شەممە, تشرینی یه‌كه‌م 11, 2025
frku

گۆڕانی دیمۆگرافی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە

د. مەدیحە سۆفی


لە دوای شەڕی جیهانی یەکەم و دروستبوونی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی، شێوازێكی گشتی و نوێ لە ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی کێشەکانی جیهان هاتە کایەوە، یەکێک لەو کێشانە کێشەی پەناهەندە و ئاوارەکان بوو، بۆیە لە ڕێککەوتنی جنێف بۆ پەناهەندە؛ کە لەساڵی ١٩٥١دا ساز کرا، بڕیار لەسەر مافی پەناهەندەیی درا. بەپێی ئەم ڕێککەوتنە پێناسەی پەناهەندە بریتییە لە داڵدەدانی هەر کەسێک کە بەهۆی بیروبۆچوونی جیاوازی سیاسی، ئاینی و ئیتنی، یا بەهۆی ئەوەی سەر بە گروپێکی هاودژ و نەتەوەی جیاوازە، ژیانی کەوتووەتە ژێر هەڕەشە و مەترسییەوە.

لەگەڵ پەرەسەندنی پیشەسازی و تەکنەلۆژیا، زۆربوونی دانیشتوان و داواکاری بۆ ژیانێکی باشتر لە هەموو بوارێکەوە؛ گۆڕانە جۆربەجۆرەکانیش لە زۆربەی کایەکاندا، لەوانە کایەی کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی، وزە، ژینگە و تەکنەلۆژیدا سەریهەڵدا، ئەگەرچی ئەم گۆڕان و بازدانە لایەنی ئەرێنی زۆری  هەبوو، بەڵام زیادەڕۆیی لە بەرهەمهێنان و پێشێلکردنی یاسای سروشت بوونە هۆی تێکچوونی هاوسەنگی ئەم سروشتەی، تا پێش سەرهەڵدانی سەردەمی پیشەسازی ئاسایی و بێ گرفت بوو.

گۆڕانی کەشوهەوا یەکێکە لەوگرفتە هەنوکەییەی، کە لەلایەکەوە زیانەکانی سەرجەم گۆشەکانی جیهان دەگرێتەوە، لەلایەکیترەوە چارەسەرەکەی بە کاردانەوەی هەمئاهەنگییەکی پتەوەی نێودەوڵەتی دەبێت، هۆکاری ئەم گۆڕانەش زیادبوونی نائاسایی ڕێژەی گازە دەگمەنەکانە، بەتایبەتی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و میسان، لە بنەڕەتدا بەهۆی بوونی ئەم گازانەوە، پلەی گەرمی گۆی زەوی شیاوی ژیان دەبێت، بەڵام پتر بوونی ڕێژەکەی بەبەردەوامی و قەتیسکردنی گەرمی لە ئەتمۆسفێری بەرگەهەوادا، هۆکاری شێواندنی یاسای سروشت و تێکدانی ئارامی کۆمەڵایەتی و ئاوارەیی و لەدەستدانی سەقامگیری ژیانە.

کۆنفڕانسی کەشوهەوا لە پاریس لە ساڵی ٢٠١٥دا، هەنگاوێکی باش بوو بۆ ڕاگرتنی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بەرگەی هەوا لە ١،٥ پلە یا بۆ کەمتر لە دوو پلە، وەلێ بەپێی پێوەرەکان پلەی گەرمی ئەتمۆسفێری گۆی زەوی لە ساڵی ٢٠٢٤دا بۆ ١،٥٢ پلە بەرزبووەتەوە[[1]]  لە توێژینەوەکانی دەستەی نێودەوڵەتی بۆ کەشوهەوا لە ساڵی ٢٠١٩دا پێشبینی کراوە کە ئەم بەرزبوونەوەی پلەی گەرمییە بۆ ١،٥ لە چاو سەردەمی پێش پیشەسازی، لە ساڵی ٢٠٤١دا ڕووبدات، وەلێ لە ساڵی ٢٠٢٤دا دڕی بەو پێوەرە کرد و ماکەکانی گۆڕانی کەشوهەواشی توندتر کرد. ئەم پێوەرەی کە ناوەندی توێژینەوەی پۆتسدام تۆماری کردووە، ڕاستییەکە کە هەڕەشە لە ئارامی و سەقامگیری هەموو جیهان دەکات و مرۆڤایەتی دەخاتە دۆخێکی شێواو و گۆڕانێکی نائاساییەوە.

ڕێژەی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، کە گرنگترین گازە بۆ قەتیسبوونی گەرمی لە ئەتمۆسفێردا، لە پێش سەرهەڵدانی پیشەسازی لە ناوەندی سەدەی نۆزدەدا ٢٨٠ بەش بوو لە ملیۆنێک، لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٥دا گەیشتە ٤٢٩ بەش لە ملیۆنێکدا[[2]]، ئەمەش هۆکاری سەرەکی کێشەی گۆڕانی کەشوهەوایە، چەندەها ساڵە دانیشتوانی زۆربەی وڵاتەکان بەتایبەتی لە نیوەی گلۆبالی خواروودا، بەهۆی وشکەساڵی، لافاو، سوتانی دارستان، قەیرانی ئاو، گەردەلوول و رەشەباوە تووشی ئاوارەبوون و نائارامی دەبن، ئاوارەبوونی دانیشتوانی سۆماڵ بەهۆی وشکەساڵییەوە، یا دانیشتوانی بەنگلادیش بەهۆی لافاوەوە و چەندەها نمونەی لەو جۆرە بابەتی پەناهەندەیی کەشوهەوا یا ئاوارەی ژینگەیی هێنایە کایەوە، کە تا ئێستا لەلایەن ڕێکخراوی نێودەوڵەتییەوە نەبووەتە یاسایەکی جێگیر و ناسنامەی پەناهەندەیی پێ نەدراوە.

بەپێی زانیارییەکانی بانکی نێودەوڵەتی لە مانگی نیسانی ٢٠٢٥دا، نزیکەی ١٢٢ ملیۆن کەس بەهۆی لافاو، وشکەساڵی و کەمبوونەوەی بەروبوومی کشتوکاڵ، قەیرانی ئاو و کارەساتە سروشتییەکانەوە و بەناچاری شوێنی خۆیان جێهێشتووە و تا ساڵی ٢٠٥٠ دەگاتە نزیکەی ١٤٣ ملیۆن کەس[[3]] ئەو کێشانەی لە میانەی ئەم گۆڕانەدا سەرهەڵدەدەن، تەواوی بوارەکان دەگرنەوە، بۆ نمونە بەهۆی وشکەساڵییەوە و کەمبوونەوەی داهاتی دانەوێڵە و خۆراک بە گشتی، ئاسایشی ئاو و ئاسایشی خۆراک بەتایبەتی تێکدەچێت. لە ڕاپۆڕتی  دوا لێکۆڵینەوەکانی سەنتەری نێودەوڵەتی بۆ کەشوهەوا لە ساڵی ٢٠٢٢دا، سەلمێنراوە کە ماکەکانی گۆڕانی کەشوهەوا وەکو وشکەساڵی، لافاو، گەرمای بەتین، کەمبوونەوەی داهاتی خۆراک و بەرهەمەکانی کشتوکاڵ و سەرجەم ئەو کێشانەی لە سۆنگەی ئەم گۆڕانەوە سەرهەڵدەدەن؛ لە هەڵکشاندا دەبن و ئارامی و ئاسایشی ژینگەی زیندەوەر ناجێگیر دەبن و مرۆڤ ناچاری کۆچبەری و ئاوارەیی دەکەن. توێژینەوەکانی سەنتەری پۆتسدام بۆ کەشوهەوا، ئاماژە بەوەش دەکەن کە سۆماڵ تا ساڵی ٢٠٥٠ و بەهۆی بەرزبوونەوەی نائاسایی پلەی گەرما، تووشی کێشەی شەپۆلی گەرما، قەیرانی ئاو وشکەساڵی زیاتر دەبێت، لە کاتێکدا لە ئیستادا لە ژێر باری کێشەکانی گۆڕانی هەوادا دەناڵێنێ و سەرجەم ئیکۆسیستیمەکەی تێکچووە[[4]]

ئەو ولاتانەی کەمترین کاریگەرییان لەسەر گۆڕانی کەشوهەوادا هەیە، واتە هۆکاری دەردانی کەمترین رێژەی ئەو گازە گەرمکارانەن، زۆرترین زیانیان لێ دەکەوێت، چ بە ئاوارەبوون بەهۆی وشکەساڵی و لافاو و گەردەلوولەوە، چ بە وێرانبوونی ژێرخانیەوە چ بە ئاوارەبوونیانەوە وەکو وڵاتانی ئەفغانستان، فیلیپین، چاد، ئەتیوبیا و سۆماڵ.

ڕێژەی ١١٪ی دانیشتوانی جیهان لە کەناری ئاوەکاندا دەژین و لەکاتی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەکە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە، دوچاری ئاوارەبوون دەبن، جگە لەو دورگانەی کە مەترسی ئەوەیان لەسەرە کە بەتەواوەتی ژێرئاو بکەون، بۆ نمونە دورگەی کاریبیتی، کە دورگەیەکی بچوکی نێو ئۆقیانوسی پاسیفیکە کەوتووەتە ژێر هەڕەشەی ژێرئاوکەوتنەوە.

 یەکێک لە ماکەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریا و ئۆقیانوسەکانە، کۆچکردنی دانیشتوانەکەشی بەم هۆکارە بەرەو ئوسترالیا یا نیوزیلندا، دەرئەنجامەکەی لەناوچوونی کولتوور و نەریتی خەلکەکە و هەڵوەشانەوەی شیرازە کۆمەڵایەتییەکەی  لێ دەکەوێتەوە. دورگەی فیتشیش کە دەکەوێتە سەرووی ئوسترالیاوە و هەر لە نێو ئۆقیانوسی پاسیفیکدا، هەمان چارەنوسی کاریبیتی هەیە ئەگەر پلەی گەرمی ئەتمۆسفێر هەر بەو شێوەیە لە بەرزبوونەوەدا ببێت.

عیڕاق بەگشتی بەهۆی جوگرافیاکەیەوە، لەو وڵاتانەیە کە پشکی گەورەی لە زیانەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بەرکەوتووە، کەمبارانی، قەیرانی ئاو بەهۆی کەمبوونەوەی تەوژمی ئاوی دیجلە و فورات لە تورکیاوە،  بەبیابان بوون، هەڵکردنی تۆزوخۆڵ و زۆر کێشەی تر، کە بە دڵنیاییەوە کاریگەری لەسەر دیمۆگرافی وڵاتەکە دەبێت و بەرەو شوێنی گونجاوتر بۆ ژیاری خۆیان کۆچ و کۆچبەری ناوخۆیی دەبێت و بەپێی توانای دانیشتوانەکەش هەندێکیان بەرەو دەرەوەی وڵاتیش کۆچ دەکەن.

زۆر جار سیاسەتی نێودەوڵەتی باس لە زۆری تێچووی چارەسەرەکان دەکات لە میانەی گۆڕانی کەشوهەوادا، وەلێ زیانەکانی ئەو وێرانکارییەی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە دێنەکایەوە، زۆر زۆر باڵاترە لە تێچووی چارەسەکان، لەم دواییەدا هەندێ لە پسپۆر و شارەزایان، پێشنیاری ئەوەیان کردووە؛ کە دانیشتوانی هەندێ ناوچە، بۆ نمونە دورگەکانی نێو ئۆقیانوسەکان، کە ئەگەری ڕوبەڕوبوونەوەی ئاوەرەییان هەیە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە، ببنە خاوەنی پێناسەی تایبەت بەناوی (پێناسەی پەناهەندەیی گۆڕانی کەشوهەوا)وە و لەکاتی ئاوارەبوونیان مافی پەناهەندەییان هەبێت لەو وڵاتانەی کە کۆچی بۆ دەکەن، ئەم داواکاری و پێشنیارەش هێشتا فۆڕم و شێوازی یاسایی خۆی وەرنەگرتووە،

پەراوێزەکان

  1. https://www.pik-potsdam.de/de/aktuelles/nachrichten/das-tempo-der-erwaermung-hat-sich-seit-den-1980er-jahren-verdoppelt
  2. https://gml.noaa.gov/ccgg/trends
  3. https://www.welthungerhilfe.de/informieren/themen/klimawandel/klimafluechtlinge-klimawandel-und-migration
  4. https://www.pik-potsdam.de/de/aktuelles/nachrichten/somalia-hohe-gefaehrdung-durch-kuenftige-klimawandelfolgen

[1] https://www.pik-potsdam.de/de/aktuelles/nachrichten/das-tempo-der-erwaermung-hat-sich-seit-den-1980er-jahren-verdoppelt

[2] https://gml.noaa.gov/ccgg/trends/

[3] https://www.welthungerhilfe.de/informieren/themen/klimawandel/klimafluechtlinge-klimawandel-und-migration

[4] https://www.pik-potsdam.de/de/aktuelles/nachrichten/somalia-hohe-gefaehrdung-durch-kuenftige-klimawandelfolgen

Images: https://pixabay.com/fr/

  • dassel
  • geralt
  • garten-gg
  • PeterFranz
  • vicxmendoza
  • dimitrisvetsikas1969

مەدیحە سۆفی

شاعر و دکتۆر لە بواری ژینگەناسی

ئەڵمانیا، کولن

Check Also

زیرەکیی مرۆیی و هەڵەکانی بیرکردنەوە

بەیان سەلمان لەم سەردەمەی کە بووەتە مۆدێل بۆ قسەکردن لە بارەی زیرەکی دەستکرد، بە گرنگم …