لە شەڕی کەنداودا، نەوت یا ئاو کامیان چەکی بەهێزترن؟

د. مەدیحە سۆفی


جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە رووی سامانی سروشتییەوە بەتایبەتی وزە دەوڵەمەندە، وەلێ لە ڕووی سامانی ئاوەوە جوگرافیایەکی سەخت و هەژارە، روباری کەمە و هەڵکەوتەکەشی وایە کە گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری زۆری لەسەر بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەو دەڤەرەدا هەیە و کاردانەوەی زۆری لەسەر کەمبوونەوەی ئاو، وشکەساڵی، هەڵکردنی تۆز و خۆڵ، تێکچوونی خاک و ئاوارەیی خەڵکدا هەیە، لە هەمووی گرنگتر تێکچوونی ئاسایشی ئاو و پاشتر ئاسایشی خۆراکە لە تەواوی ناوچەکە.

سەرۆکی سەنتەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئوتا  Michael Christopher Low وڵاتەکانی کەنداو  بە ”مەملەکەتی دەوڵەمەند بە ئاوی سوێر” ناودەبات نەک بە مەملەکەتی دەوڵەمەند بە نەوت و گاز[[1]] لەگەڵ ماکەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، کەمبوونەوەی بەردەوامی باران و زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان، بڕی بەکارهێنانی ئاویش لە زیادبووندایە، لە سەر ئاستی جیهاندا ناوچەی کەنداو بەرزترین ڕێژەی بەکارهێنانی ئاوی رۆژانەی هەیە بۆ هەر کەسێک، کە دەگاتە ٧٥٠ لیتر لە ڕۆژێکدا، ئەمەش بەرزترین ئاستە لە جیهاندا، لە ئەڵمانیا تەها ١٢٥ لیتر/تاک بەکاردەهێنرێت.

کەمی ئاو و زۆری وزەی تەقلیدی (نەوت و گاز) لە وڵاتانی کەنداو؛ بووە هاندەرێک بۆ شیرینکردنی ئاوی کەنداو و کەمکردنەوەی فشاری کەم ئاوی، ئەم پرۆسەیە تێچووی وزەی زۆرە، لێ لەبەر ئەوەی ئەو ناوچەیە لە بوونی وزەدا دەوڵەمەندە، بۆیە ئەم شێوازی چارەسەرە ئاسانتر و بەردەست بوو. زیاتر لە چوارسەد ویستگەی شیرینکردنی ئاو لە وڵاتەکانی کەنداودا هەن، ٤٢٪ی ئاوی ئیمارات لەو ویستگانەوە دابین دەکرێن، لە مەملەکەتی سعودیە زیاتر لە ٧٠٪، لە عومان ٨٩٪ و لە کوێت ٩٠٪، واتە تەنها بە پشت بەستن بە شیرینکردنی ئاو دەتوانن بەردەوام بن لە پیشەسازی و پێشکەوتن.

کاریگەری سەرەکی ئەم شەڕە لەسەر وێرانکردنی دامەزراوەکانی وزە نییە، ئەوەندەی بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر ویستگەکانی شیرینکردنی ئاوە، بۆ نمونە ئەو لێدانەی لە هەشتی مارس لە ویستگەی شیرینکردنی ئاوی بەحرێن درا، کە ٦٠٪ی ئاوی ئەو شانشینە دابین دەکات، هۆکاری زیانێکی گەورەی مادی و تەکنەلۆژی و ژیارییە لە وڵاتێک کە نزیکەی دوو ملیۆن کەس دانیشتوانییەتی. نەبوونی وزە ئابووری دەڕوخێێ، وەلێ نەبوونی ئاو ژیان بە هەموو بوارەکانییەوە دەوەستێنێ، لێرەدا ئێران شادەماری ئەو وڵاتانەی کەنداو پەک دەخات؛ کە لە وزە زیاتر زیان بە ژێرخان و ژیانیان دەگەیەنێت، ئاو نەبێت پیشەسازی وزەش نابێت، شارستانییەتیش دەپوکێتەوە.

ئێستا ئێران گرنگترین و سەرەکیترین چەکی ویرانکردنی ئەو وڵاتانەی دۆزیوەتەوە، ئەویش وێرانکردنی ویستگەکانی ئاوە، ئێران خۆی لە ژێر کاریگەری کەمی ئاو دەناڵێنێ و خۆی وڵاتێکی توینووە، دەریاچەی ورمێ نزیکە لە وشکبوونەوە، بەنداوەکانی ئاوی کەمی تێدایە، بەردەوام خەڵک لە ناڕەزایی و کێشەی بێ ئاوین، جگە لەوەی لەبەر ئەوەی تەواوی ئاوی ژێر زەوی هەڵهێنجاوە و چینەکانی ژێرەوەی زەوی بەهۆی پڕنەبوونەوەی بەهۆی وشکەساڵییەوە، بۆشایی کەوتووەتە نێوان چینەکانی زەوییەکە و ساڵانە چەند سانتیمەترێک تووشی داتەپین دەبێت، هەروەکو ئاگادار بووین ئێران لە ماوەی پێشوودا بڕیاری گوازتنەوەی شاری تەهرانی دا؛ ئەویش لەبەر بێ ئاوی و داتەپینی بەردەوامی چینەکانی زەوییەکەی، دەبێ ئاماژەش بەوە بکەین، کە ئاوێکی زۆر بۆ ویستگەکانی ئەتۆم بەکاردەهێنێت.

وێرانکردنی ویستگەی شیرینکردنی ئاو، کردەوەیەکە دژ بە یاسای نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ و بە تاوانی جەنگ دادەنرێت، چ ئیران و چ ئەمریکا-ئیسرائیل ئەم یاسایەیان شکاندووە و هیچ بەهایەک بۆ یاسا و ڕێسا دانانێن، ئەو ناوچەیە هیچ روبارێکی پێدا ناڕوات، هەڵهێنجانی ئاوی ژێر زەویش کۆتایی هاتووە. بۆیە بیرکردنەوە لە تەکنەلۆژیایەک کە ئاوی سوێری دەریا وا لێبکات بۆ بەکارهێنانی مرۆڤ بشێت تەنها شیرینکردنی ئاوەکەیە، ئەو تەکنەلۆژیایەش وزەیەکی زۆری دەوێت؛ کە لە وڵاتانی کەنداو دا بەخۆڕایی دەستدەکەوێت، ٤٠٪ی هەموو ئەو ئاوەی لە ویستگەکانی جیهاندا شیرین دەکرێت دەکەوێتە وڵاتانی کەنداوەوە.

Pollution from a colored oil stain on the water surface

یەکێک لەو هەنگاوە سەرەکییانەی ئیمارات کردی، عەمارکردنی ئاوی یەدەگە لە ژیر لمی ئەو بیابانە، دەریاچەیەکی بە بڕی ٢٦ ملیۆن مەتر سێجا فەراهەم کردووە، بە پێی زانیارییەکان ئەو ئاوە بەشی نەوەت رۆژ دەکات، بەڵام بەحڕێن و قەتەر و سعودیە کێشەکەیان سەختتر دەبێت، بۆ نمونە شاری ریازی پایتەختی شانشینی سعودییە ڕێژەی ٩٠٪ی ئاوەکەی لە ویستگەی شیرینکردنی ئاوەوە دێت.

لێدان و خاپوورکردنی ویستگەکانی شیرینکردنی ئاو، هەموو بوارەکانیتر وێران دەکات، هیچ پیشەسازییەک بێ ئاو نابێت، ئەم وڵاتانە بەدەسەڵاتن چونکە وزەیان هەیە و ئابوورییان بەهێزە، بەڵام بەرهەمهێنانی وزە ئاوی دەوێ، کرێکاری دەوێ، ئاسایشی دەوێ، ئاو نەبێت کرێکار نابێت، بەرهەمهێنان نابێت، داهات نابێت، سەرهەڵدانیش دەپوکێتەوە. ملیۆنەها لوولەی ئاو پاش شیرینکردنی، بە نێو شارەکاندا دامەزراون ئاو دەگەیەننە هاوڵاتی و دامودەزگاکان، کە بڕبڕەی پشتی دابینکردنی ئاسایشە لە هەر شوێنێک بێت، چاککردنی ئەو ویستگانەش ئاسان نییە و دەبێ هەموو پارچە و بەشەکانی لە دەرەوە داوا بکرێن.

شیرینکردنی ئاوی سوێری دەریا و ئۆقیانوسەکان لەگەل ئەوەی خەرجی زۆرە و وزەیەکی زۆری دەوێت و لایەنی ئەرێنی هەیە بۆ بەکارهێنانی ڕۆژانەی زیندەوەر، وەلی زیانی بۆ ژینگەش هەیە؛ ئەویش بە فڕیدانی ئەو مادە کیمیاوی و خوێیەی وەکو پاشماوە دوبارە بەرەو ئاوی دەریاکان و زیاترکردنی چڕی ئەو مادە زیانبەخشانە لە نێو ئاوەکە، کە گۆڕانی کیمیاوی لە پێکهاتەی ئاوەکە دروست دەکات و ژینگەی زیندەوەر و ئیکۆسیستیمی نێو ئاوەکە دەشێوێنێ، جگە لەوەی بەکارهێنانی وزە بۆ ویستگەکان ڕێژەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن ،کە هۆکاری قەتیسبوونی گەرمییە لە هەوادا، زیاتر دەبێت.

لە شەڕی عیراق-کوێتدا، لەکاتی گەڕانەوە و پاشەکشەی سوپای عیڕاق لە کوێت، عیڕاق ویستگەکانی ئاوی کوێتی وێران کرد و نەوتێکی زۆری ڕۆکردە دەریاوە تا ئاوەکەی بۆ شیرینکردنیش نەشێت، ئەمەش هەر تاوان بوو دژ بە مرۆڤایەتی. سەرهەڵدان و پێشکەوتن لەو دەڤەرە بە بوونی نەوت و گاز دەستی پێکرد، وەلێ بە نەبوونی ئاو وێران دەبێت.

پەراوێز

https://www.morgenpost.de/politik/article411417309/krieg-um-wasser-wie-der-iran-die-golfstaaten-hart-treffen-koennte.html

[1] https://www.morgenpost.de/politik/article411417309/krieg-um-wasser-wie-der-iran-die-golfstaaten-hart-treffen-koennte.html

Images: https://pixabay.com/fr/

  • TheDigitalArtist
  • SummerGlow
  • raggio5
  • ArthurZiiim
  • Armastas

مەدیحە سۆفی

دکتۆرا بواری ژینگە ناسی

نووسەر و شاعیر

Check Also

شۆڕشی کەزی

د. مەدیحە سۆفی لە پاش پەیماننامەی سیڤەر لە ساڵی ١٩٢٠دا و لەبارچوونی خەونی دەوڵەتی کوردی، …