د. مەدیحە سۆفی
لە دوای شەڕی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٧٣دا، کاتێ مسڕ و سوریا، بۆ ئازادکردنی ناوچە داگیرکراوەکانی نیمچە دورگەی سینا و بەرزاییەکانی جۆلان، هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل، وڵاتە بەرهەمهێنەرەکانی وزە لە کەنداو، وەکو سعودیەو کوێت و عیڕاق، بۆ پاڵپشتیکردنی مسر و سوریا هەناردەی وزەیان کەم کردەوە، ئەمەش فشاری لەسەر بازاڕی وزە دروست کرد بەتایبەتی لە ئەمریکا و ئەوروپادا. ئەم رووداوە وڵاتانی رۆژئاوای هەژاند، گاز و نەوت کەم بوونەوە و سوتەمەنی رێگاوبان بەشی پێداویستی نەدەکرد، بەنزین بووە کۆبۆن و گرانتر بوو. کێشە بۆ هاتوچۆ و بەرهەمهێنان دروست بوو.
پاش ئەو پێشهاتە، وڵاتە پیشەسازییەکان لەبەر کێشەی جیۆسیاسی و جیۆئابووری، گەیشتنە ئەو بڕوایەی؛ کە نابێت تەنها پشت بە وزەی تەقلیدی ببەسترێ، بۆیە تەواوی کرۆکی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکانیان خستە خزمەتی داهێنانەکان.
لە ساڵی ١٩٣٨دا، لە میانەی توێژینەوەکانی زانای ئەڵمانی ئۆتۆ هاندا، دەرکەوت کە ناوکی ئەتۆم دەشکێندرێت و وزەیەکی زۆری لێدەکەوێتەوە، پاشتر زاناکانی ئەمریکا، کاریان لەسەر ئەوە کرد؛ کە دەتوانرێ لەو وزەیەی لە دابەشکردنی ناوکی ئەتۆمدا ئازاد دەبێت، چەکی ئەتۆمی دروست بکەن و لە ساڵی ١٩٤٥دا هەردوو شاری هێرۆشیما و ناکانزاکییان بە بۆمبی ئەتۆمی بۆمباباران کرد[[1]] دوابەدوای ئەو کارەساتەش تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو هەر لەبرەودا بوو بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە وزەی ئەتۆمی.
دوای ئەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا، بەهۆی کەمکردنەوەی هەناردەی نەوت و پاڵپشتی وڵاتانی عەرەبی بۆ سوریا و میسڕ، تووشی کێشەی وزە و کەمبوونەوەی بوون؛ رۆژئاوا گەیشتە ئەو راستییەی:
یەکەم: دەبێ فرەسەرچاوە، یەکێک لە سیاسەتەکانی دابینکردنی وزە بیت و هەر پشت بە وزەی کەنداو و ووڵاتە عەرەبییە بەرهەمهێنەرەکانی نەوت نەبەسترێت.
دووەم: وزەی ئەتۆمی بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا ببێتە رێکارێکی گرنگی بەرنامەی کارەکانیان.
ئەمڕۆ، لە تەواوی جیهاندا ٤١٣ ویستگەی ئەتۆمی هەن، کە تێکڕای تەمەنیان ٣٢ ساڵە، لە ساڵی ٢٠٢٥دا سێ ویستگەی نوێ کرانەوە، لە روسیا، هیندستان و چین، بەرامبەر بەوەش حەوت ویستگە داخران، سێ دانە لە روسیا، سێ دانە لە بەلجیکا و دانەیەک لە تایوان[[2]] ئەم شێوازە بەرهەمهێنانی کارەبایە تێچوویەکی زۆر و ئاستێکی بەرزی تەکنەلۆژی و زانستی دەوێت، بەڵام وەکو هەڵبژاردەیەکی گونجاوی زۆربەی وڵاتەکان پەیڕەو دەکرێ، ئەم شیوە بەرهەمهێنانە ئەگەرچی گازی زیانبەخش ناداتەوە؛ وەلێ وەلاخستنی پاشماوەکەی بەهۆی تیشکدانەوەی بەردەوام و تا چەندەها ساڵ، کێشەیەکی گەورەی ئەو وڵاتانەیە. لە سالی ٢٠٢٣دا تەنها ٩،١٪ی وزەی کارەبای جیهان لە وزەی ناوەکییەوە بەرهەمهێنراوە.

وزەی سەوز
بەرهەمهێنانی وزەی سەوز لە ئاو، خۆر، با، گەرمی ژێرزەوی و بایۆلۆژی، شۆڕشێکی گەورەی لە بەرهەمهێنانی کارەبادا کردووە، ئەمەش رۆڵێکی گەورەی لە کەمکردنەوەی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە هەوادا هەبووە. بەرهەمهێنانی وزەی سەوز یا وزەی دوبارە نوی نییە، لە مێژووی دێریندا نهێنی وزەی ئاو بۆ کاروباری سەرەتایی سەلمێنراوە. بوونی ئەرێنی سامانی سروشتی ئاو، خۆر و با، لەوەدایە کە سامانی هەمیشەیین و کۆتاییان نایات، جگە لەوەی بەکارهێنانیان هیچ زیانێکی بۆ ژینگە و کەشوهەوا نییە.
هەر وەکو لەو گرافیکەی خوارەوەدا[[3]] دەرکەوتووە، وزەی سەوز لە ساڵی ٢٠٢٥دا گەیشتە نزیکەی ٣٤٪ی سەرجەم وزەی بەرهەمهاتوو، بەم شێوەیەی خوارەوە:
- وزەی ئاو ١٤٪
- وزەی با ٨،٥٪
- وزەی خۆر ٨،٧٪
- جۆرەکانی دیکەی وزەی سەوز ٢،٥٪
دوا راپۆڕتی ناوەندی نێونەتەوەیی بۆ بەهەمهێنانی وزەی سەوز[[4]]، ئاماژە بەوە دەدات؛ کە زۆربەی وڵاتەکانی جیهان، بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری جیۆسیاسی و کەمکردنەوەی وابەستەیی بە وڵاتانی خاوەن وزە، جەخت لەسەر فراوانکردنی دامەزراندنی ویستگەکانی وزەی سەوز دەکەن، بەتایبەتی پاش داخستنی گەرووی هورموز بەهۆی شەڕی ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیلەوە.
کێشە بەردەوامەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بە سەرچاوەیەکی باشی وزە دادەنرێت، ستراتیژی مامەڵەکردنی وڵاتەکانی لەگەڵ وزەدا گۆڕی، وزەی سەوز بووە ئەو دەسەڵاتە بەهێزەی؛ کە دەتوانێرێت بەبێ کەرەستەی خاو بەرهەمبهێنرێت، ناوخۆیی بێت، وابەستەی جیۆسیاسی نەبێت و هەرزانتر بێت، پێشڕەوی ئەم بەرهەمە ئاسیایە بەتایبەتی چین و هیندستان، لە وڵاتەکانی وەکو نەرویژ، سوید، بەڕازیل، شیلی، کەنەدا و نیوزیلەندا زیاتر لە ٦٠٪ی کارەبا لە رێگەی وزەی سەوزەوەیە بەتایبەتی وزەی خۆر و وزەی با.
ئەی لە کوردستان؟
ئەگەرچی باشووری کوردستان خاوەنی وزەی تەقلیدییە، وەلێ زیاتر لە سی ساڵە هاوڵاتی بەدەست بێ کارەبایی و بێ سوتەمەنییەوە دەناڵێنێ، زستانی سارد و هاوینی هەڵپڕوکێنەر، دایک نازانی چۆن کاری رۆژانەی ماڵەوە راپەڕێنێ و باوک دەستەوەستانە لە دابینکردنی پێداویستییەکانی خێزانەکەی، دۆخێک کە زۆر جار کەم ئاویشی دێتەسەر و ماڵداری کورت دەهێنێت و ژیان دەبێتە تێکەڵەیەک لە سەرلێشێوان و بێ بەرنامەیی و بێ پشتیوانی. لە هەمان کاتدا ئەگەر ساتێک لە دەوروپشتی خۆت رابمێنێ وتەنها زانست بکەیتە خاوەن دەسەڵات؛ دەتوانێ زۆر خاڵی نەرێنی بگوڕیت. وڵاتەکانی رۆژئاوا ئەگەرچی ساتەکانی تیشکی خۆری تێدا کەمە و ئەو تینەی نییە، بەڵام شۆڕشێکی مەزنیان لە بەرهەمهێنانی وزەی سەوزدا هەڵگیرساندووە، هەروەها وزەی با دەچێتە ریزبەندی پاش وزەی خۆرەوە.

باشووری کوردستان بەبوونی خۆر و بوونی با، کە هیچ تێچوویەکی نییە و سامانێکی هەمیشەییە؛ دەیتوانی ئەرکی سارشانی خۆی و خەڵک زۆر کەمتر بکاتەوە، ئەویش بە بەرهەمێنانی وزەی سەوز. هەر ئەم دەڤەرەش چەندەها زانکۆ و پەیمانگای تەکنیکی و ناوەندی زانستی هەن، کە دەکرا چەندەها پرۆژەی سەرهەڵدانی ئەم جۆرە گەشەکردنەی تێدا تاوتوێ بکرێت، جگە لەوەش هۆشمەندی و وشیاری خەڵکیش رۆڵ دەبینێ، تێچووی کارەبای ماڵێکی بچووک و رەخساندنی شانەیەکی خۆر لەسەربان یا لە باخچەی هەر ماڵێکدا، بەتایبەتی ئەگەر پاڵپشتی حکومەتیشی تێدا بێت، دەکرا ئەرک و زەحمەتی ژیان کەمتر بکاتەوە، بەرهەمهێنانی وزەی سەوز، بەتایبەتی بە شانەی خۆر، کە ولاتی چین لە بەرهەمهێنانی شانەی خۆر پێشەنگە، هەنگاوێکی گەورە و ستراتیژییە بۆ کەمکردنەوەی پابەندی بە وزەی تەقلیدی وەکو نەوت و گاز.
تەنانەت وڵاتە پێشکەوتووەکانیش پەشیمانن لەوەی؛ پێشتر بە رێژەیەکی زۆرتر کاریان لەسەر پێشخستنی وزەی سەوز نەکردووە، بەتایبەتی پاش داخستنی گەرووی هورمز و گرانبوونی وزە، زۆربەی وڵاتەکان روو لە دامەزراندنی ویستگەی بەرهەمهێنانی وزەی خۆر دەکەن. ولاتێکی وەکو ئەڵمانیا کە پشتبەستوو بوو بە وزەی روسیاوە، پاش هەڵگیرسانی شەڕی ئۆکرانیا تووشی قەیرانێکی گەورەی وزە بوو، بۆیە یەکسەر هەنگاوێکی گەورەی لە پەرەپێدانی وزەی سەوز کرد و لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا نزیکەی ٥٧٪ی کارەبای لە وزەی با و وزەی خۆر بەرهەمهێنا[[5]]، ئەگەرچی هەنگاوێکی درەنگ وەخت بوو، بەڵام بەئاگا هاتەوە.
پەرەپێدانی وزەی سەوز ئیکۆسیستیم دەپارێزێت و کاریگەری ئەرێنی لەسەر کەشوهەوا دەبێت، جگە لەوەی پابەند نابیت بە کێشە جیۆسیاسی و هەڵبەزودابەزی نرخی وزەوە، کوردستان دەرفەتێکی بوژانەوەی باشی لەبەردەستە، بەجێبەجێکردنی رەهەندی زانست و هۆشمەندی، بە کردنەوەی ناوەندەکانی توێژینەوە، بە پێگەیاندنی کادری پسپۆر، بە هاندانی هاوڵاتی بۆ پشتبەستن بە بەرهەمهێنانی وزەی خۆماڵی بەتایبەتی لە وزەی خۆرەوە، بە بەرزکردنەوەی وشیاری تاکی کورد؛ بەوەی بتوانێت لەم بوارەدا ئاسانکاری لە ژیانی تایبەتی خۆیدا بکات، ئەوەندە گرنگە کە ئاستی ژیان و گوزەرانی بەرەو قۆناخێکیتر دەگوێزێتەوە، کە خۆماڵییە و بەردەستە، لەهەمان کاتدا بەرهەمهێنەری گرنگترین پایەی پێشکەوتن و ژیار دەبێت؛ کە بە شاخوێنبەری ژیان و گوزەرانی خەڵک دادەنرێت، دەزانم ئەمەش تێچووی دەوێت بەڵام کاری کردەیە.
هاندانی خەڵک بۆ واڵاکردنەوەی دەرگای بەرهەمهێنانی وزەی سەوز، هەڵاتنی خۆرێکی نوێیە بەڕووی ئەو ژیانەی نزیکەی سی ساڵە لە تاریکی و چاوەڕوانیدایە، کاتێ زانست دەبێتە پشت و پەنا، مرۆڤ دەبێتە خاوەن دەسەڵاتێکی وا کە بڕیار لەسەر بەرنامە و دابینکردنی کەموکوڕی خۆی دەدات، ئەم خاکە خاوەنی دەستی کار و کەرەستەی خاو و داهاتە، بەئەگەری زۆرەوە؛ ئەگەر ئەم سێکوچکەیە بە زانستەوە ببەسترێتەوە، تاریکی کەمتر و داهێنان باشتر و کوالیتێتی ژیان پوختەتر دەبێت، تەنها زانست دەتوانێت لەم دەستەوەستانییەی ئێستای رزگار بکات.
زانست دەسەڵاتە، بە پشتیوانی حکومەتێک؛ کە تەکنەلۆژیا بکاتە رەهەندی سەرەکی گۆڕان، دەتوانرێ لە هەنگاوی بەردەوام و جێگیر بێت بۆ فەراهەمکردنی خۆشگوزەرانی دانیشتوان، زانکۆ و ناوەندەکانی پێگەیاندنی گەنج، دەبێت لە خزمەتی کۆمەڵگەدا بێت، سامانی مرۆیی زۆر لە سامانی سروشتی لەپێشترە، ئەگەر وڵاتانی پێشکەوتوو لەبەر پیربوونی دانیشتوانەکەیان دەناڵێنن، ئەوە باشووری کوردستان لە سامانی مرۆییدا زۆر دەوڵەمەند و بەداخەوە لە خستنەگەڕی ئەو سامانەدا زۆر هەژار و نەدارە.

پەراوێزەکان
- Vgl. Christian Forstner, Kernphysik, Forschungsreaktoren und Atomenergie: Transnationale Wissensströme und das Scheitern einer Innovation in Österreich, Wiesbaden 2019.
- https://www.worldnuclearreport.org/Kernenergie-weltweit-2026
- https://www.juwi.de/wissen/rund-um-erneuerbare/artikel/erneuerbare-energien-weltweit
- https://www.windbranche.de/news/nachrichten/artikel-39607-weltweiter-rekordausbau-bei-erneuerbaren-energien-halt-2025-an-geopolitische-lage-ruckt-solar-und-wind-in-den-fokus
- https://www.umweltbundesamt.de/presse/pressemitteilungen/erstes-halbjahr-2026-erneuerbare-energien-wachsen
[1] Vgl. Christian Forstner, Kernphysik, Forschungsreaktoren und Atomenergie: Transnationale Wissensströme und das Scheitern einer Innovation in Österreich, Wiesbaden 2019.
[2] https://www.worldnuclearreport.org/Kernenergie-weltweit-2026
[3] https://www.juwi.de/wissen/rund-um-erneuerbare/artikel/erneuerbare-energien-weltweit
[4] https://www.windbranche.de/news/nachrichten/artikel-39607-weltweiter-rekordausbau-bei-erneuerbaren-energien-halt-2025-an-geopolitische-lage-ruckt-solar-und-wind-in-den-fokus
[5] https://www.umweltbundesamt.de/presse/pressemitteilungen/erstes-halbjahr-2026-erneuerbare-energien-wachsen
Images: https://pixabay.com/fr/
- qimono-earth
- Joli!

مەدیحە سۆفی
دکتۆرا بواری ژینگە ناسی
نووسەر و شاعیر
مەدیحە_سۆفی#
وزەی_ سەوز#
transcultures ترانسكولتوور