د. مەدیحە سۆفی
ئەدەب هێزێکی بێ پایانی خستنەڕووی هزر و فیکری نووسەرە بەرامبەر بە رووداو و بەسەرهات و ئەزمونەکانی خودی مرۆڤ خۆی و سەردەمەکەی، وێناکردنی واقیعە ئەگەر بە ویژدانێکی زیندوو و بە ڕاستگۆییەوە بنووسرێتەوە و ببێتە ئاوێنەی ئەو زەمەنە پڕ لە کۆسپ و هات و نەهاتەی تێیدا ژیاوە. دەققە ئەدەبییە بەناوبانگ و نەمرەکان، بۆیە نامرن و نەمرن چونکە ڕاستگۆیی و بڕوا لە زەمەنێکدا تیایدا حاکمن؛ کە بەرجەستەکردنی ئەو بڕوایە بۆ دەسەڵات یاساغ بێت و ڕوبەڕووی بەرپەرچدانەوەیەکی دڕندانە دەبێتەوە. هەر ئەو کاتەی ئەو بڕوایە تێهەڵکێشی خەبات و خۆبەختکردن دەبێت؛ دیارە بۆ بەدیهێنانی ئامانجێکی پیرۆز و پاراوە تا مرۆڤایەتی بگەیەنێتە ئەو ئاستە باڵایەی بەبێ سانسۆر و ڕێگر و بەرپەرچدانەوە، بە ئازادییەوە و بەبێ ترس ئەسپی ویستەکانی تاو بدات.
زۆر لە بڵاوەکراوە ئەدەبییە دەگمەن و دانسقەکان، کە نووسەرەکانیان بابەتێکی ناوازەی تاڵ و سەختی رۆژگار لە منداڵدانی واقیعەوە دەنووسنەوە و سیاسەت و هەڵسوکەوتی حوکمڕانی ئەو دەمەی تیادا وێنا کردووە و دەبێتە شایەتحاڵی ڕۆژگارێک، هەر لەوێدا مەحاڵ شکست دەهێنێ و ئیرادە لەسەر ئەسپەشێی خەباتەوە براوەی دۆخێکی ناهەموار و پڕ لە بگرەوبەردە دەبێت، پاشتر بە مەدالیای سەربەرزیەوە بەرەو ئێوارەی ژیان هەنگاو دەنێت، تا رادەیەک ئەدەب توانیویەتی ڕووی ڕاستەقینەی ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی ئەم دەڤەرە و سەرجەم رژێمە تۆتالیتێرەکان لە جیهاندا ئاشکرا بکات و ماهییەتەکەی دەربخات.
هەندێ دێڕ هەن، هەڵقوڵاوی ناخێکی کوڵاون، کوورەی زامێکی ئەبەدین، نۆتەی سەر بەردی یادەوەرین، پڕ لە عیشقن، جەبەرووتی ڕۆژگارێکی ئاشنا بە کۆسپ و بەرەنگارین، ئەو دێڕانەی قەند قەند، نەبات نەبات و تنۆک تنۆک گڕ لە توینێتی بەردەدەن و بە هەورەتریشقەی عیشقەوە دادەبارێنە سەر هەموو سەردەمێکی تەنراو بە تێکۆشان و ئازایەتی و بوێری، بۆیە ئەو دەقانە هەمیشە لە بەرزاییدا بە نەمری دەمێننەوە، ئەرێ بە نەمری دەمێننەوە، لەبەر ئەوەی بە ڕاستگۆیی لەگەڵ خود و بڕوا و ڕێگا پێکەوە هەوێنی ئیڕادەیەکی بەهێز و بوێر لە ناخی مرۆڤدا بنیات دەنێن، لێرەدا ژن یا پیاو جێگایان نابێتەوە، مرۆڤ خۆی دەبێتە چەق و خاوەنی ئەو ئیرادەیە و تێهەڵکێشی پەیامێکی پیرۆز دەبێت بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی.
لاپەڕەکانی کتێبی (سێبەری قەلەبەرد لە سەر ئەڵمانە و تاڵەسوار) هەر نووسینەوەی یادەوەری نین، ئەمە ڕاگەیاندنی پەیامی خۆڕاگری و ئەزمونی ڕۆژگارێکی ئەوەندە سەختن؛ کە ئیرادەی راستەقینەی لە توێی لاپەرە نائارامەکانی ژیاندا جێکردووەتەوە، بەسەر برینی ناخیاندا بازیان داوە، لەگەڵ ژانی لەدایکبووندا چنگیان لە خاک گیر کردووە، لەگەڵ ناشتنی تەرمی ئازیزاندا سروودی خۆڕاگریان چڕیوە، حەز و ویستی تەمەنیان کوژاندووەتەوە، رچەڕێیەکی نوێیان بەرەو ئاسۆ دژ بە ستەمدیدەیی گرتووەتەبەر، ئەم لاپەڕانە سەفەرێکن بەرەو نهێنییەکانی ئەودیوی ژیانێکی ئائاسایی، پڕە لە وەسفی ئەو هەڵوێستانەی؛ کە هەمیشە لە نێو ڕوحی کەسەکەدا بە ژیلەمۆیی دەمێننەوە و هەر گەش و گەشتر دەبنەوە. ئەمە بەڵگە و سەلماندنی کۆڵنەدان و سووربوونە لەسەر بەدیهێنانی خەون و بڕوا لەسەردەمێکی پڕ لە دڕکوداڵ و رژێمێکی کۆنەپەرست و زۆردار، ئەمە دروێنەی پەروەردەیەکی خاکی نێو خێزانێکی پڕ لە خۆشەویستییە بۆ ئازادی و یەکسانی، ئەم یادەوەرییە چەکی ئاشتییە بۆ سەلماندنی ئەوەی؛ هزر و بیری ئازادیخوازی چەندە توینووی گەیشتنە بە جیهانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی، هەروەها پەیامێکە بۆ گۆڕینی خەباتی ئازادیخوازی سەدەی بیستەم لە خوێنەوە بۆ دیالۆگێکی لۆژیکی ئاست بەرز لە سەدەی بیست و یەکدا.
ئێمە زۆر جار رووداوە دانسقە و دەگمەنەکانی هەندێ شاکاری ئەدەبی دوور زۆر دوور لە خۆمان سەرساممان دەکەن، بەسەر مێژووە ماندوو و لەخۆبووردووەکەی خۆمانەوە باز دەدەین، لە زامە قووڵ و حەسرەتە گڕاوییەکەی تەنیشت خۆمانەوە بێئاگا دەبین، لە سوێی ئەو دراما و لە واقیعی ئەو هەراسانی و وێرانییەدا وێڵ و ون دەبین؛ کە لە بازنەیەکی نزیک زۆر نزیکی خۆمانەوە قەڵای بوێری و ئازایەتی و کۆڵنەدانی هەڵچنیوە. لە میانەی ئاشنابوونمان بە رۆمانە جیهانییەکان و کەسایەتییە بوێر و مرۆڤ دۆست و ماندوونەناسەکانی نێو ئەو رۆمانانەدا، هەمیشە هەڵوێستەیەک دەکەین و ماوەیەکی زۆر ئەو کەسایەتی و کارەساتانە لە هزر و یادەوەریمان هێلانە چێ دەکەن و دەبنە دانیشتووی نێو دونیای خەیاڵ و خەونمان، ئازارەکانیان لە هۆدەی روحماندا بێدار و باڵای وورەیان لە ئاسۆی دیدەماندا بێدار دەبن، دەبنە ئەو پەلکەزێڕینەیەی دوای تاوە بارانێک سوکنایی بە روحماندا دەهێنێ، بێ ئەوەی ئاوڕێک لە بوێری و سیمای ئازایەتی بازنەی نزیکی خۆمان بدەینەوە، کە چ مرۆڤ گەلێکی خۆنەویست لەسەر شانۆی شۆڕشدا ئەکتەری واقعێکی تاڵ بوونە وەکو مەلەکە خانمی ماندووبەباس.
سەرەتای سەدەی بیستەم لەگەڵ بڵاوبوونەوەی رۆمانی [دایک]ی مەکسیم گۆرکیدا، پاڵەوانی ئەم رۆمانە دایکێکی زۆر زەحمەتکێش و کۆڵنەدەر بووە و وەکو شاکارێکی ئەدەبی مەزن دژ بە رژێمی قەیسەری ئەو سەردەمە، دژ بە نادادپەروەری و چەوسانەوە و هەژاری رۆڵی بینیوە، ئەم رۆمانە ڕەنگدانەوەی واقیعی ژیانی ئەو کاتە و کردنەوەی دەروازەیەک بوو بۆ دڕ دان بەو جیهانە تاریکەی خەڵکی بەشمەینەتی تێدا دەژیا ، هەروەها کاتێ ژنانی فەڕەنسا لە بەشداریکردنی شۆڕشی فەڕەنسادا دژ بە برسێتی و نادادپەروەری ڕاپەڕین و گوتیان ” هیچمان نەماوە بۆ لەدەستدان ودەبێ لە نێو ڕایەڵی شۆڕشی دژ بە ستەمکار و دەسەڵاتی خۆسەپێندا ئامادە بین” و ئامادەش بوون.
دەقی ئەدەبی سەرکەوتوو کاردانەوەی لەسەر بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، پەروەردەیی، دەروونی و ژینگەیی سەردەمی خۆی دەبێت، دەبێتە تۆی گۆڕانێک یا سەرهەڵدانی بگرەوبەردەیەک بۆ ڕەتکردنەوەی بڕیارە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، بۆ نمونە ڕۆمانی (بیرەوەرییەکانی نێو زیندان)ی دوێستۆڤیسکی کاتێ بە کامێرایەکی فرەجەمسەرەوە ئەو ئەشکەنجە و سزادان و ئازاردانەی نێو زیندانی سیبیریا وەکو شاکارێک دەنووسێتەوە و پەردە لەسەر رووی ڕاستەقینەی نامۆڤایەتی لە نێو زینداندا هەڵدەماڵێ.
دوێستۆڤسکی لەو شاکارەدا، ئەوەندە قووڵ چووەتە نێو ناخی تاک بەتاکی کەسەکانەوە، ئەوەندە توێ توێی چاوەڕوانی و ویست و بگرەوبەردەکانی ناخیانی ئەمدیو و ئەودیو کردووە، ئەوەندە بە وردی کوورەی ناخی کەسەکانی شیتەڵ کردووەتەوە، کەم کەس ئەو لێهاتوویەی دویستۆڤیسکی پێ بڕاوە، هەر لەم سۆنگەیەوە نیتشە دەڵێت ” دوێستۆڤیسکی یەکەم کەس بوو کە لە بواری سایکۆلۆژیدا شتێکی فێرکردووم’’، کاریگەری بیرەوەرییەکانی ئەم نووسەرە، خوێنەر دەخاتە دۆخێکەوە کە بەخۆی بڵێ ”دەبێ بستێک جوگرافیا هەبێت ئەم تاوان و تەورەی تێدا بەکارهاتبێت”.
دوای خوێندنەوەی بیرەوەرییەکانی خاتوو مەلەکە دەڵێین، بەڵێ هەیە ئەوە سێبەری قەلەبەرد یەکێکە لەو بستە جوگرافیایەی؛ کە دایکێک پێنج رۆڵەی شەهید دەبێت، خوشکێک پێنج برا و هاوسەر و ئینجا لەدەستدانی رۆڵەکەی، ئەگەر بڕوا و عەقیدەی پاراو نەبێت؛ چی بەردەوامی بەم کاروانە سەختە دەدات، چی پەشیمانت ناکاتەوە، چ هێزێک دەتوانێ ئەوەندە لەبن نەهاتوو وخۆبەخش بێت، بەو جۆرە بەپێوە ڕاتبگرێت، ئەگەر بڕوا نەبێت!
ژنانی کورد هەمیشە لەگەڵ رەوڕەوەی خەبات و تێکۆشاندا هاوڕێ بوونە، زۆرن ئەوانەی پێشمەرگەن و خاوەن بڕوای خۆیانن، یا هاوئازار،هاوسەنگەر و هاوبیری برا و باوک و هاوسەرە شۆڕشگێڕەکانیانن، لە نێو دەریای عیشقێکی ئەبەدی بۆ خاک و ئازادی و ئینجا بۆ ژیان، مەلەوانێکی شارەزا و بەئیرادە و بەردەوامن. لە بۆتەی سازگاری ئەو عیشقەوە، خۆشاوی نەزاکەت و موبارەکی خەباتیان نۆش کردووە، پایەبەرزی ئەوان لەوەدایە؛ کە ڕاستگۆیانە پەیامنێری نێو ناخی خۆیانن بۆ ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری لەسەر جوگرافیایەکی داخکراو بە غەدر و قەدەغە و داپڵۆسین و سانسۆر.
مەرگی ناوەختی بەیانی ئازیز، تاقانەکەی مەلەکە خانم، ئەم کتێبە ورد و درشتی خەبات و تێکۆشان و روداوە تاساوەکانی شەهیدبوونی کەسە ئازیزەکان و بەسەرهاتەکانی ڕۆژانی سەختی پێشمەرگایەتی تێدا نووسراوەتەوە، وێرای ئەوەی سەری رێز بۆ ئەو ڕەنج و ماندوبوونە دادەنەوێنم، دوبارە دەپرسین چ هێزێک بووەتە خاوەنی هەڵچنینی ئەو توانا و بەردەوامییەی؛ کە دژ بە دوژمن و تانک و تەیارە دەوەستا ئەگەر بڕوای بەتین نەبێت بەو پرس و ئامانج و بەرنامەیە، وەلێ لەگەڵ دەستپێکی قۆناغێکی نوێی ژیان بەرەوهەندەران کە دەکرا هێمنی و دۆخێکی ئارام سەیوانی بێت، بەداخەوە ژیان بۆ ئەم مرۆڤە خۆنەویستە، بەبێ بوونی چاوی دوژمن و زیندان، بەبێ ئاسمانی تەنراو بوردومان و بەبێ ئەم گوند و ئەو گوند کردن، بە بێ بیرکردنەوە لە کۆت و زنجیر، نەخۆشی بەیانی ئازیز و تاقانەی، زیندانێکی نامۆتر و زنجیرێکی پتەوتری خستە روحی ئەم دایکەوە، کە هیچ بەرگرییەک نایتوێنێتەوە، هەوڵدانێکی سەختتر لە پێشمەرگایەتی، ڕوبەڕوبوونەوەیەکی ناچارتر لەگەڵ مەحاڵ، وێڵبوونێکی سەرلێشێواوتر لە پێشتر، لە نێو دەسەڵاتێکی دیموکراتی و ژینگەیەکی شارستانیدا، نەخۆشی بەیانی ئازیز دەبێتە گرێکوێرە و بە قودرەتی هیچ هەوڵێک ناکرێتەوە، گرێکوێرەیەک هیچ دەرمانێکی نەبوو یا هێشتا چارەسەکەی نەبووەتە دەرئەنجامی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە زانستییەکانی ئەو بوارە سایکۆلۆژییەی؛ کەم نین ئەوانەی تووشی ئەم نەخۆشییە و گیرۆدەی حاڵەتێکی قورسی لەو جۆرە دەبن.
زانست هەمیشە لە گۆڕاندایە، ئەوەی ئەو گۆڕانە چەکەرە پێدەکات خودی (گومان)ە، گومان لە دوا داهێنان و لە دوا دەرئەنجام، گومان لە دوا چارەسەر، داهێنان و زانست خۆیان لە نێو کایەی گوماندا دەخولێنەوە، بەبێ گومانکردن، داهێنان و تازەگەری لەدایک نابن، لەم دەلاقەیەوە مادام چارەسەرەکان دەرئەنجامی ئەرێنی نەبووە و دەستەوەستانی لێکەوتووەتەوە؛ دەبوایە پسپۆرانی دەوڵەت هەوڵی زیاتر، نوێتر، کاریگەرتر و داهێنانەتری بەرجەستە بکردایە، سەنتەر و ناوەندی چارەسەرەکان دانیان بە شکستی ئاستی زانستی خۆیاندا بنایە، ئەم مردنە ناوادەیە بە دوو ئەگەر ڕوو لە دارودەستەی دەوڵەتدا دەکات، یا کەمتەرخەمی پسپۆر و شارەزایانی بواری سایکۆلۆژی، یا دەستەوەستانی و شکستیان لە ئاست زانستێک؛ کە توێژینەوەکان هێشتا نەگەیشتوونەتە ئاستی پێویست! بەڕای من ئەگەری یەکەم زۆرتر بەم دەرئەنجامە نەرێنییە دەخوات، چونکە بەڵگە و مۆری زۆر هەن، بۆ سەلماندنی ئەو کەمتەرخەمییە و بەدوادانەچوونەی؛ کە هەموو هەوڵێکی بۆ دۆزینەوەی هۆکار و چارەسەکان ڕاگرتووە.
ئەوە نەخۆشی مردن نەبوو، نەخۆشی گۆڕانێک بوو لە خودی ناوەوە و گرێیەکی دەروونی ناخی ئەو کەسە و لە چۆنییەتی پەیوەندی و تێکەڵبوون بە دەوروپشت و ژینگەکەی. بە دابینکردنی ڕێوشوێنی تایبەت و زانستی لە بواری سایکۆلۆژیدا، دەکرێ هێدی هێدی هەنگاوی کەم وەلێ بەردەوام بنرێ، زانست بە تاقیکردنەوە و توێژینەوەی بەردەوامی شارەزایان، هەر جارەی توێکڵی ڕاستییەک لە بابەتێک دادەماڵێ، لە هەر لێکۆڵینەوەیەک دەبێت گومانێک بسڕێتەوە و گومانێک لەدایک ببێت، تا لە خولی دوای ئەوە ئەو گومانە چارەسەر بکات، زانست وەکو فەلسەفە نییە، زانست ستوونی گەشە دەکات، واتە توێژینەوەی پێشتر دەبێتە بنەما بۆ توێژینەیەکی نوێ، کە کەموکورتییەکانی پێشتر شی دەکاتەوە و چارەسەر دەکات.
لەوانەیە لە زانستی پەروەردە و پیداگۆگی و سایکۆلۆژیدا، تەمەنی هەژدە ساڵ وەکو پێوەری بەئاگایی بۆ بڕیاردان خەمڵێنرا بێت، وەلێ مەرج نییە لە هەموو کاتدا و بۆ هەموو کەسێک، هەر وەکو ئەوەی لە پرۆسسەی چارەسەری بەیانی جوانەمەرگدا دەستەبەر کراوە، دەبێ هەڵە و کەمتەرخەمی و کەموکورتییەک لە کۆی خولی چارەسەرەکەدا هەبووبێت، ڕێگای چارەسەری بەیان بازنەیەکی داخراو بووە و هیچ دەرئەنجامێکی ئەرێنی لێ دروێنە نەکراوە، پێداچوونەوەی دەوڵەت بە هەڵەکانی ئەو پرۆسسەیەدا لە ئەنجامی توێژینەوەی نوێدا زیاتر بسەلمێنرێت. لەبەر بوونی گومان لە میانەی چارەسەرەکەدا، نووسینەوەی ئەم بیرەوەرییانە زیاتر جەخت لەسەر گرنگی ئەو گۆڕانە دەکاتەوە کە لە زنجیرە چارەسەرە دەروونییەەکانی جوانەمەرگ بەیان نەیانتوانی دەستی هانا بۆ ڕزگارکردنی ئەو گەنجە درێژ بکەن، یا حاڵەت هەیە کە نابێت تەنها بە بڕیاری نەخۆشەکە کار بکرێت، چونکە نەخۆشە.
لێرەوە دەگەڕێینەوە سەر رۆمانەکەی دوێستۆڤیسکی، ڕۆمانی ”بیرەوەرییەکانی نێو زیندان” لە سەدەی نۆزدەدا و لە سەدەمی ئیمڕاتۆریدا بڵاوکراوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا کاردانەوەیەکی سیاسی گەورەی هەبوو و جەختی لەسەر گۆڕینی شێوازی ئەشکەنجەدانی زیندانیان هەبوو لە سیبیریا، کە نووسەرەکەی زۆر بە دیقەت ورد و درشتی ئەو ئەشکەنجەیەی وەسف کردبوو؛ کە چۆن جەللادەکان لە مرۆڤایەتی داماڵراون، ئەم داواکارییە کەوتە بەر باس و لێکۆڵینەوەیەکی زۆر هەندێ دژ و هەندێ لەگەڵ گۆڕینی بوون، تا گەیشتە سەر مێزی قەیسەر و حوکمڕانەکان، پاش بگرەوبەردەیەکی زۆر لە بەرواری ١٧/٤/١٨٦٣دا یاسایەک دەرچوو؛ کە شێوازی سزادان و ئەشکەنجەدانی دڕندانەی زیندانیانی سیبیریای هەڵوەشاندەوە، ئەمەش سەلماندنی ئەوەیە کە توانای دەقی ئەدەبی باش توانای شۆڕشێکی زیندووی لە توێی مەغزاکەیدا حەشاردراوە.
ئەگەرچی بەیانی جوانەمەرگ باروبارگەی پێچرایەوە، بەڵام دەوڵەت هێشتا زۆر قەرزاری کەمتەرخەمی و خەم ساردییەکەیەتی بۆ بەدواچوون و کردنەوەی گرێ و گۆلەی باری سایکۆلۆژی ئەو کیژۆڵەیە، دەبێ باجی ئەو خۆدزینەوە و ئامادەنەبوونەی خۆی بدات لە پرۆسەی چارەسەر و دابینکردنی ڕێوشوێنی پێویست بۆ ئەو نەخۆشییە، شارستانییەت بە زانست و بە پێداچوونەوە و شەن و کەو کردنی کارکانیدا بەرەو پێش دەچێت، نەک بە شاردنەوە و بێدەنگبوون و داپۆشینی نەنگی و کەموکوڕییەکان، دەبێ شۆڕشێکی زانستی بەرپا بێت، تا شارستانییەتەکەیان شارستانییەتێکی کامڵ و بێ خەوش بێت و نەنگی کارەکانیان بکەوێتە بەر باس و توێژینەوە.
لێرەوە، هەر لەدەم ئەم سوێیە هەراسانەوە، کاتێ ڕێگات دەکەوێتە سەر تونێلێکی درێژ، تاریک و ماندوو، نازانی چەند ڕێبواری دیکە هاوڕێگا و هاوبیر بەم تونێلەدا تێپەڕیون و نازانی ئەوسەری تونێلەکە؛ دەتگەیەنێتە چ دەرئەنجامێک و چ کۆتاییەک، نازانی ئەم تونێلە هەر ئەو تونێلەی نێو هزر و بیرتە، یا هزر و بیرت ئەم تونێلەیە، وەلێ هەردووکیان وەک خاچ و مار لەیەک ئاڵاون. بڕوا مڵۆزمە، ناچارییەکی منیش لێرەدا هەرچەند دەکەم نازانم لە چ کەلێنێکەوە بگەمە گەرمەی ئەو بوێرییەی خاتوو مەلەکە، چۆن لە کایەی ئەو تۆزوخۆڵەی نێو دونیای پڕ لە برینی ئەم خاتوونەدا لە هاتوچۆدا بم و بە زمانی زکماکی خۆی، لەگەڵ ئازارەکانی ئێستایدا بدوێم و تەونی خوتوورەکانی نیگای بکەم، ئەم بابەتە دانسقە و ڕاستگۆیە شایەدی بەرزی ژنی کورد و تواناکەیەتی، کە تا نەیخوێننەوە نازانن چ نهێنییەکی پاکیز خۆی لە توێی روحێکی بریندار و تاداردا حەشارداوە.
دوای خوێندنەوەی کتێبەکە، دوا پرسیارم لە خاتوو مەلەکە ئەوە بوو:
- ئایا پەشیمان نیت لەو خەباتەی رۆژێک ژیانێکی ئاسایی بۆ فەراهەم نەکردی؟
لە وڵامدا گوتی:
- نەخێر، ئەسڵەن من خەباتم بۆ ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری سەرجەم مرۆڤایەتی کردووە، بۆیە ڕاستگۆیی و قەناعەت و بڕوا سێ کۆڵەکەی پتەوی بەردەوامیدانن دژ بە زۆرداری و ستەمدیدەیی، منیش لێرەدا هەرچەند دەکەم نازانم لە چ کەلێنێکەوە بگەمە گەرمەی ئەو بوێرییەی خاتوو مەلەکە، چۆن لە کایەی ئەو تۆزوخۆڵەی نێو دونیای پڕ لە برینی ئەم خاتوونەدا لە هاتوچۆدا بم و بە زمانی زکماکی خۆی، لەگەڵ ئازارەکانی ئێستایدا بدوێم و تەونی خوتوورەکانی نیگای بکەم، ئەم بابەتە دانسقە و ڕاستگۆیە شایەدی بەرزی ژنی کورد و تواناکەیەتی، کە تا نەیخوێننەوە نازانن چ نهێنییەکی پاکیز خۆی لە توێی روحێکی بریندار و تاداردا حەشارداوە.

مەدیحە سۆفی
شاعر و دکتۆر لە بواری ژینگەناسی
ئەڵمانیا، کولن


 transcultures ترانسكولتوور
transcultures ترانسكولتوور
				 
						
					 
						
					 
						
					