د. نەوزاد جەمال
پێشتر سەبارەت بە ئەرک و رۆڵی فەیلەسوف باسی تێزەکەی ‘ئەفلاتون’م کرد[1] کە پێیوابوو شیاوتریین کەس حوکمڕانی بکات فەیلەسوفەکانن یان بەلانی کەمەوە، دەبێت دەسەڵاتدارەکان لەلایەن فەیلەسوفەکانەوە پێگەیەندرابن.
هەڵبەت، ئەو تێزە جێی مشتومڕ و رەتدانەوەیە و جگەلەوەی خۆشی بە ئاگری ئەو پەیوەندییەی نیوان فەلسەفە و دەسەڵاتدار سووتاند.
بەڵام، ئەمڕۆ لە جیهانی سیاسەتدا هزری ستراتیجی و خوێندنەوەی شادەماری هاوکێشە سیاسییەکان، سەرێکی لەبیر و هزری فەلسەفییدایە. بیرکردنەوەی ستراتیجی و داڕشتنی سیاسەت چ ناوخۆیی یان دەرەکی، تەنها هاوکێشەیەکی ماتماتیکی نییە، بەڵکو رەهەندی گەردوونی و مێژووی و شارستانیشی لە خۆگرتووە.
جگەلەوەی، دۆخی جیهان ئاڵۆزە و ئالێنگارییەکان لە هاوکێشەی دژ و پێچەوانەدان، یەک فۆرمەلەی بڕیاردان بۆ هەموو کات و شوێنێک نییە. پێویستە دید و جیهانبی وورد لە پشت بڕیار و هەنگاوی سەرکردە سیاسیەکانی وڵاتانەوە بێت. جا ئەوە سەرۆکی وڵاتێکی زلهێزبێت یان بچووک.

1– ئەو سەرکردانەی فەلسەفەیان خوێندووە
لە مێژوودا، چەندان سەرکردەی وڵات هەبوون، کە پاشخانێکی فەلسەفیان هەبووە. بەنموونە، یەکەم سەرۆک و باوک دامەزرێنەری کۆماری چیکۆسلۆڤاکیا ماساریاک[2]، خاوەن دیدێکی فەلسەفیانەی بۆ مرۆڤایەتی و دەوڵەتسازکردن بووە.
هەروەها سەرۆکی دامەزرێنەری ئیسرائیل ‘داڤید بنگۆریۆن’ وەک خۆی لە بیرەوەریەکانیدا باسیدەکات، بەردەوام ئەفلاتونی دەخوێندەوە. یەکەم سەرۆکی هەڵبژیردروا بە دەنگدانی دیموکراسیانە لە بوڵگارستان ‘ژیلیڤ ژیلۆڤ’[3]، ئەویش لاپەڕەیەکی نوێیە لە مێژووی وڵاتەکەیدا.
هێنری کیسنجەر(رێوی سیاسەت) شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، ماستەرەکەی لەسەر فەلسەفەی مێژوو بوو لە روانگەی فەیلەسوفە ئەڵمانیەکانی وەک کانت و هیگڵ و توینبنی دیدێکی واقیعبینانەی لە سیاسەتدا بەرجەستەکرد کە رەنگە ئێستەش بەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا کاریگەربێت. هەرچەند مێژوونووسی بەریتانی ‘نایڵ فیرگسۆن’ پێیوایە کیسنجەر تەواو دیدێکی ئایدیالیستانەی هەبوو[4]. بەڵام، فەیلەسوفێکی سیاسی و کاریگەری لەسەر دانەخزانی جیهان بەرەو جەنگی ئەتۆمی لە نێوان ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت هەبووە.
سەرۆکی پێشووی ئێران ‘خاتەمی’ دەرچووی فەلسەفە و خوێندکاری فەلسەفەناسی ناسراوی ئێران ‘جەواد تەباتەبای’ی بووە. بەهۆی ئەوەی کەسێکی کراوەتر بوو، لەسەدا هەفتای دەنگەکانی هێنا و بووە سەرۆکی وڵات. جگەلەوەش لەسەر ستەمکاری ئایینی و سیاسی نووسیویەتی و لەوەڵامی تێزەکەی ‘سامۆیل هانتگتۆن’ ئەمریکی کە بە تێزی ‘پێکدادانی شارستانیەکان’ دەناسرێت، ئەو بانگەشەی پێکەوەژیان و دیالۆگی گەلانی کردووە.

2- ئەوانەی بەگوێی دەسەڵاتەکاندا دەخوێنن
یەکدووساڵ لەمەوبەر، لەووتارێکمدا باسم لەوەکردبوو کە بۆچی فەیلەسوفەکان لەبارەی شیکردنەوە و لێکدانەوە و بڕیاردان لەسەر کێشە نێودەوڵەتیەکان بەتایبەت شەڕی حەماس ئیسرائیل دەکەونەوە هەڵەوە[5]. هاوکات، ئێمە جۆرێک لەو دەرچووانەی فەلسەمان هەیە کە لەناو سیستمی دەوڵەتدا یان بەرپرسیارێتی فەرمیان هەیە یان رۆڵی راوێژکار و بیرمەندی ستراتیجیان هەیە.
یەکێک لەوانەی ناسراوە بەتێزەکانی لەسەر ئاستی جیهان، فەیلەسوفی کۆنەپارێزی ئۆراسیباوەڕ ئەلێکساندەر دوگین’ە[6] کە بە فەیلەسوفی نزیکی پوتین دەناسرێت. هەر لەم رۆژانەشدا لە تویتێکدا قسە لەسەر کورد دەکات(هەڵبەت لەبارەی غەزە و ئیرانیش دەکات) کە گەلێکن بیرکردنەوەیان ستراتیجی نییە.
یان ‘بێرنارد هێنری لیڤی’ کە بەپێچەوانەی دوگین، بەردەوام هاندی کورد و پێشمەرگەی لە سۆنگەی ئەجێندایەکی دیاریکراوە داوە. ئەو دووانە بیرمەندی پرۆژەی مەزن و ئایدیالیستین و نزیکن لەناوەندەکانی بڕیار و راوێژی ستراتیجیەوە.
ئەگەر بێنەسەر وڵاتی ئێران، ‘لاریجانی’ دکتۆرای لەسەر فەیلەسوفی ئەڵمانی کانت وەرگرتووە و سێ کتێبی لەبارەی ‘کانت’ەوە نووسیووە. بەکەسێکی کۆنەخواز و هاوکات پراگماتیست دەناسرێت کە رۆڵی بەرچاویشی لە دانوستانەکانی ئەتۆمی ئێراندا هەبووە. یەکێکە لەو کەسێتیە کاریگەرانەی دوای کوژرانی رێبەری کۆماری ئیسلامی، ناوی هاتەوە ناوناوان بەهۆی نزیکی لە رێبەر وەک راوێژکار.
هەروەها، سەرۆکی دەزگای میتی تورکیا و وەزیری پێشووتر ئیبراهیم کاڵن دکتۆرای لەسەر ‘مەلاسەدرا’ لە فەلسەفەی ئیسلامیدا وەرگرتووە و خاوەنی چەندان کتێب و کتێبی هاوبەشە. رۆڵی راوێژکاری سەرۆکوەزیران و ووتەبێژی سەرۆککۆمار و چەندان رۆڵی تری هەبووە پێشئەوەی ببێتە سەرۆکی دەزگای میت.

3– مۆدێلکی تری سەرکردەی فەیلەسوف
ئێمە نموونەی شارەزای فەلسەفەمان هەیە کە پێچەوانەی مۆدێلی کاڵن و لاریجان نیین؛ وەک ‘ڤاکلاڤ هاڤیڵ’ سەرۆککۆماری چیک کە خاوەنی مانڤێستێکە بۆ بێدەسەڵاتەکان. هەروەها، ‘زۆران دنیج’ی سەرۆکی سربیا کە دکتۆرای لەفەلسەفەدا هەبوو، بەهەموو توانای خۆیەوە بەرەوڕووی گەندەڵی وڵاتەکەی بووەوە و دواجار تیرۆریان کرد.
سەرۆکی ئۆرۆگوای کە نموونەی سەرکردەیەکی لەخۆبردووی خاکی و مرۆڤدۆست کە لەسەدا نەوەتی مووچەکەی بۆ کاری خێرخوازی تەرخانکردبوو.
هەروەها، سەرۆکی ئێستای فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن، کە ماستەرەکەی لەسەر هیگڵ و ماکیاڤیلی یە، هەروەها وەک یاریدەدەری فەیلەسوفی ناسراوی فەرەنسی پاوڵ ریکۆر لە (١٩٩٩) کاریکردووە.
4– ئەنجام
ئەگەر پۆلینکی سەرپێی ئەو ناوانە بکەین: دەکرێت بڵێین هەندێکیان وەک ئەوەیی سوودیان لە بیرکردنەوەی ئازاد و فەلسەفە نەکردبێت و خۆیان رادەستی ئایدۆلۆجیای دەوڵەت کردبێت، لە نموونەی کاڵن و لاریجانی، یان هەندێک وەک دوگین کە “کەواسووری بەرلەشکری” سیاسەتی فراوانخوازی و کۆنەپاریزی پەڕگیرە. لە دوواین تویتیدا سەبارەت بە کورد دەڵێت: “کوردەکان لە هەموو شوێنێکدا شکستدەخۆن، لەبەرئەوەی باوەڕ و متمانەیان بە ئەمریکا و ئیسرائیل. ئەو دووهێزە کە بەردەوام خیانەتیان لێدەکەن. ئەمجارەش(مەبەستی هێزەکوردەیکانی رۆژەهاڵەت کە دەوترێ ترەمپ داوای لێکردوون هێرش بکەنەسەر بارەگاکانی رژێمی ئیران) هەمان شت روودەداتەوە. کوردی نەگبەت و داماو. خەڵکانیکی باشن، بەڵام کەمترین توانای بیرکردنەوەی ستراتیجیان هەیە. ئەوەش دەیسەلمێنێت کە بۆچی تا ئێستا دەوڵەتیان نەبووە”[7].
ئەم بەڕیزانە کە فەلسەفەیان خوێندوو و چوونە دەسەڵاتەوە، ئەوەندە لە چووارچێوەی ئایدیۆلۆجیای دەوڵەتی خۆیاندا بیریان کردەوە، هێندە لە رەهەندە گەردوونی و مرۆڤایەتییەکەوە بیریان نەکردووەتەوە.
ناتوانم بڵێیم ئاخۆ باش لە فەلسەفە تێگەیشتوون یان نا، بەڵام روونە کە ئەو پاشخانە فەلسەفییەیان خستووەتە خزمەتی ئەجێندای دەوڵەتەکانیانەوە.
لە کاتێکدا فەلسەفە بیرکردنەوەیە لە سۆنگەی وێنەگەورە جیهانییە مرۆڤایەتییەکە، ئینجا دابەزینە بۆ وینە بچووکەکە. ئەم جۆرە شارەزایانە پێناچێت هیچ بوێری ئەتۆیان هەبووبێت ‘فیدرالیزم’ وەک مافێکی سەرەتایی بە کورد و گەلانیتر ناو ئێران و تورکیا و سوریا رەواببینن. ئەوەندە لەچوارچێوەی دەوڵەتە نەتەوە یان دەوڵەت مەزهەبدا گیریانخواردووە کە ئاسۆ فەلسەفییەکان لە مافی گەلانی سوریا و ئیران و تورکیادا بزرکردووە.
[1] https://nawzadjamalfalsafa.substack.com/p/192
[2] https://www.hrad.cz/en/president-of-the-cr/former-presidents/tomas-garrigue-masaryk/curriculum-vitae
[3] https://www.journalofdemocracy.org/authors/zhelyu-zhelev/
[4] https://kirkcenter.org/reviews/kissinger-as-political-philosopher/
[5]https://open.substack.com/pub/nawzadjamalfalsafa/p/e89?r=29nj6&utm_campaign=post&utm_medium=web&showWelcomeOnShare=true
[6] هەڵبەت، لەیەکەم مانگی هەڵگیرسانی جەنگی روسیا و ئۆکرانیا لە سەمینارێکی ناوەندی گەلاوێژ باسم لە رۆڵی ئەم فەیلەسوفە کردووە، دەتوانی ووتارەکە لەم لینکەدا بدۆزیتەوە:
https://twitter.com/AGDugin/status/2029119481919013052
Image: https://pixabay.com/fr/
- gamagapix
- geralt
- Photo Phlosophe: by Dulcey Lima on Unsplash

د. نەوزاد جەمال
دکتۆرا لە فەلسەفەی رەخنەگەرایی کانت
© 2026 Nawzad Jamal
548 Market Street PMB 72296, San Francisco, CA 94104
Unsubscribe
transcultures ترانسكولتوور