەریت و نە لە مانای قووڵی مرۆڤایەتی، تەرمی پیرۆزی ئەو کچە شەڕڤانە لەسەر باڵەخانەکەوە فڕێ دەدەنە خوارەوە، ئەم هەڵسوکەوتە قێزەوەنە دژ بە هەموو بەها و بۆچوونێکی مرۆڤایەتی بوو و بووە بورکانی تووڕەبوون و بەرخودان لە هەرچوار پارچەی کوردستان، پاشتریش چەتەیەکی تر بە ناوی رامی هاشمی کەزی کچێکی شەڕڤان، پاش شەهیدبوونی، دەبڕێ و لە ڤیدیۆیەکدا سوکایەتی پێ دەکات ”ئەوجا چییە! تازە ئەو هەر ئەمرێت… ئەمرێت…”، ئیدی بورکانی توڕەبوونی نەتەوەی کورد دەگاتە ئەوپەڕی ناڕەزایی، هەرچی کوردی ئەوروپا و دیاسپۆرا هەیە، جگە لە کوردی هەرچوار پارچەی کوردستان یەک دەنگ و یەک پەیامی ناڕەزایی و بەرخۆدان بۆ جیهان دەنیرن، تا ئێرە و بەس.
ئەکادیمیای ژنۆلۆژی سەرجەم تاوانەکانی گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا و سوریا لە توێی راپۆرتێکدا، کە تەواوی ئەو پێشێلکارییانەی دژ بە مرۆڤایەتی کراون لە ڕۆژئاوای کوردستان ئامادەکردووە، کە بریتین لە بەکۆمەڵ کوژی، ئاوارەبوون، رفاندن، کوشتنی مناڵ و زۆری تر، تا رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی لێ ئاگادار بکاتەوە و وەکو بەڵگە پێشکەشی لایەنی پەیوەندیداری بکات.
شۆڕشی ژینا و شۆڕشی کەزی، پێناسەی راستەقینەی ژنی کورد و چەکەرەکردنی تۆوی بەرخودان و ئەڵەنگارییە تیایاندا، نە ژنانی شۆڕشی فەڕەنسا بە چەکەوە هێرشیان کردە سەر کۆشکی ڤێرسای، نە ڕاپەڕینی نەتەوەی کورد لە سەراپای جیهاندا، ئەم ڕاپەڕین و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە کرۆکی ویستێکی حاشا هەڵنەگرە، داواکاری مرۆڤە بۆ فەراهەمکردنی ژیانێکی شایستە و دانپێدانان بەو مافانەی مرۆڤ لە سایەیدا وەکو مرۆڤ نەک وەکو کۆیلە دەژێت. کاتێک چەتە و گروپە چەکدارەکانی بارکراو بە هزری پڕ لە ڕق و فاشیستی، دەست بۆ رەهەند و پیرۆزییەکان دەبەن، نازانن لە دەرەوەی خۆیاندا جیهانێک لە دژیان دەوەستێتەوە، بەداخەوە ئەو جیهانە نە مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی و نە هەڕەمی سەرەوەی دادپەروەری نێودەوڵەتی لەگەڵدایە، وەلێ خەڵکی ئاسایی و خاوەن بیروباوەڕی یەکسانین، کە دەتوانن هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان ئاوەژوو بکەنەوە، وەکو ئەو بەرخۆدانەی هێزی نەتەوەی کورد لە سەراپای جیهاندا کردی.
کاتێ هەزارەها کوردی باشووری کوردستان ئەنفال و بێسەروشوێن کران، جیهان نوستبوو، کاتێ پێنج هەزار روح لە هەڵەبجە بەر کیماباران دران و گیانیان لە دەست دا، جیهان نوستبوو، وەلێ کاتێ ژینا و دەنیز شەهید بوون، کاتێ کەزی قارەمانێک سوکایەتی پێ دەکرێت، کورد خۆی و تەنها خۆی دەبێتە زەنگ و گوێی نادادپەروەری و نوستووی زلهێز و دەسەڵاتدارەکان و زلهێزەکان کەڕ دەکات، ئەوانەی ئێستا ئەژنۆیان دەلەرزێ نەوەک لە نێو لیستی ئابروبەرانەی جیفری ئیپستین بن. چۆن شۆڕشی ژینا بە تەنها خۆی هێزی ڕاپەڕینی لە دونیا کردە ئەرکی سەرشانی، شۆڕشی کەزیش هەروا، ئاشکراکردنی نهێنییەکانی سەر دورگەیەک لە کاریبی و ئەو دەستدرێژیەی سەر کچانی خوار هەژدەساڵ و سەرووتر، لەلایەکەوە راپەڕینێکی گشتگیری دەوێ، لەلایەکیترەوە ئەوە دەسەلمێنێ؛ ئیدی دیاریکردنی دواڕۆژ و یەکلاکەرەوەی بڕیاری سیاسی لە جیهاندا، چۆن لەسەر دەستی ئەم نابەرپرسیار و تاوانبارانەدا بمێنێتەوە کە بەم کارە ناهەموار و دوور لە ئاکاری مرۆڤایەتیە هەڵساون؟
لێرەدا دەگەینە سەر ئەو خاڵە گرنگەی، کورد خۆی و هەر بە تەنیا خۆی، دەتوانێ هاوکێشەی سبەینێی خۆی بگۆڕێت، تەنیا بە ئیرادەی خۆی و خەڵکە بە ئەمەکەکەی دەبێتە دەنگ و جیهان دەوروژێنێت، رۆژنامەنووسی بەڕێز مەحەمەد رەئوف، بە چوونی بۆ رۆژئاوا و روچوونی بە گۆشە تاریکەکانی نێو ژیانی ئەو خەڵکە ورەبەرزە، کۆمەڵێک ڤیدیۆ و دۆکۆمێنتی کۆکردەوە و ڕۆژانە خەڵکی لە نەهامەتی و برسێتی دانیشتوانەکەی ئاگادار دەکردەوە، هاوکات زۆر سەری لە ورەبەرزی و بەردەوامی و بەرخودانی ئەو خەڵکە سوڕدەما! هەر ئەویش بە دوکۆمێنتەکانییەوە لە پەرلەمانی بەڕیتانیا دانیشتنێکی سازکرد و سیاسەتمەدارەکانی نێو هۆڵەکەی لەو تاوان و شەڕە، ئاگادارکردەوە، کە بەتەنها و بێ پشتیوانی داکۆکی لە زێدی خۆیان دەکەن، بوونی خۆیان دەپارێزن.
لە سەدەی بەست و یەکدا، هێشتا زمانی کوردی لە هەندێ بەشی کوردستانی گەورەدا یاساغە، مامۆستا زارا موحەمەدی نمونەیەکی زیندووی ئەو سیاسەتەیە، کاتێ شەڕی لەسەر فێربوونی زمانی دایک کرد و سزا درا، پێش ئەوەی بچێتە نێو بەندیخانە گوتی ” قوڕ بەسەر ئەو دوژمنەی هیوای بە بەندیخانەیە”
لە ماوەی سەد ساڵی رابوردوودا، کورد بەردەوام لە تێکۆشاندا بووە، هەرچەند رژێمە سەرکوتکەرەکان پلانی توانەوەی کوردیان دادەڕێژا، لە بەرامبەردا بەرەنگارییەکان و بەرخۆدانەکان توندتر و زیندووتر دەبوونەوە، دوای ڕوخانی کۆماری مەهاباد لە ساڵی ١٩٤٦دا، حوکمڕانی ئێران هەرچی کتێب و نووسینی کوردی هەبوو لەناویان برد و چاپخانەکانیان داخست، وەلێ کورد هەر مایەوە و لەسەر داوای خۆی بۆ زیندووڕاگرتنی زمان و کولتووری کوردی سوور بوون و سەرکەوتن.
ئێستا لەگەڵ گۆڕانە خێراکانی جیهاندا، پرۆسەی پاکتاوی کوردیش بەردەوامە، وەلێ بەرامبەر ئیرادەی بەهێزی کورد خۆی و ئەو گۆڕانە ئەرێنییە بنەڕەتییەی لە هزری تاکی کورددا هەیە، ئیدی ئەو رژێمە داگیرکەرانە هیچی پێ ناکرێ، نەتەوەیەک ئاستی وریایی ژنان تێیدا ئەوەندە بەرز بێت و بەرگری و داکۆکی تێیدا ئەوەندە بەهێز بێت، هەر دەبێ بە پلیکانەی سەرکەوتندا تێپەڕێت، نەتەوەیەک هەرزانترین شت لەلای روحی خۆی بێت، چۆن دەتوێتەوە و دەسڕڕێتەوە.
ئەگەرچی لە ئێستادا سیاسەتی نێودەوڵەتی شێواوە و بڕوا بە هاوپەیمانی سەرەکی لەق بووە، بەتایبەتی دوای هاتنی ترامپ بۆ سەر حوکم، بەڵام دەبێ هەمیشە ئەوە دووبارە بکرێتەوە؛ کە کورد لە بەزاندنی داعش و شەڕ دژ بەو گروپە تیرۆریستەی، کە تورکیا هاوپشتی بوو، قارەمانێتی نواند، بەتایبەتی ئازایەتی ژن و بەشدارییان لەو شەڕە بووە داستانی سەردەم و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی چەندەها دۆکۆمێنت و ریپۆرتاج و فیلمی لەسەر نمایش کرا، دەبێ ئەوەش بڵێین کە بوونی سیستەمێکی خۆسەری کە ژن تیایدا هاوبەش و هاوهزرە، لە دەڤەرێکی وەکو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؛ کە هەمیشە ناوەندی شەڕ و پێکدادانە، ناوەندی هەڵتۆقینی گروپی دژ بە مرۆڤایەتییە، ئەرکێکی ئاسان و ئاسایی نییە و بەرزی ئاستی بیرکردنەوەی ژن و خۆدۆزینەوەی لە نێو ترازووی پێشکەوتن و گۆڕانە هەنوکەییەکان، هاوتەریب لەگەڵ بوونی سیستەمێکی نوێخواز و زانستی، دژ بە خواست و ئارەزووی ئەو رژێم و حوکمڕانە فاشیستییانەیە، بەردەوامی و سووربوون لەسەر پەیڕەوکردنی ئەو سیستەمە ئەوپەڕی توانا و بڕوای دەوێت.
ناسنامەی ژنی کورد، بەتایبەتی لە ئیستادا ناسنامەیەکی زۆر جیاوازە، جگە لەوەی هەڵگری ناسنامەیەکی نەتەوەییە کە ڕۆڵی گرنگ لە ناساندنی ئاستی نەتەوەیەک دەبینێ، ناسنامەی هۆشیاری و نوێخوازیشە، کە دەتوانێ لەگەڵ رەوڕەوەی ئێستای جیهاندا خۆی بگونجێنێ و ببێتە ژمارەیەکی دیار و جێگای سەرنج و تێڕامان بێت، ئەمەش خۆی لەخۆیدا شانازی و دەستکەوتە.
ئێمە لە بابەتە جۆراوجۆرەکانی نێو ئەم کتێبەدا، باسمان لە زۆر کێشە و گۆشەی تاریکی کۆمەڵگەکەمان کردووە، باس لەو دیاردە و ڕواڵەتە کۆمەڵایەتیەمان کردووە، کە دەبنە بار بەسەر کۆمەڵگەدا، دیارە ئەمەش لەبەر ئەوەیە. کە هیچ شوێنێک بەدەر نییە لە کەموکوڕی، ئەو کەموکوڕیانەش دەکرێ بخرێنە ژێر نیگای چارەسەرەوە، وەلێ کاتێ هزر و نیگا بەرەو نوێخوازی و گۆڕانی ئەرێنی دەگۆڕێت، بێگومان کێشەکانیش پاشەکشێ دەکەن، بە بۆچوون و تێڕوانینی نوێ چارەسەری بۆ دەدۆزرێتەوە.
ئەمڕۆ جیهان شڵەژاوە، جگە لە شەڕ و پێکدادان، گرفت و کێشەی ئیقلیمی زۆریش هەن کە دەبێ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەدوای ئاساییکردنەوەیدا بگەڕێیت، هاوکێشەکان گۆڕاون و هاوسەنگکردنی هاوکێشەکانیش کردەیەکی ئاسان نین، ئابووری ڕۆڵی سەرەکی تێدا دەبینێ، بە تایبەتی وزە (نەوت و گاز) ئەمەش فۆکۆس دەخاتە سەر ئەو ناوچانەی خاوەن ئەم سامانە سروشتییەن، بێگومان باشوور و ڕۆژئاوای کوردستانیش لەو ناوچانەن کە بێبەش نەبوون لەو سامانە، ئەمەش دەبێتە خاڵی وەرچەرخان و گۆڕانی بنەڕەتی؛ ئەگەر سیاسەتمەداران بتوانن لە ئاست ئەو پلانە ئیقلیمیانە بن.
ئابووری دەسەڵاتە، دەسەڵاتیش ئاراستەکان دیاری دەکات، هیوادارین بە بوونی ئەو دەسەڵاتە چ لە رۆژئاوا و چ لە باشووری کوردستان بتوانرێ پلانی تۆکمە و شایان بە ماندووبوونی میللەت دابڕێژێ و بەردەوامی بەو هیمەت و ئازایەتییە بدرێ کە لە خەڵکی ئاساییدا بینیمان، بە تایبەت لەو پشتگیری و هاوپشتییەی بۆ شۆڕشی ژینا و شۆڕشی کەزی کرا، داهاتەکەی بخرێتە خزمەتی ئەوان و بۆ پێگەیاندن و وشیارکردنەوە بێت، کاتێ هەموو کورد، چ لە وڵات و چ لە ئەوروپا و وڵاتانی ڕۆژئاوا شەقامیان تەنی و بوونە هێزێکی خۆڕسک، ئیدی پلانی ئیقلیمی و نیودەوڵەتی دژ بە کورد ڕەوییەوە. ژنیش بە بەشداری کردنیان لەسەر شەقام و بەرخودانیان بەشێکی گرنگی ئاوەژووکردنەوەی ئەو پلانی لەناوبردنەی کورد بوون لە رۆژئاوا.
نەتەوەیەک ئەمە ئاکاری بێت، ژنانی خاوەن هێزی بەرەنگاری و بەرخودان بن، شەقام بلەرزێنن و بەو شێوەیە خۆیان بە جیهان بناسێنن هەرگیز شکستی ناهێنن، ئەم ئاستەی ئێستای ئەو بەشەی کوردستان بەڵگەی بەرەوپێشچوونێکی سۆسیۆلۆژیانەیە، سیستەمێکە بەڵگەی پەیڕەوکردنی ڕەهەندەکانی ئیکۆلۆژی و دادپەروەری کۆمەڵایەتییە، بەهیوای ئەوەی لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش ببێتە هەوێنی بەڕێوەبردن و ژن تیایدا لە ناوەندی بڕیاردان و یەکلاکردنەوەی پرسەکاندا بێت، کە ڕەنگدانەوەی بنەڕەتی لەسەر ژیار، پەروەردە، یەکسانی و دادپەروەری هەبێت.
[1] https://channel8.com/kurdish/news/172721

مەدیحە سۆفی
دکتۆرا بواری ژینگە ناسی
نووسەر و شاعیر
transcultures ترانسكولتوور