نەوزاد جەمال
بەکاربەری ‘کورد’ وەک هەر مرۆڤێکیتری گۆی زەوی لە “دۆخی دیجیتاڵیی”دا ژیان دەکات و زۆر جیاوازتر نییە لە گەلانی تر. ئەگەرچی گەلانی پێشکەوتوو لە تەکنۆلۆجیادا یەکسەر نەکەوتوون بەسەر ئەو داهێنانەدا، بەجۆرێک ئامادەیی و زەمینەسازی سیاسی و کولتووری و پەروەردەییان هەبووە. چیتر تەکنۆلۆجیای ‘ژیری دەستکرد’ و تۆڕەکان چیتر وەک دەیەی رابوردوو بۆ ئەوان دیاردە و ئامرازێکی نوێ نیین. بەڵام، هێشتا بۆ مرۆڤی ئێمە نوێیە و لێکەوتەی پێشبینی نەکراوی هەیە.
هەڵبەت، ئەم دەرکەوتە گەردوونییەی تەکنۆلۆجیا، گەلان و مرۆڤەکانی وەک یەک لێکردووە، بەجۆرێ کە هەستدەکەیت رەفتاری بەکاربەرێکی کورد لە عەرەبێک و ئوسترالییەک بچێت. لێکچوونەکە بە واتای هەڵگرتنی تەواوی جیاوازییەکانی نێوان ئەو خەڵکانە نییە، بەڵکو ئەوەیە کە هەموو سەردەمەکەی خزاندۆتە تۆڕەکانەوە و رەفتارییان پێکدێتەوە.
مرۆڤ بەجۆرێک توڕدراوەتە نێو تاڵ و پەتەکانی تۆڕەکانەوە کە هەستدەکات ژیانی بەبێ ئەو پانتاییە دەوەستێت. ئەم دۆخە بوونەکییە، نەک هەر وایکردووە کە هەستکەین بە دیواری تۆڕەکانەوە لکاوین، بەڵکو وەک چیرۆکەوێنەیەک پێوەی چنراوین و ژیان و بوون و رەفتار و هەڵسوکەوتمان لێی جیانەبێتەوە.
شەپۆلی ئەم دۆخە تەکنۆلۆجییە سەرتاسەرییە کە هەموو شتێک رادەماڵێت. جارێک وەک کەف و بڵقێکی سپی سەرئاومان دەخات، جارێکیتریش بە لێشاوەکانی کەف و بڵقەکان ئەتەقێن!
لە راستییدا، ئەمە دۆخە ئاساییەکەیە. بەڵام، ئەوەی لەنێو ئەو هەموو بڵقانەدا سەیرنییە؛ هەبوونی بڵقی گەورە و فوودراوە. واتە، ئاڕاستەکراو و ئامادەکراون.
بەنموونە؛ “ئایکۆنەکان”ی نێو تۆڕەکان، ئەو کاراکتەرە ناسراوانەی وەک تیکتۆکچی، لایڤستریمەرەکان، وتاربێژ، شرۆڤەکاری بێ زانست، جنێوفرۆشەکان، یان ئەوانەی لەخۆڕادەبین قسە هەلەق و بێسەرووبەرە وەک ئامۆژگاری بفرۆشنەوە. تەنانەت، کۆی ئاخاوتنە بەناو ئایینی و حزبی و سیاسییە بەتاڵەکان کە زۆرترین “جەماوەر”یان هەیە لەم جۆرەن.
بە ئاشکرا؛ بڵقی فودراو و گەورەکراو سەرقاڵی رشتنی ژەهری شیرینن. ئامانجیان سەرقاڵکردن و دروستکردنی مەراقن لای بینەر، بە تێوەگلاندنیان لە گێژاوی پرسی ‘ئاستنزم’. ئەو پرسانە نە پرسی ئەمڕۆن و نە کێشە بنەڕەتی ژیانی ئێمەن. زڕەگرفتن، زڕەپێویستی و زڕەهەواڵ و زڕەزانیاریین.
لە کاتێکدا زۆرترین بینەر و بیسەر و وەرگریان وروژاندووە و لە خۆیان کۆکردۆتەوە. ئەم ئایکۆکانە وەک پورەی هەنگ وان؛ ژاوەژاوی زۆر و زیڕەزیڕی بێ ئەنجام. تەنانەت، پێوەدانەکانیشییان بەکوشتنی خۆیان تەواودەبێت.
بڵقەکان، لە پێناو شاردنەوەی راستییە بنەڕەتییەکانە، پرسی ‘بێ بەها’ دروستئەکەن. ئەگەرچی، ئەو راستییە تاڵە دەبیستینەوە کە “خەڵکی” حەزی بە ‘راستییەکان’ نییە، بەئەندازەی سەرگەرمی بابەتێکە کە مەیل و حەزە چەپێنراوەکانی تێربکەن.
بەڵام؛ خۆ ئەوە هۆکارەکە نییە تا بکرێ بە پاساوی فریودانی گشت بە ناوی ئایین، رۆحانیەت، سیاسەت و رۆژنامەنووسی بەتاڵ و فۆرمە سادەکانی ئامۆژگاری و هتد…
سوودوەرگرتن یان قۆستنەوەی ‘ماتەوزەی’ خەڵک و هەروەها واقیعی دابەشبوونی سیاسی و حزبی و خێڵەکی و ناوچەیی و ئایینی هتد… هەموویان زەمینەیەکی لەبار و ژینگەیەکی گونجاویان هێناوەتەئاراوە. هەر سەیر نییە کە هێزەدەرەکەییەکان، وڵاتانی هەرێمی بەتایبەت و زلهێزەکان لەنێو تۆڕەکاندا بە داشەکانیان تەراتێن دەکەن.
کاتێ کە بکەرەکان خۆماڵین، گەمەکەش بە ئایین و بە زمان خۆمان دەکرێت. وەکچۆنیش هەر بینەرەکە و زیان لێکەوتووەکەش هەر خۆمانیین.
بەڵام، ئەزانین کە بکەرەکە خۆماڵییەکە، بوونەوەرێکی هەلپەرستە. چونکە، لە هەزار پێست و بەرگدا خۆی مەڵاسداوە و تەنها لەپێناو بەرژەوەندی گورگ ئاسا ناخییدا.
Images: https://pixabay.com/fr/
نەوزاد جەمال
دکتۆرا لە فەلسەفەی رەخنەگەرایی کانت