شەممە, تشرینی یه‌كه‌م 11, 2025
frku

 ستەمکاریی، دیوێکی تری گووتاری مانەوە

د. نەوزاد جەمال


*“ستەمکاری جۆرێکە لە کوفر”

**“شۆڕش ناکرێ تا بە ئاگانەیەن، بە ئاگاش نایەین تا شۆڕش هەڵنەگیرسێت”


  • دەستپێک

لەم بەشەدا پەیوەندی ستەمکاریی بە گووتاری مانەوە شرۆڤە دەکەم. لەگەڵ ئەوەی گووتاری مانەوە لە خۆدووبارەکردنەوە و چەندبارەبوونەوەی کێشەکەکان دا دەردەکەوێت، زانراویشە کە درێژخایەنی کێشەکان هەر بەسوودی مانەوەی دەسەڵاتە.

خەسڵەتێکی ستەمکاری بریتییە لە وەستانی دۆخەکە گشتیەکە لەڕێی برەودان بە چەندبارەبوونەوەی کێشەکان. دۆخی هەرمان، بەدیوێکدا تێنەپەڕاندن و چارەسەرنەکردن و یەکلانەکردنەوەی کێشەکانە. چونکە دەبنە خۆراکی ستەمکاری و پاساوێکی رەوایەتیدەری دەسەڵات.

  • هەرمانی کێشەکان

دۆخی هەرمان، پتر لە سزایەکی ‘سیزف’ی دەچێت، چونکە بەسەرهەڵدانەوەی کێشەوگرفتەکان بەدرێژایی سێ دەیە، هەرێمی خسووەتە گێژاوێکەوە. هەمان قەوان، هەمان رەخنە لە نووسین و راگەیاندنەکاندا دەووترێنەوە. ئیتر ئەوەی لە میدیاکاندا دەوروژێنرێ، لە ئاوازێکی بێتامی چەندبارەی دەچێت.

وتنەوەی کۆمەڵێک بابەت لە راگەیاندنا، دەرئەنجامێکی راستەوخۆی هەرمانی دۆخەکەیە. هەڵبەت، دۆخێکی بارگاوی بە کێشەوگرفتی درێژخایەن، بەیەکدوو نووسین چارەسەر نابێت. هەر بۆیە، کە سەیری نووسینەکانی خۆم و ئەوانەی پێشتر کە لە نەوەدەکاتەوە (ئازادی، رەهەند و هتد) تا دواتریش نووسراون، لە خاڵێکدا یەکدەگرنەوە: تێهەڵچوونەوە لە هەمان گرفت[1].

 رەنگە ئەوە هۆیەکیش بێت کە هەندێ نووسەری جدیی چیتر لەبارەیەوە نەنووسن. سڵەمینەوە لە خۆدووبارەکردنەوە یان بێسوودی نووسین دەگەیەنێت. چونکە کاتێک زۆر لەبارەی دۆخەکەوە نووسرا، ئیتر بێدەنگی بژاردە لۆجیکیەکەیە. ئەمەش ئاکامێکە بۆ خەڵکی و نەوەی نوێی مەترسیدارە.

چونکە، ئەمڕۆ دۆخی کولتوور، هونەر، زانست و سیاسەت و هتد، لەجێی خۆیاندا پایدۆزدەکەن. مادام ماکی نەخۆشیی و کێشەکان وەک خۆیەتی، وایکردووە هەموومان لە ترسی مارەکە، لەجیاتی بە پەیژەکەدا سەرکەوین، بەرەو چوارگۆشەی سفر شۆڕدەبینەوە.

  • کاتێک ستەم دەبێتە سیاسەتی مانەوە

سەرەڕای دەیان بابەت کە لە بارەی ‘ستەمکاری’یەوە بە کوردی نووسراون[2]، بەنموونە هەر لەلای خۆمەوە لە ٣ کتێبدا بەردەوام وەک پرس و کێشەیەکی بنچینەیی بیرم لێکردووەتەوە[3]. ئەمڕۆ پاش (١٥)ساڵ کە دەگەڕێمەوە سەریان، هەستدەکەم زێدەڕەوییم نەکردووە.

پێویستە بەدیوێکی تر و لە بەستێنە (کۆنتێکست) کوردییەکەیدا، ستەمکاری بە پرسی مانەوە گرێبدەینەوە. راستە کە ئەنگیزەی مانەوە، لە سروشتی دووەمی مرۆڤی ئێمەدایە و هەموو شتێکی لەپیناو مانەوەدایە. بەڵام میکانیزمەکانی مانەوەی دەسەڵات، لە هەرێم پشتی بەستووە بەوەی:

١- وەک کۆمپانیایەکی کۆمپرادۆر، لەسایەی هێز و بکەرەدەرەکیەکان (گرێبەست بەناوی نەوت و سەرچاوە سروشتییەکان و هتد) هەم بۆ ئەوەی وەک تاکە نوێنەر و فەرمانڕەوایی خەڵکی هەرێم بن، هەم داکۆکیشیان لێبکرێ.

٢-  بەکارهێنانی بکەرە نێوخۆییەکان ( میدیا/ رۆژنامەنووس، پیاوانی ئایین و سەرەک خێڵ وەک ژێرخانی هێز و مانەوە.

٣- بردن و قۆرخکردنی سەرچاوەکانی داهات و بەناوی کۆمپانیا، وەبەرهێنان و بازاڕی ئازاد، وایکرد ئەوەی لە هەرێمدا حوکمبکات کۆمپانیایە. ئیتر، نە حکومەت، نە حزب، نە سیاسی نامێنێت. بازرگانیکردن جێی سیاسەتکردنی گرتەوە.

٤- بەمیراتیکردنی دەسەڵات و هێز لە باوکەکانەوە بۆ نەوەکان و خوارتر. هەر ئەندامێکی ماڵباتەکانی دەسەڵات، بەلانی کەمەوە دوودەیە لە تەمەنی نەوەکانی هەرێم دەبەن. دواجار ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوانن، نەک خەڵکەکە! لێرەوە، دەسەڵات جەنگی مانەوەی لەرێی ستەمکاری و قۆرخکارییەوە خۆشکرد.

  • ستەم و بێدەنگی

زۆربەمان دەپرسین: چۆن و بۆچی دۆخەکە باش نابێ، لەکاتێکدا زۆرینە لە نادادی دەسەڵات ناڕازین؟ رێساکەی دەسەڵات بریتییە لە مسۆگەرکردنی مانەوە لەڕێی ستەمکارییەوە. مانەوەی دەسەڵات واتە ستەمکاریی. چونکە دەسەڵات لەپێناو مانەوەیدا، ستەمکاری دەکات بە رێگەی درێژەدان بەخۆ.

سەبارەت بە ستەمکاری، تێزی جیاواز هەن. بەڕای من ئەوەی نووسەری عێراقی (کەنعان مەکیە) لە کتێبی ”دڵڕەقی و بێدەنگی”[4]‘دا تایبەتە: بێدەنگی ستەم درووست دەکات، نەک بە پێچەوانەوە. هەرکات بازنەی بێدەنگی فراوانتربوو، ستەمیش بەربڵاوتر دەبێت.

پێش مەکیە بیرمەند و فەیلەسوفی جیاواز تێزی تایبەتیان لەبارە ستەمکارییەوە هەبووە[5]. یەکێک لە تێزەکان هاوپەیمانێتی ستەمکاریی و ئاییندارییە. رەنگە، ئەو تێزەش لە چەمکی ستەمی خۆرهەڵاتی یان لە راڤەکانی کەواکبی دا بدۆزرێتەوە.

هەروەها، تێزی “خۆبه‌كۆیله‌كردن”ی بیرمەندی فەرەنسی (ئیتیان دولا بۆیسێ) Étienne de La Boétie کەنزیكه‌ى چوارسه‌د ساڵ له‌مه‌وبه‌ر خستوویەتیەڕوو[6]. تێزەکەی هێنده‌ى قسه‌كردنه‌ له‌سه‌ر هۆكارەکانى خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان، خۆبچوكردنه‌وه و خۆملكه‌چکردن بۆ رژێمێكى ملهوڕ, ئەوەندە‌ لە پێناسه‌ى ستەمكاری ناتوێژێته‌وه‌. چونکە، بەڕای ئەو فاكته‌رەکە ترس نییە، به‌ڵكو نه‌بوونى ویستی ئازادی، گێلی و نه‌زانییه ‌کە واده‌كەن مرۆڤ كلیلى چاره‌نووسى بخاته‌ دەستی زۆردارێكه‌وه. هەروەها، چەند توێژ و چینێکی به‌رژه‌وه‌ندیخواز بە پێچکەى هەڵسوڕانی سته‌م دادەنێت: چینێکى گه‌نده‌ڵ، هه‌لپه‌رست و بەرژەوەندخواز، لەگەڵ چینێکى فریودراوی ساده‌ كه ‌زۆرینه‌ن، لەگەڵ چینێك كه‌ رێى رزگاربوون نازانن، هەموویان رێ خۆشکەری ستەمکاریین.

بەڵام، تۆماس پەین  [7]له‌ وه‌ڵامى ‘ئیدمۆند بوركه[8]‘‌ دا‌ پێیوایە هێز و تواناى چه‌وسێنه‌ر بۆ ترس له‌ به‌ربه‌ره‌كانیکردن ستەمکار و داكۆكینەکردن لە ‌مافه‌كان دەگەڕێتەوە. دواتر، ئارێنت لە ”تێوریزەکردنی تۆتالیتاریزم”، ولیەم رایش و هتد، پەیوەندییەکی نێوکۆیی ئاپۆڕەیەکی خۆیەکلانەکەرەوە و سایکۆلۆجیای جەماوەر-چاولێکەری- لەگەڵ دەستەمۆبووندا هەیە.

  • بژاردە تاڵەکە

تراجیدترین شت لە دۆخی مرۆڤی کورددا ئەوەیە کە خواستە رەواکەی لە ژێر هەژموون و ئاڕاستەکردنی زلهێزە چاوچنۆکەکاندایە. پاش سی ساڵ، ئێمە خراینە بەردەم بژاردەیەکی ناهەق و دووڕێیانێکی جەرگبڕ: یان حکومەتێکی خۆجێیی- هەرچۆن و هەرچیەک بێ- بەمەرجێ وەک گاڕانێک ئێمە بەرەو سەقامگیری ئاڕاستە بکات. خۆ ناکرێ هەموو ببینە پەنابەر و ئاوارەی وڵاتان ببین! هاوکات، ئەو سەقامگیرییە دەرگای بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان خستە سەرپشت و بەهاوبەشی تۆڕەکانی ناوخۆ.

بژاردەی دووەمیش ئەوەیە؛ یان نەتەوەسەردەستەکان و وەک هاوڵاتی دوو و خراپتر حوکمتان بکەن. ئەمەش هەر باشە بۆ زلهێزەکان. چونکە وەک کارتێکی فشار بەرامبەر حکومەتەکان بەکار دەهێنن.

 لە هەردوو بژاردەکەدا، ئێمەی خەڵک وەک رێگەیەکی وەبەرهێنان بەکاردەهێنرێین. ئەزموونکردنی حکومەتی خۆماڵی، دەریخست چ مامەڵەیەک بە خەڵکەوەکراوە و سەردەستەکان بەجل و زمانی کوردییەوە، چ تاڵانێکیان کردووە.

ئەم بژاردەیەیان ناڕاستەوخۆتربوو. چونکە، درکمان نەکرد کە ئێمە دەچەوسێنرینەوە لەبەرئەوەی رووخساری چەوسینەرەکە خۆمانەییە! ئاکامە ترسناکەش ئەوەیە هەستی کوردبوون، مرۆڤبوون تەواو سڕبوو، گیانی بەرگری و گۆڕانکاری پوکێنرایەوە!

 حکومەت تەنها وەک ئامرازێکی قازانجبەخش بۆ توێژێک مایەوە و پاشان کۆمپانیا جێی گرتەوە. شتێک نەما بەناوی گۆڕینی دەسەڵات. چونکە، کۆمپانیا ئامرازێکی کاریگەرە لە مانەوەی دەسەڵات لە بازنەی دەستەبژێرێکدا. تەونی هێز و دەسەڵات لەنێو ئۆرگانەکانی حکومەتدا، کەوتە دەستیانەوە و ئەمەش گۆڕینی سیستمەکەی ئەستەمتر کرد.

ئەم جۆرە دەسەڵاتە، لە بنەڕەتدا و بەسروشتی خۆڕسکی، هەر لەپێناوی مانەوەی خۆیدا، رێگەی جیاوازی تاقی کردووەتەوە. لە درووشمی کوردایەتی، کوردبوون، مسوڵمانبوون و ئابووری سەربەخۆ و ئازاد تا کار گەیشتەسەر کۆمپانیاسالاریی. سەروەختێک قەوانی کوردایەتی، دەمامکی شاردنەوەی کەموکورتی و پاساوی قۆرخکردنی دەسەڵات بوو. پاشان چیرۆکی مسوڵمانبوون لەپێناو چنینەوەی دەنگ و رازیکردنی باوەڕداران بە قەدەری ژینێکی بێداد و کوشتنی یاخیبوون و ناڕەزایەتی بەکارهات.  

  • کۆتایی بەخۆهێنان

ئایا دواخستنی پێکهێنانی حکومەت، پەکخستنی پەرلەمان و وەستاندنی دامەزراوە فەرمییەکان بەهۆی نەمانی مووچەوە، نەمانی زەرورەتی حکومەت/ دەسەڵات ناگەیەنێت؟ مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێم، تەنها کاتێک راستە کە هەرێم زەرورەتی مانەوەی خۆی بەتاڵبکاتەوە.

جگەلەوەی، مووچەی پێنادرێت، دامەزراوەکانی کەرتی گشی بێ ئەرزشکردووە، دەستی کۆمپانیای کەرتی تایبەتی واڵاکردووە، ئیتر حکومەت، پەرلەمان، هەڵبژاردن بۆچی؟

لە دەساڵی رابووردوودا دامەزراوە باڵاکان (حکومەت/پەرلەمان) ئەرکی خۆیان پووچکردەوە. هەڵبژاردن لە شانۆگەری زۆرملێ دەچێت؛ دەبێ هێزەکانی ناوخۆ(پێشمەرگە و هتد) دەنگ بدەن.

هاوڵاتیبوون نەما، هەموو بووین بە کڕیار و کرێنشیینی وڵاتی خۆمان. چونکە رێسای مانەوە: پارەنەدەی، ژیانیشت نییە. گیرفانت تێیدانەبێت، شانسی ژیانت نییە.

“کۆمپانیا” بتوانێ کۆسپ لەبەردەم رێکەوتنی هەرێم و بەغداد دا بنێت و خەڵکی برسی بن، گرێبەستی نەوت و فرۆشتنی، چییە؟ نهێنی ئەوە چییە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا ناسرەوێت؟ نەوت بفرۆشی و بەغدا مووچەی فەرمانبەران بدات. کەواتە، تۆ حکومەتی کوێیت؟

روونە، ویستی دەرەکی- لەژێر پەردەی کۆمپانیاکانی نەوت- رێگرن. بەڵگەش ئەوەیە نە داهاتی نەوت بۆ خەڵکە، نە مووچەشی پێدەدرێت. مووچەخۆر قوربانی یارییەکی هەرێمی و دەوڵەتی ناوەندە. دواجار دۆخی ئێمە و زاڵبوونی رۆحی مێگەلی و چاوچنۆکی بەرپرسەکان لە چیرۆکی مەڕەکانی پانورژی فرانسوا رابلێ[9] دەچێت. چاوچنۆکی دەندوندۆ رانەکەی و دواجار بەخۆیەوە دەکەونە دەریاکەوە[10].

ئیدی، ئەو هێزە ناوخۆییانەی هەرێمیان بندەستکردووە، چارەنووسی هەریمەکەیان بە مانەوەی خۆیانەوە بەستووەتەوە. ئەم میکانیزمە دیوێکی تری ستەمکارییە، چونکە کاتێ خەڵک، سەرچاوەی مرۆڤیی و سروشتی، کرد بە بەردەباز و دەستاوێژێک مانەوەی حزب/ بنەماڵە. لە رۆحی ئەم گرێدانەوەیەدا، فاشیزمێکی خۆماڵی هەڵنیشتووە.

پارادۆکسەکە لە پاساوسازی و “بەرگریکاریی” قاتلەبەرەکاندایە کە سووچی کێشەکە دەخنە ئەستۆی بەغدا و خۆیان وەک قوربانیەکی بێدەسەڵات دەنوێنن. ئەم رەفتاری خۆبەقوربانیکردنە چاوی لەوەیە دەماری پیاوەتی ئەمریکا بجوڵێت. بەڵام، درک بەوە ناکات کە دانپێدانانێک رێکوڕەوانە کە چیتر “تۆ” بکەرێک نییت. هیچت پێناکرێت و تەنانەت ناتوانی بەرپرسیارێیتی گرفتەکە بخەیتە ئەستۆی خۆت. کەواتە وەک هێزێک تەواو، چونکە کۆتاییت پێهاتووە.


[1] لەم رۆژانەدا کتێبی دیمانەی’ی رێبین هەردی کە بەناوی ‘دژی بێدەنگی’ کە لە ٢٠٠٧ چاپکراوە- وابزانم بلاوکردنەوەی قەدەغکرا- کەوتەبەردەستم و تەماشای ناوەرۆکی بابەتەکانیم کرد کە لەسەر کۆمەڵێک دیاردە وەستاوە تا ئەمڕۆش بەدەستیانەوە دەتلێنەوە و دەریدەخەن دۆخی ئێمە گێژاوێکە کە لەجێی خۆیدا خودەخواتەوە.

[2]  بەختیار عەلی ستەمکاری خۆرهەڵات، فاروق رەفیق کتێبی ستەمکاری ٢٠٠٣ و هتد.

[3] ‘فەلسەفە و قەیران'(٢٠٠٩ ل٣٨٩)، ‘ئۆنتۆلۆجیای سیاسی کوردی’ (٢٠١٣) و هەروەها ‘ژانی دیموکراسی’ (٢٠١٤) دا.

[4] الصمت والقسوة : الحرب والطغیان والانتفاضة في العالم العربي. منشورات الجمل ٢٠٠٥

[5] لە کتێبەکانمدا زۆرێک لەو فەیلەسوف و نووسەرانەم باس کردووە، خوێنەر دەتوانێ بگەڕێتەوە بۆیان.

[6]ئیتیان دولا بۆیسێ: خۆبه‌كۆیله‌كردن, نامه‌یه‌ك له‌باره‌ى سیاسه‌تى ملكه‌چییه‌وه‌, وه‌رگێڕانى رێبوار سیوه‌لى & مراد حه‌كیم- دەزگاى موكریانى 2005. ئیتیان دولا بۆیسێ: مقال في العبودیة المختارة. مدبولي قاهرة ١٩٩٠.

[7] Thomas Paine

[8] Burke

[9] François Rabelais (1483–1553) « moutons de Panurge »

[10] چیرۆکەکە: لە گەشتێکی دەرییاییدا ئەبێت، پانورژ سەرنشینی کەشتییەکە کە چێوارێکی چاوچنۆکێکی دڵڕەق ‘دەندوندۆ’ بە رانەمەڕێکەوەیە. دواجار دەبێتە هەرایان و پانورژ ئەیەوێ دەست لە دەندوندو بووەشێنێت. توانی بەنرخێکی زۆر، بەرانێکی لێبکڕێت و چاوچنۆکی دەندوندۆی گڕدا. ئیتر بەزمەکە لێرەوە دەستیپێکرد؛ کاتێ پانورژ شاخی بەرانەکەی گرت و فڕێیدایە ناو دەریاکەوە. ئیتر، مەڕەکانیتر چاویان لێکرد بەدوای یەکتردا، خۆیان فڕێدایە دەریاکەوە. چێوارەکە دۆشداما و نەیتووانی رێگری لە مەڕەکانی بکات، تا دواجار خۆشی لەگەڵ مەڕێکدا کەوتە ئاوەکەوە.


* M. Aurelius, Meditations, p 127. The Modern Library 2002

    ** جۆرج ئۆرویڵ ١٩٨٤

    Images: https://pixabay.com/fr/

    • EvgeniT
    • PIRO4D
    • sunrise-
    • screw-
    • MSchildermans

    د. نەوزاد جەمال

    دکتۆرا لە فەلسەفەی رەخنەگەرایی کانت

    Check Also

    زیرەکیی مرۆیی و هەڵەکانی بیرکردنەوە

    بەیان سەلمان لەم سەردەمەی کە بووەتە مۆدێل بۆ قسەکردن لە بارەی زیرەکی دەستکرد، بە گرنگم …