د. مەدیحە سۆفی
گۆڕانی کەشوهەوا و هاتنەکایەوەی ئەو کێشانەی لە دەرئەنجامی ئەم گۆڕانەدا دەردەکەون، بابەتێکی نوێ نییە و زانست ئەوەی سەلماندووە، کە چالاکییەکانی مرۆڤ و بەتایبەتی سوتاندنی وزەی تەقلیدی بۆ بەرهەمهێنان، کاریگەری سەرەکی هەیە لەسەر قەتیسکردنی گەرمی لە ئەتمۆسفێری گۆی زەویدا.
لە بڕیارەکانی کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی کەشوهەوا لە ساڵی 2015دا، ڕێگریکردن بوو لە بەرزبوونەوەی تێکڕای پلەی گەرمی ئەتمۆسفری هەوا بۆ 1,5 پلە، یا ڕاگرتنی لە ژێر 2پلەی سیلیوزدا، ئەم کۆنفڕانسە یەکێکە لە سەرکەوتووترین کۆنفڕانسەکانی کەشەهەوا؛ کە کۆدەنگییەکی تێدا هاتەدی بۆ پاراستنی ژینگەی گشتی ئادەمیزاد، ڕووەک و ئاژەڵ و ئیکۆسیستیمەکەیان، ئەگەرچی لە ئێستادا شارەزاکان دڵنیان کە بە پێی ئەو زانیارییانەی ئێستا هەن؛ ناتوانرێ تێکڕای پلەی گەرمی لە ئاستی 1,5 پلەدا ڕابگیرێت، بۆیە هۆشداری تەواو لە روودانی باڕێزە و لافاو بارانی بەخوڕ و وشکەساڵی دەدرێت.
یەکێک لە پرنسیبەکانی پاراستنی ژینگە ئەوەیە؛ کە گلۆبال بیربکەیتەوە و لە خۆجێی پەیڕەوی بکەی، بۆیە هەر هەنگاوێکی ئەرێنی و زانستی کە لەگەڵ بنەمای پاراستنی سروشت بگونجێت؛ کاردانەوەیەکی ئەرێنی هەمەلایەنەی دەبێت بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی. هەروەها ئەو هۆکارەی؛ کە بە شێوەیەکی سەرەکی ڕۆڵ دەبینێ لە قەتیسبوونی گەرمی لە ئەتمۆسفێری بەرگەهەوای گۆی زەوی بریتییە لە زیادبوونی بەردەوامی ڕێژەی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن. بوونی ئەم گازە بە بڕە سروشتییەکەی، مایەی ڕەخساندنی ژیانە لەسەر ئەم هەسارەیە، لێ زیادبوونی بەو شێوەیەی ئێستای دەبێتە کێشە بۆ تەواوی بوارەکان لە جیهاندا.
لە پاش شۆڕشی پیشەسازی و ئەو سەرهەڵدانەی؛ لەسەر بنەمای بەرهەمهێنان و بەکاربردنی وزەی خەڵوز، نەوت و گاز هاتەکایەوە، ئەو هاوسەنگییە سروشتییەی شێواند و هێدی هێدی نیشانە نەخوازراوەکانی دەرکەوتن، بەتایبەتی لە تێکچوونی کەشوهەوا و ئاکامەکانی، کە لە ئێستادا زۆر بە ئاشکرا دەبینرێن.
یەکێک لەو سەرچاوانەی کە گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن عەمبار دەکات و ڕۆڵی هەیە لە کەمکردنەوەی ڕێژەکەی لە هەوادا، بوونی درەخت و دارستانەکانن، کەمکردنەوەی ڕووبەری سەوزایی چ بە بڕینەوەی درەخت و چ بە بەکارهێنانی بۆ خانوبەرە و بازرگانیکردن، دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی ئەو گازە لە هەوادا، لێ سوتاندنی دارستانەکان سەرباری زیانی کەمکردنەوەی روبەری سەوزایی، ئەوەندەیتر ئەو گازە زیانبەخشە دەردەداتە نێو ئەتمۆسفیرەوە.
لەسەر ئاستی جیهاندا، زۆرترین ڕێژەی داربڕینەوە لە ناوچەی هێڵی یەکسانی گۆی زەوی و ناوچەی ئەمازۆندا هەن، ئەویش بۆ بەکارهێنانی زەوییەکە بۆ مەرامی بەرهەمهێنان بەتایبەتی بەرهەمێنان ڕۆنی خورما و ئالیکی ئاژەڵ، لەسەر ئاستی هەرێمایەتیشداا؛ کوردستان خاوەن دارستانێکی ڕەسەن و خۆڕسکە کە ژینگەیەکی لەباری بۆ مرۆڤ و فرەزیندەوەری ڕەخساندووە، بەڵام دوو پاڵنەری نابەجێ و نایاسایی ئەم ژینگە خۆڕسکە لەناودەبەن ئەوانیش بریتین لە:
یەکەم: بڕینەوەی دار لە ناوچەکانی باشووری کوردستان لەسەر سنووری تورکیا لەلایەن تورکیاوە، کە مەزەندەی ڕووبەرێکی گەورە دەکرێ بەڵام هیچ داتا و پێوانەیەکی دروست بەردەست نییە و هیچ ڕێوشوێنێکی یاساییش بۆ وەستاندنی ئەم دەستدرێژیەی سەر سروشت نەگیراوەتەبەر و هەر بەردەوامە. ئەو ناڕەزاییەی هەبوو و هەیە، هەر لە سەر ئاستی ڕێکخراوە ژینگەیی و گروپە داکۆکیکارەکانە و هەرگیز نەچووەتە ئاستێکی بەرزتری دەسەڵاتی حوکمڕانییەوە بۆ ڕێگرتن لەو هەموو پێشێلکاریەی دژ بە کوشتن و هێرشە جۆراوجۆرەکانی سەر خەڵکی مەدەنی و دانیشتوانی گوندەکانی سەر سنوور دەکرێ. خاوەنداریکردن لە خاک و سروشتی هەر شوێنێک، دەچێتە نێو چوارچێوەی پاراستنی ماف و دادپەروەرییەوە.
دووەم: بڕینەوەی دارودرەخت لەنێو خاکی خۆمان و بەدەستی حوکمڕانی خۆجێیی خۆمان، کە لە دوو لاوە پەشێوی دەخاتەوە، لەلایەکەوە سروشت وێران دەکات و لەلایەکەوە ئاسایشی کۆمەڵایەتی نائارام دەکات، بڕینەوەی درەختەکانی شاخی گۆیژە و وێرانکردنی سروشتی ئەو دەڤەرە، تاوانێکە دژ بە خۆمان و سروشتەکەمان، ئەو هەڵمەتەی بۆ ڕاگرتنی ئەو دیاردەیە دەستبەکارە، وەکو ڕکخراوە ژنگەییەکان، دەچێتە بواری هەست بە لێپرسراوێتی و هۆشمەندییەوە، چەند ئەم هەڵمەتە بەردەوام بێت و بە شێوەیەکی شارستانیانە بکرێت، بە مانای بوونی توێژێکی هیوابەخش و زانست پەروەر دێت.
برەودان بە ئابووری ئەگەر لەپێناو پێشکەوتن و باشترکردنی ژیاری خەڵک و ئاسانکاری ژیانی ڕۆژانەیان لەلایەکەوە و دابینکردنی هەلی کار، بەتایبەت بۆ گەنجان بێت، ئەوە تەوژمێک بە گۆڕانێکی ئەرێنی کۆمەڵگا و شێوازی ژیانیان دەدات، وا دەکات نەوەکانی داهاتوو لە ژینگەیەکی ئابووری و کۆمەڵایەتی باشتردا بن و زیانێکی بەرچاو بە دۆخی دەوروبەر نەگەیەنێت، بەڵام ئەوەی ئێستا لە شاخی گۆیژەدا روودەدات، برەودانە بە وەبەرهەمهێنانێکی ناشەرعی و تێکدانی ئەو ئیکۆسیستیمەی چەندەها جۆری زیندەوەری تێدا حەواوەتەوە. لە هەمان کاتدا بڕینەوەیی درەختەکان بڕی عمبارکردنی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن کەم دەکەنەوە، پلەی گەرمی دەڤەرەکە بەرزتر دەبێتەوە و ڕێژەی شێ کەمتر دەکەنەوە، کە هەلومەرجی هەڵکردن دەشێوێنن، کەم کردنەوەی ئەو گازە لە هەوادا، لە هەر شوێنێک بێت، کاریگەری دەبێت لەسەر ڕادەی گۆڕانی کەشوهەوا لە جیهاندا، لە ئێستادا وشکەساڵی، لافاو، بارانی بەخوڕ، بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی ئۆقیانوسەکان، توانەوەی بەستەڵەکەکان و بەبیابان بوون بریتن لە دەرئەنجامەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، کە هیچ گۆشەیەکی جیهان لێی بێبەش نابێت.
ئەگەر لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەرێم، چ وەزارەتی ژینگە و چ خاوەن بڕیارەکانی ئەو بوارە، لە چوارچێوەی ڕێساکانی پاراستنی ژینگە و ئیکۆسیستیمەکاندا، ڕۆڵ نەبینن یا دەست کراوە نەبن لە ئاستی قەدەغەکردنی بڕینەوەی ئەو دارستانانە، ئەوە هیچ سەنگێك بۆ بوونیان نامێنێت. نەک هەر بڕینەوەی درەختەکان بەڵکو پیشەسازی وزە و دەرهێنانی نەوت و پاڵاوگەکان و هەموو قۆناغەکانی بەرهەمهێنان لەو سێکتەرەدا، هیچیان لە ژێر ناوی پاراستنی سروشت و تەندروستی مرۆڤدا بەڕێوە ناچن، سوتانی پاڵاوگەکانی ڕێگای گوێڕ و پسکردنی هەوا و خاک و ئاو، سەلماندنی ئەو ڕاستیانەن؛ کە دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری لەسەرووی یاسا و پاراستنی سروشت ومافی مرۆڤەوەن.
لە دوا ڕاپۆرتی ناوەندی کۆپەرنیکۆس بۆ بەدواداچوونی ژینگەی جیهان و ئاسایشەکەی، ئاماژە بەوە دەدات، کە ساڵی 2023 گەرمترین ساڵی دوای شۆڕشی پشەسازی بووە، هەروەها تێکڕای پلەی گەرمی لە جیهاندا 1,45 پلە لە سەرووی پلەی گەرمی ساڵانی نێوان 1850-1900 بووە[[1]] لێرەدا دەبێ ئەو ڕاستییە بزانرێت؛ کە زانست و توێژنەوە زانستییەکان، تەواوی ئەو پێشهاتانە دەخەنە بەرچاو، کە روبەڕووی مرۆڤایەتی دەبنەوە، بۆیە دەبێ دەسەڵاتی ساسی هەمئاهەنگی لەگەڵ زانست و دەرئەنجامەکانی بکات، دەبێ ئەو هۆشدارییەی لە تێزە زانستییەکاندا هەیە بۆ پاراستنی سروشت، تێهەڵکێشی سیاسەتی پەیڕەوکراو بکرێت.
پەراوێزەکان:
- https://www.welt.de/wissenschaft/article251882166/Neue-Berichte-zum-Klima-Wir-spielen-mit-unserem-Planeten-russisches-Roulette-sagt-Guterres.html
[1] https://www.welt.de/wissenschaft/article251882166/Neue-Berichte-zum-Klima-Wir-spielen-mit-unserem-Planeten-russisches-Roulette-sagt-Guterres.html
Images: https://pixabay.com/fr/