شیکەرەوەی رووداوەکان کە خورییەکە شیدەکەنەوە ئیتر بۆیان ناڕێسرێتەوە

د. نەوزاد جەمال


جار جار کەناڵە کوردییەکان دەکەمەوە، جگەلە کۆمەڵە کێشەی هونەری و پرۆفیشناڵیتی و دیاردەی سەیری سەمەرەو لە نواندن و دەربڕینی ووشە و جوڵەی جەستەو ئاستنزمی، بۆشاییەکی گەورە لە نەبوونی شیکەرەوەی زانستی رووداو و پێشهاتەکاندا دەبینم.

هەر لە مەسەلەی گرانبوونی دۆلارو دابەزنینی دینار تا روماڵی جەنگەکان و ئەمەی ئەم دوو هەفتەیە، وەک بینەرێک پێویستم بەوەیە کە شارەزا لە سیاسەتی ئێران، یان ئەمریکا و ئیسرائیل یان سیاسەتی نێودەوڵەتی دیدێکی جیاواز و گرنگمان پێبدات.

رەنگە، بەهۆی زانینی زمانیترەوە پەکم نەکەوتبێت. بەڵام بینەری ئێمە لە هەموو بەشەکانی کوردستان پێویستیان بەو تروسکاییە لە کەناڵەکاندایە. پاش سێ دەیە و ملیۆنان دۆلار کە لە کەناڵەکاندا خەرجدەکرێن، یەک دوو شرۆڤەکاری سیاسی و ستراتیجیت نەبێت.

پێویستم بەوەیە کوردزمانێک رووداو و کێشەکان شرۆڤە بکات. نەک ووتنەوەی راپۆرتی سایتەکان بەگشتی و پشتبەستن بە کەناڵە عەرەبی یان فارسی و تورکیەکان. سەرەڕای ئەوەی شتی باش و کەسانی پێگەیشتوویان تێدایە، بەڵام ئەوانیش بەرخۆری کەناڵە جیهانیەکانن. جگەلەوەی پەخشەکانیان خاڵی نییە لە ئامانج و بەرژەوەندی و لایەنگیری خۆیان لە رووماڵەکاندا. وەک لە پەلاماردانی سوپاکەی شەرع بۆ رۆژاوا بینمان.

لاوازی ئەو شرۆڤانەی بۆ ئاسۆی جەنگەکە دەکرێت، هۆکاری زۆرە. رەنگە بووترێت هۆکارەکەی ئەو هەموو دکتۆرایانەی زانکۆکانن کە ئاستێکی پێویست لە شرۆڤەکانیاندا نابینرێن. ئەوە دیوویکی راستیەکە. پیویستم بەوە نییە شیکەرەوەیەک باسی هەستی سەخڵەتی خۆی بکات و نووسینەکەی وەک جۆریک لە خاڵیبوونەوەی فشاری دەروونی خۆی بەکاربهێنێت. یان شیکردنەوە وەک ئامۆژگاری و رێنماکار بخاتەڕوو. بەڵکو کەسێکی بابەتی کە دەتوانێت بەرچاوروونی لەسەر دۆخەکە بدات و ناڕوونیەکان رۆشنتربکاتەوە.

ئەوە کەی شیکردنەوەیە کە بەرنامەیەک هەزاران دۆلاری پەخش دەبات، یەکێک بڵێت جەنگەکە سێ ئەگەرە: یان ئەمریکا و ئیسرائیل دەیباتەوە، یان ئیران سەردەکەوێت یان کارەسات رووودات. وەک ئەوەیە پێشبینی کەشوهەوابکەیت کە هاتنی هەورەکان یان بارانە یان رەنگە نەباریت یان نمەیەکی کەم. ئاخر ئەو چ لیکدانەوەیەکە؟ کەس هەیە ئەو ئەگەرانەی بەخەیاڵدا نەیت؟ خۆ دۆخەکە لەو سێ چوار ئەگەرە تێناپەڕێت. چونکە تەحسیل حاسڵە و بەڵگەنەویستە کە هەموو روودا و کارەساتیک چەند ئەگەرێک لە خۆدەگرێت. بەڵام بۆچی و کامە ئەگەر بەهێزترە و بەرمەبنەمای چی و چۆن؟

ناکرێت میوانی بەرنامەیەکی شرۆڤە بیت و پێتوابێ بەکاژێرێک گەڕان بە کەناڵەکاندا، ئیتر ئەوەی دەستتکەوتووە بۆ خەڵکی بگوازیتەوە. بەشێکی ئەو سەرچاوانەی پشتت پێبەستوو بێلایەن نیین. سەرچاوەکانیان نادیارن یان چ ئەجیندایەکی لەپشتەوەیە.

بۆئەوەی شرۆڤەکارێکی زانستی بیت، تەنها هەواڵەکانی رۆژ بەسنیین. پاشخانێکی مێژوویی لەگەڵ زانیاری گرنگی ئەپدەیتکراو و ئەزموونی کار مەرجن.

سایتە کوردییەکان پڕن لەووتاری وەرگیراوی سایتەعەرەبی و فارسییەکان، کەمتر لەسەرچاوە و ئاژانسە جیهانیەکان کە خاوەنی سەدان ساڵ ئەزموونی شرۆڤە و لیکدانەوەن بەکەمی دەبینرێن.

ئەوانەی کە شرۆڤەدەکەن، توانایان ئەوەیان هەیە ببنە شرۆڤەکارێکی لێهاتوو. بەڵام وەک پێویست کات نادەن بە بابەتەکە و خۆشیان پێناگەیەنن. ئاگایان لە بنەماکانی میتۆدی شیکاریی نییە و دەکەونەژێر کاریگەری ئەو هەواڵ و کەناڵانەی کە هاوشێوەی قەناعەتی پێشوەختەی خۆیانە.

ناکرێت کەسێک وەک فاڵگرەوە لەم جەنگەکەدا هەندێک راوبۆچوون بخاتەڕوو و بڵی پێموایە وادەبێت و ئاوها. راستە مۆبایل و ئایپاد و سەعاتی مارکە سەرنجڕاکێشن، بەڵام ناتکەن بە شرۆڤەکار ئەگەر پەرەت بەخۆت نەدابێت. زانینی زمانی بیانی، پشتبەستن بەسەرچاوەی جیاوازی جیهانی لە ئەمبارەکانی هزر و فێربوون لە شرۆڤەکارە جیهانیەکان، پێداویستی ترن.

دەبێت لە بەشی سیاسەتی نێودەوڵەتی، میتۆدەکانی شرۆڤە بخوێنرێت و بەشێکی تایبەت بەناوی شرۆڤەی سیاسی راهێنانی کرداری تێدابکرێت. شرۆڤەکار ستووننووسێک نییە، پسپۆڕێکە لە بوارێکی دیاریکراودا کە نابێت بەگشتی لەسەر هەر بابەتێک بانگکرا بدوێت.

لە ستۆدیۆکاندا گەنجی هەڵکەوتوو بە قاتوبۆینباخ و رووخسارێکی نوێ دەبینین. ئەمانە جۆرێک لە هەژموونی میدیایی خۆیان دەسەلمێنن. هاوکات جۆرێک لە خۆشگوزەرانی مادی و پێگە و لینک لەگەڵ کەناڵەکدا دەردەخەن کە بەردەوام بانگهێشتیان بکەن. ئەم هاویپەمانێتییە نەووتراو، سوودی دوولایەنەی هەیە.

بەڵام ناوەڕۆکی قسەکردن و لێکدانەوە و شرۆڤە و ئەنجامگیرییەکانیان، هێشتا پێویستی بەراهێنان، فێربوون و پێگەیاندنی زیاتر هەیە. ئەوەش ئەرکی خۆیانە: بەڕادەی دەرکەوتنیان، دەبێت ئەوەندەش لە خۆیاندا سەرمایەگوزاری مەعریفی بکەن.

شرۆڤەکار بەرچاوڕوونی و دەستگیرۆیی بینەرێکی وەک من بکات کە چۆن لەگەل فشاری ئەو جەنگ و مەترسیەدا ژیانم قڵپنەبێتەوە. کەچی بەجۆرێک هەستمکرد شێواندنێک لە هەڵوێست سەربارەت بەجەنگەکە و لایەنگیری کام بەرە بۆ خەڵکی رۆژهەڵات هەبوو. کەچی هیچ گەرەنتی و پاساوێکی کردەییان نەبوو.

هەرێم بەشێک نییە لەو جەنگە، بەڵام درۆنبارانیش دەکرێت. هاوکێشەکە و پەیوەندی دەرفەت و هەڕەشە ئاڵۆزترە. وەکچۆن دەبێت لە ئەزموونی مێژوو فێربین، بەڵام تێیشدا قەتیس نەبین. بێلایەنی ئەگەرچی وەک بژاردەیەکی ئەقڵانی دەردەکەوێت، بەڵام بێ حسابکردن بۆ ژیان و ئابووری و گەرەنتی پارێزراوی هەرێمەکە، لاوازییە.

هەندێکی لەوانەی لەگەڵ سیاسەتی ئەمریکا و ئیسرائیلدان، بەتایبەت ئاڕاستە نەتەوەییەکە لایەنگیریی دەکەن. ئەوانەشی مەیلی دژەئیمپریالیزم یان پاڵنەری مۆراڵیان هەیە بەهۆی ئایدۆلۆجیای چەپ یان ئیسلامیەوە، شکستی دۆخەکە دەبینن. کاتێکیش ئەو بۆچوونە تایبەتیانە دەردەکەون، تیڤیەکان جارێکیتر بانگیان ناکەنەوە.

هەر ئەوانەی هەواڵی رۆژانە و هەفتانە دەخوێننەوە، ئەو مێزگردانە دەبەن بەڕێوە. راگەیاندکارێک ئابووریناس دەبێت لە ئابووری بدوێت نەک بێرژەرێک. کەسێک سەروسەودای لەگەڵ سیاسەتی نێودەوڵەتی هەیە، دەبێت میوانەکانی ئامادەبکات. بەڵام کاری میدیای لای ئێمە ئەوەندە بەسووک و ئاسان دەبینرێت، بەرەو ئەوپەڕی ئیستهلاکیەت چووە.

بەرەمەزان راگەیاندن دەگۆڕێت بەمزگەوت لەپێناو راکێشانی سۆزی رۆژووان. ئینجا بەرنامەی دژیەک پێشکەشدەکرێت، لەلایەک بابەتێکی رابووادن. لەلایەکیترەوە خەڵکی والێدەکەن بۆ خیزانیک کە نانی ئیوارەی نییە بگری و پێشکەشکارەکەش وەک فریشتەی نەجات دەربکەوێت،

ئەم جۆرە بەرنامانە بەزۆری ریکلامە بۆ کەناڵەکە و پێشکەشکارەکە نەک پرسی هەژاریی. جگەلەوە، مرۆڤی کەمدەست فێری دەرۆزەکردن و رووشکێنی دەبێت.

میدیا لەجیاتی ئەوەی پێش ئاستی خەڵکی بکەوێ و دەرگایەک بەرووی روناکبیری و فێربوون و شارستیانیەدا بکەنەوە، دووای ئەنگیزەی خەڵکی کەوتوون. زۆرجار بەزمانی “بازاڕی” شتی ئاستنزم پێشکەشدەکرێت وەک ئەوەی ئیتر هیچی تریان نەبێت.

راستە، هەر بەرنەمایەک بینەری خۆی هەیە. بەڵام بەزمانێک لە رووی ئەتەکێت و دەربڕین و پاراوییەوە کۆڵەوار نەبێت.

تۆ بڵێی لە چل پەنجا ملیۆنە مرۆڤ، سێچووار شرۆڤەکاری شارەزا نەبێت؟

بەرپرسە سیاسییەکان بەرمەبنەمای چی بڕیاربدەن ئەگەر شرۆڤەکارەکان کارئاسانی نەکەن؟

یان ئەوە هۆکارێکە کە سیاسیەکان فەڵتەی گەوەرە بکەن؟

رەنگە بووترێت ئەوان گوی بۆ کەس ناگرن. رەنگە ئەوانیش بڵین؛ بۆ شارەزا هەیە تا گوێی لێبگرین؟

Images:

  • chenspec
  • geralt
  • GDJ
 

© 2026 Nawzad Jamal
548 Market Street PMB 72296, San Francisco, CA 94104
Unsubscribe

د. نەوزاد جەمال

دکتۆرا لە فەلسەفەی رەخنەگەرایی کانت

Check Also

”میتامۆرفۆسەکان”ی ئۆڤید

ئامادەکردنی: كامۆ حەوێزیی یەكێك لەو بابەتانەی كە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا گرنگی پێدراوە، ئەفسانەیە، ئەفسانە ئەو …