شکسپیر لە شانۆی پۆڵەندیدا

نیهاد جامی

نیهاد جامی


شانۆنامەکانی شکسپیر پێگەیەکی گرنگیان هەیە بۆ ئاستی پێشڤەچوونی نمایشی شانۆیی، کە دەتوانرێت لەدوو لایەن گرنگیان دەست نیشان بکەین ئەوانیش، سەرەتا لەڕووی بونیادی درامی و تێگەیشتن لەئاستە دەروونی و کۆمەڵایەتیەکانی کارەکتەر و پەیوەندی مرۆڤ بەڕووداو، چۆنیەتی سەرهەڵدانی تراژیدیا، کە کۆمەکی ئەکتەرو دەرهێنەر دەکات بتوانێت دنیابینی شانۆیی بباتە ئاستێکی باڵا، لایەنی دووەمیش کارکردن لەشانۆنامەکانیدا دەتوانرێت وەک کێشەی مرۆڤ لەهەموو شوێنێک ببینرێت، ئەوەش وا دەکات بابەت وەک ڕووبەری ژیانی گشتی مرۆڤ ببینین، کەلەڕێگەی دیدی دەرهێنانی و پێکهاتە هونەریەکانیدا کولتوورو مێژووی کۆمەڵگای پێبخوێندرێتەوە، ئەوانەش دەبنە زەمینەی گرنگ بۆ کارکردن لەو شانۆنامانە.

شکسپیر لەشانۆی پۆڵەندیدا کاریگەریەکی گرنگی لەسەر ڕووبەری نمایشەکان درووست کردووە، ئەو کاریگەریە دەگەڕێتەوە بۆ زیاد لە چوارد سەد ساڵ پێش ئێستا ئەو دەمەی ئینگلیزەکان شانۆنامەی شکسپیریان لەسەر شانۆکانی پۆڵەندا نمایش کردووە، ئەوە دەرگای کردۆتەوە لەگروپە شانۆییەکانی ئەم وڵاتە کە لەشانۆنامەکانیدا کار بکەن، بتوانن وێنەیەکی زیندوو بەشانۆکەیان ببەخشن، لەهەمان کاتدا وەک کێشەی کۆمەڵگای پۆڵەندی نیشانی بدەن، بۆیە تا ئەمڕۆی لەگەڵ دابێت، شکسپیر لەپاڵ چێخۆڤ دوو نووسەری تایبەتی و گرنگی ئەو شانۆیەن کە بەبایەخەوە شانۆنامەکانیان لەسەر تەختەی شانۆی شارەکانی پۆڵەندا  نمایش دەکرێت.

تائێرە ئەوەیان شتێکی سرووشتیە بۆ شانۆی هەر کولتوورێک کە گرنگی بەشانۆنامەکانی شکسپیر بدات، ئەوەی بابەتێکی نوێیە و جێی قسە لەسەرکردنە بایەخدانی شکسپیرە بۆ مرۆڤی پۆڵەندی لەشانۆنامەکانیدا، ئەو بابەتە زۆر بەدەگمەن باسی لێوەکراوە، بۆیە پێویست دەکات لێرەدا لەسەری بووەستین، چەند تێگەیشتنێکی خێرا لەبارەیەوە بخەینە ڕوو، بۆ ئەوەش پشت دەبەستین بە توێژینەوەیەکی شانۆیی لەژێر ناوی “پۆڵەندا وپۆڵەندیەکان لەکارەکانی شکسپیردا” (١) لەنووسینی کاتاژینا جیێژبیچکا (٢) کە لەگۆڤاری “شانۆ” ی پۆڵەندی ژمارە (٥) ٢٠١٦ بڵاو بۆتەوە، نووسەری ئەو توێژینەوە پشتی بە ٧٩ سەرچاوەی زانستی و شانۆیی بەستووە بۆ توێژینەوەکەی، کە لێرەدا پوختەی ئەو ڕوانینە  دەخەینە ڕوو.

سەرەتای توێژینەوەکە باس لەناسینی دەکات بەوەی شکسپیر نامۆ نەبووە بە پۆڵەندیەکان، بۆیە لەهاملێتدا ئاماژەیان بۆ دەکات، بەڵام لەسەدەی شانزەو هەڤدە پۆڵەندیەکان بەهیچ جۆرێک ناوی شکسپیریان نەبیستووە، ناسینی ئەو نووسەرە وابەستەی سەفەرکردن نەبووە، تەنانەت یەکەم سەفەری کۆمەڵە ئەکتەرێکی بەریتانی بۆ پۆڵەندا سالێ ١٦٠١ هاوکات دوای نووسینی شانۆنامەی هاملێت بووە، ئەو کۆمەڵە ئەکتەرە لەشاری گدانسک نمایشیان پێشکەش کردووە، دواتر لەسەردەمی پاشا زیگمۆنتۆڤی لەکۆشکی پاشایەتی لەوارشۆ شانۆیان نمایش کردووە، دواتر شکسپیر لەکورترین درامای شیعری خۆیدا بانونیشانی “کۆمیدیای هەڵەکان” ڕاستەوخۆ ناوی پۆڵەندا دەبات، ئەویش لەپەردەی سێیەمی دیمەنی دووەمدایە، کاتێک وەسفی ئەفسوونی بەچێشت لێنەرە قەڵەوەکە دەبەخشێت بەوەی خواردن تێکدانەکەی ززستانی پۆلەندای پێ ئەسووتێنێت” لیۆنا ئولریخا لە وەرگێرانە پۆڵەندیەکەدا دەڵێت “تێکدان و چەوریەکەی بەسە بۆ سووتاندنی ززستانی پۆڵەندا” چونکە لەسەردەمی ئەلیزابیسی یەکەم وادەڕوانرایە پۆڵەندا کە وەرزی ززستانی پۆڵەندا درێژو تاریک و ساردە.

توێژەر باس لەوە دەکات دواهەمین شانۆنامەی شکسپیر کەباسی پۆڵەندی تیا کرابێت، شانۆنامەیەکە کە وەرنەگێردراوە بۆ زمانی پۆڵەندی، لەسەردەمی شا ئێدواردی سێیەم نووسراوە لەنێوان ساڵانی ١٥٩٠-١٥٩٤ کە بەجەنگی سەد ساڵە ناسراوە، لەبارەی شەرو ململانێی چەکداری نێوان بەریتانیاو فەرەنسا لە ١٣٣٧-١٤٥٣

کەوا دیمەنی چوارەمی پەردەی سێیەم بەنمونە دێنێتەوە “شای فەرەنسا: هەندێک لەهاوڕێیانمان بەتەک دەسەلاتی ناوخۆیی-پۆڵەندیە سەختگیرەکان، دایک و باوکی جەنگاوەرەکان شا بوهیم و سقڵیە هەر هەموویان هاوپەیمانی ئێمەن، سەرباری هێزە ناوخۆییەکانمان، ژمارەیەکی دیکەشمان لەگەڵە پۆڵەندیە شەڕانگێز و دانیمارکیە توندرۆکان، هەر هەموویان هاوپەیمانمانن” هەر لەو شانۆنامەیەدا وەسفەکانی بۆ پۆڵەندا ناو دەبات بە “من شانازی بە پۆڵەندا ئەکەم”

هەڵبەت لێرەدا ئێمە تەواوی ڕوانینی توێژەرمان لەناو شانۆنامەکە نەخستۆتە ڕوو، بەهۆی ئەوەی تەنیا مەبەستمان لەسەر ڕوانینی شکسپیرە بۆ پۆڵەندی، ئاماژە بەهەندێک لایەنی گرنگ ئەدەین کە لای شکسپیر جێی باسە، لەناو شانۆنامەکاندا جێی بۆتەوە، ئەو نووسەرانەی پێش شکسپیر چیرۆکی هاملێت بۆ شانۆ دەنووسن، ئاماژە بە پۆلەندی و پۆڵەندیەکان دەکەن، بەبڕوای ئێمە ئەوە هۆکارێکی گرنگە ئەو ڕۆڵە لای شکسپیر باس بکرێتەوە، هەرچەندە توێژەری ئەم توێژینەوەیە باس لەوە ناکات، هێندەی دەیەوێت وێنە گشتیەکەی بەر لەشکسپیریش نیشان بدات بۆ مرۆڤی پۆڵەندی.

کاتاژینا جیێژبیچکا لەو توێژینەوەیەیدا دەچێتە سەر شانۆگەری هاملێت، پەردەی یەکەم لە دیمەنی یەکەمدا کاتێک هۆڕاشیۆ لەبارەی پاشای کوژراو قسە دەکات، بەوەی لەسەر بەفری پۆڵەندیەکانەوە هەلخلیسکاوە، ئەوەش لەڕێی گەرانەوە بۆ چیرۆکی مێژوویی پۆڵەندی، کە هەلخلیسکان ئاماژە بۆ مێژووی ڕوداوێکی مێژووی پۆڵەندیە، بەدوای ئەوەی لەسەر بەفر شەڕێکی زۆر دەکەن، بۆیە پاشای کوژراو هاوشیوەی پۆڵەندیەکان ناو دەبات، ئەوەیان زیاتر تەئویلێکی توێژەرە بۆ دەیالۆگەکانی هۆڕاشیۆ، لێرەدا کاتاژینا کێشەیەک لەوەرگێرانەکانی شانۆنامەی هاملێت بۆ زمانی پۆڵەندی دەخاتە ڕوو، کە ئەو بەشەیان چۆن وەرگێرەکان نزیک نین لەیەکتری، بۆیە هەوڵ دەدات وەرگێرانی هەر چوار وەرگێر بخاتە ڕوو ئەوانیش: یۆزیف پاشکۆڤسکی “١٨١٧-١٨٦١”، ماچیێیا سوۆمچینیسکی “١٩٢٠-١٩٩٨”، لیۆنا ئولریخا “١٨١١-١٨٨٥”، ستانیسواڤا بارانیچاکا “١٩٤٦-٢٠١٤” رەنگە ئیشکالیەتی وەرگێرانەکە بۆ خۆی گرنگ بێت، جێی بایەخیش بێت بۆ شانۆکارو توێژەری پۆڵەندی، بەڵام بۆ ئێمە گرنگی بەئاگابوونمانە لەدۆخەکە، ئەوەیتر پەیوەستە بە پۆلەندی و وەرگێرانی شانۆنامەکە بۆ زمانەکەیان.

ئەگەرچی لەشوێنێکیتردا لەسەر ئەوە دەوەستێت وەرگێرانەکان دەبێت پەیوەست بن بەو سەرچاوەیەی کەوا لێی وەرگێردراوە، ئەوەیان ئێمە ناچینەوە سەری هێندەی ئەوەیتریان کە گرنگە دەنووسێت “دیمەنی چوارەم لە پەردەی چوارەم، دەرکەوتنی پۆڵەنداو پۆلەندیەکان لەدەیالۆگی نێوان کاپتن و هاملێت، ئەو بەشەیان لەدەستنووسی دراماکە لەساڵی ١٦٢٣ بوونی نیە، یەکەمجار لەنێوان ساڵانی ١٦٠٤-١٦٠٥ هەیە، ئەوەیان تەواوی دەقەکەیە، ئەوە بەئەنقەست دواتر لابردراوە، چونکە هیچ شتێکی نوێ لەشوێنی دانەنراوە، کە کابتن بە هاملێت دەڵێت دژی بەشێک لەپۆڵەندیەکان”

مەبەست لەوەیە لەدەستنووسی یەکەمدا ڕاستەوخۆ باسی پۆڵەندا دەکرێت و لەدەستنووسەکانی داوتر ئەوەیان لابردراوە، کە توێژەر ئەوەش بەکارێکی بەئەنقەست دەبینێت، بۆ لابردنی لەناو دەقەکەدا، لەوەشدا دیسان نمونە بەچوار وەرگێڕانە پۆڵەندیەکە دەهێنێتەوە.

دەچێتە سەر پەردەی پێنجەم، دیمەنی دووەم، کە دیسان باس لەپۆڵەندایە، کەباس لەگەڕانەوەی میر فۆرتینبراس دەکات بەدوای سەرکەوتنی بەسەر پۆڵەندیەکان، هەروەها هەر لەو دیمەنەدا هۆڕاشیۆ بە میر فۆرتینبراس دەڵێت “تۆ لەجەنگاوەرانی پۆڵەندی، تۆش لە ئینگلیزەکان” بەوەش کۆتایی بە توێژینەوەکەی دێنێت، بەوەی مێژووی پۆڵەندا لەسەدەی شانزەهەم لەخەیاڵی شکسپیردا بووە.

تائێرە دەتوانین پەیوەندی مرۆڤی پۆڵەندی وکۆمەڵگاکەی لەشانۆی شکسپیردا ببینین، ئەوە هۆکارێکی گرنگە دەرهێنەری پۆڵەندی لەساتی کارکردن لەشانۆنامەکانی شکسپیردا بتوانێت بوونی خۆی تیادا چڕ بکاتەوە، ئەو بوونەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەناو شانۆنامەکاندا بوونی هەیە، لەلایەکیتر زیاد لەسەدەیەک بەر لەئەمڕۆ شانۆی پۆڵەندی وێنەیەکیتری بەشانۆنامەی هاملێتی شکسپیر بەخشی، ئەو دەمەی نووسەر ستانیسواڤ ڤیسپیانیسکی شانۆنامەی “توێژینەوەی هاملێت” دەنووسێت، لەوتاری داهاتوودا هەوڵ دەدەین قسە بکەین لەسەر ئەو تێکستەو یەکێک لەنمایشە هاوچەرخەکانی ئەو تێکستە.

شانۆنامەی هاملێتی ستانیسواڤ ڤیسپیانیسکی(٣) توێژینەوەیەکی گرنگە بۆ کارەکتەری هاملێت و خوێندنەوەیەکی ووردی شانۆنامەکەی شکسپیرە، لەم شانۆنامەیەدا هەست بەتوێژینەوەیەک دەکەیت لەڕێی نمایشەوە، بۆ ئەوەی ئاشنایەتیمان بەم شانۆنامەیە هەبێت، پێویستە بگەڕێینەوە سەرەتای شانۆنامەکە، نزیکبونەوەیە لەئاهەنگی سەری ساڵی ١٩٠٥ ڤیسپیانیسکی نەخۆشە، کامینیسکی دێتە سەردانی داوای لێ دەکات کە رۆلی هاملێت ببینێت، چونکە خوازیاری ئەوەیە لەبارەی ئەو کارەکتەرەوە بدوێت، بەهۆی ئەوەی زۆر کات بیری لێ دەکاتەوە، خۆشحاڵ دەبێت لەبارەی هاملێتەوە قسە بکات.

شانۆنامەکە هەڵگری کۆمەڵە پرسیارێکی شانۆیی وشیکارێکی تایبەتە بۆ هاملێت، بەتایبەت لەڕووی قسەکردن لەپەیوەندیی نێوان شانۆ و ژیان، بۆیە هاملێت لەم شانۆنامەیەدا پڕۆسەی خوڵقاندنەوەو سەر لەنوێ نووسینەوەی تێکستێکە، کە حەقیقەتی ژیان و گەمەی شانۆیی دەبنە تەوەری سەرەکی ئەم کارە، رووداوەکان وەک ژیانی شانۆکار لەکاتی پڕۆڤە نیشان دەدرێت، لەچۆنیەتی کارکردنەوە لەسەر شانۆنامەی شکسپیر، لێرەدا نووسەر سێ تەوەری گشتی هەڵدەبژێرێت، شیکردنەوەو تەئویلکردنەوەیە بۆ شانۆی شکسپیر،

ئەوەش لەڕێگەی گفتوگۆو نواندن، بەواتای گێرانەوەو بەرجەستەکردن وێنەیەک نیشان دەدات، کەچۆن لەناو شکسپیرەوە دێیتە دەرەوەو بەهەمان شێوە دەگەڕێیتەوە ناوی، لێرەدا پێویستە ئاماژە بۆ ئەوە بکەین، هەموو ئەو شانۆنامانەی کە ویستویانە سەر لەنوێ کار لەشکسپیر بکەنەوە بە دیدگایەکی نوێوە، یاخود شکسپیرو کارەکتەرەکانی بکەنەوە کارەکتەری کارەکانیان، لەو شانۆنامەیەی ڤیسپیانیسکی سەرچاوەی گرتووە.

ژیانی شکسپیر و هاملێت وڕووداوەکانی شانۆنامەکە، لەپاڵ شانۆنامەی ماکبێس دەبنە سێ تەوەری گشتی ئەم نمایشە، ئەکتەرەکان لەوێنەی ژیانی پڕۆڤەوە دێنە ناو کارەکتەری شکسپیریی، لیدی ماکبێس و ماکبێس و سێ سیحربازەکە بەشێکی دیاری ناو شانۆنامەکە پێکدێنن، تارمایی باوک لەهاملێت، شێتبوونی ئۆڤیلیا،

هاتنەوەی ئەو کارەکتەرانەو بەگژداچوونەوەیان لەناو زهنی ڤیسپیانیسکی دەبنەوە بەشێک لەدیمەنە شانۆییەکەدا، بۆیە نووسەر نەخۆشکەوتنی خۆی وڕووداوی بەر لەنووسینی شانۆنامەکە دەکاتە دیمەنی سەرەتای ئەو کارە، بەواتای لەبایۆگرافیای ژیانی خۆیەوە دێتە ناو کارەکەوە، ئەوەش بۆ ئەو هۆکارە دەگەڕێتەوە کە ڕووداوەکانی دەرەوەی نمایشەکە، واتە ژیانی مرۆڤە شانۆکارەکان پەیوەستە بەو گوندەی تیای دەژین وکێشەی شانۆو چۆنیەتی کارکردنیان هەیە لەگوندێکی شاری کراکۆڤی پۆڵەندی.

تا بەئەمڕۆ دەگات چەندین دەرهێنەری پۆڵەندی بەشێوازی دەرهێنانی تایبەت ڕوویان کردۆتە نمایشکردنی ئەم تێکستە، یەکێک لەو دەر‌هێنەرانە دەرهێنەر یێرزی گژێگۆژێڤسکی (٤) دامەزرێنەری شانۆی شێوەکاری پۆڵەندیە.

سەرەتای هەفتاکانی سەدەی بیستەم کارکردنی لەشانۆدا لەشانۆی شێوەکاری کاری دەکرد، کەشانۆیەکی ئەزموونگەری بوو ، هەوڵیدەدا زمانی وێنەی شانۆیی بگۆڕێت بۆ زمانی تابلۆی شێوەكاری، لەو پرۆسە هارمۆنیەی زماندا شانۆی شێوەكاری بنیاتنا.

ئەو زمانە شێوەكاریە پڕۆسەی بەشانۆكردنە لەڕێگەی ئامادەبوونی هونەری شێوەكاری، كە لەدوو ئاراستەدا دەردەكەوێت، یەكێكیان بوونی تابلۆی شێوەكاریە وەك وێنەیەكی بەرایی بۆ سینۆگرافیا، ئاراستەی دووەمیش گۆڕینی ماناكانی وێنەی شانۆییە، وەك لە شانۆگەری (ئاهەنگی ژنهێنان) ی ڤیسپیانیسكی بۆ وەستاندنی زەمەن باندۆڵی كاتژمێر بەكار دێنێت، ئەوە دوور كەتنەوەیە لەزمانی ئاخاوتن، بەخشینی دیدی شێوەكاریانەیە بە تێكستەكەی ڤیسپیانیسكیە، هەروەها وێنەی بینراو لەناو فەزای زمانی تێكست دەدۆزێتەوە، ئەوە پرۆسەیەكی هەڵکۆڵینی وێنەی شانۆییە، كە توانای بەرهەمهێنانەوەی لەودیوی تێكستەوە هەیە، زمانی ووتراو دەكاتە ڕووبەرێك بۆ خوڵقاندنی زمانی بینراو.

زمانێك بەتەنیا پەیوەست نیە بە جولە و ڕەنگ، بەڵكو وێنە پشت دەبەستێت بەمۆسیقاش، بەڵام ئەو وەك تۆماشێڤسكی (٥)پشت بەمۆسیقای كلاسیكی نەدەبەست، بەڵكو پشت بە مۆسیقای پۆڵەندی ئەو سەردەمە دەبەست، بەتایبەت كاركردنی لەتەك مۆسیقاری پۆڵەندی ستانیسواڤ ڕادڤان.

بەدوای ئەو كارە واتە ساڵی دواتر سەرەتای هەفتاكان ئەو بنەمایانەی بۆ كاری شانۆیی لەدوو شانۆگەریتر بەتەواوی ڕەنگی دایەوە، ئەوانیش (ئیریدیۆن) و(یاراتش)، كە بەتەواوی دەیویست فۆڕمێكیتر بەشانۆ ببەخشێت، بەدژی شانۆی سونەتی دەربكەوێت، هەندێك لەتوێژەران و ڕەخنەگران بڕوایان وایە تاڕادەیەكی زۆر كاریگەری گرۆتۆفسكی بەسەرەوە بووە، تەنانەت گرۆجیچکی لەكتێبەكەیدا لەبارەی دەرهێنەرانی پۆڵەندی لەڕەوتی تازەگەری شانۆی جیهانی بڕوای وایە لەیەكێك لەشانۆگەریەكانیدا بۆ كارەكتەری پاڵەوان لە نمایشەكەدا كاریگەری ڕاستەوخۆی گرۆتۆفسكی بەسەرەوەیە (٦)

ڕەنگە هەر ئەو ڕوانینە ڕەخنەییە بووبێت وای لە گژێگۆژێڤسكی  كردبێت كە لەچەند ئاستێكدا گۆڕانكاری لەپڕۆژە شانۆییەكەی بكات، بۆیە تاڕادەیەك لەتێكستی پۆڵەندی دوور دەكەوێتەوە، ڕوو دەكاتە شانۆنامەیەكی چیخۆف و ئەمجارە شانۆگەری (نەورەس) دەردەهێنێت، ئەو دیدە ڕەخنەییانەی ئاراستەی كراون، وایكردووە گومانی ئەو بەگەڕان وپشكنینیتر دەست پێبكاتەوە، بۆیە كاتێ‌ ڕوو دەكاتە شانۆی گریكی، شانۆگەری (ئەنتیگۆنا) ی سۆفۆكلیس دەردەهێنێت، ئەمجارەیان لەشانۆگەریەكەیدا كۆڕس هەیە و تەنانەت دەیالۆگیش دەڵێن، بەڵام دەیالۆگە ووتراوەكانیان بەزمانی یۆنانیە.

بۆ ئەو دەركەوتنی سیما نوێیەكان لەشانۆكەی لەهەموو شتێك گرنگتر بوو، بۆیە ئەو رۆحە ئەزمونكاریەتەی بەشانۆی شێوەكاری دەبەخشی تاوەكو بەردەوام بەدوای نوێبوونەوەو بە باڵابوونی شانۆكەی بڕوات، دێت كار لەسەر دوو تێكست دەكات لەناو نمایشێكدا كە بەشێكی كەمی تێكستەكان وەردەگرێتەوە، ئەوانیش یەكێكیان شانۆنامەیەکی میتەرلینگە بەناوی (ناوەوە) و ئەویتریش شانۆنامەیەکی ڤیسپیانیسکیە بەناونیشانی (ژنێكی وارشۆیی)،

سەرباری ئەوەی تەختەی شانۆش وەك دوو تێكستەكە دابەش دەكات، بەشێكی تەختەی شانۆ كە ڕووداوەكانی تێكستەكەی میتەرلینگی لەسەر بنیات دەنرێت بریتیە لە پارچە شووشە، ئەویتریش پەیوەستە بە ڕوناكیەوە، لێرەوە تێبینی ئەوە دەكەین، ئەو شانۆیە چەندە لەڕووی تەكنیكەوە دەیەوێت گۆڕانكاری بكات وەك لەتەختەی شانۆدا دەیكات، بەهەمان شێوەش لەتەك دیدی جیاوازی نووسەرەكانەوە دەیەوێت ڕووبەرووی سەركێشی دنیای شێوەكاری وێنە ببێتەوە، رەنگە لێرەدا پرسیارێك ڕووبەروومان ببێتەوە، كەبۆچی گژێگۆژێڤسكی دیدگای شێوەكاری خۆی بۆ شانۆ لەڕێگەی وێنەكێشانەوە بنیات نەناوەو پشتی بەستووە بە تێكستی شانۆیی؟

ئەوە پرسیارێكە ڕەوایەتی وەردەگرێت ولەكاتی توێژینەوە لەبارەی كارەكانی دەشێت هەموومان ڕووبەرووی ببینەوە، بەڵام ئەو دەمەی شانۆگەری (باڵكۆن) ی ژان ژینە دەردەهێنێت، كاتێ‌ باڵكۆن دەگۆڕێت بۆ شوێنی بینەر و دەیكاتە ڕووبەرێك بۆ داڕشتنەوەی بۆشایی، لەوەدا وەڵامی پرسیارەكەی خۆمان دەست دەكەوێت، ئیشكردنەوە لەتەك تێكست بەمەبەستی دۆزینەوەی پەیوەندیی شێوەكاریانەی شانۆكەیەتی، ڕەنگە ئەگەر ئەو شانۆگەری (ئەمریكا) ی فرانز كافكای دەرنەهێنابوایە نەیتوانیبوایە بیناسازی ئیتاڵی بەتەواوی ڕەت بكاتەوە و شوێنی بینەران بەتەواوی ببێتە شوێنی نمایش.

ئەو بنەمایانە بۆ شانۆكەی بەرەنجامی گەڕان وتێگەیشتنیەتی بۆ شانۆی شێوەكاری كە تیایدا دنیای ڕەنگ دەگوازێتەوە بۆ جیهانی دەلالەتەكانی جولە، كە ڕووداوەكان هەمیشە زیاتر لەخەونەوە نزیكن، خەون تیایدا پانتاییەكانی نەست وای لێدەكات بەرەو ڕووبەری ئازاد بۆ كاركردن بڕوات، ئەكتەرەكان لەهەندێك ئەزمووندا بە پۆشاكی تەواو ڕەش دەردەكەون، مۆسیقا و ڕەنگ بەشداری لەبونیادی مۆتیڤی وێنە دەكەن، ئەو ئەزموونە بووە بە شانۆیەكی شێوەكاری كە لەنەخشەی ئەزموونی شانۆی جیهانی چەندین هەوڵی بەدوای خۆیدا هێنا، تەنانەت لەشانۆی شێوەكاری پۆڵەندیش بەیەكێك لەبنەما و هەوڵە بوێرەكانی ئەو شانۆیە سەیر دەكرێت.

کێشەیەک لێرەدا بەگرنگەوە ئاماژەی بۆ بکەین ئەوەیە، لەمەعریفەی شانۆی ئێمەدا شانۆ ئەزموونیەکان وەک خاسیەتێکی هەمیشەیی شانۆکاران سەیرمان کردووە، ئەو قۆناغە ئەزموونیەی ئەو دەرهێنەرە پەیوەستە بەتەمەنی شانۆ ئەزموونگەریەکەی، کارەکانی دواتری دوورن لەشانۆی شێوەکاریی، لێرەدا ئاماژە بۆ دوو نمایشی کۆتاییەکانی دەکەین، هەردووکیان لەنووسینی ڤیسپیانیسکی، یەکەمیان بەناوی “دادوەر” لەساڵی ١٩٩٩ لەشانۆی نیشتمانی وراشۆ نمایشی کردووە، ڕووداوەکانی نمایشەکە لەدۆسیەی دادگاوە وەرگیراوە، باس لەکووشتنی کچێکی مناڵکا ر دەکات لەلایان خاوەنی مەیخانەیەکەوە، بەلام بەهۆی نەبوونی بەڵگە، بکوژەکە بێتاوان دەردەچێت.

گژێگۆژێڤسکی لەم نمایشەدا لەڕیتمی خێرا و بایەخە تایبەتیەکەی وەک هەمیشە بۆ هونەری مۆسیقا پەیوەندیەکی زیندوو لەگەڵ کۆمەڵە ئەکتەرێک درووست دەکات، کەبەسەر شانۆکەدا دابەش بوونە، بریتیە لەمەیخانەیەکی فراوان، ناوەڕاستی شانۆ سەکۆیەکی بازنەیی هەیە، کە ئەکتەرێک دەتوانێت بیجولێنێت، لەهەمان کاتدا زەمەنی پێ بەرەو پێش بەرێت، شوێنەکە چەندە بونیادێکی واقعی ڕاستەوخۆیە، بەڵام نەیویستووە لەڕێی کورسی ومێزەوە مەیخانە بەرجەستە بکات، بەڵکو  کارەکتەرەکانی دێنە مەیخانەکە بەدەم سەما و گۆرانیەوە بەشداری لەڕووداوەکان دەکەن، تەنانەت دیمەنی دادگایی کردنەکە کە کۆمەڵە گۆرانی بێژو مۆسیقیەک بە کورسیەوە دێنە سەکۆی ناوەڕاستی شانۆ، تا لەڕێی گۆرانیەوە دیمەنی دادگایی کردنەکە نیشان بدەن، کە زیاتر لەگروپێکی سەمفۆنی دەچن گۆرانیەکی ئۆپیرایی پێشکەش بکەن، لەگەڵ سوڕانەوەی سەکۆ بازنەییەکە دادگاییەکە کۆتایی دێت.

لەڕووی بیناسازی شوێنی نمایشەوە دواوەی شانۆ دەرگاو پەنجەرەی ژوورو شوێنە تایبەتیەکانیترە، ئەکتەری تیا دەردەکەوێت، لەهەمان کاتدا بونیادێکی جوانکاری بەکارەکە بەخشیووە، کە وایکردوە ئەکتەر لەبۆشاییەکی ئازادی واقعیانە گوزارشت لەژیانێکی کۆمەڵایەتی پڕ کێشە بکات، ئەگەر نووسەر  ئەو کچەی دەکوژرێت بە کچێکی جولەکە ناوی بەرێت، بەڵام دەرهێنەر لەڕێی جل وبەرگەوە بابەتی جولەکە چڕ دەکاتەوە، لەلایەک ئێمە کچێکی مناڵکارتر دەبینین، کە کڵاوێکی تایبەتی لەسەرە، ئاماژەیە بۆ جولەکە، وەک چۆن حاخامێش لەنمایشەکە لەسەریەتی، لەهەمان کاتدا ئەو کچەی دەکوژرێت مناڵکار نیە وگەنجێکە، ئەوەش وایکردووە ئەو کچە مناڵکارەی چاوەروانی مردنی دەکەین لەلایان خاوەن مەیخانەکەوە، کەچی دەبینین ئەوەی دەکوژرێت ئەو نیە کچێکیترە، کچێک بە پۆشاکی کولتووریی پۆڵەندیەوە، بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە بیەوێت  ئەو توندوتیژیە نیشان بدات کە چۆن پۆڵەندی بەهۆی کێشەی ئاینەوە نەک تەنیا لەلایان سیاسیەکانەوە لەناو دەبردرێت، بەڵکو لەلایان مرۆڤە دژەکانیشی لەناو دەبردرێت.

ئەم نمایشە بەتەواوی دوورکەوتنەوەیە لەشانۆی شیوەکاریی، ئەوەش مۆرک وتایبەتمەندی کارکردنیەتی کەوا چۆن قۆناغە ئەزموونکاریەکەی بەجێهێشتووە، بەتایبەت لەدوا کاری شانۆیی ئەو  دەرهینەرە، شانۆگەری “هاملێت” ی ڤیسپیانیسکی لە ٢٠٠٣ نمایشی کرد، ڕێک دوای ئەوەی لەبەڕێوبەری شانۆی وارشۆ نەمابوو، بەتەواوی دەردەکەوێت دەیەوێت وێنەیەکی جیاوازتر ببەخشێت بەم شانۆیە، کە هیچ پەیوەندیەکی بە شانۆی شێوەکاریەوە نیە.

هاملێت بۆ ئەو دەرهێنەرە کارێکە لەگەمەیەکی شکسپیریی و چۆنیەتی خولقاندنەوەی ئێستایە لەناو کلاسیکدا، بۆیە ویستویەتی تەواو قووڵ بێتەوە لەو تێگەیشتنەی نووسەر ویستویەتی، هەموو ئەوانەی لەناو تێکستەکەدا ئاماژەی بۆ کراوە، لەوێنەی بەرجەستەکراوی تەواو دەیخاتە ڕوو.

تەواوی سەر شانۆیەکی کۆن نیشان دەدرێت، وەک ئەوەی لەلای شکسپیر هەبێت، یاخود هەر هۆڵێکی شانۆیی بێت لەکاتی پڕۆڤەدا، تەنانەت لەدیمەنی ڕەشەباکاندا هەر بەشێوازی کۆن کەچۆن لەڕێگەی سندوقێکی بازنەیی لاکێشەیی داپۆشراو بە گونیە ئەکتەر دەیجولێنێت بۆ درووست کردنی ڕەشەبا، کە ئەو سێ ژنە ئەکتەرە ئەنجامی دەدەن کاتێک لەو ساتەدا ڕۆڵیان نیە، کارەکتەری تارمایی باوک لەسەرەتاوە دەردەکەوێت، لەدواوەی شانۆ دەگەڕێتەوە سەر کورسی دەسەلات چاودێر دەبێت بەسەر تەواوی نمایشەکە تا کۆتایی دێتەوە بۆ دەیالۆگکردن.

ئەم نمایشە پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆی نێوان شانۆ و ژیان درووست دەکات، پڕۆسەیەکە وابەستەی ئاگایی و نائاگاییە، سێنتەری شانۆیی شکسپیر هەڵدەوەشێنرێتەوە، نووسەر دەیەوێت سەرلەنوێ لەڕێی بونیادەکانەوە ئەو گوتارەی بووە بە شکسپیریزم لەناو نمایش بنووسێتەوە، دەرهێنەر کەوتۆتە نێوان گوتار وبونیاد، گوتاری شکسپیریی و ڕێکخستنەوەی بونیادەکانی ڤیسپیانیسکی، نمایش بۆتە خولقاندنەوەی ساتی لەدایکبوونی شانۆ لەڕێی ئەکتەرەوە، بینەر لەو هاوکێشەیەدا وەک بەشێکی زیندوو لەگەڵ ئەکتەر بەشداری لەپڕۆڤەکان دەکات، ئەویش لەڕێگەی ئەو سێ کچە ئەکتەرەی لەڕیزی پێشەوەی بینەران دادەنیشن و تا ئەو کاتەی لیدی ماکبێس دێت دەیەوێت ئەو بۆ خۆی سنووری ئەو گەمە شانۆییەیان بۆ دەست نیشان بکات، سەرەنجام ئەویش چارەنووسی بەدەستی نووسەرەکەوەیە، بۆ ئەوەی لەفەزای شکسپیریی بسوڕێنەوە، بەلام بەسەر لەنوێ تێگەیشتنی ئەو دۆخە شانۆییەی ناو پۆڵەنداوە.

شانۆنامەی هاملێتی فیسپیانیسکی وایکردووە هاملێت وشکسپیر ببنە بەشێک لەناو ئاگایی کولتووری مرۆڤی پۆڵەندی، بەدوای ئەو شانۆنامەیەوە، هەمیشە شانۆگەری هاملێت جێی سەرنجی بینەرانی شانۆ بووە، کە ڕەنگە لێرەدا نەتوانین و نەکرێت باس لەکۆی ئەو دەرهێنانە جیاوازانە بکرێت، بەڵام دەتوانین ئاماژە بەچەند نمایشێک بکەین، لەوانە هەردوو دەرهێنەر ئاندژێی ڤایدا و یان کلاتا (٧) لەڕێگەی کردەی دەرهێنانیان بۆ ئەو شانۆنامەیە قسەوباسی زۆریان درووست کردووە.

دەرهێنەرێک نیە لەشانۆی پۆڵەندیدا هێندەی ڤایدا گەڕابێتەوە بۆ شانۆنامەی هاملێت، ئەو ئەگەر لەشانۆگەری “شەوی نۆڤێمبەر” بەڕوونی کاریگەری ئەو شانۆنامەیەی بەسەرەوە بووبێت، ئەوا بۆ خۆشی تا کۆتایی ژیانی چوار جار وەک دەرهێنەر کاری تیا کردووە، یەکەمجار لەسالێ ١٩٦٠ شانۆگەریەکەی پێشکەش کرد، لە ١٩٨١ دووجار کاری دەرهێنانی بۆ هاملێت کردووە، لە ١٩٨٩ دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت (٨) و هاتنە ئارای دۆخێکی نوێ سەرلەنوێ ئەو شانۆنامەی بۆ شانۆ دەرهێناوە،  لەدوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت ژیانی مرۆڤی پۆڵەندی بەرەو دۆخێکی جیاوازتر هەنگاو دەنێت، شانۆنامەکانی شکسپیریش لەسەر شانۆکانی پۆڵەندا ئازاد دەبن، بەرەو دیدی کراوە هەنگاو دەنێن، گەر سیستمی کۆمۆنیستی ڕێگای ئەو کرانەوەیە نەدات، بەڵام بەدوای ڕووخانی سۆڤیەت شانۆنامەکان بەرەو دیدو خوێندنەوەی جیاواز دەبردرێت، دەبنە هۆکارێک بۆ قسەکردن لە کۆمەڵگای پۆڵەندی دوای هۆلۆکۆست و کۆلۆنیالیزم، هەروەها پرسی ژن وەک بابەتی فێمێنیستی لەناو شانۆنامەکانی شکسپیر دەبنە پرسی خوێندنەوەی دەرهێنانی.

گرنگترین سیما چیتر پاڵەوان لەشانۆنامەکانی شکسپیر لەپۆڵەندا چیتر تەنیا وێنەیەکی ئالۆزی دەروونی نیە، یاخود کارەکتەرێک نیە بخرێتە نێوان ململانێی سەرمایەدارو کۆمۆنیستێک،  هەروەها مانا ڕەمزیەکان لەسنورێکدا نامێننەوە، بۆیە ساڵی ١٩٨٩ بەساڵی گۆڕانکاری لەشانۆنامەکانی شکسپیر دادەنرێت.

ڤایدا هەمیشە لەڕیی هاملێت خوازیاری خوێندنەوەی مێژووی پۆڵەندایە، پەیوەندیەک دەدۆزێتەوە تاوەکو ئەو ڕابردووە بکاتە  زەمینەی تێگەیشتی کۆمەڵگا لەخۆی، پەردە هەڵدانەوەیە لەسەر نهێنیە شاراوەکان، بەتایبەت لەدواهەمینی دەرهێنانی بۆ ئەو شانۆنامەیە دەیەوێت لەڕێی دیمەنی نواندنی ئەکتەرەکان لەنمایشەکە کاتێک گروپێکی شانۆیی دەهێنێتە کۆشک تا نواندن بکەن، دەرهێنەر هەوڵیداوە ئەو دیمەنە تەنیا وەک هەوڵی هاملێت نەبێت بۆ نیشاندانی تاوان، بەڵکو پەیوەندی هاملێت بە ئەکتەرەکانەوە.. بەچوونی بۆ ژووری خۆگۆڕین و بڕینی پەیوەندی نێوان شانۆو هۆڵ دەیەوێت وەک بەشێکی ڕاستەقینەی ژیان بیب ینێت نەوەک تەنیا وەک شانۆ.

بەبڕوای مۆنیکا پیلخ (٩)، هیچ کاتێک ڤایدا نەیویستووە دەرهێنەرێکی شانۆیی بێت، ئەو بۆچوونەشی دەگەڕێنێتەوە بۆ کاتەکانی بەشانۆ دەبەخشێت، کە لەکاتی پشووی وێنەگرتنی فیلکمەکاندا بووە بەشانۆی بەخشیووە (١٠)

هەندێک ڕوانینی شانۆیی لەدەرەوەی پۆڵەندا بۆ هاملێت جێی بایەخی شانۆی پۆڵەندی بووە، وەک چۆن شانۆی پۆڵەندیش بۆ شانۆی ئەوروپی شانۆیەکە بەگرنگیەوە لێیان ڕوانیووە، بەهەمان شێوەش شانۆی پۆڵەندیش لەگرنگی شانۆکانی تری ڕوانیووەو تا ئاستێکیش دەرگای بۆ گفتوگۆی ئەو شانۆیانە کردۆتەوە، بەنمونە لەگفتوگۆیەکی مۆنیکا پیلخ لەگەڵ دەرهێنەری لیتوانی ئۆسکاراس کۆرسونۆڤاس (١١) هەندێک تێگەیشتنی جیاوازتر لەبارەی شکسپیر دەبیستین، کە بەهۆی ئەوەی وەک کۆمەڵێک پرسیار ورووژێنراوە، دەتوانین وەک جۆرێک کاریگەریش بۆ داهاتووی ئەو باسە لەپۆڵەندا گرنگی خۆی هەبێت.

بۆچی ئەو دەرهێنەرە بەشانۆی پۆڵەندیەوە دەبەستینەوە؟ لەبەر دوو هۆکار یەکەمیان رەخنەگرێکی نوێی ئەم شانۆیە دیدارەکەی لەگەلیدا ئەنجامداوە کەوا لەگۆڤارێکی تایبەت بەشانۆ بڵاوکراوەتەوە کەوەک سەرچاوەی سەرەکی شانۆکاری پۆڵەندیە هەر لەهەفتاکانی سەدەی بیستەمەوە، هۆکارێکیتریش ئەوەیە ساڵانێکە لەپۆڵەندا نیشتەجێیەو کارەکانی لەپۆڵەنداو چەندین وڵاتی تری دنیا نمایش دەکات، سەرباری ئەوەی ئەو دەرهێنەرە بەجۆرێک دنیای شانۆیی شکسپیر وابەستەی کۆمەڵگای پۆڵەندی دەکاتەوە، ئەوەتا کاتێک باس لەوە دەکات کەوا تەواوی شانۆنامەکانی شکسپیر لەبارەی هێزەوە دەدوێن، ئەوەش بەمشتومری هێز ناو دەبات جا لیبڕالی بێت یاخود دیکتاتۆری “ئەوەش ئەو ڕێگاییە ئەو درامایەم پێی خوێندۆتەوە، لەبەر ئەوە ڕوانینێکم هەیە ئەویش ئەوەیە ئەو تێکستە (١٢) وابەستەی پەیوەندیەکە بەشیوەیەکی تایبەت بە پۆڵەندا” (١٣)

پەیوەندی شانۆنامەکانی شکسپیر بەمرۆڤی پۆڵەندیەوە باسێکە لەو ساڵانی دوایی قسەوباسی زۆری لەبارەوە دەکرێت، پێشتریش ئاماژەمان بۆ توێژینەوەکەی ڕۆژنامەنووس کاتاژینا جیێژبیچکا کرد لەبارەی ئەو پرسەوە.

هەلبەت شانۆگەری هاملێت لەدەرهێنانی یان کلاتا بەهەمان شێوە قسەو باسێکی زۆری بەدوای خۆی هێنا، بەهۆی ئەوەی دەرهێنەر ویستویەتی لەکردەی دەرهێناندا بەشێک لەمێژووی کۆمەڵگای پۆڵەندی پێ بخوێنێتەوە.

ئەگەر هەمیشە قسەوباس لەوەدابێت کەچۆن شکسپیر لەڕێی نامەیەکەوە ئۆڤیلیا شێت دەکات، بەڵام لەلای دەرهێنەر یان کلاتا دوای وەرگرتنی کارتێک کە نامەی لەسەر نووسراوە ئۆڤیلیا دەچێت کارتەکانی تریش دێنێت، ئەو شووشە شەرابانەش دێنێت کەلەهەر دیدارێکدا دوای خواردنەوە نامەی ئەو ڕۆژەی تیا هەڵگرتووە، دەردەکەوێت چەندین نامەو خواردنەوە لەنێوانیان هەیە، بەڵام بۆ ئەوەی بچێتەوە سەر دیدە شکسپیریەکەو تەنیا لەسەر نامەیەک بگیرسێتەوە دێت هاملێت توورە دەکات و دەکەوێتە شکاندنی شووشە شەرابەکان ئۆڤیلیاش بەهەمان شێوە، لێرەدا بۆ ئەوەی دیمەنەکە لەخۆشەویستیەکی پاکیزەیی نەمێنێتەوە نەوارێکی مۆسیقای دەخاتە سەر کەپڕە لە ئیحای شەهوەت و ئارەزووی دەجولێت لەپڕ پەلاماری هاملێت دەدات ماچی دەکات، بەلام هاملێت خۆی لەدەستی دەرباز دەکات

لێرەدا دوو خاڵ وادەکەن ماناکان ببنەوە شکسپیریی شکاندنی شووشە شەرابەکان ئاماژەیە بۆ روانینی شکسپیریانە بۆ کەسێتی هاملێت بەهۆی ئەوەی دیدی ناو شانۆنامەکە ئەو ڕوانینەیە کە هاملێت نایەوێت ئەو پەیوەندیەی بیربێتەوە، بۆیە دەرهێنەر ویستویەتی ئەو وێنە شاراوەیەی شکسپیریی بکاتە وێنەیەکی بینراو، تەسلیم نەبوونی هاملێت بۆ شەهوەتی ئۆڤیلیا داکۆکیکردنێکی شکسپیریانەیە بەوەی ئەوەی لەنێوانیانە تەنیا ئەو نامەیەی ئێستایە، بەڵام هەر بەڕاست هەر ئەو نامەییە؟ ئەوە دنیابینی شکسپیرو هاملێت کۆ دەکاتەوە، بەڵام لەناو نمایش حەقیقەت بریتیە لەوەی ئۆڤیلیا نیشانی دەدات سەرباری نکولی شکسپیرو هاملێت، بەڵام یان کلاتاو ئۆڤیلیا ڕوانینی تریان بۆ ئەو بابەتە هەیە.

بۆلۆنیسی باوکی ئۆڤیلیا بێئاگا نیە لەو بابەتە بۆیە دوای ڕۆیشتنی هاملێت دێت ئەو ناوە پاک دەکاتەوە، بەڵام ئەو ئاگاداربونەی لەرووداوەکان توورەبونی ئۆڤیلیای لێ دەکەوێتەوە، کۆی ئەو دیدە شانۆییە تەواو دوورکەوتنەوەیە لەمانا شکسپیریەکان و نووسینەوەی دیدێکی نوێ کەچەندە لەشکسپیر دوور دەکەوێتەوە، بەڵام لەکۆتاییەکاندا سەرلەنوێ بو مانا شکسپیریەکە دەگەڕێتەوە.

دیمەنی ئاهەنگ گێرانی پاشای بکوژو دایکی هاملێت، ئاهەنگێکی شێتانەو پڕ لەئارەزوی زەبروزەنگی بەزمەساتە بۆ دەسەڵات، کە خاڵی نیە لەهەستی زەوتکردن و غەریزی بۆیە کلەو دیمەنەدا پاشای نوێ دەکەوێتە ماچکردنی شاژن وشاژنیش تاوێک تووشی خورپەیەک دەبێت، تا شادیەک دەکەوێتە سەر رووخساری ولەگەڵ پاشای نوێ پێکەوە دەڕۆن، وەک سەرەتایەکی نوێ بۆ ژیان و دەسەڵات.

تارمایی لەم نمایشەدا دەرناکەوێت، کەواتە کاریگەری تارمایی لێرەدا لەکوێدایە؟ هاملێت کتێبێک دەخوێنێتەوە باس لەگەڕانەوەو دەرکەوتنی باوک دەکات لەئاسمانەوە، ئەوەیان لەبنەرەتدا نزیکبونەوەیە لەخوێندنەوەیەکی فەلسەفیانەی ژاک دێرێدا لەکتێبی “تارماییەکانی مارکس” کاتێک تارمایی باوک بە تارمایی مارکس ناو دەبات، لێرەدا کلاتا پشتی بەستووە بەو تێگەیشتنە فەلسەفیە، بۆیە بەبێ دەرکەوتنی تارمایی، ئەو لەکتێبدا ئاگادارمان دەکاتەوە لەهاتنی، ئەوەشیان بابەتێکە سەرەتا لەلای دێرێدا بۆ تارمایی باوکی هاملێت و مارکس خوێندومانەتەوە.

بوونی تارمایی لەناو کتێبدا، بابەتێک نیە دوورکەوتنەوە بێت لەشکسپیر، بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ ئەو تێگەیشتنە لەشیکردنەوەی کارەکتەر کاتێک هاملێت  کارەکتەرێکە ئارەزووی لەئەدەبیات و کتێبە، بۆیە لەسەر ئەو تێگەیشتنە تارمایی خراوەتەوە ناو کتێب، نەک دەرکەوتنی بێت لەئاسماندا، هەرچەندە وەک هاملێت دەلێت باوک لەنیوەشەودا لەئاسمان دەردەکەوێت؟ ئێمە کاتێک لەدیمەنی کلێساکە هاملێت و ئۆڤیلیا دەبینین قسەدەکەن و کتێبەکەی هەر بەدەستەوەیە لەخۆمان دەپرسین ئاخۆ ئەو کتێبە ئینجیلە بۆیە لەکلێساش بەدەستیەوەیەتی؟ ئاخۆ باوک مەبەست لەخودا یا مەسیحە؟ ئەگەر لەمانا شکسپیریەکە بەدور بین دەتوانین لەو دیدەوە بڕوانینە هاملێت، بەڵام کاتێک لەکۆی شانۆنامەیەکەوە سەیری بکەین ئەوە کتێبەکە بەشانۆنامەکانی شکسپیر دەبینین و دەتوانین ناوی بەرین کە خەریکی خوێندنەوەی کارەکانی شکسپیرە، بەو پێیەی چەندە شکسپیر بۆ مرۆڤی پۆڵەندی گرنگە، بەهەمان شیوەش شانۆنامەکە هەر لەسەرەتاوە ناوی شوێن  دەگۆڕێتە سەر پۆڵەندا بۆ ئەوەی نیشانمانی بدات ڕووداوەکان لەسەردەمی پاشایەتی پۆڵەندیە

هەر لەو دیمەنەدایە دەرهێنەر چڕ دەبێتەوە لەسەر ئەو پەیوەندیە بۆیە ئۆڤیلیا تەواوی دیاری ونامەکانی بۆ هێناوەتەوە، ئەوەیان ڕوانینێکی نوێ و جیاوازە بۆ ئەو شانۆنامەیە کەوا دەرهێنەر لەناو نمایش دۆزیویەتیەوە

هاملێت لەگەڵ هۆڕاشیۆو هاورێکانی دیمەنێک دەنوێنن کەگوزارشت لەدۆخی ئەمڕۆ بکات، ئەویش کە وەرگیراوی دیمەنە نواندنەکەی ناو شانۆنامەکەیە، لاسایی گفتوگۆی ناو بەرنامە تەلەڤزیۆنیەکان دەکەنەوە، وەک چۆن مەنەلۆژە ناسراوەکەی هاملێت “من هەم یان نیم ئەمەیە گرفتەکە” هاملێت نایلێت، بەلکو ئارەزوومەندێک دەیلێت کە هاتۆتە بەردەم لیژنە بۆ تاقیکردنەوەی تواناکانی وەک ئەکتەر، دوای تاقیکردنەوەی تواناکان هەر ئەوان هەلدەستن بە پێشکەشکردنی دیمەنی نواندنەکە لەبەردەم شاو شاژن

یەکێک لەجوانیەکانی ئەم دیمەنە ئەوەیە هاملێت بۆ خۆی ڕوناکی بەدەستەوەیە، ئەو ئەکتەرەی دەیالۆگ دەلێت ڕوناکیەکەی ئاراستە دەکات، وەک ئەوەی ئەو بۆ خۆی ئاراستەی ڕووداوەکانی نواندنەکە بگەیەنێتە ئەو شوێنەی کە دەیەوێت، ئەوەش پەیوەستە بەو حەقیقەتەی کە خۆی ناتوانێت ڕاستیەکان ئاشکرا بکات، بۆیە لەڕێ ئەو گروپی نواندنەوە تاوانەکە ئاشکرا دەکات، تەنانەت ئەو کەللە سەرەی هاملێت لەدیمەنی سەر گۆڕستانەکە هاملێت بەدەستیەوە دەگرێت، لەو دیمەنی نواندنە بەدەست پاشای ئەکتەری ناو نواندنەکەوەیە

بەدوای کووشتنی باوکی ئۆڤیلیا، هاملێت بەدایک دەلێت “هیچ کەسێک هەیە برای خۆی بکوژێت؟” ئەو پرسیارە لە گرترودی دایک ئاگادارکردنەوەیەتی بەوەی لەکۆی تاوانەکەیان ئاگادارە، وەک چۆن دواتر بە مامیشی دەڵێت “هەموو شتێک دەزانم” بەو گۆڕانکاریانە دەرهێنەر هەوڵ دەدات رابردووی کۆمەلگاکەی پێ بخوێنێتەوە، هەمیشەش لەکۆتاییدا هێلێک هەیە دەیگەڕێنێتەوە لای شکسپیر، بەواتای خوێندنەوە نابێتە مانایەکی سەربەخۆ بۆ نمایش، هێندەی چەندە گۆڕانکاری دەکرێت، سەرەنجام ئەوە شکسپیرە دەیگەڕێنێتەوە سەر هێلی درامی ڕووداوەکە، کاتێک لایەرتیس دەگەڕێتەوە دەبینێت باوکی کوژراوە هاوار دەکات “باوکە تۆ لەکوێی؟” لێرەدا هاملێت ولایەرتیس دوو مرۆڤی باوککوژراون، بەلام سەر بەیەک سیستمی زەبروزەنگی دەسەڵاتێکن، هاملێت کە باوکی کوژراوە، کەچی ئەویش باوکی لایەرتریسی کووشتوە، واتە لەیەککاتدا باوککوژراو و باوککوژە، ئەو تێگەیشتنە کاتێک لایەرتیس دەبینین هاواری باوک دەکات، ئەوسا بیرۆکەی هاملێتی کوژراو وبکوژ  لەلامان سەر هەڵدەدات، ئەو بەتەنیا لەرێی جەستەوە بکوژ نیە، بەلکو لەڕیی فیکریشەوە دەبێتە بکوژی رۆحی عاشقانەی ئۆڤیلیا، ئۆڤیلیا کە هەست بەمەرگی رۆحی خۆی دەکات، ئەوە وای لێ دەکات بڕیاری خۆکوشتن بدات، ئەو ڕەتکردنەوەیەی ژیان وایکردووە شێتی ئۆڤیلیا بوونی نەبێت هێندەی خەمۆکیەک دایبگرێت کە بگاتە بریاری خۆکووشتن.

کۆتاییەکەی نمایش چەندە شەرەشمشێرێک و تراژیدیایەک دەخولقێنێت کەهەمووان دەمرن و هاملێتی زامدار بەتەنیشت هۆڕاشیۆ دادەنیشێت و بەگریانەوە دەڵێت “هۆڕاشیۆ دەمرم” مردنێک کۆتاییەکی شکسپیریانە بەتراژیدیاکە دەبەخشێت، کەچەندە لەتێکست دوور بکەوێتەوە هێندەش لێی نزیک دەبێتەوە، ڕەنگە هیچ دەرهێنەرێکی پۆڵەندی هێندەی کلاتا بەهۆی خوێندنەوەی بونیادی کۆمەڵایەتی دوورکەوتنەوەی لەماناکان لەشکسپیر  ڕانەگەیاندبێت، وەک چۆن هەمیشەش ویستویەتی خۆی ڕابکێشێتەوە ناو ماناکان، بەڵام چەندە دوور دەکەوێتەوە تا ئاوڕ لەمێژووی پۆڵەندی بداتەوە، هێندەش لەنا وئەو مێژووەوە دەگەڕێتەوە لای شکسپیر.

دواهەمین نمایشی هاملێت کە لە پۆڵەندا نمایش کرابێت کارەکەی دەرهێنەر “میخاو کۆتانیسکی”

میخاو کۆتانیسکی (١٩٧٦) یەکێکە لەدەرهێنەرە شانۆییە نوێیەکانی شانۆی پۆڵەندی، دەرچووی بەشی دەرهێنانی کۆلێژی هونەری شاری کڕاکۆڤ ، هەروەها لەزانکۆی وارشۆ فەلسەفەی خوێندووە، وەک یاریدەدەری دەرهێنەر کاری کردووە لەتەک دەرهێنەران ڤایدا وکریستینا لوپا ویێژی یارۆچکی بوو، هەوڵیداوە یەکەی زەمەنی تێکستی شکسپیر بپارێزێت بۆ کارەکتەری هاملێت لەنێوان ئاستی دەروونی کەسێتی و هەوڵدان بۆ تۆڵەکردنەوە، دەرهێنەر پابەندی تەواوی تێکستەکە نەبووە، بەڵام پابەندی زەمەنی شکسپیریی دەبێت بۆ کارەکتەرو بیرۆکە، ریتمێکی خێرا وا دەکات ڕووداوەکان بەرەو چڕبوونەوەی دەیالۆگ ببردرێت، ڕووداو سەر بەزەمەنی تێکستە بەڵام جل وبەرگی ئەکتەرەکان زادەی مرۆڤی هاوچەرخن، وەک ئەوەی هەموو شتێک لە ئەمڕۆدا ڕووبدات.

پەیوەندی هاملێت بە باوکی کوژراو وابەستەی حەقیقەت و خەیال نیە، دەرکەوتنی تارمایی لەنیوە شەودا لەوێنەیەکی بەتەنیشت یەکەوە نیشان دەدرێت، تا باوک چیرۆکی کووشتن بگێڕێتەوە، لێرەوە تارمایی دەبێتەوە بەشێک لەگێڕانەوەی حەقیقەتی کوژراو، تارمایی خەیاڵ نیە، هێندەی مردوویەکە لەگۆڕدا هەلساوەتەوە تا چیرۆکی کوژرانی خۆی بگێڕێتەوە، ئەوەش وێنەیەکی شکسپیریی ڕوونە دەرهێنەر تەنیا ئەو وێنەیەی لەبارگاوی خەیاڵی بۆ تێگەیشتن لەدیمەنەکە دەرباز کردووە، جۆرە دراماتۆرگیەکی تیا کردووە کە باشتر لەو پەیوەندیەمان بگەیەنێت.

هاوچەرخ بوونی شکسپیر بۆ دەرهێنەر تەنیا دەستەواژەیەک نیە، هێندەی ئەو هاوچەرخێتیەی شکسپیر بەکردەوە لەناو نمایشدا ئامادەبوونی دەبێت، ڕووداو کارەکتەر لەساتەوەختێکی مرۆڤی هاوچەرخدا ڕوو دەدەن، جل وبەرگ و شوێن وابەستەی دنیای ئەمڕۆن، ئەوە دەیالۆگە ڕووداو دەخوڵقێنێت، بۆیە دەرهێنەر  لەڕووی پێکهاتەکانی نمایشەوە دەیەوێت جێپەنجەی خۆی وەک دەرهێنەرێکی شکسپیریی بخاتە ڕوو.

رووداوەکان خێراتر لەوادەی خۆیان بەرەو پێش دەبات، گروپی نواندنەکە بریتین لەسێ ئەکتەر ژن و پیاوێک کە چوونەتە تەمەنەوە، لەگەڵ کوڕێکی گەنج، لەهۆڵی کۆشکەکە هاملێت خۆی کورسی ڕیز دەکات تا ببنە بینەری نمایشی گروپە شانۆییەکە، لەو هۆڵەی کۆشک پەنجەرە فراوانەکە لەڕێگەی بۆیەی ڕەنگێکی کاڵەوە شێوەی دەچێتەوە سەر تابلۆی “شەوی پڕ ئەستێرەی”ڤان کوخ.

تابلۆکەی ڤان کوخ لەپەنجەرەی ژوورێکی نەخۆشخانەیەکتی دەروونیە، کەوا گوزارشت لەبینینی ئەوە دەکات کە لەشەودا بینیویەتی، بۆیە لێرەدا کە پەنجەرەکە تۆنی ڕەنگەکەی دەچێتەوە سەر ئەو تابلۆیە، دەرهێنەر دەیەوێت گەشە بەئاستی دەروونی هاملێت بدات، لەڕێگەی تابلۆیەکی ڤان کوخ، لەهەمانکاتدا وێنەیەکی ئاوێتەیی شکسپیرێکی ڤان کوخیانە بەرجەستە بکات، هەڵبەت ڤان کوخ لەژیانی خۆیدا سێ ساڵ لەبەتریتانیا ژیاوە کە شیکردنەوەی کردووە بۆ چەند نووسەرێکی ئینگلیزیی وەکو شکسپیر وچارلز دیکنز، بۆیە ئەو مۆرکەی لەو نمایشەدا وێنەیەکی هەرەمەکیانە نیە، بەقەد ئەوەی پڕۆسەیەکی ووردی تێگەیشتنە لەپەیوەندیی ئەو دوانەوە، کە دەر‌هێنەر ئەو تابلۆیە دەکاتە دنیابینێکی هاملێتیانە.

کاتێک تیپە شانۆییەکە نمایشەکە پێشکەش دەکەن و پاشای نوێ دۆخی دەروونی تێک دەچێت و ئەو دەمەی ؛ەگەڵ باوکی ئۆڤیلیا قسە دەکات، هاملێت لەبەردەم تیشکی پەنجەرەکە کەوا دیمەنێکی تاریکە، بەڵام پەنجەرەکە لەناو ئەو تاریکیەدا تەواو تابلۆکەی ڤان کوخ بەرجەستە دەکات

ئەو پەیوەندیە قولکردنەوەی دنیابینی شکسپیرە بۆ کارەکتەر، کە کۆتاییەکەی پارێزگاری لەشەڕەشمشێرەکە دەکات، بەلام لەڕێی ڕوناکیەوە نامەیەکی ترسناک بۆ دوای مەرگی هاملێت و دایک و پاشای تازە دەخاتە ڕوو، ئەویش هۆڕاشیۆ لەناو تەرمی مردووەکان هێرشی جەنگی پێ ڕادەگەیەنرێت، جەنگێک ڕوناکیەکی سووری خوێناوی سەر شانۆکە داگیر دەکات، وەک بەردەوامیەک بۆ تراژیدیایەکی شکسپیریی کە بەرۆکی مرۆڤی هاوچەرخی گرتۆتەوە، لێرەوە تێدەگەین بۆچی دەرهێنەر دەیەوێت لەدیدی مرۆڤی ئەم ڕۆژگارەوە هاملێت نمایش بکات و دەریبکات لەناو فۆڕمێکی کلاسیکی، چونکە کۆتاییەکەی زۆر ڕوون بۆمان دەخاتە ڕوو کەوا ئەو ئێستایەی ئێمە تیایداین ژیانە لەناو تراژیدیایەکی شکسپیریی، ئەوەش ئەو گەڕانەوەییە بۆ یان کۆت کەوا شکسپیری بەشانۆنووسی هاوچەرخ ناو برد..

پەراوێز و سەرچاوەکان

(١) Katarzyna Dzierzbicka, Polska i Polacy w dziełach Williama Szekspira, numer 5, 2016

(٢) کاتاژینا جیێژبیچکا رۆژنامەنووسێکە تایبەت بە شانۆ و مۆسیقا و ئەدەب و  مێژووی وارشۆ، لەگۆڤارو ڕۆژنامە پۆڵەندیەکان دەیان وتاری هونەری و مێژوویی نووسیوە، هەروەها کتێبێکی چاپکراوی هەیە بەناونیشانی “پەنجا ساڵ لەشانۆی تەلەڤزیۆنی

(٣) ستانیسواڤ ڤیسپیانیسکی ( ١٨٦٩- ١٩٠٧) شانۆنووس ونیگارکێش و شاعیر بووە، کارەکانی بە درامای ڕەمزی ناسێنراوە، لەساڵانی ١٩٨٧- ١٩٩٦ لەسەر پارەی دەهەزار زوۆتی پۆلەندی وێنەی ئەو نووسەرە هەبوو، ئەنجومەنی نوێنەرایەتی کۆماری پۆڵەندا ساڵی ٢٠٠٧ ی ناونا بەساڵی ئەو نووسەرە،  لە٢٠١٩ لەسالیادی ١٥٠ ساڵەی لەدایکبوونی وێنەی خرایە سەر پولی پۆستە، پێنج ئۆپێڕای نووسیوە، لەپاڵ بیست کاری شانۆیی، شانۆگەری هاملێت دیارترین کاری شانۆییەتی، کە توێژینەوەیەکی درامیە لەبارەی کرۆکی شانۆ و پەیوەندی بە ژیانەوە.

(٤) یێرزی گژێگۆژێڤسکی لەدایکبوی ١٩٣٩ ی شاری ئوچ، لە ٢٠٠٥ لە وارشۆ ماڵئاوایی لەژیان کردووە، بەشی دەرهێنانی شانۆیی لە١٩٦٦ لەوارشۆ تەواو کردووە، لەساڵانی ١٩٩٧-٢٠٠٣ بەڕێوبەری شانۆی وارشۆ بووە، چەندین خەلات و بڕوانامەی شانۆیی و میدالیای نیشتمانی وەرگرتووە، کۆلێژی هونەری ئوچ دکتۆرای شانازی پێ بەخشیووە، ئەوە سەرباری ئەوەی لە ١٩٧٨ کراوە بەبەڕێوبەری شانۆ لەشاری ڤرۆسواڤ، شانۆیەکی ئەزموونگەری دامەزراندووە، بەبڕوای توێژەری شانۆی پۆڵەندی ئاوگوست گرۆجیچکی دامەزرێنەری شانۆی شێوەکاری پۆڵەندیە، هەڵبەت ئامادەبوونی دیدگای شێوەكاری لەشانۆی نوێی پۆڵەندی، هەوڵێكی دەگمەنی شانۆكارێك نیە، چونكە لەلای بەشێك لە دەرهێنەرەكان بایەخدان بەهونەری شێوەكاری دەدرێت، هەروەها پەیوەندیەكی ئۆرگانی پتەو هەیە لەنێوان سینۆگرافیا و شێوەكاری، ئەوەش چەندە پەیوەستە بە سینۆگرافیاوە، لەهەمان كاتدا بایەخدانیان بەهونەری شێوەكاری وایكردووە ڕۆڵی سینۆگرافیا لەشانۆكەیاندا جێگای بایەخی تایبەت بێت، بەڵام شانۆ ئەزموونگەریەکەی گژیگۆژێڤسكی تایبەتمەندیەکی سەربەخۆی هەبوو.

(٥) هێنریک تۆماشێڤسکی (١٩١٩-٢٠٠١) کیریۆگراف و دەرهێنەری شانۆییە، گروپێکی شانۆیی تایبەت بەشانۆی پانتۆمایمی لەپۆڵەندا دامەزراند،  بەناوی شانۆی جولە.

(٦) أوجست جرودجيتسكى ، حركة التجديد في المسرح العالمي.. ، ترجمة: د. هناء عبدالفتاح، الهيئة المصرية العامة

(٧) یان کلاتا (١٩٧٣) لەکاری دەرهێنانی شانۆیی وەک نوسەر ودراماتۆرگیش لەشانۆدا کار دەکات، لە وارشۆ شانۆی خوێندووەو لە کراکۆڤیش سینەما، سەرەتای دەرهێنانی شانۆیی بە کارکردن لەناو چیرۆک و ڕۆمان دەستی پێکرد، بەتایبەت  لە ٢٠٠٤ ئەو دەمەی لەشاری ڤرۆسواڤ کاری کرد، سەرەتا “ژێرزەمینەکانی ڤاتیکان” ی ئەندریە ژید بۆ شانۆ دەرهێنا، لەبەشی دواتر لەبارەیەوە دەدوێین

(٨) لەبەشێکیتری ئەو کتێبەدا بەووردی باسمان لەشانۆی پۆڵەندی لەسەردەمی یەکێتی سۆڤیەتدا کردووە، هەروەها لەسەر بەشێکی کارەکانی ڤایداو نمایشی “شەوی نۆڤێمبەر” شیکاریمان کردووە، بۆیە دەکرێت بۆ تێگەیشتنی زیاتری کارەکانی خوێنەر بۆ ئەو بەشەیان بگەڕێتەوە

(٩) مۆنیکا پیلخ ڕەخنەگرێکی نوێی شانۆیی پۆڵەندیە، لەبارەی کێشەکانی شانۆی پۆڵەندی ونمایشە شانۆییەکان دەنووسێت، وتارەکانی زیاتر لەگۆڤاری شانۆ بڵاو دەکاتەوە.

(١٠) Monika Pilch, Andrzeja Wajdy spojrzenie na teatr, Teatr numer 2/2017

(١١) ئۆسکاراس کۆرسونۆڤاس (١٩٦٩) دەرهێنەرێکی لیتوانیە، چەندین شانۆنامەی شکسپیری بۆ شانۆ دەرهێناوە لەوانە “هاملێت، رۆمیۆ وژۆلێت، خەونی نیوە شەوی هاوین،زریان” خاوەنی چەندین خەڵاتی شانۆییە، گرنگترینینان خەڵاتی شانۆی ئەوروپی بۆ واقعی نوێ، لە ٢٠١٦ خەڵاتی باشترین دەرهێنەری لە نەرویژو لیتوانیا وەرگرتووە، لە١٩٩٨ شانۆیەکی تایبەت بەخۆی درووست کردووە لە ڤیلنیێ، کەجەخت لەسەر دراما هاوچەرخ و کلاسیکیەکان دەکاتەوە.

(١٢) مەبەستی شانۆنامەی “پێوانە بە پێوانە” یە

(١٣) Monika Pilch, Szekspir nie moralizuje, teatr numer 6/2016للكتاب (القاهرة) 2010، ص116

Check Also

چێخۆڤ لە شانۆی پۆڵەندیدا

نیهاد جامی ئیکس ئەن پرۆڤانس/ فەرەنسا شانۆنامەکانی چێخۆڤ لەسەر تەختەی شانۆکانی پۆڵۆنیدا توانیویەتی کاریگەری لەسەر …