وزەی سەوز و درەختی سەوز

د. مەدیحە سۆفی

د. مەدیحە سۆفی


زانست هەمیشە لە پێگەیەکدایە کە گومان دەخوڵقێنێ؛ خوڵقاندنی گومان سەرەداوی گەڕانە بەدوای ڕاستییەکی شارراوەتردا، ڕاستییە شارراوەکانی بواری زانستیش نە بنبڕ دەبن و نە دەکوژێنەوە، هەر بەو گومان لێکردنەش، ئەگەرەکانی تازەگەری چەکەرە دەکەن و لە میانەی توێژینەوە و تاقیکردنەوە و دووبارە کردنەوەی پراکتیزەکردنی تیوورییەکان، حاڵەتێکی نوێ و بازدانێکی نوێ لە میانەی زانستدا دەردەخات؛ کە هەر ئەویش بەرەو گومانکردنێک دەتبات، کە لە قۆناغەکانی داهاتوودا بەردەوامی دەداتە شۆڕشی زانست و دەرئەنجامەکانی.

لە ئێستادا و لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی ئۆکرانیا و کورتهێنانی وزەی تەقلیدی (نەوت، گاز) لە ئەوروپادا، بەتایبەتی گازی سروشتی، کە گوازتنەوەی لەلایەن ڕوسیاوە قەدەغە کرا، گرنگی بەرهەمهێنانی وزەی سەوز (وزەی دوبارە وەکو وزەی خۆر، با، ئاو، بایۆلۆژی، گەرمی ژێر زەوی) ئەوەندەیتر بووە چەقی پەرەپێدان.

بەشێک لەو سامانە سروشتییانەی کە لەسەر گۆی زەوی هەن سامانی هەمیشەیین و هەرگیز بنبڕ نابن، وەکو خۆر و با، بە بەرهەمهێنانی وزەی سەوز لە خۆر و با، مرۆڤایەتی دەتوانێ کەلێنێکی گەورەی پێداویستییەکانی خۆی پێ پڕ بکاتەوە، بێ ئەوەی هیچ زیانێک بە زیندەوەر و ئیکۆسیستیمەکەی بگەیەنێت، نە گازی زیانبەخش دەردەداتە هەواوە و نە پاشەڕۆکانی ژینگە پیس دەکەن، بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە وزەیە بازدانێکی بەرچاو لە چۆنییەتی پاراستنی بوونەوەر دێنێتە کایەوە، وە لەبەر ئەوەی پاراستنی ژینگە یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی سەقامگیری مرۆڤایەتی، هاوسەنگکردنی سروشت و مافی مرۆڤ، بۆیە بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە وزەیەش یەکێکە لە مەرجەکانی بەردەوامیدان بە ژیار لە چوارچێوەیەکی تەندروست و بە سیمایەکی شارستانییانەوە.

بەرهەمهێنانی (وزەی با) بیرۆکەیەکی نوێ نییە، بەڵام پەرەپێدان و گۆڕینی شێوازی ئەو بەرهەمهێنانە، لەسایەی پێشکەوتن و بەدواداچوونی سەرەداوی گوماندا، بۆ بەرەو باشترکردنی ژیانی گۆمەڵگا و ژینگەیەکی تەندروست، هەمیشە لە گۆڕاندایە. وزەی با کە لە ئێستادا بەهۆی ڕێژەیەکی زۆری پەروانەی باوە وزەی کارەبای لێ بەرهەمدەهێنرێت، چ لە وشکاییدا و چ لە نێو دەریادا، بووەتە جێگەی ڕەخنە و گازاندە، بەتایبەتی لەلایەن دانیشتوانی ئەو ناوچانەی پەروانەی بای تێدا دانراون، ئەو گازاندە و ڕەخنانەی لە پەروانەی با لە ئارادان بریتییە لە هاتنەکایەوەی ژاوەژاو و دەنگی نەخوازراوی ئەو پەروانانە لە کاتی سوڕانەوەیان، جگە لە شێواندن و ناشرینکردنی سروشتی ناوچەکە.

مرۆڤایەتی (وزەی با)ی لە دێرینەوە بۆ کەشتی چارۆکەدار، هاڕینی دانەوێلە و هەڵهێنجانی ئاو بەکارهێناوە، بەتایبەتی لەو شوێنانەی نزیکی کەناری ئاو بوونە، بۆ نمونە، لە کەنارەکانی ڕووباری نیل و میسۆپۆتامیا، بۆچوونەکان بۆ دۆزینەوە و بەکارهێنانی ئەم وزەیە جۆراوجۆرن، هەن دەڵێن گوایە بابلییەکان یەکەم بوونە کە وزەی بایان بۆ ئاودێری بەکارهێناوە و هەڵکۆڵینەکانی حاموڕابی ئەوە دەسەلمێنن، بەبڕوای هەندێ سەرچاوەی تر هیندستان بە یەکەم شوێنی ئەم بەکارهێنانە دەزانێت، بەڵگەنامەکانیش ئەوە دەردەخەن؛ کە دوو سەدە پێش زایینی ئێرانییەکان وزەی بایان بۆ سوڕانی ئاش و هاڕینی دانەوێلە بەکارهێناوە.

لە سەدەی دوازدەوە سەرەتا فەڕەنسییەکان و پاشتر ئینگلیزەکان تەکنیک و شێوازی نوێییان بۆ بەرهەمهێنانی وزەی با داهێنا. لەگەڵ پەرەسەندنی تەکنەلۆژیاش، بواری سوودوەرگرتن لە وزەی با فراوانتر بوو و چەندەها ویستگەی بەرهەمهێنانی ئەو وزەیە لە ئەمریکا، دانیمارک، فەڕەنسا، ئەڵمانیا و ئینگلتەرا، بنیاتنرا.

داهێنان و گەشەسەندنی زانستی، دەروازەی زیاتر بۆ تازەگەری و پێشکەوتن دەکاتەوە، بنکۆڵکردنی زانستی و گەڕان بەدوای گومان و ئەگەری نوێدا، مرۆڤایەتی دەگەیەنێتە ئەو دەرئەنجامانەی لە چەقبەستووی دەیپارێزێت و بە هەنگاوی تازەتری ئاشنا دەکات.  داهێنەری فەڕەنسی (ژێرۆم میشۆ لاریڤیێر) لە بیرۆکەیەکدا پەی بەوە برد؛ کە دەتوانرێت لە جیاتی پەروانەی با، کە لە دەشتایی و لە نێو ڕوبەرەکانی ئاودا دادەنرێت، لە شێوەی درەخت بنیات بنرێت و بە دیزاینی گونجاو تۆربینی بچوکی لە شێوەی گەڵای درەخت بە لقەکانییەوە هەڵبواسرێت، کە ژاوەژاو و دەنگی نەخوازراوی نابێت و شێوەیەکی جوانیش دەداتە دەوروبەری خۆی.

ئەم گۆڕانە لە دیزاینی هەیکەلی بەرهەمهێنانی وزەی با، دەرئەنجامی ناڕەزایی جەماوەر و دانیشتوانی ئەو ناوچانە بوون کە پەروانەی با)ی تێدا بوو، بەڕای ئەوان جگە لە ژاوەژاو و شێوەی نەخوازراوی، ئەگەری ئەوەشی هەیە، کە سوڕانەوەی پەروانەکان باڵدەکان بریندار بکات و زیان لە فرەزیندەوەر و ژینگە بەگشتی بدات.

ئەم داهێنەرە فەڕەنسییە بنیاتنەری کۆمپانیای( NewWind)ە و (درەختەکانی با لە بەرزی چەند مەترێک دروست دەکات، تۆڕبینەکانی بەرهەمهێنانی وزەش بەشێوەی گەڵا بە لقو پۆپەکانییەوە هەڵدەواسرێن، دەتوانن لە خێرایی با بە بڕی دوو مەتر لە چرکەیەکدا وزەی کارەبا بەرهەمبهێنن، لە ساڵی 2013دا یەکەم نمونەی لە فەڕەنسا تاقیکرایەوە و دواتر لە ساڵی 2015دا لە هەندێ وڵاتی دیکەی ئەوروپیش وەکو بلجیکا و سویسرا.

لە ساڵی 2020دا بڕی ئەو وزەی کارەبایەی لە وزەی با بەرهەمهێناراوە گەیشتە زیاتر لە 742 گیگاوات، ئەمەش ئەگەرچی کەلێنێکی بچوکی لە سەرجەم پێداویستیەکانی جیهان بۆ وزە پڕدەکاتەوە؛ لێ لە داهاتوودا هیوایەکی زۆر بە پاراستنی ژینگەی گۆی زەوی دەبەخشی، لەگەڵ هەڵکردنی با و گۆڕینی ئەو وزەیە بۆ وزەی کارەبا بە بڕی 2400 کیلۆوات/کاتژمێر لە ساڵێکدا، دەتوانرێت پێداویستی خێزانێکی چوار کەسی پێ دابین بکرێت.

با، یەکێکە لە سامانە سروشتییە هەمیشەییەکان، مرۆڤایەتی دەتوانێ بۆ هەتا هەتا لێی سودمەند بێت و وزەی تەقلیدیش بۆ نەوەکانیتر پاشەکەوت بکات، باشووری کوردستانیش پێویستی بە هەڵمەتێکی ووشیارکردنەوەی ئیکۆلۆژی هەیە تا بتوانێ لەڕێی زانست و تەکنیکی نوێوە بناغەی ویستگەی وزەی سەوز بنیات بنێت و تاکی ئەو کۆمەڵگایە بە شیوازە تازەکانی بەرهەمهێنانی وزەی سەوز ئاشنا بکات.

ئاسانکاری ئەم شێوازی بەرهەمهێنانی وزەیە ئەوەیە؛ ئەگەرچی سەرەتا تێچووەکەی زۆرە، بەڵام بەدابینکردنی وزە بۆ ماڵ و کارگە بچوکەکان، یا کێڵگەی بەرهەمهێنانە کشتوکاڵییەکان و لە مەودای درێژخایەندا، لەلایەکەوە قازانج و خۆجێییە، لەلایەکیترەوە لەڕووی ئیکۆلۆژی و پاراستنی ژینگەوە، دەتوانرێ وشیارانە و بە لێپرسراوییەوە بەکاربهێنرێت.

Check Also

دیراسەیەکی ستراتیژی بۆ ئاو لە عیڕاقدا

د. مەدیحە سۆفی هاتنەکایەوەی قەیرانی ئاو، کە هۆکارەکانی جۆراوجۆرن لەوانەش گرنگترینییان توندبوونی کێشەی گۆڕانی کەشوهەوا، …