لەلای هونەرمەند قەرەنی جەمیل
ئەحمەد نەبەز

(قەرەنی جەمیل) تەنیا هونەرمەندێک نەبوو، بەڵكو ئەو دیاردەیەك بوو لە دونیای هونەری شێوەكاری ناوچەكە بەگشتی و كوردستان بە تایبەتی. ئەو شۆڕشگێڕی بێدەنگی و زمانی بینراوی کوردییە. یەکێکە لەو خوڵقێنەرە دەگمەنانەی کە تەواوی بوونی له (كەسایەتی و هونەرەكەی) مێژوویەكە ئێجگار قووڵ؛ قووڵتر لەوەی من بتوانم لە ڕێگەی وشەکانمەوە بیخەمە ڕوو. بەو پێیەی بە شێوەیەكی كەسی و تایبەتی لە نزیكەوە ناسیوومە، ڕێگە بەخۆم دەدەم وەك هاوڕێیەك دوای مەرگی دەربارەی ئەو مرۆڤە گەورەیە چەند پەیڤێك بنووسم.
مرۆڤ بۆ تێگەیشتن لە کارە هونەرییەکانی هەر هونەرمەندێك، سەرەتا دەبێت لە خودی هونەرمەندەكە تێ بگات. ئەو جیهانەی هونەرەكەی لێوە سهرچاوهی گرتووه.
کەسایەتی (قەرەنی جەمیل)، ئاوێنەیەکی هونەرەکەی بوو: ئارام، لە هەمان کاتدا شۆڕشگێڕانە بوو، بێدەنگ، لە هەمان کاتدا هاوارێكی قوڵی لە ناخیدا هەڵگرتبوو، ڕەگوڕیشەی لە مێژوودایە، هاوکات بەشێوەیەكی هەمیشەیی لە ئێستاماندا ئامادە و كاریگەرە.
ئەو مرۆڤێكی هێمن و بێدەنگ و قوڵ بوو، بە ویقار و بە شكۆ بوو لەگەڵ ئەوەشدا بە خاكەرایی و سادەیی و شیك پۆشیەكەی ئەوەندەیتر جوانیی دەبەخشی، بەجۆرێك كە (زات)ی خۆی ڕەنگدانەوەی هەبوو لە ناو هونەرەكەیدا. بێدەنگییەکەی لە نائامادهبونهوه نەبوو، بەڵكو ئامادەبوونێك بوو كە پڕبوو لە بیرکردنەوە و مانا بهخشیین. بێدەنگییەكی عیرفانی، کە سەرەتا کارەکتەری ئەوی پێناسە دەکرد و دواتر دزەی دەکردە ناو کانڤاسەکەیەوە. بەگشی زۆر نهدهدوا. تابلۆكانی دەبوونە زمانێک کە گوزارشتكردن بوو بۆی و بەدەنگێكی نەرم لێی دەدووان.

کاتێک لەگەڵیدا دادەنیشتم، تەماشام دەکرد لەبەردەم کانڤاسێکی سپیدا دەوەستا وەک ئەوەی لە سنووری نێوان دوو جیهاندا وەستا بێت: یەکێکیان پڕ ژاوە ژاوو و بێ ماناییە، ئەوی دیکەیان خامۆش و واتادارە. ئەو ئەوەی نەدەكێشا كە دەیبینی، بهڵكو ئەوەی دهنهخشاند كە لە یادگه و یادەوەرییەكانیدا ساڵگارێك بوو خەفەکرابوون، ترسی هەبوو لەبیر بکرێن، لە ناو جیهانە خاكییەكەیدا جێگیری دەكردن و دەیچاندن. وەک دەروێشێک لە زیكری نیگاركێشاندا بەسەر کانڤاسەکەیدا دەچەمایەوە و لەڕووی ڕۆحییەوە خۆی وابهستهی خاك ئهدەكرد.
کارە هونەرییەكانی، تەنها ڕووکارێكی ڕەنگاوڕەنگ نەبوون، بهڵكو پێکهاتەیهك بوون له زیندوویی یادەوەری و لەدەستدان و قوربانیدان، چهندین برینی شاراوە… هەستێكی بەرزی مرۆڤایەتی قووڵ بوون و له بۆتهی هێڵ و بارسته و خهستی ڕهنگ گیرابوون.

ستایڵی كاركردنی، ڕەگوڕیشەی لە ئەبستراکت ئێکسپرێشیۆنیزمدایە. بەڵام ئەبستراکتێك بهدوور له نەریتی ڕۆژئاوا. بەڵکو ڕەنگدانەوەی وەڵامێکی قووڵی ناوچەییە بۆ یادهوهرییهك له زەبر و زەنگی دهسهڵاتێكی ماددیی. لە ڕێگەی هێما و خۆگرتنێکی ناوازە لە ڕەنگدا، لە خەم و خۆڕاگریی نەتەوەیەک دهدوا، كە لە ئازاری خودێكی کەسییەوە گۆڕاوە بۆ جوانیهكی بەکۆمەڵ و ڕوانگهیهك له فەلسەفە، کە چەندە ڕۆحییە، ئەوەندەش ڕەخنەگرانەیە.

ڕەنگ لە کارەکانیدا، ڕازاندنەوە نییە. وەك توخمێكی جوانکاری مامەڵەی لەگەڵدا نەكردووە. بەڵكو یادەوەرییەكی چەندین ساڵەیە، ئەو حەزی لە پاڵێتی ڕەنگی تۆز و خۆڵ و ئۆكەری و سێبەری قاوەیی و خاکی و خۆڵەمێشی بوو. ئەم تۆنانە لە دەستیدا بوونەتە دەنگ و هێور نابنەوە، قسە دەکەن و بانگمان ئهكهن. داوای ئهوهمان لێدەکەن تا لە نزیکەوە سەیرییان بکەین و ئاشناییهك لهگهڵیاندا دروست بكهین.
پالێتەكەی، مێژووی خاکمان بیردێنێتەوە. بە تایبەتی هەولێر، کە لە ساڵی ١٩٥٤ تیایدا لەدایک بووە. یادەوەرییە سەرەتاییەکانی لە كۆڵان و شەقامە پڕ خۆڵ و تۆزەکانی شار و قەڵای هەولێر پهڕیونهتهوه سەر پانتایی كارەكانی و ڕەنگیان داوەتەوە، لەوێشەوە بۆ گێڕانەوەیەكی قووڵتر و فراوانتر ڕۆچووە و ئازارەكانی نەتەوەیەكی ستەملێكراو ئاشکرا دەكات.

قاوەییە بێدەنگەکانی هەڵگری زەبر و زەنگی ئەنفال و هەڵمەتی جینۆسایدن دژی کورد، كە لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ڕوویداوە. ئەو ڕاستەوخۆ ئەنفالی وێنا نەکردووە. بەڵکو لە بێدەنگی مهودای جێهێڵراودا، لە ئێسک و پڕوسكە بێناوەکانی ژێر خاکدا، لە زەوییە بێ بەرهەمەکاندا کە ڕۆژانێك ژیان تیایاندا سهوز ئهبوو، بانگەوازی بوونییانی كردووە. لە هەر لێدانی پهڕهمووچهكهیدا چرپەیەک هەیە و دەڵێت: “من لێرە بووم-ئێمە لێرە بووین”. ڕەنگەکانی ڕەگ و ڕیشەی قووڵیان لە خاكدایە، دەنگدانەوەی دیمەنی دەروونی و زەبر و مانەوەیە، زمانێكە بۆ نەگێڕدراوەكان.
سەرەڕای قورسایی پالێتەكەی، لە تێڕوانینمان بۆ ئەزموون و بەرهەمەکانی ئەم هونەرمەندە، ریتمێكی یەكدەنگ لە كارەكانیدا دەبینین کە قسە لەسەر قووڵایی گەشتە هونەریەکەی دەکات و پێمان دەڵێت: ”ئەم ئەزموونە دوور و درێژە… بەردەوام نوێ بۆتەوە و وەڵامدەرەوەی سەردەمی خۆیەتی، بەجۆریك كە مێژووی یەكگرتنی لە شوێن و كات و زاتدا هەیە” .

فۆڕم لە تابلۆكانی (قەرەنی جەمیل)دا، شێواو و گۆڕاوە، ڕەتیدەکەنەوە بە ڕوونی ئاخاوتن بکەن. چاوەڕوانییەکانی شێواندووە، بۆ گەیاندنی مانا پشتی بە فۆڕمە ئاشکراکان نەبەستووە. زۆرجار زمانی نیشانە و ئاماژە و هێماكانی لە پێکهاتە ئەبستراکتەکانیدا بەكارهێناوە، خاكی نێو تابلۆكانی فۆڕمی ناڕێک و هێمای پارچە پارچەکراوی وەك: (سەگ، ئێسقان، لانك، قاپ، كەوچك، گۆزە و گوڵدان و ملوانكە… هتد) لەخۆگرتووە. ئەگەرچی ئەم فۆڕمانە سەرەتا وەک ڕەگەزێكی ناسراو دەستیان پێكردووە، بەڵام دواتر تواونەتەوە بۆ ناڕوونی، خۆیان لە ناسنامەی جێگیر دزیوەتەوە. پیشانگەی (ستیل لایف) لە ساڵی ٢٠١٩ لە گەلەری میدیا-ههولێر، گهواهیدهر و نموونەی زیندووی ئەم شێوازە كاركردنهی هونهرمهندن.
شێواندن لە بەرهەمەكانیدا، مەبەستدارە ڕەنگدانەوەی گرژییەکی فەلسەفییە، لە نێوان (بوون و نەبوون)دا، لە نێوان (ئایکۆنی و ئەبستراکت)دا.

بۆ نموونە: بوونی فۆڕمی سەگەكان لە تابلۆکانیدا هەرگیز نوێنەرایەتییەکی سادە و ڕووکەشی سەگ نییە. بەڵکو هێمایەكی خوازراوە باس لە دەربەدەری و تەنیایی و نامۆبوون دەكات. لە هەندێک کاتدا ئاماژە بە پەیوەندی پچڕاوی نێوان مرۆڤایەتی و جیهانی سروشتی دەکەن. بە هەمان شێوە دەرکەوتنی ڕووخساری پارچەپارچە و نەناسراو، یان پێکهاتەی ئێسکەپەیکەرەكان ئاماژەن بۆ قوربانییە بێناوەکان، ئەوانەی کە مێژوو ناسنامەیانی ڕەتکردووەتەوە. ئەو جارێكی دیكە وەریاندەگرێتەوە، دەیانخاتەوە ناو جیهانە بینراوەكەی خۆی و پێداگری لەسەر بوونیان دەکات. بەڵام لە نواندن و گێڕانەوە کورتیان ناکاتەوە. بەڵکو پێگەی ئایکۆنییان دەشکێنێت و سیستەمه داخراوەکانی نوێنەرایەتی بینراو دەتوێنێتەوە، بەمەش فۆرمەکانی بەسەر خۆیاندا دانەخستووە، ئەوانی بە کراوەیی هێشتۆتەوە و فراوانی كردوون، بەچاوی نیشانەناسی و هێرمێنۆتیکەوە لێیان نزیک دەبێتەوە. بە مەبەست ئاشناکان ناسەقامگیر دەکات و بانگهێشتی دووبارە لێکدانەوەیان دەکات.

ئەم گۆڕانكاریانە، لە واتای جێگیر و داخراوەوە بۆ لێکدانەوەی کراوە، گۆڕانکارییەکی ڕەخنەگرانە لە زمانی بینراوی کوردیدا دهخهنهڕوو. هونەرەکەی بینەر ڕادەکێشێتە ناو فەزای ناڕوونی، کە چیتر مانا ناگوازرێتەوە، بەڵکو هاوبەشە. کارەکەی لەجیاتی ئەوەی پەیامێک بگەیەنێت، دەستپێشخەری دیالۆگێک دەكات كە تیایدا مانای كردۆتە دانوستانێك لە نێوان خۆی و بینەر، لەم فەزایەدا ئێمە وەک بینەر بە سادەیی تەنها سەیر ناکەین، بەڵكو شانبەشانی هونەرمەند لێکدەدەینەوە، بنیاتی دەنێینەوە، خەون دەبینین.
دەربڕینێکی بەهێزی ئەم شێوازە فەلسەفییە لە پێشانگەی (ئینسانی وەھمی و وەھمی شارستانییەت) لە ساڵی ٢٠١٨ لە گەلەری میدیا-هەولێر بینرا.

كەرەستە و ماددە لای (قەرەنی جەمیل)، هەرگیز بێلایەن نەبووە. بەڵكو پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆ و ڕادیكاڵی لەگەڵییاندا هەبووە. لە ڕێگەیانەوە قورسایی فەلسەفی کارە هونەرییەکانی بەرزكردۆتەوە. وەك زمانێك توخمە خامەکانی خاکوخۆڵی بەشێوەی فیزیكی بەكاریهێناوە. لەسەر ڕووكاری تابلۆكانیدا تێكەڵ بەڕەنگی كردوون. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی زۆرجار ڕووکاری تابلۆكانی زبر و ناڕێك و تیژ و بریندار دەركەون. هاوكات خاکی لە پاشخانێکی پاسیڤەوە بەرزکردۆتەوە بۆ ماددەیەکی قسەکەر و توخمێكی ئامادە. كە تەنیا ڕۆڵی میدیۆم ناگێڕێت، بەڵكو زمانێكە باسی زەوی دزراو و تەرمە نێژراوەکان دەکات. لە یەک کاتدا پیرۆزە و پێشێل کراوە.

تەکنیکی كارەكانی، ڕەگ و ڕیشەی لە پەیوەندییەکی قووڵی فەلسەفیدا بوو لەگەڵ ماددەدا، ئەویش بە تێکەڵکردنی ئەبستراکت لەگەڵ هەستیارییەکی چڕ بە ماددە و ڕووکاردا. بەشێوەی (ئیمپاستۆ-Impasto) كە وێنەكێشانە بە شێوەی ئەستوور و چڕ و قورس، ڕێبازەکەی لە کاری فڵچەی ڕێسایی تێپەڕی، كەرەستە و ماددە خامەكان و ڕەنگەکانی ڕاستەوخۆ چین چین دەخستە سەر کانڤاسەکە، لە ڕێگەی وەشاندنی فڵچەی بەهێز و زبر و پڕژەی ڕەنگەوە ڕووبەر و پێکهاتەی برینداری دروستدەکرد. ئەمەش وایكردبوو پراکتیکی هونەری ئەو تەنیا لە تێگەیشتنی بینراودا سنووردار نەبووە، بانگهێشتی بەشداریکردنێکی قووڵتر و هەستیارتری دەکرد. کارگەلێکی دروست کرد کە بە ئەندازەی بینراو لە ڕێگەی بەركەوتن و دەستلێدانەوە ڕووکارەکانی هەستی پێدەکرا، هەستیان لە ڕێگەی پێکهاتە و کێش و بێدەنگیەوە دەگواستەوە.هونەرێک کە تەنانەت بە چاوی داخراویش قسەی خۆی دەكرد، وەک ئەوەی بۆ نابیناکانیش نەخشێنرابێ. بە شێواندن و سڕینەوە و چیندارکردنی فۆرمەکان، سنوورەکانی نێوان میدیۆم و پەیامی بەرەنگاری دەكرد.

لە یەكەم ڕووانینەوە هەست بەوە دەكەین پێکهاتەی بەرهەمە هونەرییەکانی داوای سەرسامی ناکەن، داوای ئەوە دەکەن هەستیان پێبکرێت. ئەوان ئەوەمان بیردەخەنەوە کە جوانی هەمیشە نەرم نییە، دەربڕین دەبێت هەندێکجار زبر و درشت بێت بۆ ئەوەی ڕاستگۆیی بمێنێتەوە.
شوێن/جێگه، لە كارەكانیدا، هەرگیز جوگرافیایەکی جێگیر نییە، بەڵکو زەوییەکی سۆزداری و بوونگەراییە کە بەیادەوەری و لەدەستدان و بێدەنگی بنیات نراوە. زەوییەک کە بە توندوتیژی و لەبیرکردن هەڵکەندراوە. شوێن وەک بارودۆخێک سەرهەڵدەدات، ناجێگیر و خەمناک لە (نابوون)دایە. دەبێتە فەزایەکی ڕەمزی، كە تیایدا یادەوەری کەسی لەگەڵ زەبر و زەنگ و لەدەستدانی بەکۆمەڵدا بەریەک دەکەوێت. تابلۆكانی شوێنەواری ژیانی لەبیرکراو هەڵدەداتەوە. ئەوەی لێرەدا شوێن پێناسە دەکات، ئاراستەی شوێنگەیی نییە، بەڵکو ئاورای درێژخایەنی ئەو شتەیە کە ڕۆژێک بوونی هەبووە، وەك قاپێکی بێ جەستە، ئێسکێکی بێ ناو. لە کارەکانی ئەودا (شوێن/جێگه) ئەوەیە کە دەمێنێتەوە کاتێک (کات و شوناس) داڕمابێت. نەك ئەوەی کە ئێمە لە کوێداین.

بۆشاییەكان لە تابلۆكانیدا، بە كۆنتێكست كراون، لە غیابەوە نەهاتوون، شوێنە چۆڵەكان، فەزای دەروونین، گرژی ڕۆحی و بۆشایی یادەوەرین. کانڤاسەکەی قەرەباڵغ نەکردووە چونکە تێگەیشتبوو کە زۆرجار بێدەنگی لە ژاوەژاو دەنگ بەرزترە. ڕەنگە کاڵبووەکان و ڕووبەر سپی و خۆڵەمێشییەكانی وەک پاشخانێکی تەنیا کار ناکەن، ڕووبەرێکی چالاکن: پێکهاتەکانی لەبیرکردن، کەشوهەوای چاوەڕوانی، ئەو برینانەن کە تابلۆکانی لە ڕێگەیانەوە هەناسە دەدەن.
كات لە كارەكانیدا. تەنیا وەک ڕاگوزەربوونی زەمەن پیشان نەدراوە بەڵكو لە پڕۆسەی نیگاركێشاندا وەک شوێنەوارێک مامەڵەی لەگەڵ كردووە. ئەو هاوشێوەی شوێنەوارناسێک وەك بابەتێكی ئەركیۆلۆژی ئەو شتانەی لە هونەرەكەیدا هەڵکۆڵیووە کە مێژوو ناشتوویەتی: کارەساتی لەبیرکراو، دەنگی ونبوو و ئامادەیی دزراو. هونەرەکەی بەندە بەكاتەوە، لەهەمان كاتیشدا جێگە بە كات و شوێن لەق دەكات، زۆرجار پەرەمووچ لێدانەکانی لە یەک کاتدا ئاشکرای دەكەن و دەیشارنەوە، بەشێوەیەك چینە نیشتووەکانی مانا پێكدەهێنێت. ئەم دۆخەش بە ڕوونی هەستی پێدەكرا. لە پێشانگەی (ئەركیۆلۆژیای كات و شوێن)دا كە لە ساڵی ٢٠١٣ دا لە گەلەری میدیا-هەولێر كرایەوە.

لە دەرەوەی تەکنیک و ماددەدا، ئەوەی (قەرەنی جەمیل)ی لە زۆربەی هونەرمەندانی دیكە جیاكردۆتەوە، ڕۆحی بوونی هونەركەیەتی ، نەک بە مانای ئایینی، بەڵکو لە گرنگیدانی بە شتە نامەحسوسەکانی وەك: یادەوەری، بێدەنگی، ڕۆح، لەدەستدان. لە جیهانە مینیمالیزمەکەیدا عیرفان هەیە. زۆرجار تابلۆکانی زیاتر ئەو شتانەت پێدەبەخشن کە دەیشارنەوە نەک ئەو شتانەی کە پیشانی دەدەن. ڕەنگە ئەم بێدەنگییە ڕۆحییەی بە باشترین شێوە لە پێشانگاکەی ساڵی ٢٠٠٨ لە گەلەری سەردەم-سلێمانی تۆمار کردبێت، وەك ئەو وتەیەی (ئەنتۆنیۆ مەچادۆ)ی شاعیر كە دەڵێت: “هۆ ڕێبوارەكە! هیچ ڕێگایەک نییە، ڕێگا بە ڕۆیشتن دروست دەبێت…” هونەرمەند ئەم دێڕەی وەك دەستپێكێك بۆ ئاخاوتن لەسەر پیشانگەكەی لە شاری سلێمانی لە گەلەری سەردەم، بەكاری هێنابوو. كە تیایدا بە سادەیی تابلۆکانی نمایش نەكردبوو، بەڵكو دیالۆگێکی بنیات نابوو. كە بینەر دەبووە گەشتیار و گەشتی بە غیاب و ئامادەبوون، بە یادەوەری و سڕینەوەدا دەكرد. ئەو پێی وابوو:
“هونەر لێرە نییە بۆ ئەوەی بینەر ڕازی بکات، بینەر دەبێت بچێتە ناو تابلۆکە و خۆی لەدەست بدات.”

کانڤاسەکانی بەم گرژییە فەلسەفییە بۆ ئەبەد هەناسە دەدەن. لای ئەو فەزا، فۆرم، هێما.. تەنها بۆ دروستکردن و پڕكردنەوە و داخستنی كارە هونەرییەكە كارا نین، بەڵکو بۆ وروژاندنی بیرکردنەوە ئامادەییان هەیە. خواستێکە بۆ بەدەستهێنانی هەستێکی قووڵتری ناوەکی.

بە پێچەوانەی زۆرێک لەو هونەرمەندانەی کە لە هونەرەكەیاندا ڕووداوەكانیان به بەڵگەنامە كردووە، هونەرمەند (قەرەنی جەمیل) تۆماری نهكردوون بهڵكو زیندووی کردوونەتەوە. ئەو لایەنی مێژوویی ڕووداوەكانی پەیوەست بە نەتەوەكەی وێنا نەكردووە، دەنگدانەوە دەروونییەکەی بانگ كردووە، وای كردووە بینەر شایەتحاڵ نەبێت، بەڵکو بەشداریی بكات لە بیرهێنانەوە. یەکێک لە لایەنە ڕادیکاڵەکانی شێوازی كاركردنیشی، ڕەتکردنەوەی بە مهبهستی “گێڕانەوەی چیرۆکە” بە مانا ڕێسایی و ئاساییەکەی. هونەرەکەی گێڕانەوە نییە، ئامادەییە. ئەم هەڵوێستە دژە گێڕانەوەیە بە قووڵی سیاسییە. لە کولتوورێکدا کە ناسنامەی کورد بەردەوام سەرکوت کراوە و سادەکراوە، ئەو لە ڕێگەی هێما و هەڵوێستەوە بەرەنگاری دەبێتەوە. هەرگیز وێنەیەکی تەواوی نەداوە بە بینەر، بەڵكو بە شێوەی پارچەپارچە، سێبەر، ناڕوونی پیشانی داون. بەم کارەش کەرامەتی ئاڵۆزی بارودۆخی کورد دەپارێزێت و كاراكتەرێكی تێكشكاو بە ڕوونی پیشان نادات. هەروەها ئەم تەکنیکە ڕەتکردنەوەی داواکاریی ڕژێمی پێشووی بەعسییە (كە لە ڕووی مێژووییەوە بەسەر هونەرمەندانی عێراقدا سەپێندراوە) بۆ هونەری پڕوپاگەندەیی یان بە ڕوونی شیکردنەوە. هەڵبژاردنی ئەو بۆ ئەبستراکت و پارچە پارچەبوون و ناڕوونی تەنیا جوانکاری نەبووە، زیاتر كردەیەكی ڕزگاری بووە .

خوێندنی هونەری (قەرەنی جەمیل)، لە عێڕاقەوە دەستپێدەكات و دواتر لە ئیتاڵیا خوێندوویەتی و کاتێکی بەرچاوی لە ئیسپانیا و هۆڵەندا بەسەر بردووە، بەڵام هەرگیز خۆی ڕادهستی ڕەوتی جیهانی هونەری یۆرۆسەنتەری نهكردوه. ڕاستە شێوازی دەربڕینەکانی ئەبستراکت ئێکسپرێشنیزم و ماددییەتی ئارتە پۆڤێرا و چوارچێوەی چەمکی پۆستمۆدێرنیزم لێیانەوە فێربووە، بەڵام لە تۆزی کوردستاندا گیرسایەوە و مایەوە. ئەو کاریگەرییەكانی لە ڕێگەی (برین)ی کوردبوونەوە فلتەر کرد. هەرگیز بە وازهێنان لە ڕەگ و ڕیشەی خۆی بەدوای ئینتەرناسیۆنالیزمدا نەگەڕا. بەڵکو ئازاری کوردی بردە ئاستی هونەری جیهانی و وایكرد بخوێنرێتەوە. بینەری ڕۆژئاوای فێركرد کە لە زمانەكەی تێبگەن. چونكە هێزی داهێنانی ئەو لە توانایدابوو بۆ ئەوەی شتە ناوخۆییەکان بە گشتگیر بکات. لە کاتێکدا تێماكانی بە قووڵی کوردین هەر لە پێدەشت و شەقامەکانی هەولێرەوە تا جینۆسایدی ئەنفال و یادەوەری مرۆڤە ونبووەکان و ئاژەڵە پەراوێزخراوەكانەوە… هتد. بەڵام دەربڕینەكانی جوگرافیای تێپەڕاندووە و خودی بارودۆخی ئازارەکانی کێشاوە. بەرهەمەکانی پڕن لە مۆتیڤی کوردی، لەگەڵ ئەوەشدا هەرگیز فۆلکلۆر نین. خۆی لە تەڵەی نامۆیی پاراستووە و کوردیانەش نیگاری نەکێشاوە تا چاوی لێبکرێت. بەڵكو وەک چاوێكی کوردی لە دەرەوەی ڕووانیوە و دواتر چۆتە پڕۆسەی کێشانەوەیان. بەجۆرێك كارەكانی بوونەتە پەنجەرەیەك لە ڕێگەیەوە جیهان نەک هەر کارەساتی کورد بەڵکو خۆڕاگری مرۆڤ دەبینێت. چونكە تەوەری كارەكانی هەرگیز تەنیا سیاسی نەبوون، بوونگەراییش بوون. بوونگەرایی لەو ڕووگەیەوە كە لەخەمی لەدەستدانی بوونە بەكۆمەڵەكاندا بوو، بەرهەمەکانی بەردەوام دەپرسن: بوون-وجود لەژێر هەڕەشەدا مانای چییە؟ چی لە ڕۆحی مرۆڤ دەمێنێتەوە کاتێک جەستە بەرگەی دەربەدەری و لەدەستدان و وازهێنانی گرتووە؟ ئەو نەک تەنها بارودۆخی کورد، بەڵكو لە ڕێگەی گەڕان بەدوای تەوەرەكانی مردن، نەمان، ئاوارەبوون…هتد، بارودۆخی مرۆڤی لە ناوەندی هەموو وێنەیەکدا داناوە. ئەمەش وا دەکات کارەکانی زۆر دوورتر لە سنووری نەتەوەیی دەنگ بداتەوە. کە ڕێگە بە بینەرێکی تۆکیۆ، بەرلین، پاریس بدات خۆیان لە بێدەنگییەکەیدا ببینن، مردنی خۆیان لە تۆزەکەیدا بناسنەوە.
ئەم گشتگیرییە ڕێگە بە هونەرمەند (قەرەنی جەمیل) دەدات بە ئاسوودەیی وەك ئەستێرەیەك لە بۆشایی ئەم خاكەوە لەپاڵ هونەرمەندە گەورەکانی جیهان لە مێژوودا دابنیشێت. لەگەڵ ئەوەشدا، بە كوردبوونەوە تا ههتا بمێنێتەوە، بەبێ خۆنمایشکردن.

بێدەنگی واژۆی (قەرەنی جەمیل) بوو. ئەگەرچی ئێمە لە سەردەمێکی پڕ ووتن و باسی بێکۆتادا دەژین، كە پڕە لە ژاوەژاوی بینراو، خۆدەرخستنی سۆشیال میدیا، بینینی جەماوەری، هەڵپەی بەشداری لە نمایشە جیهانییەكان… هتد. لە بەرامبەردا ئەو بێدەنگییەكی قوڵی هەڵبژارد كە پاشخان و هەڵوێستی هونەری ئەوی بە هێمنی لەسەر ئەم خاکە بەباڵایی ڕاگیر كردووە و بەرگەی گێژاوی ئەم زەمەنە ڕاگوزەرەی گرتووە. هونەرەکەی هەموو هەوڵەکانی مرۆڤ بۆ قسەکردن دەسپێرێت بە بێدەنگییەک کە بە هەزار زمان قسە بکات. بێدەنگییەکەی دەبێتە جۆرێک لە دەنگ، دەنگێک کە لە ئێسکەکانتدا هەستی پێدەکەیت نەک بە گوێچکەکانت بیبیستیت. ئەوەمان بیردەخاتەوە کە مانا لە قووڵاییدایە. نەك قەبارەی دەركەوتن و زۆر ووتن. ئەو زۆر خۆی نمایش نەدەكرد بە هێمنی بۆ هەر شوێنێک دەچوو کاریگەری و شوێن پێی خۆی جێدەهێشت، وەك شوێن پێی ناو خاك و خۆڵی تابلۆكانی.

لەپێناو هەڵوێستەكانیدا، بەقورسی باجی دا، بە دەربەدەری و ئازار، لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیكە دەگەڕا بەدوای شوێنێکدا کە بتوانێت تێیدا بژی و بە ئازادی هونەرەکەی پراکتیزە بکات: یەکێتی سۆڤیەت، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، هۆڵەندا و دواجاریش هاتەوە بۆ زێدی خۆی و لە کوردستان-هەولێر وەك مامۆستا لە پەیمانگەی هونەرە جوانەكان گیرسایەوە. هەرچەندە ئەو بە شێوەیەکی بەرفراوان بە هونەرەکەی ناسراوە. بەڵام وەک پەروەردەکار و مامۆستایەكی هونەرییش ڕۆڵێكی گرنگی گێڕاوە لە پەروەردە كردنی نەوەیەكی تازە لە كوردستان، بە جۆرێك كە زۆرێک لە هونەرمەندە تازە پێگەیشتوەکانی کورد ئەویان نەک هەر بە پێشەنگ بەڵکو بە ڕێبەرێکی مەزنی خۆیان دەزانن. مێژووی هونەری شێوەكاری مۆدێرن لە هەولێر و كوردستان بەشێوەیەكی تۆكمە و بەهێز لە سەرهەڵدانی “قەرەنی جەمیل”ەوە دەست پێدەکات. بوونی ئەو گۆڕانکارییەكی بناغەیی بووە. کاریگەرییەکەی تەنیا ساتێکی دیاریكراوی زوو تێپەڕی مێژوویی نیە. بەڵكو گۆڕانێكی ڕیشەیی و بنەڕەتیی هێنایە ئاراوە، ئەو بەبێدەنگی زەمینەی زمانێکی نوێی بینراو و چەمکی قووڵی لە هونەری شێوەكاری کوردیدا دانا. واتای نیگارکێش بوونی لە کوردستاندا گۆڕی. نەك تەنها لە ڕووی پڕاكتیك بەڵكوو لە ڕووی تیۆریشەوە هەنگاوی گەورەی نا بەدروستكردنی گۆڤاری شێوەكاری كە ئەركێكی گەورەی هۆشیاری دەنواند لەسەردەمی خۆیدا، هەوڵی دروستكردن و بنیاتنانی یەكەم مۆزەخانەی هونەری دا لە كوردستان. سەرەڕای ئەوانە لە ماوەی ژیانیشدا ستۆدیۆکەی هەرگیز تەنها فەزای دروستکردن نەبووە پەناگەیەک بوو بۆ ئاڵوگۆڕ و بیرکردنەوە و هاندان. ئەو ئیلهامبەخش بوو، بە ڕۆیشتن بە ڕێگای خۆی، ڕەسەنایەتی و ورەی بە کەسانی دیکە دەدا. پێی وابوو بۆ بوون بە هونەرمەند لە کوردستان نەک هەر بەهرە، بەڵکو ڕوونی ئاكاریی و هێزی ناوەوەی دەوێت. بەبیری دەهێناینەوە کە هونەر پیشە نییە، پابەندبوونە بە ڕاستییەوە. ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی زۆرێک لە بینەرانی پێشانگەکانی كاتێك سەیری كارەكانی دەكەن، بەبێ ئەوەی بە تەواوی بزانن بۆچی. هەست دەكەن کە ڕووبەڕووی شتێکی پیرۆز بوونەتەوە، هونەرێک کە تەنانەت لە نائومێدیشدا شکۆمەندی پەخش دەكات.

(قەرەنی جەمیل) لە هونەرمەندێك و نیگارکێشێک زیاتر بوو. وەرگێڕی ڕۆحی کورد بووە بۆ زمانێكی بینراو. لە نەتەوەیەکدا کە سنوور و مێژووەكەی پارچە پارچەیە، ئەو نیگاری بۆ دەکێشان کە زۆرجار بینەریان نەبوو. كەچی بەردەوام بوو تا پردێكی لە هونەر و خۆشەویستی و هەست و یادەوەری دروستكرد. بۆ هونەرمەندانی گەنجی کورد نەخشەڕێگایەکی پێشکەش کرد، كە چۆن بە قوڵی لۆکاڵی بن و لەهەمان كاتیشدا دەنگدانەوەی گشتگیر و جیهانگیری بن. سەلماندی کە مرۆڤ پێویستی بە وازهێنان لە ناسنامەی خۆی نییە بۆ ئەوەی بەرز بفڕێت.. ئەو لەم خاكەوە سەری دەرهێنا، هەر لەم خاكەشەوە ئەسپی هونەری خۆی تاودا وەك گەریدەییەك بە دونیادا گەڕاو، دواجاریش بە هەگبەیەكی پڕەوە لەسەر ئەم خاكە دوا هەناسەكانیدا. ئەو مرۆڤێكی پڕ ڕەنگ و جوانی بوو، ڕەنگینییەکەی نمایشکاری نەبوو، توخمیی بوو. وەک چیای هەڵگورد جوان بوو، وەک قەڵای هەولێر بهههیبهت، وەک شیعرێکی نەگوتراو، شکۆمەند بوو.

جێهێشتن، ناونیشانی دواین پێشانگەی بوو، کە لە ٦/٦/٢٠٢٣ لە گەلەری میدیا-هەولێر كرایەوە. وەك ئەوەی بیەوێت هەواڵی جێهێشتنی خۆیمان پێبڵێت، بەڵام ئێمە لێی تێنەگیشتین. بەداخەوە لە ٣/٦/٢٠٢٥ هونەرمەند (قەرەنی جەمیل) بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە گیانی پیرۆزی سپارد و بۆ هەميشە جێیهێشتین.

دڵتەزێنە لەدەستدانی هاوڕێی و هونەرمەندێكی نازداری وەك ئەو كە بەشدارییەکی زۆری کرد لە داڕشتنی دیمەنی هونەر لە کوردستان. هەرچەندە ئەو چیتر بە جەستە لەگەڵمان نییە، بەڵام هونەرەکەی لە پێکهاتەی هۆشیاری هونەری کوردیدا دەمێنێتەوە. ڕۆحی ئەو لە ڕێگەی هونەرەکەیەوە لە نێو ئێمەدا دەژی و هەناسە دەدات. ئەو بۆ هەمیشە بە پهڕهمووچی نەوە گەنجەکانەوەیە، لە دەست و دڵیاندا دەژی و ئیلهامبەخش دەبێت بۆ دیدگاکانیان.
لە کۆتاییدا ڕەنگە هونەر تاکە فۆڕمی ڕاستەقینەی نەمریی بێت.
نەبوونی (قەرەنی جەمیل)، بۆشایییەکی گەورە جێدەهێڵێت، بۆشایییەک کە لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا، هەموومان قووڵتر هەستی پێدەکەین. زۆر بیری دەکەم.. تەنیا یادەوەرییەکانی هاوڕێیەتیمان بەدەستەوە ماوە، ئێستا لە جاران بەنرخترن بۆم…
ماڵئاوا هاوڕێی ئازیزم. ڕۆحت ئارامی هەمیشەیی بدۆزێتەوە.

ئەحمەد نەبەز
هەولێر
٦/٦/٢٠٢٥

ئەحمەد نەبەز
هونەرمەندی شێوەکار


 transcultures ترانسكولتوور
transcultures ترانسكولتوور
				 
						
					 
						
					 
						
					