بەیان سەلمان
لە پێشانگایەک، یاخود نمایشێک بە ناونیشانێکی هەڵبژێردراو ”ژیانەوە”، کە لەگەڵ خودی نمایشی دارەکان دەگونجێت، هەڵکەوت حەکیم بۆ ماوەی دوو ڕۆژ (٢٧ و ٢٨) ئەم ئەلول/ سپتەمبەر، دووبارە گیانی بە دارەکان بەخشییەوە و خستیانیە بەر دیالۆگێکی سەیر لە پەیوەندی نێوان هونەر وکەرەستەی بەرهەمهێنان.

هەڵکەوت حەکیم، مامۆستا و پسپۆڕی کوردۆلۆجیا لە زانکۆی ئینالکۆ لە پاریس، ئەمڕۆکە خانەنیشینە و گەڕاوەتە باوەشی خولیایەک کە هونەرەکەی گونجاندنە لە نێوان پەیکەرسازی و دارتاشیی هەمەجۆر.

پۆستەری پێشانگەکەی سێ وێنەی پەیکەری دارینی بەسەرەوەیە. هەریەکەیان کارەکتەری مرۆڤی ستایلکراو پیشان دەدەن. ئەم زاراوەیە ئاماژەیە بۆ وێنەی کەسەکان یان جەستەی مرۆڤ کە ڕاستەقینەنین، هەر وەک ئەوەی لە وێنەیەک یان پەیکەرێکی کلاسیکدا تێبینی دەکەین.
بەرهەمەکانی هەڵکەوت حەکیم پەیکەری داریینن. لە نێوان دارزەیتون، شمشاد، ئاکاسیا، ئیرابل، زەیزەفون و داربەڕوو… هەریەکەیان سادە کراونەتەوە، هەندێکیان هەتا ڕادەیەک شێوێندراون، وەک مەبەستێکی هونەری لێکدراونەتەوە بۆ دەربڕینی بیرۆکەیەک، هەستێک یان ستایلێکی تایبەتی پڕە لە جووڵە، هەر ئەم لایەنەشە کە زیندوێتی بە کارەکان دەدات.

بۆ نموونە لە پەیکەری ”مار و نێچیرەکەی”، ئەم جووڵەیە تێبینی دەکەین، یان لە پەیکەری ”سێ بوون” و ”سەرسوڕمان” کە کارەکانی فرانسیس بیکۆنمان وەبیردەهێنێتەوە، بەڵام سەرسوڕمان هەروەها کەسایەتی کازیمۆدۆی نێو ڕۆمانی ”نۆتردامی پاریس”ی ڤیکتۆر هوگۆ و کەسایەتی نێو فیلمی ”ئێلێفنت مان”ی دەیڤید لینشمان لەلا زیندوودەکاتەوە، کە لە دەقێکی نووسەر (فرێدریک ترێڤس) بەناونیشانی ”پیاوی فیل و بیرەوەرییەکانی تر” (١٩٢٣) وەرگیراوە. یاخود لە پەیکەری ”پیاوێکی تێکشکاو” سوود لە خودی قڵیشانی دارەکە دەبینێت بۆ بیرۆکەکەی و بەرجەستەکردنی هەستێکی دەروونی پێ دەردەبڕێت.

لە کاتێکدا نیمچە پەیکەری سپینۆزا، ئەم ڕستەیەی فەیلەسوفمان وەبیردەهێنێتەوە، ””ئەو هێزەی دەتوانیت، کە شتە تاکەکان و لە ئەنجامدا مرۆڤیش، بوونیان بپارێزێت، خودی هێزی خودایە، واتە سروشت.”

گرنگە بڵێین کە هەڵکەوت حەکیم پانتاییەکی گەورەی بۆ ژن تەرخان کردووە، لە پەیکەری ”شکۆ”، ”بێ ناونیشان”، ”ڤێنۆسی بچکۆل”، ”ژنێک جەڕەی هەڵگرتووە”، ”یادەوەریی میسر”، ”بێ سەر”، ”ئەو ژنەی کە دەڕوات”، ”ڕامان” ئەم پەیکەرانە هاوکات ڕێزلێنانە لە ژن و چیرۆکێکی جەستە و ئازار و شکۆ و مێینە دەگێڕنەوە.


لە وێنەی سەر ریکلامەکەی پەیکەرێک نیشان دەدات کە کەسێکی بەتەمەنە، چەماوەتەوە و گۆچانێکی گرتووە، لە ژینگەیەکی دەرەوەدا دانراوە کە گیا و ڕوەک و داری لێیە؛ لە ناو باخچەیەکە لە گەڕەکێکی بازنەی سێهەمە لە پاریس، بە ناوی گەڕەکی Des Oiseaux (باڵندەکان) وەک سروشتێکی کێوی دەرەکەوێت کە ئەو ئامرازە هونەرییانە وەک بوونێکی خۆڕسکانە جێی خۆیان گرتووە.

لە پەیکەرەکانی تردا کارەکتەرەکان، تاکن یان جووتن، لە نێوان پاڵکەوتن، وەستان، دانیشتن لەسەر تەختێکی نێو باخچەیەک، جووڵەیەکی تایبەت کە نیگای هونەرمەند بە پێویستی زانیوە بەو شێوەیە سازی بکات، هەمووی لە چوارچێوەیەکی ڕووناکدا خراونەتە بەر دیدی جەماوەرێک کە تەنانەت بە تێپەڕپوون بە گەڕەکەکەدا نمایشەکە ناچاریان دەکات بێنە ناوەوە و بە ناویاندا پیاسە بکەن.

خودی ڕۆژێکی هەتاو بەهای زیاتری خستووەتە سەر پێشەنگاکە؛ ئەگەر هەمان ئەم پەیکەرانە لە ناو گەلەرییەک یان شوێنێکی ساردی داخراو نمایش بکرێن، بووچوونمان سەبارەت بە شیکردنەوەیان دەگۆڕێت. ئەم پەیکەرانە دەرەوە و ناوەوەی مرۆڤ و پەیوەندی بە سروشتەوە نیشان دەدەن. لەم چوارچێوەیەدا پەیکەرەکان کە شێوەی مرۆڤی درێژ یان ئەبستراکتن، لەگەڵ هێڵکارییەک، هاوکات وردە و هونەری سەرەتاییمان وەبیر دەهێننەوە، وەک هونەرمەند بیەوێت مرۆڤەکان بگەڕێنێتەوە بۆ سروشت و پێداچوونەوە بەو پەیوەندییەی نێوانیان بکات، بەتایبەتی بۆ سەرەتای کۆمەڵگەی مرۆیی دەمانبات. ئەمەش لە ئەمڕۆدا تێڕوانینێکی قووڵە لە هونەری مۆدێرن یان سەرەتایی، بۆ جەختکردنەوە لەسەر ناوەڕۆکەکەی نەک تەنیا لەسەر شێوەکەی.

وەک لایەنیکی شیعرییەت، مامۆستا هەڵکەوت سەبارەت بە یەکێک لە کارەکانی ”هەماهەنگی” کە بریتییە لە نێر و مێیەک، گوتی، ئەم پەیکەرە لە قەدی دار زەیتون داتاشراوە، نزیکەی دوو ساڵ لەبەر باران دایناوە تا دڵنیابێت کە بەرگەی کات دەگرێت، ئەوجا پەیکەرتاشیی دەست پێکردووە. ئەم جەختکردنە لەسەر کۆنیی و پەیوەندی لەگەڵ زەویدا بە گرنگ دەزانێت. کەرەستەی بەشێکی پەیکەرەکان، کە لە دار شمشادن، لە دەوروبەری پاریس و ناوچەی ئەلپ پەیدای کردوون. ئەم دارانە لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە بە هۆی مێروویەک تووشی نەخۆشی بوون و دوای ڕزگارکردنیان دەستی هونەرییان پێگەیشتووە و پەیکەرسازییان تیا کراوە.

پێشەنگاکە هەروەها تەبایی و گونجاندنێکمان بەبیر دەهێنێتەوە لەگەڵ تەوەری دارستانە چڕ و مەزنەکان کە بەردەوام گفتوگۆ لەگەڵ خاک و مرۆڤدا دەکەن بۆ ئەوەی بە زیندوویی بمێننەوە.
ماددەی زیندووی ئەم پەیکەرانە، وەک ڕوونە بابەتی داهێنانەوەی دار دەوروژێنێت، پێکهاتەیەکی ژیانە کە ناکرێ سروشت لێی بێبەش بێت. هەمان ئەم ماددەیە گەورەترین هاوکاری مرۆڤ بووە، لە نێوان بەکارهێنانی سادەوە بۆ بابەتی دارتاشیی و هونەریی ئاڵۆزتر، دار لە سەرەتای دروستبوونی مرۆڤایەتییەوە و هەتا ئەمڕۆ لە رەوتی بەکارهێنانی بەردەوامە و وەک یەکێک لە پەسەندترین ماددەی خاو و بێزیان کاری پێ دەکرێت. لەگەڵ ئەم دارە زیندووانەدا پیویستە مرۆڤ بە کردەوەی خۆیدا بچێتەوە و بۆ فەوتانیان بیانلاوێنێتەوە. ئەمەش ئاماژەیەکە بەو دارە ڕزگارکراوانە، کە بیرۆکەی دارێک بەهێزتر دەکات چونکە پێمان دەڵێ کە هەر یەکەیان مێژوویەکی هەیە و ڕۆحێکی لەبەرە.

لێرەوە، ئەم نمایش و سەمای دارانە، بە نێوەندی پەیکەرەکان لەنێو باخچەیەکی زیندوو، تێکەڵەیەکە لە ئاخافتن و تێڕامان و ئاماژەیە بۆ کارلێکێک لە نێوان هونەر و دیمەنەکە بەگشتیی، لە بەر دەرگای هاتنەناوە و تا دەرچوون لێی، پیاسەیەکی هاموشۆیە بۆ وەستان و لێکدانەوەیان. ئەمەش وامان لێ دەکات لە ئاڵوگۆڕێکی بەردەوام بین لە نێوان پانتایی شوێنەوارەکانی سروشتی گەورە و کراوە و ئەوەی کە وا بەناویدا دێین و دەڕۆین و وەک بچووککراوەی ئەو سروشتە ناچارمان دەکات ڕێزی لێ بگرین.
چوارچێوەی ئەم باخچەی سەوزەواتە، هەرچەندە پۆستەرەکە بە ڕوونی باخچەیەکی سەوزەوات لەگەڵ پێکهاتەکانی نێوی نیشان نادات، بەڵام چوارچێوە سروشتییەکەی پەیکەرەکان تێیدا جێگیربوون هێمایەکە بۆ نوێبوونەوە ونزیککردنەوەی هەستەکانمان لە بوونی ئەو بوونەوەرانە.










