زیندان و کۆڕەو

دۆستۆیڤسكی، بەیان سەلمان

 

رەفیق سەعید


بەراوردێك لە نێوان دوو كتێب كە جیاوازی نوسینیان سەدەیەكە لە زەمەن دەبێت. یەكێكیان ڕۆمانە و ئەوی تریان ژیاننامەیە. نوسەرەكان:  دۆستۆیڤسكی ”گەورە ڕۆمانووسی ڕووسی و جیهانییە” مرۆڤ دۆست و ژیان دۆستێكە بێ جیاوازی بوونەوەرەكان. دۆستۆیڤسكی ی بروای وایە دادوەرەكانیش بەدەرنین لە تاوان، وەك خۆی دەڵێت: گەر یەكێك ویستی ببێت بە دادوەر بەسەر كەسانی ترەوە، دەبێت هێندەی ئازارەكانی ئەوانی چەشتبێت… ئەو بیرمەندە، ئەوەمان پێدەلێت كە تاوانباران زۆر جار قوربانی ئەو بارو دۆخە كۆمەڵایەتییەن كە تیایدا ژیاون و دەژین. واتە قوربانی ژینگەن. ئەوی تریان نووسەر و ڕۆماننووس خاتوو ”بەیان سەلمان” لەدیكبووی شاری نەتەوە جیاوازەكانە (كەركوك) مرۆڤیكی جوانی نێونەتەوەیی و مرۆڤ دۆست كە بەرهەمەكانی بەچەند زمانێك دەخوێندرێنەوە. وەك خۆی دەڵێت : هەموو کەسێک، نەک تەنها خاوەن فیکر، ئازادە لەوەی کام ژیان بۆ داهاتووی خۆی هەڵدەبژێرێت و چۆنی هەڵدەبژێرێت. نووسەرەكەی ئێمە، كارەساتێك دەگێرێتەوە پێمان دەڵێت، لە هەموو شوێنێكی دونیادا ئازار و چەوساندنەوە بوونی هەیە، ئەوە مرۆڤەكانن دونیا دەگۆڕن بە شەڕانگێزی و لەناوبردنی یەكتری. پێش ئەوەی ڕۆمانی ”یادگارییەكانی خانەی مردووان”ی (دۆستۆیڤسكی) كە یەكێكە لە بە چێژترین ڕۆمانەكان خوێندبێتمەوە لە ناو ڕۆمانەكانی ئەو نووسەرە، كە هەر كەسێك ئەم شاكارەی خوێندبێتەوە ئەو ڕاستییە باش دەزانێت، زۆر باش لەوە تێدەگات بەچی ڕۆحێكی گەورە ئەو ڕۆمانە نووسراوە. ڕۆمانێكی زۆر گرنگە، تەنانەت ئەلێكساندەری دووەمی ئیمپراتۆر بەدەم خوێندنوەیەوە گریاوە و فرمێسكی بەسەر لاپەڕەكانیا باراندوە، زادە ئەزمونی خودی خۆیەتی بەڵام یاریەكی زۆر هونەریانەی كردووە لە گێڕانەوەیدا داویەتییە پاڵ كابرایەك بەناوی (ئەلێكساندەر پتروڤیچ) و بە زمانی ئەوەوە گێڕاویەتییەوە، گوایە ژنەكەی خۆی كوشتووە و لەسەر ئەوە دەساڵ حوكم دراوە. لە ڕاستیدا ئەو خۆی دوای بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی ”هەژاران” كە ئەویشم هەر ماوەیەك بەر لە ئێستا خوێندەوە. بە تومەتی سیاسی و چالاكی نهێنی گیراوە ساڵی 1849 بە چوارسا ڵ حوكم دراوە، بێگومان خوێنەر لەو یاریە تێدەگات و بەسەریدا تێناپەڕێت، كە خۆی لە واقیعەكەدا ژیاوە. هەر بەهۆی نوسینی ئەم ڕۆمانەوە، واتە  ”یادگارییەكانی خانەی مردووان”ەوە سزای ئەشكەنجە لەسەر زیندانیانی ڕووسیا هەڵگیراوە و بەتەواوەتی هەڵوەشاوتەوە. بەر لە نزیكەی ساڵێك زوتر كتێبی ”ئەو هەورە كپە”م خوێندەوە و چێژێكی زۆرم لێوەرگرت كە خوێندنەوەم بۆ كرد، پرسیارم لە بەڕێز نووسەر بەیان سەلمان كرد كە ئایا چۆن ناوی ڕۆمانت لێ نەناوە ؟ دەستخۆشی ئەوەی لێكردم كە خوێندنەوەم بۆ كتێبەكە كردووە، بەڵام لەسەر ئەوەی كە بۆچی ناوی ڕۆمانی لێ نەناوە …؟ وەڵامێكم وەر نەگرتووە، دەمەوێت هەندێك بەراوردی كەرەستەكانی نووسین لە كتێبی ”ئەو هەورە كپە” بكەم لەگەڵ ڕۆمانی ”یادگارییەكانی خانەی مردووان”، لەم ڕۆماندا كۆمەڵێك بەنكراو بڕیاری لە سێدارەدانیان بۆ دەردەچێت. لە ڕۆژی لەسێدارەدانەكەیان سزاكەیان جێبەجێ ناكرێت كە ژمارەیان دە كەسە، تەنیا یەكیكان بەخت یاوەری نابێت و لە سێدارە دەدرێت. دۆستۆیڤسكی و ئەوانیتر ڕەوانەی تاراوگە بۆ سیبیریا دەكرێن، لە بەندیخانە ئەو ماوەیە بۆی دانراە كە چوار ساڵ بەسەر دەبات، ئەوێش هەر وەكو زیندانەكاتی تر بگرە قورستر نمونەی زیندانەكای ڕووسیا كە چۆن مافی مرۆڤ و گیاندارانیش لەژێر هەڕەشەیەكی گەورە و پێشێلكردندان، ڕۆمانێكی وەها گرنگ لێ بەرهەم هێناوە، كە ژمارەی زیندانییەكان نزیكەی دوو سەد بۆ دوو سەد و پەنجا زیندانی دەبوون. لە كتێبی ”ئەو هەورە كپە” ژیاننامەی كۆڕەو، پێوانە بە یادگارییەكانی خانەی مردووان، كەرەستەی نووسین لەم كتێبەدا جیاوازن. میللەتیێك لە كۆڕەودان، كۆچ دەكەن و لە كەش و هەوایەكی دوژمن ئاسا كە خواو ژینگەش لەو كاتانەدا دەبن بە دوژمنی مرۆڤ، كارەسات بەسەریاندا دادەبارێت كە زۆر خراپتر لە ئەشكەنجەی ناو زیندان كارەساتی كۆڕەو سەرگەردانی و ماڵوێرانی خەڵكی ئەو دەڤەرەی بەدواوە بووە. خۆی لە خۆیدا دیارە چەندین نەهامەتی لەگەڵ خۆێ هێناوە، بێگومان شایەنی ئەوەیە كتێبێكی وەك ”ئەو هەورە كپیە”ی لێ بەرهەم بێت و وربگێڕدرێت بۆ زمانەكانی دیكە و دەنگدانەوەیەكی گەورەی جیهانی بۆ بكرێت. لە نێوان ئەو دوو كتێبەدا دەکرێ ئەو كەرەستانەی بۆ نووسین، یاخود خاڵە بەرابەری و نا بەرابەریانەی لەهەردوو كتێبەكەدایە بەروارد بكەین. خاڵی زۆر گرنگ هەن كە بە قووڵی نووسەر بتوانێت داهێنان لە تێكستدا بكات. ئەوەنەبێت دۆستۆیڤسكی خەڵكی ڕووسیایە و بەیان سەلمان نووسەری ژیاننامەی كۆڕەو، خەڵكی مەملەكەتی كوردان و گەلانی تریشە، لەگەڵ ئەو كەرەستانەی كە لە ڕۆمانی ”یادگارییەكانی خانەی مردووان” لای دۆستۆیڤسكی كارەكتەری سەركی و گێڕەرەوەی ڕووداوەكان بەناوی ”ئەلێكساندەر پتروفیچ”وە دەیگێڕێتەوە، لە ڕاستیدا خۆیەتی و خۆی لێ بەدوور گرتووە، بۆ ئەوەی سەر لە خوێنەر تێكبدا و چێژێكی بێهاوتای لێوەربگیرێت. هەروەها لەبەرئەوەی تەنیا نەبێت بە گێڕانەوەی چیرۆكێكی مێژوویی سادە. لە كتێبی ”ئەو هەورە كپە”ش كارەئەتەرە سەركیەكە خودی نووسەر خۆیەتی ڕووداوەكان دەگێڕێتەوە. هەر خودی خۆیەتی بەڵام ئەو یاریەی دۆستۆیڤسكی ناكات و بە ناوی كەسێكی خوازراوەو بۆمان ناگێڕێتەوە. خۆی پاڵەوانی ڕووداوەکانە و هەر خودی خۆی گێڕەرەوەیە. لای دۆستۆیڤسكی بەندیخانە كە مرۆڤەكانی تیابەندن و ئازاردەچێژن و لە ماڵ دوورخراوەن و لە ئازادی بێبەشن و لە ژێر فشاری ئازاری دەروونی و جەستەیین، لای بەیان سەلمان كۆڕەو هەیە مرۆڤەكان ڕەودەكەن ئازاری دەرونی و جەستەیی دەكێشن، لە ماڵ و زێدی بابیان ئاوارەن دەبن، لە سەرماندا ڕەق دبنەوە. لای دۆستۆیڤسكی ئەو مرۆڤانەی لە بەندیخاندان، لای بەیان سەلمان مرۆڤەكان میللەتێكن زۆربەی خەلكەكان ئاوارە بوون. لای دۆستۆیڤسكی گیانداران جۆرێكی ترن لە كەرەستەی ناو ڕۆمانەكە، بەنكراوەكان گیندارەكان بەخێودەكەن و قەلەویان دەكەن دوایی هەندێك لە بەندكراوەكان گۆشتی ئەو گیاندارنەی كە گۆشتیان دەخورێ دەخۆن و گۆشتەكەیان دەخۆن، ئەوانەی كە گۆشتیان ناخورێت كەسانێك لە بەندكراوەكان پێست و خوری گیاندارەكان دەكەن بە پێڵاو و خوریەكانیان دەكەن بە جلوبەرگ. لەلای بەیان سەلمان، ئەو گیاندارانەی لە ڕێگا ئاوارەكان تووشیان دەهاتن، یان لەگەڵ خۆیان بردبوویانن سوودیان لێدەبینرا، بەڵام هەرگیز بە ئەنقەست گیاندارێك نەدەكوژار كە گۆشتی نەخورێت. مرۆڤە ئازار چەشتووەكان گیاندارە سەگەكانیان نەدەكوشت بۆ ئەوەی لە پێستە و توكەكەی پێداویستیەكانی لێدروست بكەن و بیفڕۆشن. بێگومان گیاندارەكان تووشی لەناوچوون دەهاتن، ڕەق دەبوونەوە، یان لە برسا یان لەهیلاكیدا گیانیان لەدەست دەدا، بەڵام جیاواز لەگەڵ بەندیخانەی سیبیریا، منداڵ لای دۆستۆیڤسكی قوربانین بەڵام قوربانی سەركی نین، بەڵکو بەنكراوەكان ڕێژەكەیان ئەوەندە زۆرنییە تا ژن و منداڵی زۆریان هەبێت و ببن بە قوربانی گەورە، چونكە ئەوە شوێنێك بوو تەنیا بۆ بەنكراوە تایبەتە دوورخراوەكانی ڕووسیا، بەڵام لە ژیاننامەی كۆڕەودا لای بەیان سەلمان پێچەوانەیە، كەرەستەی سەرەكی قوربانیەکە گەوەرە ژن و منداڵن. كەرستەیەكی تر لای دۆستۆیڤسكی چەند بینایەكی كۆن بەندیخانەی تەلبەنكراو و مەحكەم بۆ ئەوەی بەندییەكان ڕانەكەن و دەربازیان نەبێت، چەندین ڕێگای تۆكمەو پاسەوانی بۆ دابین كراوە، لای بەیان سەلمان ژینگە و سروشتی وڵاتەكە بە درێژای كۆڕەو كە لەسەدان كێلۆمەتەر درێژتر یەكێكن لە كەرەستە بەهێزەكانی ناو تێكستەكە، مرۆڤەكان هەموو وڵاتیان لێبووە بە كونەمشك و هەمووی لەترسی ئەوەی جارێكی تر نەبن بەژێر شاڵاوی دڕندانە و بەكۆمەڵ كوژی، وەكو ئەنفال و كیمیابارانی ساڵی هەشتاكان. لای دۆستۆیڤسكی بەندكراوەكان لەناو ئەوڵاتەدا بەندن، لای بەیان سەلمان ئەو لێشاوە جەماوەریەی كە كۆڕەو دەكات و ئاوارەدەبن بەرەو سنوورەكانی ولاتانی دراوسێ، لای دۆستۆیڤسكی گیراوەكان هەریەكەو بە بیانویەك تاوانێكی جیاواز گیراون، بەلام لای بەیان سەلمان خەڵكەكان هەمووی وەك یەكن، كە دەركردنە و ڕاكردنە لە سەر خاك و وڵاتی خۆیان، نەوەك كێشەی جیاجیا. لای دۆستۆیڤسكی بەندكراوەكان ماوەی حوكمی بەسەردا دراوە و دەبێ تەواوی بكەن، هەركەسە و بەپێی ئەو تاوانە كە بەسەریدا سەپاوە، زۆریشیان تیدا بوو لەژێر ئەشكەنجەكان دەرنەدەچوون و دەمردن. لای بەیان سەلمان كۆڕەوە تراژیدیایە، كارەساتە، دابڕانە لەیەكتر، لە خۆشەویستان، كۆتایەكەی گەڕانەوەتەوە بۆسەر خاك و زێدی خۆیان، بێجگە لەو بەشەی كە بۆ هەتا هەتایە ئاوارەی وڵاتانی دونیا دەبن. ئەوانەشی لە و ڕێگاو بانە ڕەق بوونەوە و مردن، بەسەر ماڵ و حاڵێ وێرانە و تاڵنكراودا دەبێ لەسەرتاوە دەستپیبكەنەوە. سەرەتا لیرەدا دەسپێکی ژیانە و گرتنەوەدەستی ڕووداوی نوێی بە دوادایە.

01.04.2023

”لەوانەیە ئەم نووسینە بانگهێشەیەکی ناپەسەند بێت بۆ بەشداریکردنێکی خەیاڵـی، لەگەڵـم، لەگەڵیـان، لەگـەڵ هەر یـەک لەوانەی لەو کۆڕەوەدا بوون. وەک خاڵێکی کوتراوە، نەک تەنیا مێژووی کوردی پێ نیشان کراوە، بەڵکو مێـژووی سەرانسـەری دنیـاش…” ئەو هەورە کپە، ژیاننامەی کۆڕەو

Check Also

کەسایەتی دارتینیان لە نێوان خەیاڵ و ڕاستیدا

بەیان سەلمان زۆرن ئەوانەی ڕۆمانی ”سێ موسکیتێر”ی Les Trois Mousquetaires ئەلکسەندەر دومایان خوێندۆتەوە. هەمیشە گومانێکمان …