دێری سیستەری پڕێبنۆا

بەیان سەلمان

مێژووی نۆتڕ-دام دو پڕێبنۆا (Pratum Benedictum) مێژوویەکی دێرینی سیستەرییە[1]، کە لە بێتێت، لە پارێزگای کروز، سەر بە ناوچەی (نۆڤێل-ئاکیتێن) دامەزراوە. لە ٣ی تشرینی دووەمی ١١٦٢ وەک بەرھەمی بەخشینی چەند گەورەخانەوادەیەکی (مالڤال) سەر بە ئابایی[2] سەرەکی (دالۆن) دامەزرا. لە ١١٦٣ بە فەرمانی سیتۆ Cîteaux لەگەڵ ئەو بەشە سەرەکییەدا بەیەکەوە لکێندرا.

بە پێی زانیارییەکان، پێدەچێت بنەمای ئەو ئاباییە لە کۆمەڵەیەکی بچووکی راهیبەکان، لە دەوری ١١٢٠ەوە لە دارستانی سنووری گەورەخانەکانی مالڤال و بوساک سەرچاوەی گرتبێت. یەکەمین راهیبەکانیان لە دالۆن یان شاتڕێکس ھاتوون. یەکەمین راهیبی سەرپەرشتکەریش بە ناوی (پیێر) ناسراوە. بیناکە لە دەوری ١١٨٠ تەواو بوو.

لە سایەی بەخشینەکانی بنەماڵە گەورەکانی وەک (دێۆلز، بڕۆس دو بوساک، نووزێرین، ئادێمار، ڤێرنێژ)، دێرەکە خاوەندارێکی بچووک پەرە پێدەدات لەگەڵ حەوت شوێن بۆ پاراستنی کا و دانەوێڵە و ئامرازی کشتوکاڵ و هەندێ جار ئاژەڵیش، بێجگە لە چەندین ئاش، دەریاچە دەستکردەکان، چاکسازی ئاو لە کێڵگەی کلوزۆ، هەروەها ھەندێک موڵک لە شاری (شاتۆمەیان، لاشاتر، سانت-سێڤێر). بنەماڵەکەی بڕۆس گۆڕەکانی خۆیان لەوێ دامەزراند[3] (ڕۆژێ دو بڕۆس ١٢٨٧، ژان دو بڕۆس ١٤٣٣).

لە کاتی شەڕی سەد ساڵەدا، دێرەکە شوورابەند کرا بە سەنگەری ئاویی قووڵ، بە بورجی بەرگری و بە هۆڵی سەرەکیی ناوەوەی کڵێسایەک. ئەوانە ڕێگربوون لەوەی بە ئاسانیی بیگەنێ. ئەوجا لە کاتی شەڕە ئایینیەکاندا (١٥٩٠-١٥٩١) تاڵان و وێران کرا، پاشان لە سەدەی حەڤدەھەمدا کەوتە ژێر سەرپەرشتی چەندین راهیبی سپێردراو. بەر لە شۆڕشی فەڕەنسی، تەنیا دوو راهیب لەوێ مابوون.

لە ١٧٩١دا ئاباییەکە ھەڵوەشایەوە، سەروەت و سامانەکەی وەک موڵکی نیشتمانی فرۆشران. کڵێسای دێرەکە لە سەدەی نۆزدەھەمدا بە تەواوی تێکدرا. هەرچی بیناکانی دێرەکەش بوو هەتا ساڵانی ١٩٦٠دا پشتگوێ خرابوون. بە چاککردنەوەی لەلایەن شارەوانی بێتێتەوە، کە لە ساڵی ١٩٨٧ەوە ئەوان بوون بە خاوەنی، هەروەها بە هاوکاریی کۆمەڵێک لە ڕێکخراوەکان، ئەمڕۆکە شوێنەوارەکە چالاکیی ڕۆشنبیری لە خۆی دەگرێت.

لە ٢٠٢٢دا، راهیبێکی تەریقەتی سیستەری لەوێ نیشتەجێیە، کە سەبارەت بەو دووریی و تەنیاییەی مشتومڕێکی ناوخۆیی لێ کەوتۆتەوە.

دێرەکە نموونەیەکە لە تەریقەتی سیستەریی بچووک کە گوندی لیموزا پێی ناسراوە. لە تەک ئەوەی بەناوبانگە بە ژیانێکی سادە و ئابووریەک کە بە پشتیوانیی کشتوکاڵ و بەڕێوبردنی ئاو دامەزراوە.

تەلارسازیی ئاباییەکە هەر وەک خودی تەریقەتەکە، زۆر سادەیە، کارایە، بە کەوانەی نووک تیژ و گومەز تایبەتمەندە. ئەوەش ئاسانکاری کرد بۆ گواستنەوەی شێوازەکەی لە ڕۆمانییەوە بۆ سەرەتای گۆتیک و ئەم شێوازەی لە سەرانسەری ئەوروپادا بڵاوکردەوە. هەروەها کاریگەریی ئەم شێوازە لە موزیک و هونەری تر و ئەدەب و فەلسەفە وهتد.

ئەم تەریقەتە لە ڕێگەی توندیی ئەو ژیانەی بەسەری دەبەن کاریگەریی قووڵی لەسەر ڕۆحانییەتی سەدەی ناوەڕاست و ئابووری و کولتووری ئەوروپا بەجێهێشت.

ئەمڕۆکە وەک شوێنەوارێکی دێرین مەزارگەیەکی گەشتوانەکانە، کە دەبێ بڵێین زۆر دەگمەنن و تەنیا بینینی پاشماوەی ئەو دیوارە سادانەی مایەی سەرسامییە، هێند دڵڕفێنە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمێکی بریندار بە ناکۆکیی بیر و باوەڕ، وەلێ خۆڕاگریی تەلارسازییەکەی پێمان دەلێ چەند جوانیی و ئارامیی و بێدەنگیی ئەو شوێنە دەمانهەژێنێت.


[1] cistercienneسیسترسیان تەریقەتێکی کاسۆلیکییە، لە ١٠٩٨ دامەزراوە. یاساکانی لەسەر پایەی نوێژکردنی بەردەوام، خاکێتی و تەنیایی و کاری دەستی بونیادنراوە.     

[2]  Abbaye ئابایی دامەزراوەیەکی ئایینی کاسۆلیکییە، کە پیاوێک یان ژنێک سەرۆکایەتی دەکات. ڕاهیبەکان بەپێی یاسایەکی ئەو شوێنە کە سەر بە (بنێدکتەکانن، یان سیستەرسەکان و هتد) تێیدا بە سادەیی دوور لە خەڵک دەژین.

[3]  لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی باوە کە بنەماڵەیەک شوێنێک دادەمەزرێنن بۆ هەموو مردووەکانیان و لە هەمان جێدا دەنێژرێن.

وێنەکان

بەندی کەشخە

Check Also

”میتامۆرفۆسەکان”ی ئۆڤید

ئامادەکردنی: كامۆ حەوێزیی یەكێك لەو بابەتانەی كە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا گرنگی پێدراوە، ئەفسانەیە، ئەفسانە ئەو …