٨ی ئازار، لە ڕوانگەی ”سی مورغەکەی” فەریدالدین العەتار

بەیان سەلمان


زۆربەی چالاکوانانی ژنان، کورد و بێگانە، بە گشتیی جەغت لە بابەتی توندوتیژی دژی ژنان دەکەن. ئەمە وایان لێ دەکات بابەتەکانی تر لەبیر بکەن وەک تێکۆشانی ژنان و پێگەیان لە نێو جیهانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.  

بێگومان توندوتیژی پشتگوێ ناکرێت، وەلێ ئەوە بەشێکە لە پرسی گەورەی ژن، چونکە ئەگەر بپرسین ژنانی کام وڵات لە جیهاندا بەرەوڕووی کردەی توندوتیژی نابنەوە؟ ئەوە دەکەوینە ناو هەڵەیەکی رەخنەیی توند، چونکە بابەتەکە لە جیهانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ جیهانیڕۆژئاوا تەواو جیاوازە.

لێرەوە دەکرێ بڵێین ژنی کورد لە تێکۆشانێکی بەردەوام و بێوەچانە. تێکۆشانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری، تێکۆشانێکی لەپێناو ئازادی کورد و تاکێتی ژن… تێکڕای ئەوانە مێژووی ژنی کورد پێکدەهێنن.

ئەگەر باسی لایەنی سیاسی بکەین لەوێوە دەست پێدەکەین کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەتا ئەمڕۆکە شەڕ و وەیکدادان بەردەوامە. کورد پشکی شێری لەو ناکۆکییانە بەر کەوتووە، بە حوکمی ئەوەی داگیرکراوە و لە ڕووی جیۆپۆلیتیکەوە دەکەوێتە نێوان چەند دەوڵەتێکی حوکمڕانی کۆنەپەرست و نادادپەروەر کە نەک تەنیا لە ئاستی میللەتی کورد بەڵکو لە ئاستی میللەتی خۆیان و پێکهاتەکانی تری نێو وڵاتەکانیشیان سەرکوتکەرن.

خافڵ نین لەوەی، ئەو هۆیە سیاسی و سەربازییانە ئاکامیان لەسەر ئابووری کوردستان هەیە. ئەگەر ژنان نەخوێندەوار نەبن و دیپلۆمێکیان بە دەست هێنابێت، لەوەشدا بەشێکی گەورەیان لە بێکاریی بەر دەکەوێت. ئەمە دەبێتە مایەی وابەستەیی ژنان بە مێرد و خێزانی ماڵی باوک و چیتر ناتوانێت سەربەخۆ بێت.

هەمووان دەزانین کە وابەستەیی ئابووری ئاکامی کۆمەڵایەتی لێ دەکەوێتەوە. شوێنی نەریت و جێگرتنەوەی ئایین دەبێتە ئەلتەرناتیڤی کۆمەڵگا. ئەوەش وا دەکات کە لە ژێر دەسەڵاتی ئەو ڕژێمانەدا لە هەر هەنگاوێکی ژن بۆ گەشەکردن و هەڵسانەوە سەرکوت بکرێت.

 لێرەوە مێژووی ژنانی کوردی پارچەکانی کوردستان بە گشتی بەدەر نییە لە پرسی کورد. ئەگەر هەر ئاوڕێک لە مێژووی نزیکی دوێنێ بدەینەوە، تێدەگەین چۆن پرسی کچێکی گەنجی وەک (ژینا ئەمینی) تەنانەت خودی ناوە کوردییەکەی بە ڕەوا نابینین لە مێدیاکاندا، بەڵکو ناوی (میهسا) بەکار دەبرێت. ئەمە دەیسەلمێنێت کە لەبەر ئەوەی ”کچێکی کوردە” و تەنانەت مافی نیە و سیمبولی تێکۆشانەکەیشی لێ زەوت دەکرێت.

ژی کورد وەک هەر ژنێکی تری دونیا بەرەو ناڕەوایەتی و توندوتیژی دەبێتەوە، بەڵام ئەو ژنەشە کە خوێندەوارە، چالاکوانە، تێکۆشەرە، خۆبەختەکەرە بۆ ژنانی ئایینەکانی تریش کە بەرەو نەداری و کێشە و توندوتیژی دەبنەوە، وەک ئیزیدیەکان و مەسیحییەکان و کاکەییەکان و دەیان ئاینی تری کە شان بە شانی کورد لە هەزاران ساڵەوە نیشتەجێبوون، بە هەمان وزە تێدەکۆشن.

کێشەی گەورەی ژنی جیهانی ڕۆژەهەڵاتی، بە ژنی کوردیشەوە، بەراوردکردنە لە نێوان ژنی خاوەن فەزیلەت کە کۆمەڵگە پاڵپشتییان دەکات لە دژی ژنی ئازاد، واتە ئەوەی خاوەن فەزیلەت نیە. ئەگەر لا بکەینەوە لە دۆسییەی ژنی سەرکردەی (داعش البەغدادی) تێدەگەین چۆن ئەم ژنە گەورەترین هاوکاری مێردەکەی بوو بە ڕفاندن و زیندانیی کردنی ژنانی ئێزیدی! ئەوجا لە وێنەی نێو ئەو ئۆردوگایانەی خێزانەکانی داعشی لێ جێگیر کرابوون، هەمان تیپی ئەو ژنانە کوشتنی ژنی تر و بە کەنیزەکردنیان بە ڕەوا دەبینن!

 ئەوە دەیسەلمێنێت، کە لەلایەکەوە مێشک شۆردنەوە، لە لایەکیشەوە تەماحی دەسەڵاتێکی سیاسی لە ڕێگەی ئایینەوە، بۆتە هەڵسوڕێنەری ئەو بۆچوون و دەستتێکەڵکردنە. لەم دواییانەشدا بینیمان چۆن ژنانی کوردی ڕۆژئاڤا دەکەونە بەر هێرشی هەمەجۆر هەتا بوون بە ماییەی خۆپێشاندانی گەورە لە سەرانسەری کوردستان لە ژێر دروشمی ”کەزی”، ئەم جۆرە هەڵسانە، ئەگەر نەڵێم کاتییە و لە ئاست خۆی خامۆش بوو، ئەوە دەتوانم بڵێم هێزێکی بەرگریی بەدرەوامبوونی نییە، چونکە گەرمبوونی زۆر خێرا هەر ساردبوونەوەی خێرای لە دوایە! ئەگەرچی، وەک پشتگیریی و سیمبولی خەباتکردن و بەرگریی و قوربانییدان، نیشانی دا کە دەکرێ هەر ساتێک، لە کاتی پێویستییدا، ئەو وزەیە دیسان یەکبخرێت و هەڵگیرسێت.

ئەو شۆڕشی کەزییە نیشانی دا کە قین لە ژن بە پلەی یەکەم و قین لە ژنی کوردی ئازا و چاونەترس و ئازاد بە پلەی دووەم ئامانجێکی کۆنەپەرستانە. هەروەها لەو خۆپێشاندانانەدا، بۆ پشتگیریی لەو ژنانە، ژمارەیەکی زۆر کەمی لێ دەرچێت، کە بە پەنجەی دەست دەژمێردرێت، ژنانی جیهانی ڕۆئاوا، بە تایبەتی فیمینیستەکان، هیچ هاوکاری و پشتگیرییەکیان نیشان نەدا، تەنانەت دەنگێکی ناڕەزاییان هەڵنەبڕی! ئەمە گەورەترین نیشانەی شکستیی ئایدۆلۆجیای فیمینستەکان و ڕێکخراوەکانی نێونەتەوەیی مافی ژنانە، کە، بە بۆچوونم، لێدانێکە لە مافی ژن لە هەموو شوێنێک بەبێ هیچ جیاوازێیەک.

لێرەوە پێویستە پێداچوونەوەی ورد و درەشت بکرێت بۆ دۆخی ژنی کورد و ئیزیدی و مەسیحی و کاکەیی و سوبی و ئەرمەنی و هەموو ئەو پێکهاتانەی ناوچەکە؛ گرنگە پیاوانی کورد و ئەوانەی پێکهاتەکانی تری ناوچەکەن، ئەو دۆخی سەرپێی و گەرموگوڕییەی ئەو ڕووداوانە بگۆڕن بۆ بەردەوامبوون لەو ڕەوتی تێکۆشانە؛ بۆ ئاسوودەیی و پاراستنی ماف و شکۆی هەموو تاکێک بە ژن و بە پیاوەوە؛ بەدەر لە دەۆخی سیاسی و ئابووری کە سەپێندراوەتە سەر گشت کۆمەڵگا. تەنیا بەم جۆرە تێکۆشان و پشتگیرییە، دوور لە دەمارگیریی و کەوتنە ژێر فشاری ئایدولۆجی، دەتوانرێت کۆمەڵگایەکی تەندروست لەسەر پێی خۆی بەوەستێت و لە ناو هەناوی سەقامگیرییدا کار بکات بۆ بەرەو پێشچوون. ئەوەش وەک چیرۆکەکەی ”سی مورغ” وایە، هێشتا دۆڵی زۆر ماوە بیبڕن و پاشەکشێ نەکەن، یان بە بەهانەیەک بەردەوام نەبن لە ڕەوتەکە، ئەگەرچی هەمووان دەزانن کە بۆ گەشەی کۆمەڵگا و پێشخستنی دەبێ گۆڕانکاریی بێتە پێشێ، بەڵام هەر وەکی چیرۆکی ئەو سی مورغە کەس نایەوێت خۆی بۆ ماندوو بکات و وزەی زیاتری بۆ خەرج بکات. زانینی ئەم ڕاستییە بچووکەش لەوە سادەترە کە قسەگەلێکی زۆر بفڕۆشین بە خودی ژنان، لە بری ئەوەی بنەڕەتییانە نەهامەتییەکانیان ئاشکرا بکەین و چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە. کۆنفرانس گرتن لە بارەی پرس و کێشەکانی ژن، لە دەمێکەوە بۆتە کلێشەیەکی باو و لەوە زیاتر هەنگاو نانێت. ئەوەش دیسان ڕێک وەک یەک قۆناغێکە لەو ڕەوتەی پێویستە باڵندەکانی نێو ”سی مورغ” حەوت دۆڵەکەی بۆ بڕۆن و ئەوەی بە دوایدا دەگەڕێن، لەوە نزیکترە کە خەیاڵیان بۆی ناچێت، ئەگەر بچنەوە ناوەوەی خۆیان هەر دەیدۆزنەوە، چونکە هیچ شتێک لە دەرەوە ناگۆڕدێت ئەگەر لە ناوەوە نەگۆڕدرێت.       

Images: https://pixabay.com/fr/

  • DarkAthena
  • Clker-Free-Vector-Images
  • OpenClipart-Vectors

Check Also

دۆخی ئیپستینی دەسەڵات

د. نەوزاد جەمال دکتۆرا لە فەلسەفەی رەخنەگەرایی کانت دۆخی ئیپستینی دەسەڵاتچۆن راستیی ئەو پەروەندانەی دزە …