دیدار تەها

چرۆکردنی ویستی باڵاکان شتێکی بێ پاساوە.
هاوشێوەکان ئەوەندە نەبینراون کە کۆچ بکەن بێ ئەوەی هەستیان پێ بکرێت.
ئێمە ڕێی ئاڵۆز و پارچە پارچەمان گرتەوە بەر، بۆ ئەوەی تۆزقاڵێک شتە نادیارەکە ڕۆشنایی زیاتر بدات.
من هەم، تۆهەیت، بۆ ئەوەی ببینە دەنکۆڵە خۆڵێکی ژێر خاکە بەرزەکان.
ئەوەندە بچوکین؛ کە تا سەر ئەژنۆمان خوێنە و وامان لێدەکەن بە پەنجە لەتکراوەکانی کەسێکی تر بیشارینەوە.
ئارەزوومان بێت یاخود نا، هیچ حەوسەڵەیەکی گوێگرتن لە ئارادا نەماوە،هەندێکمان بە نیگا وێرانبووەکانمان ملی بەرزاییەکە دەگرین بۆ بڕێک لە ئومێد، ئەگەرچی فکرزانین کە بە هەر هەنگاوێکی ئێمە ئەبینە خۆراکی ئەوان.
هەر جارێک بمانەوێت لە قوژبنێکی هەورەکان بتانبینین دەبێت دەماری ملمان ببڕین، لێرەوە ڕەگ دەگرێت و نەفرەتی دەیان ساڵ نەهامەتی دەبێت بە گوڵێکی گەشاوە بۆ شوێنی حەسانەوەتان.
وردە وردە شیدەبینەوە بێ ئەوەی کەس بوێری لادانی هەبێت و بڵێت من نابمە پاسەوانی ڕێگاکەتان.
تەماشا دەکرێین وەک ئەوەی ماسیەک بین و داوای فڕین کەین؛ گلێنەی چاومان وەدەرنێ و بیکە گەمەی بێچووەکەتان، لە ڕیزێکی بێ کەمووکورتی دەوەستین و ئازاری یەکتری دەخوینەوە، نەوەک هەراسانتان بکات.
تاکە دیدەنی لەگەڵ ڕاستی هەر ڕێگای نەمان بێت.
دەبا نەمێنین.
transcultures ترانسكولتوور