ڕۆمانی ”شەرم”، ئانی ئێرنۆ

خوێننەوەی: کارۆلین ئاوەر   

لە فەڕەنسیەوە : ئاکام ئازاد


ڕۆمانی شەرم لە نووسینی ڕۆماننووسی فەڕەنسی و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیاتی ساڵی ٢٠٢٢ یەکێکە لە گرنگترین نووسینەکانی نووسەر کە تیایدا ڕۆشنایی دەخاتە سەر چەندین بابەتی کۆمەڵایەتی گرنگ.  

لە حوزەیرانی ١٩٥٢ ٫ ئانیی د. ی دوانزە ساڵان دەبێتە بینەری دیمەنێکی توندوتیژ لە نێوان دایک و باوکیدا. ئەم چیرۆکە تراوماییە وەک ئاشکراکارێک خۆی دەنوێنێت و ئانیی بە ئاگا دێتەوە لە واقیعیەتی ئەو ژینگە کۆمەڵایەتییەی کە تێیدا گەورە بووە. دایک و باوکی خاوەن قاوەخانەیەکن[1] لە ئیڤتۆ، شارۆچکەیەکی نۆرماندیە لە ناوچەی دو کۆ[2]، کە پێشتر کرێکار بوون و تینوی دانپێدانان و بەرزبوونەوەی پلەی کۆمەڵایەتی خۆیان بوون. هیواخوازبوون هەموو دەرفەتێک برەخسێنن بە کچەکەیان تا لە ژیان سەرکەوتوو بێت . ئانیی دەخرێتە قوتابخانەیەکی ئایینی لەگەڵ منداڵانی خێزانە بۆرژوا بچوکەکانی ناوچەکە. ئەو جیاوازیانەی لەگەڵ قوتابیەکانی تر هەیەتی، بە ئاستی سەرکەوتنەکانی وەکو قوتابیەکی لێهاتوو قەرەبوو دەکاتەوە. ئەگەر تا ئەو کاتە ئانیی بێ ئاگابوو بەڵام لەوە بەدواوە هەستی بەو جیاوازییە کرد کە لە نێوان ڕەفتاری خێزانەکەی و ژینگە پەروەردەییەکەی لە قوتابخانە ئایینیە تایبەتەکەی دا. لەو ساتەیشەوە سەرنجی دا کە دایک و باوکی بە زمانێکی خراپ خۆیان دەربڕیوە، کە تێکەڵ بە پاتوا[3] بوو. هەروەها هەست بە بەبێ بایەخیی و بێباکیی و گرێی نزمیی پلەی کۆمەڵایەتیان دەکات.

ئانیی ئێرنوو ژیانی خۆی کردووەتە کەرەستەی ئەدەبیی بۆ نوسیەنەکانی و بەهۆی چیرۆکە ئۆتۆبیۆگرافییەکانی، ژیانی خۆی دەگێڕێتەوە و لە ڕێگەی گەشەکردنی کەسایەتی تایبەتی خۆی ڕۆشنایی دەخاتە سەر گۆڕانی کۆمەڵایەتیی. ”شەرم”، دەقێکی کورت و چڕە  کە ناسنامەی ئانیی وەک تاکێک کە دەیەوێت لە چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا هەڵبێت دەخاتە ژێر پرسیارەوە. نوسەر وەک چاودێریکارێکی وردی چینێکی تایبەتی کۆمەڵگاکەی کە چینی ناوەڕاستە هەوڵدەدات دووبارە جیهانە بچوکەکەی سەردەمی منداڵی خۆی بونیاد بنێتەوە و وردەکاریەکان بەشێوەیەکی بەڵگەنامەییانە تۆمار بکات لە ڕێگای لیستێک لە وێنەکان و یادەوەریەکانی ئەو سەردەمە.

ئانی ئێرنۆ قاوەخانەکەی دایک و باوکی و قوتابخانە تایبەتەکەیمان نیشان دەدات و تێڕوانینە وردەکانی لەسەر ساڵەکانی ١٩٥٠ و ئاشکراکردنی گۆڕانە ڕیشەیی و بنچینەییەکانی ئەو کۆمەڵگایە.

داڕشتنەوەی ئەدەبیی و شێوازی  نووسەر کە گەڕانە بەدوای ڕەوانێتی و بێگەردیی دەبێتە پرۆسەیەک کە تیایدا دەگات بە فۆرمێک لە حەقیقەت. بۆ تێگەشتنی باشتر لەو گەشتە تایبەتییەی، ئێرنۆ میتۆدێکی ڕەچەڵەکناسییانە لەسەر خودی خۆی بەکاردەهێنێت. ئێرنۆ دوچاری ململانێیەکی سەختی دەروونی و ناوەکی دێت لە نێوان خۆشەویستی بۆ دایک و باوکی و ئەو جیهانە جیاوازەی خۆی دەیەوێت. لەیەک کاتدا شەرم لە بنەچەی خۆی، دایک و باوکی، ئەو ناوچەیەی تێیدا دەژین و نەخوێندەوارییەکەیان دەکات، لەهەمان کاتیشدا شەرم لە بوونی ئەم هەستە و هەستی خیانەتکردن بەرامبەریان و بێ وەفایی دەکات. ترسی ئەوەی کە ببێتە ”دوژمنی چینە کۆمەڵایەتیەکەی” خۆی وازی لێناهێنێت. ئەو چیتر سەر بە بنەماڵەکەی خۆی نییە، ئەگەرچی لەلایەن بۆرژواکانەوە وەکو یەکێک لە خۆیان هەژمار نەدەکرا کە سەرکەوتنی لە خوێندندا بەرەو ئەوان پاڵی پێوەدەنێت. ئەو پەروەردەیەی کە وەریدەگرێت پێویستی بە ملکەچبوونە بۆ کۆنفۆڕمیزمی جیهانێک کە ئەو لە لەدایکبوونەوە سەر بەو جیهانە نییە.

هزری قوتابخانەی شایستەگەرایی کە سیستمێکە تیایدا پلە و پێگە کۆمەڵایەتیەکان بەپێی بەهای تاکەکان دابەشدەکرێت وەکو هۆکارێکی گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی کاردەکات، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە بە واتای ڕیشەدەرهێنانی کۆمەڵایەتی دێت. ئانی ئێرنۆ لەم ڕێگەیەوە زاڵبوونی کۆمەڵایەتی بۆ ئاشکرا دەبێت. ئەو هیشتا خاوەنی ئەو پاشخانە هزریە پێویستە نیە بەڵام هەوڵی بەدەستهێنانیان دەدات. بەرزبوونەوەی پلەی کۆمەڵایەتی بەرهەمی بەدەسهێنانی زانینە لە ڕێگای خوێندنەوە؛ لەبەرامبەردا دایک و باوکی ئێرنۆ تووشی هەستگەلێکی پەنهان دەبن. سەرسامبوون بە سەرکەوتنی کچەکەیان تێکەڵبووە بە گومان و ناتێگەشتن، زەلیلبوون و بێهودەیی. کولتوور و زانین  ئێرنۆ دووردەخەنەوە لە خێزانەکەی و خۆی لە بارودۆخێکی تەنیاییدا دەبینێتەوە. دابەشبوون لە زماندا بەتایبەتی گرفتێکی کۆمەڵایەتی نیشان دەدات کە نەبوونیی مادی بەهێزتری دەکات. ئەوە دەبێتە ڕێگەیەکی لەیەک ترازان و چیرۆکێکی چڕ.

سەرچاوە :

https://www.parisladouce.com/2021/08/la-honte-annie-ernaux.html

[1] ئەم جۆرە قاوەخانانە لەو سەردەمەدا وەک دوکانێک وابوون کە شمەکیشی تێدا دەفڕۆڕشرا

[2] باکووری فەڕەنسا

[3] زمانێکی ناوچەییە و ستاندارد نیە

Images: https://pixabay.com/fr/

ئاکام ئازاد

ماستەر لە زمانی فەرەنسی

Check Also

ڕۆمانی فڕینی پردەکان

ڕۆمانێکى تەواو جیاواز چاپ و بڵاودەکرێتەوە ئەم ڕۆمانە بۆ یەکەمجار لە پێشەنگای نێودەوڵەتی کتێب لە …