بیر و هزری فەلسەفیی لە کوردستان

د. نەوزاد جەمال




بیر و هزری فەلسەفیی لە کوردستان پوختەی ئەم بابەتە بە سەمینارێک لە بەشی فەلسەفە – زانکۆی سلێمانی لە ١٨/٥/٢٠٢٦ پێشکەشکراوە.  


پێشەکی ئەم نووسینە درێژەدانە بەهەندێک وتار و سەمینار کە لە ([1] (2012 وە لام گەڵاڵە بووە. هەروەها، پرۆژەیەکە سەبارەت بە مێژووی فەلسەفە و بیروهوزر لە کوردستان کە ئێستە پێوەی خەریکم. ئەشزانم پرۆژەیەکی وەها بە یەکباڵ کاری نەکردەیە. هەر بۆیە، ئەوەی پێشتر تا ئەم ماوەیە لەو بارەوە نووسیوە بە کتێبێک بڵاومنەکردەوە. چونکە، دەمزانی پێویستی بە کاری هاوبەش و بەدواچوونی زیاتر و فرەپسپۆڕی هەیە. دوای تەواوکردنی ماستەر لە زانکۆی ئەمستردام، گەڕامەوە کوردستان. ئیتر بیرۆکەی تێزی دکتۆرایەک لەوبارەوە کەوتە مێشکمەوە. پەنام بردەبەر کتێبخانەی ئەوقاف بەو پێیەی دەستنووسی خوێندەوارانی کورد لەبارەی لۆجیک و کەلامی تێدایە. سەردانی بنکەی ژین و کتێبخانەی هەندێک بەڕێز کە دەستنووسی کۆنیان لایە. بەڵام، لەبەرئەوەی پۆلێنکردنی دەستنووسەکان، بەشێوازێکی ساکار کرابوو، نەمدەتوانی تەنها لەرێی ناونیشانی نووسەرێک و ناوی بەرهەمەکەیەوە، شتێکی ئەوتۆم دەستبکەوێت لە تێزەکە ساردی کردمەوە. بەڵام نووسین و رێکخستنی سەمینار لە بارەی کورد و فەلسەفە، بەردەوام وەک خەم و پرسیارێک بە مێشکمدا دەهات و دەچوو. ئەمساڵیش کە ووتنەوەی ‘مێژووی فەلسەفەی دێرینی یۆنان و فەلسەفەی سەدەکانی ناوەڕاست’م لە ئەستۆبوو، بە خوێندکارەکانم وت؛ ئاخۆ ناپرسن کورد چۆن بیری کردووەتەوە؟ ئایا کوردیش بیرکردنەوەی فەلسەفیانەی هەبووە؟ ئەگەر فەلسەفە بەرهەم و پێدراوێکی ئەقڵی مرۆڤە کە لە ئەنجامی رامان و پرسیارکردنەوە چەکەرەی کردووە، ناکرێت مرۆڤی کوردیش هیچ پرسیار یان بابەتێکی فەلسەفیی بە مێشکدا نەهاتبێت. لەباسکردنی چەمکی گۆڕان و دیالێکتیک لای ‘هیراکلیتس’دا هەوڵمدا پەندێکی کوردی(کە بەووتراوێکی ئەقڵی و ئەزموونەکی مرۆڤی کوردی دەزانم)، بهێنەمەوە کە کوردیش چۆن بیر لەگۆڕان، پەرەسەندن دەکاتەوە. کورد دەڵێت؛ ‘مرۆڤ گا نییە لەپێستی خۆیدا بمێنێتەوە’. یان کە پارمەندیس( پیتاگۆراس و ئەفلاتوون) باسی بنەمای نەگۆڕ و چەسپاویی راستی کردووە، ووتە کوردییەکە کە ‘’بەرد لە جێی خۆی سەنگینە’ بەنموونە هێنایەوە. ناڵێم هەمان کۆنتێکستی لەو بەراوردکردنەدا هەیە؛ چونکە جیاوازی لەنێوان دوو جۆر مرۆڤ کە سەر بە شارستانیەتی و کولتوری جیابوون هەیە، بەڵام دیدگایان بۆ بابەتێک بەو جۆرەیە. لە کوردستان فەلسەفاندن وەک چالاکیەکی رۆژانەی زیندوو و پراکتیکی نەک تێوری تا ئەمڕۆش هەیە(مەگەر لای هەندێک توێژەری ئەکادیمی فەلسەفە نەبێت). کولتووری ئێمەش شت تێدابووە، بەڵام یان لەناوچوون یان هێشتا نەدۆزراونەتەوە و نەخوێنراونەتەوە.
– ئەوانەی پێشتر لەسەر ئەو بابەتە نووسیویانە یەکێک لە ناوە دیارەکان ‘عەلادین سەجادی’ییە کە لە مێژووی ئەدەبی کوریدا باسی کورد و فەلسەفەی کردووە. پێیوایە مادام فەلسەفە لە ژیاندا، بیرکردنەوە و ناسینی خۆ و پرسیارکردنە دەربارەی ڕاستیی، کەواتە ئەم پرسیارانەش لە ئەدەب، مێژوو و هزرە کوردییەکاندا بە شێوەی جیاواز هەن[2]. جگەلەوەی پێشتر جەمال عیرفان، تا دەگاتە مەسعود محەمەد، شوکر مستەفا، عبدلواحید نوری، موحەڕەم محەمد ئەمین، جەلال دەباغ مامۆستا جەعفەر و کەسانیتر لەو بارەوە شتیان ووتوە و هەوڵیانداوە جۆریک لە فەلسەفاندن بهێننەئاراوە. بەڵام، بەشێک لەو ئەکادیمستانەی کە دەرچووی فەلسەفەن یان بایەخ بە فەلسەفە ئەدەن یان وەک هەندێک نووسەری ناسراو[3]، یەکسەر بەبێ توێژینەوە و لەگۆشەنیگای کولتوری فەلسەفیی خۆرئاواییەوە، هەبوونی پرسیاری فەلسەفیی لە کوردستان رەتدەکەنەوە. ئەگەرچی ئەم هەڵوێستە بەدیوێکدا پشت بەواقیعی نووسین و بەرهەمی فەلسەفیی یان خوێندنی فەلسەفە لە کوردستان بەستووە، بەڵام پەلەکردن و ناهەقیشی تێدایە. چونکە، بە پێوەر و لە گۆشەنیگای کولتووری دێرینی فەلسەفی خۆرئاواوە سەیری کوردستان دەکەن. دووەم، رەچاوی ئەو راستییە ناکەن کە فەلسەفاندن و پرسیاری فەلسەفی کورد(گەلانیتر)، سروشتێکی کردەنی و ئەزموونی پراکتیکی هەبووە. ئەوەش تەواو لە نەریتەباو و پارادیمە ناسراوەکانی فەلسەفەی خۆرئاوایی جیاوازترە. ئەو بەڕێزانە کەوتوونەتە داوی دیدی ئەورپا/خۆرئاوا سەنتەریی بۆ تێگەیشتن و بڕیاردان لەوەی کامە فەلسەفەیە. مێژووی بیر و پرسیاری فەلسەفیی لە گۆشەنیگایەکی ئەویترسالارەوە هەڵدەسەنگێنن. بەچاوێکی نەویش تەماشای کولتوور و فەرهەنگی خۆماڵی دەکەن. هەمیشە مۆدێلی ئەویتری باڵای فەلسەفە، یان زانست و کولتور و هەژموونی شارستانی لە مێشکیاندا وەک چوارچێوەیەکی هەڵسەنگاندن و بە بەهایەکی گەردوونی هەمەکی داناوە. سەرەڕای ئەوەی لە سەر خوانی فەلسەفەی خۆرئاوا/ فەلسەفەم تەواوکردووە، بەڵام هەر پێشتریش لە سەرەتاکانی خوێندنی فەلسەفە لە زانکۆی ئەمستردام، پێموابووە ناکرێت یەک گێڕانەوە و یەک گوتار لە مێژووی فەلسەفەدا زاڵبێت. تەنها یەک مێژووی سەرهەڵدانی فەلسەفە لە کۆی شارستانیەتی مرۆڤایەتییدا نییە، بەڵکو مێژووی تەریبی سەرهەڵدان و پراکتیزەکردنی فەلسەفە هەبوون. وەکچۆن لە یۆنان، ئیۆنیا-تورکیای ئێستا، ئەسکەندەرییە، چین و هیند و لاتینی ئەمریکا یان ئەفریقیا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە ئێران و کوردستان و هتد. هەن. لەم چەند ساڵەی دوواییشدا، ناوەندەکانی خوێندنی فەلسەفە ئاڕاستەیەک لە نووسینەوەی مێژووی فەلسەفەدا بە رەهەندێکی گەردوونی جییهانییەوە کاریگەرە. ناکرێت یەک گوتاری فەلسەفیی هەبێت، بەڵکو فەلسەفەی گەلانی پەراوێزخراو لە نووسینەوە و ووتنەوەی مێژووی فەلسەفەدا رەچاوبکرێت. بایەخ بە فرەیی و مافی کەمینەکانیش بدرێت. دووساڵ لەمەوبەر پەیوەندییم لەگەڵ ئەکادیمستیکی ئەڵمانی و هاوکات وەشانخانەیەکی زانکۆی ئەدنبیرە کرد. یەکەمیان ووتیان، پرۆژەی نووسینەوەی مێژوو لەسۆنگەیەیکی جیهانی فرەییەوە تەوابووە. ئەوەی ئەدبنیرەش ووتیان تائێستا لەبارەی فەلسەفە لە کوردستان نەکراوە، بەڵام پێشوازیشی لێدەکەین.
– ئالێنگارییەکان ناونیشانەکە و هەڵوێستم سەبارەت بە رەگوریشەی هزری فەلسەفیی لە کوردستان، بەرەوڕوووی هەندێک ئالێنگاری و پرسیار میتۆدیم دەکاتەوە. یەکەم، کام بیر و هزری فەلسەفیی بەدیاریکراویی؟ دووەم، ئایا بیر و هزر لە سۆنگەی زۆرینەکان یان کەمینە/ پێکهاتەکانەوە؟ واتە، ئایا لە سۆنگەی بیر و هزری کەمینە و پێکهاتە ئایینی و ئاینزاکانی کوردستان(ئێزدی، یارسان، عەلەوی، بزوتنەوەی هەقە، بەهایی و سۆفی و عیرفانی تا دەگاتە سەرچاوە سریانییەکان کە پردی گەیاندنی فەلسەفەی یۆنانی بە جیهانی عەرەبی ئیسلامیی بوون) بنووسرێتەوە؟ یان تەنها لە سۆنگە وێنەگەورەکە کە کوردە مێژووەکە بگێڕدرێتەوە؟
– جیاکردنەوەیەکی میتۆدی هەڵبەت کە باس لە هزر و بیری فەلسەفیی لە کوردستان (نەک تەنها زمانی کورد و کوردزمان)، دەبێە جگەلە دیاریکردنی مەودای توێژینەوەکە، پێویستە جیاکارییەکی میتۆدیش بکرێت لە نێوان دەربڕینی فەلسەفییانە و فەلسە دەربڕ دا. ئەوەش نەک لەبەرئەوەی زانست و ئەکادیمیا وادەخوازێت، بەڵکو تا نەکەویتە هەڵە و بڕیاری گۆترەیی و رەمەکییەوە. جیاکارییە، سەرەداوێکە پێماندەڵێت ئیمە نەریت و سەرمایەکی ئەدەبی و هونەری و کولتوووری و فۆلکلۆریمان لە دەربڕینی فەلسەفیانەدا هەیە. بەڵام، فەلسەفەی پوخت نیین، پتر دەربڕنیی هزری و فەلسەفییان لە فۆرمی شیعر، پەخشان یان عیرفان و فۆلکلۆر و پەندەکاندا تێدایە. چونکە، ئامانجەکە لەو شێوازە دەربڕینانەدا فەلسەفە نییە، بەڵام لەخۆگرن. لەکاتێکدا، فەلسەفە دەربڕ، هەبوونی ناوەڕۆکێک، تێمایەکی فەلسەفیی پوختە کە راستەوخۆ تیدا ئامانجێکی فەلسەفیی ووتراوە. هەروەها پەنانەبردراوەتەبەر ژانرێکیتری نووسین(وەک شیعر). بەڵکو سەربەخۆ دەقیکی فەلسەفییە، نەک لەناو دەقیکی ئەدەبی فۆلکلۆریدا، دەربڕینی فەلسەفییانە بێت. بەنموونە، مەم وزین خانی و دەقەکانیتر پڕن لەجۆری یەکەم نەک فەلسەفە دەربڕ. سەبارەت بە جۆری یەکەم، چەندان ژانرمان بەزمانی کوردی و هیتریش هەیە کە دەربرینی فەلسەفییان تیدایە: – زمانی کوردی هەر خۆی ئەمباری دەربڕین و لێکدانەوە فەلسەفییەکانە، جا لە ناونان، دەستەواژەکانەوە کە هەرڵگری مێژوون یان لە ئەزمونی ئەقڵانی ژیانەوە هەڵقوڵاون. – داستان و ئەفسانە کوردییەکان; بەنموونە هەوڵە زانستییەکانی د. موحەمەد موکری(فەرەنسی) رچەشکێنن. – پەندی پێشینیان؛ کورد دەڵێت ؛ ‘ لە هەر خەسارێک، ئەقڵێک”. پێشتر لە ژمارە (١٢-١٣/٢٠٠٢-٢٠٠٣) گۆڤاری هاڤیبوون (کوڤارا لێکولینێن کوردیی) بەرلین، ووتارێکم بەناوی پەندی پێشنینان فەلسەفەی ژیانی کوردەوارییە، بڵاوکردەوە. – قسەی نەستەق: کە داڕێژەری پارادایمەکە عەلادین سەجادی’یە.
هەنگاوەکان لە پێناو پەرەپێدانی هزری فەلسەفی لە کوردستان 1-لەسەر ئاستی خوێندنی بەشی فەلسەفە: ئەگەرچی فەلسەفەی خۆرهەڵات دەخوێنرێت، کوردۆلۆجی هەیە، پێویستە بیر و هزری فەلسەفیی لە کوردستان بخوێنێت. 2-ئەبێت لیژنەی زانستی بەش، لێژنەیەکی ئامادەکاری پرۆگرامی وانەکە بکات و لەڕێی راگرایەتی و سەرۆکایەتی زانکۆ وە بۆ وەزارەتی خوێندن باڵا. 3-پێویستە لە پەروەردە و خوێندندا یەک رەهەندانە مێژووی هزر و فەلسەفە نەخوێنرێت و تەنها خۆرئاوا بە گرنگ نەزانرێت، بەڵکو فەلسەفەی خۆرهەڵات و ئاسیا و گەلانیتر(وابزانم ئەفریقا/ ئەمریکای لاتین) بناسیین. جگەلەوەش 4-لەسەر ئاستی پرۆژەیی: ئامادەکردنی پرۆژەی نووسینەوە و لیکدانەوەی بیر و هزری فەلسەفی لە کوردستان. کە خۆم سێ ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ یەکدوو بەڕێز بە چەند کۆبوونەوە خەریک بووم بەڵام لەبەرئەوە پشتگیری نەبوو. ئێستە تێهەڵچوومەوە و ئومێدی وەرگرتنی سپۆنسەریک هەیە. 5-لەسەر ئاستی راگەیاندنی و چالاکی: ئامادەکاری کۆنفرانسێکی زانستی بۆ مێژووی فەلسەفە و بیر و هزر لە کوردستان بکرێت. 6-هەماهەنگی لەگەڵ ئەو ناوەندانەی لەسەر ئەو بابەتانە کاردەکەن. [1]

https://www.researchgate.net/publication/390052483_kwrd_w_flsf_hdanwy_pywndyyky_mzhwwyy [2] https://books.vejin.net/ck/text/27382 [3] https://kurdipedia.org/Default.aspx?lng=1&q=20221205135327449225 ئاسۆی فەلسەفە لە کوردستان..وەڵامێک بۆ بەختیار عەلی:   Like Comment Restack   © 2026 Nawzad Jamal
548 Market Street PMB 72296, San Francisco, CA 94104

Images: https://pixabay.com/fr/

  • GDJ

© 2026 Nawzad Jamal
548 Market Street PMB 72296, San Francisco, CA 94104
Unsubscribe

. نەوزاد جەمال

دکتۆرا لە فەلسەفەی رەخنەگەرایی کانت

Check Also

کوردبوون و هەڵوێست

بەیان سەلمان پرسی کورد زۆر قورسترە لە پرس گەلێکی تر کە لە جیهاندا تیشک دەخرێتە …