دیاردەی ئێل نینۆ لە کەشوهەوادا

د. مەدیحە سۆفی


دیاردەی ئیل نینۆ ، دیاردەیەکی سروشتییە و لە ماوەی دوو تا حەوت ساڵ جارێک، لە کەنارەکانی رۆژهەڵاتی ئوقیانوسی هێمندا دووبارە دەبێتەوە و هیچ پەیوەندی بە گۆڕانی کەشوهەواوە نییە، تەنها ئەوە نەبێ کە لە میانەی گۆڕانی کەشوهەواوە دیاردەکە هەندێ توندتر دەبێت.

لە کەنارەکانی ئەمریکای باشور و زیاتر لە کەمەری گۆی زەوی لە ئاستی کەنارەکانی پیرۆ و ئیکوادۆردا روودەدات، ئەم دیاردەیە لە کاتی جەژنی لەدایکبوونی مەسیحدا لە مانگی دیسەمبەردا، کاتێ دۆخی ئاسایی کەشوهەوا  پێچەوانە دەبێتەوە و دیاردەیەک سەرهەڵدەدات پێی دەڵێن (ئێل نینۆ)، وشەی ئێل نینۆ وشەیەکی ئیسپانییە و ماسیگرەکانی پیرۆ ئەو ناوەیان لە دیاردەکە ناوە، وە لەبەر ئەوەی دیاردەکە لە کاتی جەژنی لەدایکبوونی مەسیحدا (خوا لێی رازی بێت) روودەدات، بۆیە بەمانای (مناڵ) یا مناڵی مەسیح دێت.

تێبینی: بڕوانە ئۆقیانوسی هێمن لە دیوی پشتەوەی گۆی زەوی، لەو دیوەدا باشووری ئەمریکا دەکەوێتە رۆژهەڵاتی ئۆقیانوسەکە و دیوەکەیتر کە ئوسترالیا و  ئیندۆنیزیا و هەموو باشووری ئاسیایە دەکەونە رۆژئاوای ئوقیانوسەکە.

لە ئۆقیانوسی هێمندا، دۆخێکی ئاسایی هەڵکردنی با و ڕاماڵینی ئاوی گەرمی روبەری سەر رووی ئۆقیانوسەکەیە بەرەو رۆژئاوای ئۆقیانوسەکە، کە دەبێتە هۆی باران و کەشێکی شێدار لە ئوسترالیا و باشووری ئاسیا (ئیندونیزیا و دورگەکانی ئەو دەڤەرە)، بەڵام لە دوو تا حەوت ساڵ جارێک دۆخێکی نائاسایی دێتەکایەوەکە بە ئێل نینۆ ناسراوە، لەم دۆخەدا گۆڕان بەسەر ئاراستەی هەڵکردنی بایەکە و توندییەکەی دێت، لە خوارەوە باس لە هەردوو دۆخەکە دەکەین.

یەکەم دۆخی ئاسایی

لە سەرەتای هەموو ساڵێکەوە تێبینی دەکرێت کە ئاوی ئوقیانوسی هێمن بەتایبەتی لە کەنارەکانی ئەمریکای باشوور و لە ئاستی کەناری پیرۆ و ئیکوادۆرەوە، تا قووڵاییەکی بەرچاو گەرم دادێت بەڵام پلەی گەرمییەکەی لە پلەی ئاساییەوە نزیک  دەبێت، ئەو تەوژمی بایەی لە باکوری رۆژهەڵاتەوە (بەئاراستەی میلی کاتژمێر دەسوڕێتەوە) و لە باشووری رۆژهەڵاتەوە (بە پێچەوانەی میلی کاتژمێرەوە دەسوڕێتەوە) هەڵدەکەن و ئەو ئاوە گەرمە لەسەر رووی ئوقیانوسەکەیە لەگەڵ خۆیان بەرەو کەنارەکانی رۆژئاوای ئۆقیانوسیەکە کە دەکاتە ناوچەی ئوستورالیا و ئیندونیزیا ڕاپێچ دەکەن و ئاوی ساردی بندینی ئۆقیانوسەکە جێگەی ئاوە گەرمەکە دەگرێتەوە، کە دەوڵەمەندە بە بەهای خۆراکی بۆ ماسی و زیندەوەرە ئاوییەکان، لەو بارە ئاساییەدا وەرزی سامانی ماسی لەبرەودا دەبێت و ماسیگر و جوتیارەکان داهاتیان باش و ئاسایشی خۆراکیان جێگیر دەبێت. کەشوهەوای باراناوی لە ئوسترالیا و  ئیندونیزیا و کەنارەکانی رۆژئاوای ئوقیانوسی هێمن دروست دەبێت و لە کەنارەکانی رۆژهەڵاتی ئۆقیانوسەکەش ، لە ئەمریکای باشووردا کەشوهەوای ئاسایی خۆی دەبێت. ئەم دۆخە ئابووری دەبوژێنێتەوە و سامانی ماسی لەو کەنارانە لە برەودا دەبێت و جوتیارەکان داهاتی باشیان دەبێت.

دۆخی نائاسایی (ئێل نینۆ)

لە دۆخی دووەمدا، کە لە ماوەی دوو بۆ حەوت ساڵ جارێک روودەدات، تەوژمی با پێچەوانە دەبێتەوە، بای باکوری رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵات خاو دەبنەوە و لە رۆژئاوای ئۆقیانوسی هێمنەوە تەوژمی با ئەوەندەیتر ئاوە گەرمەکەی سەر رووی ئوقیانوسەکە بەرەو کەنارەکانی ئەمریکای باشوور ڕادەماڵێت،  لێرەدا چەند کاردانەوەیەک بەدیدەکرێت، بۆ کەنارەکانی ئەمریکای باشوور بە تایبەت پیرۆ و ئیکوادۆر، لەبەر ئەوەی ئاوی گەرمی ئوقیانوسەکە بەهای خوراکی نامێنێت و مەودا نییە ئاوی ساردی بندینەکە؛ کە پڕە لە بەهای خۆراکی بۆ ماسییەکان بەرەو سەرەوە سەرکەوێت، زیان بە سامانی ماسی دەگەیەنێت و وەرزی ئەو ساڵە بۆ ماسیگر و جوتیارەکان نەهات دەبێت. لەلایەکیترەوە کەشێکی باراناوی نائاسایی دێنێتە کایەوەو زۆر جار دەبێتە هۆی لافا و رۆچوونی خاک و ئاوارەبوونی دانیشتوانەکەی، بە پێچەوانەوە لە باشووری ئاسیا و ئوستورالیا دەبێتە وشکەساڵی و ئاگرکەوتنەوە و پیسبوونی هەوا و لەناوچوونی مەرجانە گیاییەکانی ئەو کەنارانە.

ئاستی توندی ئەم دیاردەیە دەوەستێتە سەر رێژەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی ئاوی ئوقیانوسەکە لەچاو پلەی ئاسایی خۆی، ئەم ئوقیانوسە نزیکەی سێ یەکی هەموو گۆی زەوی دەگرێتەوە و زۆرترین گەرمی ئەتمۆسفێرەکە گڵ دەداتەوە، بەپێی پێوەرەکان لە ئێستادا بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی ئوقیانوسەکە دەگاتە سێ پلە لەچاو پلەی گەرمی ئاسایی خۆی، بوونی ئەم گەرمییە نائاساییەی ئاوی ئوقینوسەکە شارەزا و پسپۆڕەکانی دلنیا کردووەتەوە لە روودانی دیاردەی ئێل نینۆ.

کاردانەوەی ئەم دیاردەیە لەسەر ناوچەکانیتری گۆی زەوی:

بە گشتی ئەم دیاردەیە، جگە لەوەی کاردانەوەی لەسەر باران و ڕەشەبا و لافا دەبێت لە پیرۆ و ئیکوادۆر و هەندێ وڵاتیتر، وە وشکەساڵی و بێ بارانی لە بەشێکی ئوسترالیا و باشووری ئاسیا،  کاریگەری لەسەر تێکچوونی ئاسایشی خۆراكش دەبێت، کاردانەوەی جیاوازیشی دەبێت لە وڵاتەکاندا،  لە ئوسترالیا و لەبەر روبەڕوبوونەوەی وشکەساڵی بەرنامەی چاندنی دانەوێڵە کەمتر دەکەنەوە، لە ئیندونیزیا و باشوری رۆژهەلاتی ئاسیا بەرهەمی مەرەزە و رۆنی خورما کورت دەهێنێت، لە رۆژهەڵاتی ئەفریقا (کینیا، سۆمالیا، ئیسیوپیا) بارانی زۆرتر و لافاو روودەدات، لە (موزەمبیق، باشووری ئەفریقا) لە هەمان کاتدا کەمئاو و بێ باران دەبێت. زۆرترین کاریگەریشی لەسەر نرخی برنج، گەنم و کاکاو دەبێت.

ئەم زانیاریانە دەرئەنجامی توێژینەوەی زانستین، بەڵام کاردانەوەی لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کەمترە، وەلێ ئەگەری ئەوە هەیە کە کاریگەری لەسەر نرخی خۆراک و بەتایبەتی برنج و دانەوێڵە هەبێت.

ئاستی گۆڕانی کەشوهەوا، یا توندی ئەو گۆڕانە؛ دەوەستێتە سەر  رێژەی گەرمبوونی ئەتمۆسفێری گۆی زەوی لەچاو سەردەمی پێش پیشەسازی، ئەو گەرمبوونەش دەرئەنجامی قەتیسبوونی گەرمی خۆرە بەهۆی زیاتربوونی رێژەی گازەکانی وەکو دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، میتان، ئۆکسیدی نایترۆجین و هەڵمی ئاو وهەندێ گازیتر.

دیاردەی ئیل نینۆ، دیاردەیەکی سروشتییە و چەندەها ساڵە لە دەرئەنجامی دووبارەبوونەوەی لە کەنارەکانی ئەمریکای باشوور بە تایبەتتر  لە کەنارەکانی پیرۆ  کاتێ ماسیگرەکانی ئەو دەڤەرە لە کاتی ڕاوەماسیدا تێبینی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی سامان و داهاتی ماسی دەکەن؛ ئەویش بە گەرم داهاتنی ئاوەکە و لەناوچوونی ماسییەکان. دوبارەبوونەوەی ئەم دیاردەیەش لەگەڵ  نزیکبوونەوەی جەژنی مەسیح و لە مانگی دیسەمبەردا، وای لە ماسیگر و جوتیارەکان کرد ناوی ئێل نینۆی لێ بنێن.

 لە ماوەی 450 ساڵی ڕابوردوودا 47 جار ئێل نینۆی توند یا زۆر توند بووە. دیاریکردنی ئەو ئاستەش دەکەوێتە سەر ڕێژەی گەرمبوونی ئاوی سەر ڕووی ئۆقیانوسەکە. ئاستی توند بە مانای گەرمبوونی پلەی گەرمی ئاوی ئوقیانوسەکەیە لە کەناری پیرۆ تا سێ پلە لە سەرووی تێکرای پلەی گەرمی ئاسایی خۆیدا. ئەو ساڵانەی ئێل نینۆی توندی تێدا پێوراوە بریتین لە ((1578, 1685-88, 1728, 1789-93, 1828, 1877/1878, 1891, 1925/26, 1982/83 1997/98[[1]]

لە ئێل نینۆی ساڵی 1997/98دا پلەی گەرمی ئاوی سەر رووی ئوقیانوسەکە گەیشتە سەرووی 2,8پلە لەچاو تێکڕای پلەی گەرمی ئاسایی، لە 2015دا گەیشتە 2,6 پلە. ئەوەی تا ئێستا تۆمارکراوە، شارەزایانی تا ڕادەیەک لەوە دڵنیان کە دیاردەی ئێل نینۆ لە ساڵی 2026 بە ئەگەری زۆرەوە توند دەبێت.

لە ئێل نینۆی ساڵی 1982/83دا، لەبەر ئەوەی تکنەلۆژیا و سیستەمی بەدواداچوون و پێوەرەکان ئەوەندە پێشکەوتوو نەبوون، نەدەتوانرا پێشبینییەکان بخرێنە روو و هۆشداری بڵاوبکرێتەوە بۆ خۆپاراستن، بۆیە کارەساتی لافا و رۆچوون و وشکەساڵی زیانی مادی و گیانی زۆری لێدەکەوتەوە.

پەراوێزەکان Quinn et al. 1987: El Niño occurences over the past four and a half centuries. Journal of Geophysical Research 92 (C 13): 14449-14461


[1] Quinn et al. 1987: El Niño occurences over the past four and a half centuries. Journal of Geophysical Research 92 (C 13): 14449-14461)

Images: https://pixabay.com/fr/

  • Noel_Bauza
  • suesun
  • mrwhitepatch
     
     
     

مەدیحە سۆفی

دکتۆرا بواری ژینگە ناسی

نووسەر و شاعیر

Check Also

کوردبوون و هەڵوێست

بەیان سەلمان پرسی کورد زۆر قورسترە لە پرس گەلێکی تر کە لە جیهاندا تیشک دەخرێتە …