د. سارا زەید
لەو کاتانەی کە قەیرانە دەستکردەکانی عیراق، سێبەری ڕەشیيان بەسەر ئاسۆدا کشابوو، دەنگەکان تەنها ناڵەیان دەزرکاند، هیوا وەک گوڵێکی بەهار سەری هەڵدا و ڕووی لە ئاوەدانی کرد. لەو سەردەمە دژوارەدا، کە هەموو هێزە کوردنەویستەکان دژی وەستابوون، پڕۆژەیەکی مەزن وەک چراخانێک درەوشایەوە.
ئەم پڕۆژەیە تەنها دابینکردنی ئاو نەبوو، بەڵکوو ژیان بەخشین بوو بە شارێک کە تینوویەتی گەرووی وشک کردبوو. ئەو پڕۆژەیەی بۆ چەندین ساڵ دڵنیایی و ئاسوودەیی دەبەخشێتە شارەکەمان، دەزانین کە بەبێ ئاو، شارە هەرە گەورەکان دەبنە وێرانە، بەڵام ئەم پڕۆژەیە ڕێگە نادات هەولێر وشک بێت و سیس بێت.

ئەمە تێگەیشتن بوو لەوەی کە ئاو وەک شادەماری شارە. ئەمە تەنها ئاو نەبوو، بەڵکوو بووژاندنەوەی شارێک بوو کە مایەی شانازیی هەموومانە. جگە لە زیندووکردنەوەی شار، ئەم پڕۆژە ستراتیژییە ئاستی ئاوی ژێر زەویش دەپارێزێت. بیرەکان دادەخرێن و چیتر ئاویان لێ بەرهەم ناهێنرێت، ئەمەش هەنگاوێکە بۆ پاراستنی ژینگە و سروشتی ناوچەکە.
با شاهیدی بدەین کە ئەم پرۆژەیە خزمەتکردنە. لە بەنداوەکانەوە تا پڕۆژەکانی تر. ئێستا هەولێر وەک شارە پێشکەوتووەکانی جیهان ئاوی پێویستی هەیە و وشکەساڵی ناتوانێت کاریگەریی لەسەر دۆخی شارەکەدا هەبێت.
کاتێک باسی دڵسۆزی و کارکردن دەکەین، چۆن دەتوانین ئەم هەوڵە مەزنە فەرامۆش بکەین؟ ئەمە ئەو جۆرە کارەیە کە لە بنەڕەتەوە کێشەکان چارەسەر دەکات، نەک تەنیا چارەسەری کاتی. هەروەک چۆن ڕووناکی تاریکیی شەوانی لادا، ئەم پڕۆژەیەش کێشەی ئاوی بۆ هەمیشە چارەسەر کرد.

دکتۆر سارە زەید
سەرۆک بەشی زمانی عەرەبی
پسپۆڕی بواری رەخنەی ئەدەبی نوێ