خۆئاگایی لە نیوان مەلای جامی و خەونەکەی دیکارت

کاتێک کوردەکە بەئاگا دێتەوە؟

د. نەوزاد جەمال


      رەنگە پەیوەندی کورد و مەلای جامی(1414 – 1492) لە خوێندنی کتێبی ‘شەرحی کافیە’ بێت لە حوجرەکانی کوردستان. نازانم مەلاکان بەسەرهاتی کوردەیان لە کتێبی ‘سەلامان و ئەبسال[1]‘ی ‘جامی’ بیستووە یان چۆن تێیگەیشتوون؟ بەڵام، رۆمانووسی کورد و جیهانی ‘بورهان سونمز’ ئەمساڵ لە وتەیەکدا بەسەرهاتەکەی لە سۆنگەی ‘پرۆسەی ئاشتیی’ وەک فۆرمێکی خۆناسین باسکردووە. وەک ئەوەی بە ئەقڵی سیاسی تورک بڵێت: ئێوە هەر ناسینی کورد وەک نەیار لە پێش خۆناسین دادەنێن، بڕۆن خۆتان بناسن-تورک کێیە- ئینجا وەرن بڵێین کورد هەیە [2]. 1- کوردەکەی جامی جامی لە ‘سەلامان’دا هەستی خۆی بۆ ئەوینە باڵا-خوا-کەی دەردەبڕێت کە چۆن ئاگایی نەیتوانیووە پەردەی پەنهانی ‘ئەو’ ببڕێت. ئیتر خۆی بە بێئاگایەک-غافڵ- دێتەبەرچاو، لە کاتێکدا وێنەی ‘ئەوی باڵا’ لە هەموو لایەکدا بەرجەستەیە. جگەلە ئەو، هیچ کەس لەم جیهانەدا نابینێت… پیرۆزی ئەو هیچ بواری بۆ -دوالیزم-دووانەیی- نەهێشتووەتەوە. دەپاڕێتەوە لە دەردی باوەڕی دووانەیی(دابڕانی خوا لە جیهان) رزگاری بکات. تاکوتەنهایی خوا بریتییە لە ‘یەکبوون’( یەکێتی خوا و جیهان). خوایەک کە پیاوە کوردەکە کە لێیدەپرسێت؛ خوایە ئەمە تۆی یان منم، رزگارم بکە. ئەگەر ‘’تۆ’ ئەو بیت، زانین و هێز لە کوێوەیە؟ ئەگەریش ‘ئەو’ تۆ بێت، سەرچاوەی ئەم پەستی و کەموکوڕییە کێیە؟[3] بەسەرهاتەکەش بەمجۆرەیە: ‘کوردێک دوور لە گۆڕانکارییەکانی زەمەن بەرەوشار، بیابان و کەژوکێوەکان دەبڕێت[4]. شارێکی قەرەباڵغ و بێسەروبەر و پڕهاتوهاوار و جەنجاڵ دێتەڕێ. کاتێک خەڵکەی بەم جۆرە دەبینێت، خێرا بەناویاندا رەتدەبێت و لەلایەکی رێگەکە هەڵوەستەیەک دەکات و دەڵێت؛ ئەگەر خۆم لەناو ئەم ئاپۆڕایەدا بەردەم، رەنگە بزربم. ئەگەر نیشانەیەک بەخۆمەوە نەکەم، چۆن دوواتر خۆم بدۆزمەوە؟ بەرێکەوت کولەکەیەکی بەدەستەوەیە لاسکەکەی وەک نیشانە بەپێیەوە گرێدەدات. سا ئەگەر بزربوو، خۆی پێبناسێتەوە. فێڵبازێکیش چاوی لێیە، کاتێک خەوی دەیباتەوە پەتەکە لە پێی دەکاتەوە و دەیکاتە پێی خۆیەوە. کە کوردەکە بە ئاگادێتەوە، دەبینێت پەتەکە لە پێی کەسێکی لاتەنیشتییەوەیەتی. بۆیە تێی ئەخوڕێت: ئەی بێدین هەستە، بەهۆی تۆوە لە حاڵی خۆم دۆشداماوم. چیتر دڵنیانم کە ‘من’ تۆم یان ‘تۆ’ منی؟ ئەگەر ‘تۆ’ من بیت، چۆن پەتەکە چۆتە پێتەوە؟ ئەگەر منیش ‘تۆ’ بم، چۆن بەم

حاڵە گەیشتم؟ چیتر نازانم کێم”؟

٢- کوردی دێکارتی دێکارت (1596-1650) لە رامانی یەکەمی کتێبی ‘رامانەکان لە فەلسەفەی یەکەم’(1641)دا دەپرسێت: چۆن بێداری لە نووستن جیابکەمەوە؟ کاتێک لە خەودا هەستیدەکرد لەسەر مێزی نووسینەکەیەتی یان لە بەردەمی ئاگردانەکەیدا دانیشتووە. بەڵام، پاش هەستان دەردەکەوێت ئەوەی بینیوویەتی و هەستی پێکردووە خەونە. چونکە هێشتا لەناو پێخەفەکەیدا راکشاوە. جیاکردنەوەی خەون لە راستی سەختە. چونکە، مرۆڤ لە خەویشییدا هەست بەو شتانەی روودەدەن دەکات. ئیتر ناکرێت هەستکردن ببێتە بنەمای دڵنیابوون و زانینی راستی و جیاکردنەوە خەون لە واقیع. بۆیە، دێکارت گومان لە راستی رووداوەکان و رۆڵی هەستەکان دەکات. لە دەستەواژەی کۆجیتۆ ‘من بیردەکەمەوە، بە ناچاری هەم[5]‘ دا بە گومانکردن لە هەستەکان بەرەو سەلماندنی راستی بوونی خۆی دەچێت. گومان سەرەتای بیرکردنەوەیە، بۆ دڵنیابوون لە هەبوونی شتەکان. کاتێک ئەقڵ هۆشیارە بە ‘ کرداری بیرکردنەوە’ی خۆی، وەکچۆن دڵنیایە لە بیرکردنەوەکانی، ئاوەهاش دڵنیا دەبێت لە خۆی. دەکرێت گومان لە ‘بوون’ بکەیت، بەڵام ناکرێت گومان لە بیرکردنەوە خۆی بکەیت، ئەگەر بیرنەکەیتەوە. جیاکردنەوەی واقیع لە خەون، خۆناسین و بە ئاگاهاتنەوەیە لە بوونت نەک هەستکردن پێی. خۆناسین کردارێکی ئاوازمەندانەشە. لەبەرئەوە دەبێت مرۆڤ سەرەتا لە بوونی خۆیەوە دەستپێبکات، نەک وێناکردنی ئەویتری باڵادەست وەربگرێت. داگیرکردن تەنها دەستبەسەراگرتنی رووبەرێکی جوگرافیی نییە، بەڵکو پاوانکردنی پانتایی هۆش و ئاگایی و ئەقڵە. تا ئێستەش ‘’ئێمە’‘ ناسنامەمان لە گێڕانەونەوەی ئەوانیتر( گەڕیدە، رۆژهەڵاتناس، مێژوونووس و سیاسی(ئەورپی یان تورک فارس ئەرەب) پێناسەکردووە. هێشتا خۆمان نەناسیووە. چونکە نەمان پرسیووە “کێین” بەڵکو کێمان پێدەووترێت، چۆن باسدەکرێین. سیەسامەتدار، میدیاکار، پسپۆڕانی مێژوو بە میکرۆسکۆپ بەدوای ئەوەوەن فڵانە بیانی چی دەربارەی ئێمەی ووتووە و دەڵێت! ئیتر لە مێشکماندا ئەویتر حزوری لەپێشترە. ئەوەشی نەخشەی وێنەی کوردی کێشاوە، ئەویترەکانن کە خاوەنی کانڤاس، فڵچە و بۆیاخ و کەرەستەکانن. ئێمە تەنها وێناکراوەکەین. بەڵام “نارسیستانە” بەشانوباڵی وێنە کێشراوەکەدا هەڵدەدەین. لە بیرمان دەچێت ئەوە تەنها رەنگ و بۆیەیە، کاخەزە! خۆڕادەستکردن بە دەسەڵاتی پێناسەکار جۆرێکە لە بندەستیی. چونکە دەتووانن دابەشمان بکەن بۆ کوردی باش و خراپ. لە جۆرج بۆش تا ترەمپ، لە وەزیری دەرەوی روسیا تا ئەلیکساندەر دوگین، لە ئەردۆگان تا لاریجانی و پلەدارەکانیتر کوردی باش ئەوەیە لە باوەشی ئەواندا چاوبکاتەوە، شیری ئەوان بخواتەوە و منداڵێکی دەستەمۆ بێت! ئەوانیتر هەموو تیرۆریستن. ئەنجام ئاخر ‘منی’ کورد لەم جیهانە جەنجاڵ و پڕ گۆڕانکارییەدا چی دەکەم؟ کێم؟ مەبەستم ئەوە نییە بێئاگاین لە سەردەمەکە. بەڵکو وەڵامی ‘من کێم’ توانا و خۆئامادەکردنی تێدایە. دەکرێت وەک مرۆڤێکی سەرەتایی چاوەڕێی هەوەرەکە بین بەسەر کێڵگەکانماندا دابارێت، بپاڕێنەوە بگەینە وەرزی درۆینە، بەرڕنین، فرۆشتن و خواردنی. دەشتوانین دەستکاری رێژە و ئاڕاستەی دابارین بکەین. هەموو وەرزێک بەرهەممان هەبێت و خۆ بزرنەکەین. چیتر ناتوانین لەم سەردەمەدا بە بەستنی پەتێک بە خۆمانەوە، بزرنەبین. دەتوانین ‘کوردبوون’ بە گەشتێکی ئاگاهاتنەوە و خۆناسیی وەک زانستێک ئەزموونکەین. فەلسەفەی پشت دەربڕینەکەی جامی پێت دەڵێت: هەر کەس ناسنامەی بە نیشانە و پێناسەیەک لە دەرەوەی خۆی دەستنیشان بکات، سەرگەردان دەبێت. بەلاچوون و گۆڕانی نیشانەکە، هەر خۆی دیارنامێنێت. [1] چیرۆکی سەلامان لە یۆنانیەوە هاتۆتەناو ئەدەبیاتی عیرفانییەوە ناوی کوڕی شایەکی یۆنانییە کە دایەنێک بەناوی ‘ئەبسال’ پەروەردە دەکات. دوواتر ئاشقی یەکتردەبن و لەبەرئەوە سەری خۆیان هەڵدەگرن. باوکەش بە ئاوێنەیەکی جادوویی دەیاندۆزێتەوە. سەلامان بە زۆر دەگەڕێنێتەوە، بەڵام دیسان هەڵدێتەوە. لە کۆتاییدا هەردووکیان دەچنە سەر دەریا و ئاگریان تێبەردەبێت. بەڵام سەلامان خۆی ڕزگار دەکات و ئەبساڵ دەسوتێت. [2] https://serbestiyet.com/haberler/ikinci-yuzyilda-cumhuriyetin-demokratik-donusumu-konferansi-basladi-242063/ [3] نورالدین عبدالرحمن جامي: سلامان وأبسال. ترجمة عبدالعزیز بقوش، لاپەڕەکانی 8-10. ط٢ المرکز القومي العربي ٢٠٠٩. [4] جامی کوردی وەک مرۆڤیکی دەرەشارستانی، کێویی بیابانی وێناکردووە لەکاتێکدا هەمان چیرۆک گوندییەک(عەرەبی بیابانی) نەک کورد لای ‘عەتاری نیشابووری’(١١٤٥-١٢٢١) هەیە. کتێبی ‘موسیبەت نامە’ چیرۆکی ٢٣/٤ ل.٣١٦(عطار نیشابوری؛ مصیبت نامە. مقدمه، تصحیح وتعلیقات محمد رضا شفیعی کدکنی. انتشارات سخن/ تهران چاپ هشتم ١٣٩٧). رەنگە ‘کورد’ پتر وەک ‘’هێمایەک’ بۆ مرۆڤێکی ناشارستانی دەرەشار وکێویی خۆنەناس بێت وەک ئاماژە بە گەلێک بکات. ئەگەرچی تەوزیفکردنی ئەو وێنەیەی کورد لە داڕشتنەکەی جامی جێی هەڵوەستکردنە.

[5] Cogito, ergo sum

    دکتۆر نەوزاد جەمال

  © 2026 Nawzad Jamal
548 Market Street PMB 72296, San Francisco, CA 94104
Unsubscribe

Check Also

قەیرانی ئاو، ئاڵنگارییەکی کپ و بێ دەنگ

د. مەدیحە سۆفی گرنگترین سامانە سروشتییەکان، کە بۆ بنیاتنانی شارستانییەت، ژیاری زیندەوەر، ئابووری، پیشەسازی و …