نەوزاد جەمال
- دەستپێک
بارودۆخی ‘هەرێم’ بەرهەمی کۆمەڵە فاکتەرێکی مێژووی و خۆیی و بابەتییە. لە ماوەی سی ساڵی پاش راپەڕیندا، جگە لە گۆڕانکارییە رواڵەتییەکان، لە هزر و کولتووری و کۆمەڵایەتییدا وەرچەرخانێکی ئەوتۆ رووینەداوە. سەرەڕای بەردەستی سەکۆی تۆڕەکانی دەیەی دوایی، جارێکیتر سیستەمێکی هزری کۆمەڵایەتی کۆنباو خۆی بە پاساوی مانەوە بنیاتناوەتەوە.
ئایا زۆنی “دژەفڕین’ بەبڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش، هۆکارێکی ئەم هەلومەرجە وەستاوەیە؟ بۆ وەڵامی ئەوە پێیوستە لە چەند میکانیزم دوای ‘نەوەتەکان’ تێبگەین:
– لە مرۆڤخستن کە شکاندنی ئیرادەی بەرگرییە لە مرۆڤدا بە گۆڕینی بە کەسێکی لومپەن، خۆپەرست/ هەلپەرست، ئارەزووخواز، سەرسام بەتوندوتیژی، مێشکسنووردار.
– زاڵبوونی هزری یەکڕەنگ، یەکڕەهەندی، یەکچیرۆک، یەکپیرۆزیی بەسەر پانتایی گشتییدا.
– نەوای ئارام، خەتوخاڵی دۆخێکی چەقیو و قەتیسیشی کێشا. راستەوخۆ هەرێم کەوتەژێر هەژموونی زلهێزەکان
– سەرمایەداری نیولبراڵ و ‘یۆتۆپیای’ جیهانێکی کراوە و بێسنوور وەک مزگێنییەک بە مرۆڤێکی ژێرچەپۆکەی رژێمی بەعس، وایکرد جیهانیگریی بە فریاڕەس بزانێت.
– دیاردەی لێخستنی (لێخران) سیاسەت بەناوی سیاسەتەوە کە بەشێکە لە کوشتنی سیاسەت و مردنییەتی لە فۆرمی پوچەڵکردنەوەی پەرلەمان، پەککەوتنی حکومەت و نەبونی دارایی، گوێنەگرتن، نەمانی گفتۆو دانوستان، بەرژەوەندی نیشتمانی هەموو مردنگەلێکە بەناوی سیاسەتەوە دێن و دەڕۆن.

- دۆخی خۆیی و بابەتی
بەگشتی لەسەر ئاستی تاک، زۆربوونی تاکی لۆمپەن[1]، دۆگماتیک-بیرچەبەستوو- و نیهلیست (هیچگەر)ە. ئەو خەسڵەتانە، دەردراوێکی واقیعێکی کۆمەڵایەتیین کە مرۆڤگەلێکی مشەخۆر، دەستەمۆ، سەرکز و خۆبەدەستەوەدەری تێدا دەخوێنرێتەوە. ئەم تایپە مرۆڤە تەنها لە کاتی هەڵپە بەرژەوندی و ئیفخۆریدا وەک تاک رەفتاردەکات، بەڵام لە بوارەکانی تردا میگەلیانە رەفتار دەکات.
لە رووی بابەتییەوە، دۆخی هەرمان و نەگۆڕی هەرێمەکە، بەهۆی سەرهەڵنەدانی رەوتێکی هزریی و کولتووری کە ئیرادەی ژیانی شکۆمەندانەی هەبێت، رێخۆشکەرێک بوو کە پارێزگاریکردن لە نەریتی دواکەوتوو، ببێتە میکانیزمی پاراستنی دەسەڵاتێکی خۆسەپین. هاوکات جڵەوی بۆ سەدان سەکۆی ئایینی و کەناڵ و فیگەری ئایینی جڵەویان شلکرد تا کۆمەڵگایەکی یەکڕەنگ، یەکبیر، یەکئاڕاستە و یەکپێوەر- فاشیزم- بێتە ئاراوە. ئەوەش لەپێناو کۆنترۆڵکردنی جوڵە و بوژانەوەیەکی روناکبیری و رەخنەیی و لە پەلوپۆخستنی دینامیکیەتی گۆڕانی کۆمەڵایەتی.
لەپاڵیشیدا تۆخکردنەوەی رۆحی “مانەوە” و گرێدانەوەی بە ‘پیرۆزکراوەکان’، وایکردووە مرۆڤ نەک راستەوخۆ بیر لە خۆی و گوزەرانی نەکاتەوە، بەڵکو هانابەرێتەبەر پاساوی ئایینی و کەموکورتیەکانی خۆی پێ قەرەبووبکاتەوە.
بەوجۆرە، مرۆڤ لە رووی ئایینی و ئابوورییەوە نەک هەر کەوتە بنسێبەری سیسمتی جیهانییەوە، بەڵکو کەوتەداوی ئەوانیتر-دەرەوە. ئەوەی راستەوخۆ گیانی بەرگری تیا مراند، هێزی دەرەکی نەبوو، بکەرە نێوخۆییەکان بوون.
لەبری سەرهەڵدانی هزری کراوە و زانستییانە، رۆژ بەرۆژ رەوتەئایینیی کۆنەپارێزەکان بە هاوکاری دەسەڵات باڵادەستتردەبن. ئەمە نەک هەر زەبوونی کولتوریی و فەرهەنگییە، بەڵکو سەرکەوتنی رەوتی کۆنەخواز و مانەوەی دەسەڵاتێکی بێئاسۆیە کە بە تێکشکاندنی دینامیکیەتی گۆڕانکاریی ئاسۆکانی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی دادەخات.
سەروەختێ “سێتەلایت” نیشانەی دەربازبوون بوو لە جەبری جوگرافیا، بەڵام مرۆڤیکی بەرخۆر، چاو لە بەهەشتی ئەورپا/خۆرئاوای سازکرد. بێئەوەی مرۆڤی ئێمە، توانای کرانەوەی بەڕووی مودێرنیتەی سەرمایەدارییدا هەبێت، دەرگاکانی ئاودیوکردن و ئەمدیووکردن خرانەسەرپشت و مۆرکی بازاڕی ئازادی لێدرا!
پەرچەکرداری کۆمەڵایەتیش بەرامبەر ئەو “زڕەکرانەوەیە” بریتیبوو لە هەڵگەڕانەوە بەرەو رابووردبوو. هانابردنەبەر کولتووری کۆنەباو و کردنی بەسەنگەری بەرگری دژ بە “خۆرئاوایبوون”. لەکاتێکدا سەرمایەداری بازاڕ نەک هەر کێشەی لەگەڵ ئاییندا نییە، بەڵکو زەمینەسازە.
لێرەوە، پاراستنی “دۆخەکە”، پاساوی گوتاری ‘مانەوە’ دەداتەوە، دەبێتە گوتاری پێداگری لەسەر خۆداکوتین لە بوونێکی مۆلەقدا. هێندەی ئەوە پرسێکی ئۆنتۆلۆجییە، ئەوەندەش پرسێکی ناپەرەسەندنخوازە. خۆهەڵواسین بە’زیندووییمانەوە’ و توخمەکانی(ئایین، نەریت) لە خۆیدا دەگۆڕێ بە ئامانج و هیچیتر.
بیرۆکەی ‘جەخت لەخۆکردنەوە”، تاکە ئامانجی هەبوویەک-کورد-ە کە لە خەیاڵ و خولیای مانەوە و خۆراگڕی گینگڵدەدات. ئەنگیزەیەک کە سەرتاپای بوونی داگیرکردووە. ئەگەرچی گوتاری پاراستنی ‘دۆخی لە ئارادابوو’ لە قۆناغێکدا ووتنی ‘نا’ بووە بەڕووی دژبەرەکاندا، بەڵام، دواتر بووە دۆخێکی چەقبەستوویی و سەرهەڵدانی سیاسەتێکی دەستەپاچە کە وڵاتانی دەرەوە، زلهێز و هێزەهەرێمیەکان –براگەوەرەکان- دەستوەردەنە ناوییەوە!
لێرەوە، ‘خۆبچووکردنەوە’ بووە دیوێکیتری مرۆڤی خۆهێڵەرەوە. چونکە، دۆخێکی وەستاو رێخۆشکەرێکە کە بکەرە سیاسییەکانی سەرگەرمی سەودای مانە و بازرگانی پێوەبکەن.
تەنانەت روناکبیر، نووسەر و میدیاکار، بەرهەڵستکار کە دروشمی گۆڕانکارییان هەڵگرتبوو، ئێستە وەک کۆنەپارێزێک پێداگیری لە هێشتنەوەی دۆخەکە وەکخۆی دەکەن. بەناوی پاراستنی قەوارەکەوە، خەریکی رازاندنەوەی دۆخەکەن. رەنگە پاساوەکەشیان ئەوە بێت ‘مادام پێمان ناگۆڕێت، با خراپتر نەبێت!
لە کاتێکدا دەوەروبەرمان دەگۆڕێت، لای ئێمە خراپی دۆخەکە وەکخۆیەتی! گۆڕانکاری بژاردەیە، تەنانەت ئەگەر ناچاریش بیت. بەڵام پێدەچێ دیاردەی ‘زۆنی ئاسوودەیی[2]‘ کاریگەری لە مانەوەی دۆخەکە وەکخۆی هەبێت. ترسی لە دەستچوون، مرۆڤێکی بچووکراوەی بندەست و بە بابەرمەتەگیراوی لە نەوای ئارامدا دروستکردووە.

- پرسیارە ناخۆشەکان
چۆن لە کاتێکدا هەموو هەلومەرجە خۆیی و بابەتیەکانی گۆڕانکاری هەن، بکەر و ئامرازەکانی بزرن؟ یان نەخەمڵیون و ئاگایی رەخنەیی نەگەیشتووتە خاڵی یەکلابوونەوە؟ بۆ نەوای ئارام لەگەڵ هەقیقەتی کوردبووندا یەکیگرتەوە؟ واتە کوردی لەقوربانی کوشتبڕەوە کرد بە قوربانی زۆنی سەقامیگیریی.
لای (بەختیار عەلی) ترس گوتاری مانەوەی بەرهەمهێناوە[3]. ترسان لە گۆڕانکاری، یەکسانە بە لەدەستدان. بۆیە، جێخۆشکردن، بنەداکوتین لە جیهانیکی مۆلەق و بزۆزی پڕ لە گۆڕانکاری کتورپڕی ئەم سەردەمەدا، خووگرتن بەەمانەوەی لای مرۆڤی ئێمە دروستکردووە.
گرفتەکە ئەوەیە مانەوە لە ئامرازێک بۆ زیندوویەتی، بووە بە دۆخکی بوونەکی هەمیشەیی کە سێ دەیە پترە کەتێیدا دەتلێینەوە. پاڵدانەوە لە پەنا و سێبەری نەوای ‘هێڵی دژەفڕین’ گۆڕیونی بۆ مرۆڤیکی خۆڕسکی سەرەتایی، بەڵام لە رواڵەت و ئامرازەکاندا بەرزترین مۆدێلی مۆبایل، ئوتۆمبێل و پۆشاک و کۆسمەتیکمان هەیە!
ئەم نەوایە، سیاسەتێکی دەستەپاچە و چاولەدەستی زلهێز و بکەرەنیودەولەتیەکانی خستەوە. وەکچۆن مانگانە خۆراکی بەدناوی بایعی-یوئین- بووە مایەی لەبرسانەمردن، بەڵام، هەموومانی کرد بە بارمتەی دەستی دەرەوە. بەزیندووی ماینەوە، بەڵام نەمانتوانی لەسەر پێکانی خۆمان بووەستین.
پەنابردنەوە بەر هێزەنادیارە میتافیزیکیەکان هاوشانە لەگەڵ پاڕانەوە لە زلهێزەکان. بەجۆرێک هاوردەکردن ئاسان بوو کە کارکردن و خۆڕەنجاندن لامان ناپێوست بوو. ئیدی، نەبەرهەمی خۆماڵی، نە داهینان، نەبیر و زانست و کولتور گرنگن. بەرخۆری بووە سیمای سەرتاسەری ئەو تایپەمرۆڤە.
بووینە سەبەتەی خۆراک و بازاڕی ساغکردنەوەی وڵاتانی دەرودروسێ و هەموو بووین بە مووچەخۆر. ئەوەتا، مووچە چۆن بووە کارتی فشار لەناوەندەوە، هەروەها لە ناوخۆوە بۆ شکاندنی ئیرادەی تاک.
- رزگاربوون لە چەقبەستووی ئاڵەنگارییە
سەرمایەداری بازاڕ و رەوتی ئایینی و چینی دەسەڵات، سوودمەندن لە دۆخی هەرێم. مرۆڤی لومپەن و دۆگمایی ئایینی و نیهیلست چیکڵدانەی دەسەڵاتی خۆهێڵەرەوەیە. نامۆکردنی تاک لەمافەکانی و گۆڕینی بە بوونەوەرێکی غەریزی کە ئازادیی، دادپەروەریی و ژیانی شکۆمەندانە بەهزردانەیەت. خەیاڵدانی لە مووچە، نان، سێبەر پاڕانەوەدا پڕبکاتەوە.
ئیتر ئامانجی پێشکەوتن و گۆڕانکاریی، دەگۆڕێت بە پارێزگاری لە مانەوەی زۆنی بوون- ژیان. ئالێنگاری بکەرەکانی گۆڕانکاری خوازی لەم دەڤەرەدا ئاسان نییە: چونکە دەبێت لەیەک کات دژ بە بکەرەکانی مانەوەی دۆخەکە بکات. واتە، جەنگان بەرووی بکەرەکانی دەسەلات، سەرمایەداری و ناعەدالەتی، مرۆڤی لۆمپەن و بکەرە ئایینیەکان.
کوردی هەرێم رزگارنەبوو، بەرگری لە مانەوەی کرد. قۆناغی بەرهەڵستی بەرەو سەربەخۆیی بریاردان و خۆژیان و بیرکردنەوە نەبرد بەڵکو ئیکتفیای بە مانەوەی کرد. لەو پێناوەشدا، دەسەڵاتدارەکان ریگریان لە هەر فۆرمێکی ململانێی سیاسی و کۆمەڵایەتی کرد بەناوی پاراستنی قەوارەکە و دروستنەکردنی ناکۆکییەوە. ریگری لە ململانێ لە ترسێکی بوونەکییەوە هاتووە کە پێیوایە شێوانی شیرازەی کۆمەڵ و سیاسەی لێشوان و ماڵوێرانییە.

ئیدی، ماڵی کورد، وەک تۆڕی جالجالۆکە شاش، ناسک و بەرگەنەگر-فراجیلە. تەنها بە رواڵيت باش تەنراو و چنراوە، بەڵام داوەکانی ناسک و نەرمن. هەر ئەتوانن سەرنجە مێشئاساکان بگێڕنەوە، بەلام ناتوانن پارێزەربن. ئیدی، رازیکردن بەمانەوە لەقاوغ و قاڵبی خۆتدا بۆ سێ دەیە، گوتارێکە لاوازی قەوارەکە و خۆفەرمانڕەوایەتیشی دەردەخات.
دسەڵاتێ لە خۆپیشاندان، لە ناڕەزایەتی دەربرین بترسێ و بەنووکی قەڵەمێک راپسکێ، لەپێناو مانەوەیدا پەنابەرێتەبەر کۆنەپاریزترین میکانیزم کە ئایندارییە بۆ سەرکەوتکردن، کۆنترۆڵکردن و سڕینەوەی جیاوازی دەربرین و جڵەوکردنی بیرکردنەوە بە ئامرازی فاشیزمانە، بۆشی دەردەخات.
بەدگۆڕانێک کە ئەنجامی لە سیاستەخستنی سیاسەتە، بریتییە لە تێکەلاوبوونی سیاسەت و جۆرەفیودالیزمێکی سەرەتایی. قۆرخکردنی سیاسەت و دەستەکەوتە ئابوورییەکان بە ئەقڵیەتێکی فیودالی کە سامان و پێگە و جومگەکانی دەسەڵات و هێز پاواندەکات.
ئیدی، ئێمە دووچاری “دەرەبەگی سیاسی-فیودالی” بووین. زۆریی چین و تیرە و دەستەی جیاوازی دەرەبەگ و ئاغاکان، پەرتەوازەیی و پێکدادانی بەرژەوەندیەکانی دروستکردووە. تەنها کە بەرژەوەندییان لەمەترسیدایە یەکدەگرن، دەنا هەموو دژبەیەکن. ئەگەر ساتی یەکلاکردنەوە رەخسا، دەست لە لەناوبردنی یەکتری ناپارێزن.
- ئایا زۆنی مانەوەیە یان مەرگ؟
لێرەوە، ئەو دۆخە وەستاوە دەمانخاتەبەر پرسیارێک: ئەو زۆنەی کە جوان ئەنوێنێ، نە چەکەرەدەکات نەپەرەش دەسەنێت، مردن نییە؟ ئەگەرچی ئاسوودەیی لەمانەوەییدابێت، پێیوابێ جڵەو لە دەستیدایە. بەڵام، پڕە لە ترسی لەدەستدان و تیاچوون و شکستهێنان. بۆیە، ئەو زۆنە بەروالەت ئارامە، ناجێگیرە و پەنگخواردووە.
چونکە هەمیشە لەبەردەم ئابڵوقەی ترسێکدایە کە دەبێت پاساو بۆ نەگۆڕان بهینتەوە. تەمەلی خەونی خۆسبیت. متمانەی بەخۆنییە. جگەلەوەش لەژیر گوشار و کاریگەری راوبۆچوون و هەلویستی ئەوانیتردایە.
بەلایەوە گرنگ نییە بزانی چی لە دەرەوە هەیە بۆیە رزگاربوون گرنگ نییە، تێپەڕاندنی زۆنەکەی بە هەڕەشە دەزانێت. زۆنێک لە قۆزاغەیەدایەو پیوایە ژیانی تەواوە. بەڵام جگەلە متبوون و سڕبوون لەبەرامبەر بەستەلەکی زستان و برسێتییدا ژیان نەبووە.
کاتیک کورد رزگاری و سەربەخۆیی خۆی تەنها لە دەوڵەتداری/حکومەتێکدا دەبینیتەوە، بەلایەوە ستەمکردن لە رۆلەکانی خۆی ئاساییە. ستەم و چەوسانە و ناهەقیە و نادادی خۆ بە رەوادەزانێت. ستەم خراپ نییە تا ئەوکاتەی بەغدای عەرەب دەیکات! بۆیە، خۆی بەرامبەر نەدانی مووچە بە بەرپرسیار نازانێت و ئەیخاتەسەر بەغدا. ئاوازی مانەوەی کوردایەتی پاساوی سیاسەتەکانی خۆی دەداتەوە!
دەبێ ئەوە بووترێ کە پاڵنەری خۆپارێزی/ خۆهێشتنەوە هەر تایبەت نییە بە کورد. بەشێکە لە سایکۆلۆجیای مرۆڤ بەگشتی. پێشتر (نیتچە) ئەوەی سەلماندووە کە مرۆڤ بەلایەوە گرنگ نییە راستییەکان چیین بەئەندازەی پاراستنی ژیان گۆرانکاری لەسەر ژاینی چەندە نەک راستی ووتراوەکە لەخۆیدا[4]. مرۆڤەکان دەربەستی راستیەکان نین بەئەندازەی ئەوەی لەخەمی پاراستنی قەڵای ئاسوودیە ناخیاندان. هەرچیەک لەگەڵ ئەوەدا بێتەوە، تەنانەت وەهمیش بێت گرنگە. مادام نابیتە هەرەشە و مەترسی لەسەر دڵنیایی ئاسوودەیی ناخ خۆی.
پێموایە، دۆخی بەبنبەستگەیشتوو، وەستان[5] کۆتاییە. مردنێکە بەبێ مرداربوونەوە و گیاندان. لەم هەەرێمەدا واهەستدەکات زۆر شت هەرەسی هێناوە بەڵام هاڕەی نەزرگانەوەتەوە لە گوێکانماندا. بەپێچەوانەوەی (ئەنتۆنی گرامشی)یەوە کە پییوابوو قەیرانەکە لەوەدایە کە ”کۆنە دەمرێ و تازەکە لەدایک نابیت”، لای ئێمە تازەکە دەمری و کۆنەکە دەژی!

- ئۆنتۆلۆجیای چەقبەستوویی
لەنێوان خراپتربوون و چاکبووندا دۆخێکی وەستاو زاڵە و دەکرێت بە “میتافیزیا/ ئۆنتۆلۆجیای چەقبەستوویی” ناوی ببەین. واتە ژێرخانێکی میتافیزیکی لە پشت چەقبەستنەوەیە. کورد بوونەوەرێکی میتافیزیکیە. واتە، ئەوەندەی ئەندێشەی بە ئاسماندارییەوە چووە، هێندە لێرەو لەنێو مێژوودا بیرناکاتەوە. هەتا زیاتر لێیبقەومێت و تەنگژەو قەیرانەکان چەندبارەببنەوە، لەجیاتی ئەوەی بپرسێ بۆ؟ چۆن؟ بۆچی بەم دەردەگەیشتنین؟ پەنا بۆ هێزێکی سەروسروشتی دەبات تا بپاڕێتەوە بە هانایەوەبێت!
لەکاتێدا دەبا ئەو مەترسیانە پرسیاری فەلسەفیی و زانستیی بەدواخۆیاندا بهێنابایە، پشتیان لێدەکات و رووبەرەو جێگەیەکی تر وەردەگێڕێت. مرۆڤی ئێمە لەئەوپەر بێمانایی خۆی و ناهومێدیدا دەژی. لەئەوپەری پووچی و بێدەسەلاتییدا دەژی، بەڵام بەرگی باوەرو ئایینی لێدەنێت. مرۆڤێکە ناوێری هەقیقەتی خۆی کەشفکات و نیشان بدات. هەمیشە لەخۆدزینەوەیەکی بەردەوامدایە. هەڵدێ، رادەکات، نوێژدەکات، حەج دەکات تا تاڵی واقیع بزرکات. هەموو ئەوەش لەبەرئەوەی باوەڕی نییە نەک ئەنجامی باوەرێکە. باوەری ئەو، باوەرکردنی فشاری قەیران وهەرەشەکان، نەک خۆویست وسەرپشکانە.
پێموایە ژێرخانە میتافیزیکییەکە ئەگەر هۆکارەکە نەبێت، ئەوا لەپشتەوە کاریگەرە لەوەی دۆخەبابەتی(هەلومەرج و باردۆخ)و دۆخی خۆی(خودی مرۆڤی کورد) وەکخۆی یا بەهەڵپەسێراویی یا بەچەقبەستووی بمێننەوە.
هەڵبەت، ئەوەش بووترێت کە لە دۆخی سستی و سرەوتندا، ئەگەری گەرانەوە بەرەو دواوە لەبەرەو پێشچوون زیاترە. جگەلەوەش، خراپترین جۆری ستەم، لێڕاهاتنە (راهاتنە لەسەری). چونکە ئەگەری پەڕینەوە، سستدەکات.
[1] لەبنەڕەتدا مارکس لۆمپەنی بۆ وەسفی جۆرێک لە ‘پرۆلیتار’ بەکارهێنا و مەبەستی تویژکە لە چینی کارکەر کە چاوەڕێیان لیناکری بەئاگابن لە دۆخی خۆیان. واتە بەرپوت نادانن، لاتوپات و کەسێتی بودەڵە/خوێڕیلە کە هەموو نەنگییەکی پێئاسایی بێت. مرۆڤێک لەخوار ئاوەزی خۆڕەخنەیی، خۆئاگایی و ئاکارەوە.
[2] comfort Zone
[3] لە ‘گوتاری مانەوە-ناوەندی رەهەند ٢٠٢١’ بەختیار عەلی پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە ترس لەتیاچوون جەوهەری ئەو گوتارە بەناوی مانەوە و بەنموونە لەبیناسازییدا خۆی مانڤێست دەکات. لیکدانەوەیەکی سایکۆلۆجی. بەرای من سەرباری گرنگی ووتارەکەی ئەگەرچی سەردەمێک بەسەریدا تێپەڕیوە، بەڵام پرسی مانەوە بۆ رەهەندێکی خۆیی کورتکردۆتەوە و خزاندوویەتییە ئەو چێوە دەروونییەوە کە بەرگری لەوەدا چڕبکاتەوە و نەتوانێ بژی بەلکو بەژیانەوە بنووسێتەوە. دواجار، بەدگۆرانێک دیت بەسەر ئەو گوتارەدا کە لەژێر پەردەی مانەوەی کوردبووندا، ئامانجەکە دەبیت بە مانەوەی دەستەبژێرێک، توێژیک دواجار. کورد خەبات دەکات لەپیناو مانەوەی خۆی بەلام دواجار گۆران بە بەرگری و خەبات لەپناو مانەوەی هەندیک سەرکردە و بەرپس و دەستەو توێژیکی دەستڕۆیشتوو. هەڵبەت، خوێندنەوەی کتێبەکەی بەختیار بۆ دەرفەتیکیتر هەڵدەگرم.
[4] “On Truth and Lies in an Extra-Moral Sense” 1873
[5] stagnation
Images: https://pixabay.com/fr/
- LV11
- ranerd
- ClaudiaWollesen
- domeckopol
- EtienneL

د. نەوزاد جەمال
دکتۆرا لە فەلسەفەی رەخنەگەرایی کانت