دووشەممە, حوزه‌یران 29, 2026
frku

بۆ پلەی گەرمی لە ئەوروپا لە چاو کیشوەرەکانیتر  زیاتر بەرز دەبێتەوە؟

د. مەدیحە سۆفی


شارەزاکانی بواری میتیۆرۆلۆژی ئاماژە بەوە دەدەن؛ کە ئیتر لەمەودوا، کەشوهەوای گشتی لە جیهاندا، کەشوهەوایەکی ئارام و ئاسایی نابێت، بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا. کاتێ پلەی گەرمی لەو ناوچانەدا بەرەو سەرووی پەنجا پلە بەرزدەبێتەوە و وشکەساڵی لەمەودای کەمدا دوبارەدەبێتەوە، بەڵگەی تەواوی ئەوەیە کە نەک هەر ئیکۆسیستیمەکان دەشێوێن، بەڵکو ژیانی مرۆڤ دەکەوێتە مەترسییەوە و شیرازەی کۆمەڵایەتی و دیمۆگرافیش تێکدەچێت.

بە پێی توێژینەوەکانی کۆپەرنیکۆس، ئەتمۆسفێری جیهان بەگشتی  بە تێکڕای 1,4 پلە سەرووی پلەی گەرمی پێش سەردەمی پیشەسازییە؛ کەچی ئەوروپا بە 2,4 پلە سەرووی پلەی گەرمی پێش سەردەمی پیشەسازییە. لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا شاری پاریس پلەی  40,9پلەی سیلسیۆز تۆمار کردووە، ئەمەش بەرزترین پەلەیە لە ساڵی 1947وە[ [1]] لە بەریتانیا پلەی 36,1پلە و گەرمترین مانگی حوزەیران بووە لە ساڵی 1957 وە. دەتوانین هۆکاری ئەو جیاوازییەی؛ کە پلەی گەرمی ئەوروپا خێراتر و بەڕێژەیەکی زۆررتر بەرز دەبێتەوە، لە چەند خاڵێکدا دیاری بکەین:

یەکەم: لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوادا، پلەی گەرمی جەمسەری سەهۆڵبەندانی سەروو، کە هاوسنووری ئەورپایە، بەخێراییەکی زیاتر لەچاو ناوچەکانیتری جیهان بەرز دەبێتەوە کە دەگاتە  3,2 بەپێی پێوەرەکانی ناوەندی کۆپەرنیکۆس، ئەمەش کاریگەری زۆری لەسەر گەرمبوونی ئەتمۆسفێری ئەوروپا هەیە .

دووەم: روبەری گشتی بەفری سەهۆڵبەندانی باکوور بەهۆی توانەوەی بەستەڵەکەکەوە، بەردەوام لە کەمبوونەوەدایە، توانەوەی بەفرەکە واتە دەرکەوتنی زەوییەکە و بەرزبوونەوەی ئەلبیدۆ، ئەلبیدۆ پێوەرێکە بۆ ئاستی گلدانەوە و قەتیسکردنی گەرمی بەکاردێت، پێوەرەکە تا یەک پلە، پێوەری ئەلبیدۆ بۆ رەنگی سپی بۆ نمونە بەفر، واتە رێژەی ئەلبیدۆکەی 0,9 یە، بە واتای دانەوە و شکانەوەی شەپۆلەکانی گەرمی خۆر بەڕێژەی٩٠٪ واتە گل نەدانەوەی خۆر و گەرمنەکردنی ئەتمۆسفێرەکەی، بەڵام روبەری تاریک و ڕەش بۆ نمونە زەوی رووت و ئۆقیانوسەکان رێژەی ئەلبیدۆکەی 0,1 واتە ڕێژەی 90%ی گەرمی خۆر گل دەداتەوە و روبەرەکەی دەوروپشتی گەرم دەبیت. بەتایبەت لە وڵاتانی ئەسکەندنافیە و بەشە ئەوروپییەکەی روسیا، هەر بۆ زانینیش سیبیریا؛ کە سەهۆڵبەندان و زوقمی هەمیشەیی بوو، لە ئیستا پلەی گەرمییەکەی بەردەوام لە بەرزبوونەوەیە کە رۆڵی سەرەکی لە توانەوەی بەفری ئەو ناوچەیە و پاشان کەمکردنەوەی رێژەی ئەلبیدۆدا هەیە. بۆیە وشکایی و ئاو کاریگەری لەسەر هەڵمژینی گەرمی خۆر و قەتیسکردنی و پاشان گەرمبوونەوەی ئەتمۆسفێرەکە هەیە.

سێیەم: بوونی گەردیلەی تۆز و هەموو ئەو پێکهاتانەی دەچنە هەواوە و پیسی دەکەن، گەرمی ئەتمۆسفێرەکە لای خۆیان گل دەدەنەوە و هەوا سارد دەکەنەوە، کاتێ ئەو گەردیلە و پێکهاتانە کەمتر دەبنەوە و قەلاچۆ دەکرێن، هەواکە گەرمتر دەبێت؛ لە کۆتایی سەدەی بیستەمەوە، زانست بەردەوامە لە پاک کردنەوەی هەوا لەو گەردیلە زیانبەخشانە، لە ئێستا کەمکردنەوەیان چ بە فلتەر و چ بە رێکاری نوێی تەکنەلۆژی، تەندروستی مرۆڤ دەپارێزێت، وەلێ کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی ئەتمۆسفێرەکە هەیە.

چوارەم: بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە، هەندێ جار شەپۆلەکانی پشتێنەی پاڵەپەستۆی بەرزی با، کە بە بەرزی نزیکەی ١٠کم لەسەر زەوییەوە بەرەو ئەوروپا هەڵدەکەن، خاو دەبنەوە و  خێرایی هەڵکردنیان وەکو جاران ئاسایی نابێ، هەندێ جاریش ئەو پشتێنە پاڵەپەستۆ بەرزە، کە بەئاراستەی میلی کاتژمێر دەسوڕێتەوە چەق دەبەستێ و لە شوێنێکدا دەمێنێتەوە، مانەوەی ئەم پشتێنە بایە پاڵەپەستۆ بەرزە، وەکو کڵاوەی گەرمی، گەرمی لە ناوچەکەدا گیر دەکات و  پلەی گەرمی ئەتمۆسفێرەکە بەرزتر دەکاتەوە و قەتیسی دەکات.

کاردانەوەی ئەم بەرزبوونەوە نائاساییەی پلەی گەرمی ئەتمۆسفێرە، لەسەر تەندروستی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و لەهەمووی زیاتر لەسەربەکاربردنی ئاودا هەیە، لا کاتێکدا ئاو خۆی بووەتە کێشەیەکی گلۆبال بۆ زۆربەی وڵاتەکان.

پەراوێزەکان

1.         https://www.berliner-zeitung.de/article/europa-wird-zum-hitze-hotspot-warum-sich-der-kontinent-doppelt-so-schnell-erwaermt-wie-der-rest-der-welt-10135611


[1] https://www.berliner-zeitung.de/article/europa-wird-zum-hitze-hotspot-warum-sich-der-kontinent-doppelt-so-schnell-erwaermt-wie-der-rest-der-welt-10135611

Images: https://pixabay.com/fr/

  • marc-hatot-wind-turbine
  • mindworld-ai-generated
  • sebastiendefaveri-ice-cube

مەدیحە سۆفی

دکتۆرا بواری ژینگە ناسی

نووسەر و شاعیر

#مەدیحە_سۆفی

Check Also

تەڵەی مافی دەربڕین یان خۆناچارکردن بەوتن لە تۆڕەکاندا

د. نەوزاد جەمال هەندێکجار دڵخۆشم کە چین و توێژە جیاوازەکانیش تۆڕەکان بەکاردەهێنن و لە سەردەمەکە …