تەڵەی مافی دەربڕین یان خۆناچارکردن بەوتن لە تۆڕەکاندا

د. نەوزاد جەمال


هەندێکجار دڵخۆشم کە چین و توێژە جیاوازەکانیش تۆڕەکان بەکاردەهێنن و لە سەردەمەکە دانەبڕاون. بەدیوێکدا، تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان جێگەی دیوەخان و پەیوەندیی و کارسازی و هتد. گرتووتەوە.

بەڵام، هێشتا ئەقڵیەتی دەستوەشاندن ماوە، تەنها چەکەکەی گۆڕراوە. ئاخر ئەکرێت تۆڕەکان بە ئەقڵیەتی شمشێر و تیروکەوان و قۆچەقانییەوە بەکاربهێنرێت؟

پەنابردنەبەر کۆمێنت لە جیاتی زەبروزەنگی جەستەیی بەجۆرێک ئەرێنییە. بەڵام لە کوردەوارییدا، برینی خەنجەرێکی دەبان لەهی وشەیەک زووتر چاکدەبێتەوە!

ئایا؛ سەرڕێژبوونی تۆڕەکان بە لێشاوی کۆمێنت تەنها ئەنجامی توڕەییبوونی پەنگواردووە بەرامبەر دۆخی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی؟ یان بێکاری و دەستبەتاڵیی و هۆکاریتری لە پشتەوەیە؟

ئاشکرایە، پەستی خەڵک گەیشتۆتە ئەوەی کە مێشکییش بەئاسماندا بفڕێت، مێژکوژیشی پێنەبێت هەر دەستەکانی رائەوەشێنێت. هەر راوبۆچوونێک کە ناباوە، دەکرێتە ئامانج.

هەزاران پلار لەسەر رەوشتی خاوەنەکەی، بەرەودۆزەخ ناردنی دەبێتە ترێندی چەندان رۆژ تا بابەتێکیتر ئەتەقێتەوە، دیسان گێژەڵوکەکە دەستپێدەکاتەوە.

بەشێکی ئەوە بۆ تەڵەی تۆڕەکان دەگەڕێتەوە. ئەقڵیەتەکە وایە؛ مادام ماف و ئازادی رادەربڕینت هەیە، لەسەر هەموو بابەتێک بڵێ! ئیتر خۆناچارکردن بەووتن و دەربڕین دەبێت بەئەرکێک. لە بۆچوونە باوەگشتییەکەدا تۆڕەکان سەکۆی دەربڕینی راوبۆچوونن. باشترین و خێراترین و راستەوخۆتریین رێگەی هەڵوێستنواندنیشن.

کەواتە، تۆڕەکان بەجۆرێک تینوویەتی مرۆڤی ئێمە بۆ خۆدەربڕین دەردەخات. پاشخانی سەرکردنەسەر تۆڕەکان مێژووییەک لە سانسۆر، سەرکوتکاری و چەپاندنی هەیە.

لێرەوە تۆڕەکان دەبنە تەنها دەرفەتێکی ئاسانبەدەستی دەربڕین. گرفتەکەش هەر لە کرۆکی راوبۆچوونەکاندا نییە، بەڵکو لە شێوازی دەربڕینەکەشدایە. ئەمڕۆ دەربڕینێک کاریگەرباو و بەردەنگی هەیە کە توندوتیژە، زبرە، ئابڕوبەرە، زەق و بێچاوەڕووە. لە جیاتی ووتوێژ، جنێوباران، داشۆردن و سووکایەتیکردن ترافیکی تۆڕەکان جەنجاڵدەکات.

ئیتر شێوازێ کە دیالۆگکوژ، بینکورت و لەنێوان خۆخاڵیکردنەوە و رشانەوەدایە، برەوی هەیە. وێناکردنی راوبۆچوونی جیاباو، بە دوژمن، نەیار و ناپاک و بێڕەوشت و بێ ئابڕوو و هتد. پتر لە هەڵمەتێکی رێکخراو دەچێت.

وەک دیارە هەوادارانی ئایدۆلۆجیایەکی سیاسی و ئایینی لە تۆڕەکاندا سەنگەرییان لێداوە و لە بۆسەدان. هەر بابەتێک پێچەوانەی بۆچوونی خۆیان بێت وەک دەرفەتێک بۆ پەلاماردان دەقۆزنەوە.

بەوەش گوتارێکی خۆسەپێن و پڕ لەتۆقاندن بەسەر پانتایی تۆڕەکاندا دەسەپێنن. بەشەیتانکردنی ئەویتر و وێناکردنی و چێوەبەندکردنی لە داوەرییکردندا، تیرۆرکردنی کەسێتیە. ئامانجی ئەو جۆرە هەڵمەتانە، چنینی گێڕانەوەیەکە کە خزمەت بە ئایدۆلۆجیا و ئەجێنداکانیان بکات.

ئیدی “هەر کەس هەرچییەکی بوێت، با بیڵێت” وەک ئاکتیکی لیهاتووە. مافی دەربڕین و ووتن “بۆ هەموو”، بووە بە باوەڕێکی دۆگماتیک: هەرچیەکت بەخەیاڵت و بەسەر زمانتدا دێت رۆیبکە! بەڵام، کەس لەخۆی ناپرسێت تاچەندە ئەوەی دەیڵێت ڕەوایە؟

سەرەڕای ئەوەی سەکۆکۆمەڵایەتییەکان رووبەرێکی کراوەن و زۆر بابەتی هەستیار یان پێوەرەتۆخەکانی وەک چاوسوورکردنەوە، شەرم و سڵەمینەوەی و خۆساسنۆرکردنی کاڵترکردۆتەوە. بەڵام دیسان دەربڕین دەگۆڕێت بە سنووردارکردن و دیواربەندیی. ئەقڵیەتی سانسۆر، داخرانی ئاسۆی ووتوێژ و راگۆڕینەوە و بەزاندنی مافی دەربڕینی جیاواز، کاراتر دەبێت.

دەستەبەرکردنی ماف یان شانسی رادەربڕین خواستێکی مرۆڤی سەردەمە. بەڵام هێشتا تاکی ئێمە ئەوە وەک مافێک سەیرناکات، بەڵکو بە دەرفەتێکی دەزانێت. چونکە هەمان مافی رادەربڕین بۆ ئەویتر بەڕەوا نابنێت. ناشییەوێت ووتوێژی لەگەڵدا بکات. جگەلەوەش رای جیاواز بە دەرفەتی لێدان دەزانێت. دەرفەتیش وەک پارە وایە درەنگ یان زوو، کەمتازۆر هەر دەبێت خەرجبکرێت.

جگەلەوەی کە دەرفەت-ماف- یەکسان نییە بەوەی کە منێک ئیستەرەم لەسەر هەموو بابەتێک هەڵوێست بنوێنم. چونکە، بەئاسانی دەکرێت ئەو ماف و دەرفەتە بۆ پێشێلکردنی ماف و شکۆی ئەویتر بگۆڕێت.

ئەمڕۆ بەکاربردنی تۆڕەکان وەک دەوامێکی رۆژانەی لێهاتووە کە دەبێت بابەت بخەیتەسەر واڵەکەت. یان هیچ نەبێت سیخورمەیەک بووەشێنیت یان پلارێک بهاوێژێت یان یان…

ناچاربوون بە دۆزینەوەی بابەت تا بەهۆیەوە تەکانێک بە رۆتینی ژیانی بدرێت، بووە بە ئەنگیزەیەکی شێواو. لەبەرئەوە تۆڕەکان پڕاوپڕن لە گێژەڵۆکە، بڵقەبڵق وەک پێشتر باسمکردووە؛ کەس گوێی لە تەقینی بڵقی ئەویتر نییە، جگەلە بەردەنگی ئەوەی خۆی[1].

ئیدی، دۆزینەوەی بیانوویەک بۆ شیروتیرسووین، خۆناچارکردنە. هەبوونی مافی ووتن، یەکسان نییە بە بەردەوامی دەربڕینی بێئامانج. چونکە، مافەکە دەگۆڕێت بە پێدراوێکی بێزارکەر و بەزێنەری ئازادی ئەویتر.

مافی دەربڕین ئەوەش ناگرێتەوە کە هەموومان مافی هەڵەکردنمان هەیە بەبێ راستکردنەوەی یان خۆڕەخنەکردن و پۆزشهینانەوە. هەڵبەت، هەڵەکردن دیاردەیەکی مرۆییە، بەڵام کە بەرامبەر ئەویتر کرا راستکردنەوەی و داواکردنی لێبوردن دەبێتە ئەرک و بەرپرسیارێتی.

جگەلەوانەش، مافی دەربڕین یەکسان نییە بە لەسەر هەقبوون. پاساوی لەسەر هەقبوون، لایەنگیری هەقیانەت و پیرۆز و پاکییەکان جۆرێکە لە توندوتیژیی. هەر کە پێتوابێت ئەوەی کە خۆت باوەڕت پێیەتی، بەتەنها راستە و بەڵگەنەویستە، ئیتر خۆت دەبەیتە ژوورووی وتوێژ و راگۆڕینەوە. بەوەش بەرەو سەپاندنی و بەکارهێنانی زەبروزەنگ هەنگاودەنێیت.

لێرەوە رۆڵی فەلسەفە و بیرکردنەوەی رەخنەیی دەردەکەوێت: کە ئەرکیان تەنها دەستنیشانکردنی هزروڕای چەوت نییە، بەڵکو هۆشیارکردنەوەیە لەو گێلایەتی گشتگیرەی لە تۆڕەکاندایە. گێلایەتییەک کە وەک گەواڵەیەکی توڕە و هار پەلاماردەدات، بانگەشە بۆ بیروڕای لە قاڵبدرا و کلسگرتوو دەکات.

ئەوەندەی بابەتەکان لەم سەردەمەدیجیتاڵییەدا بەرچاودەکەون، دوو هێندە بێ پرسیار بەسەرماندا تێدەپەڕن. بەشێکیان وەک باسوخواسێکی ئاشنا دەردەکەون بەڵام تراویلکەئاسا چاوبەستمان لێدەکەن.

لە وانەی ‘مێژووی فەلسەفە’ بۆ خوێندکارەکانی بەشی فەلسەفە باسی رێبازی ‘گومانگەری -پیرۆنی’مان دەکرد کە ئاسوودەیی مرۆڤ لە هەڵپەساردنی بڕیاردان و داوەری نەکردندایە. کورد ووتەنی زمان بووەستێت سەر رەحەتە!

[1]

© 2026 Nawzad Jamal
548 Market Street PMB 72296, San Francisco, CA 94104

Images:

  • Alexandra_Koch
  • geralt
  • franganillo
  • stevepb

د. نەوزاد جەمال

دکتۆرا لە فەلسەفەی رەخنەگەرایی کانت

Check Also

شیکەرەوەی رووداوەکان کە خورییەکە شیدەکەنەوە ئیتر بۆیان ناڕێسرێتەوە

د. نەوزاد جەمال جار جار کەناڵە کوردییەکان دەکەمەوە، جگەلە کۆمەڵە کێشەی هونەری و پرۆفیشناڵیتی و …