سارا فه‌قێ خدر

“به‌سه‌رهاته‌كانی خه‌زنه مه‌ملووك” یەکێکە لە رۆمانەکان ژنه‌ڕۆماننووسی كورد (به‌یان سه‌لمان) كه له ساڵی ٢٠١٢ دا چاپكراوه و لە ساڵی ٢٠٢٤ لەلایەن دەزگای ڕەهەند چاپکراوەتەوە.
به‌داخه‌وه رۆمانه‌كانی پێشووتری ئه‌و نووسه‌ره‌م نه‌خوێندونه‌ته‌وه و له‌م دواییانه‌دا به‌به‌رهه‌مه‌كانی ئاشنابووم. له‌وانه‌یه هۆكاره‌كه‌ی، دووره‌ده‌ستی خۆم یان دووره وڵاتی ئه‌و، یان وه‌ك به‌ڕێزی له چاوپێكه‌وتنێكیدا ده‌ڵێ: “وه‌ك نووسه‌رێك هه‌رگیز حه‌زم به خۆنمایش كردن و خۆ ده‌رخستن نه‌بووه له میدیاكاندا و بێده‌نگكردن (تعتیم)ێك هه‌یه سه‌باره‌ت به نووسینی ژن”. به‌ڵام چه‌ند هۆكاری نه‌ناسین هه‌بن، دواجار به‌رهه‌مه‌كان خۆیان ده‌ناسێنن و به‌یان سه‌لمانیش وه‌ك ڕۆماننووسێكی به‌توانا جێگه‌و پێگه‌ی خۆی له پانتایی ئه‌ده‌بی كوردیدا هه‌یه.
نووسه‌ر له‌م رۆمانه‌دا كاری له‌سه‌ر روداوێكی كۆنی مێژوویی كردووه، ئه‌ویش بازرگانیكردنه به مرۆڤه‌وه. بازرگانانی ئه‌و سه‌رده‌مه سه‌ره‌ڕای كڕین و فرۆشتنی كاڵای هه‌مه‌چه‌شن. مامه‌ڵه یان به كۆمه‌ڵه مرۆڤێكه‌وه كردووه به‌ناوی كۆیله‌و مه‌ملووك و جاریه… پاڵه‌وانی سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه كۆیله‌یه‌كی به‌دبه‌خته به‌ناوی خه‌زنه مه‌ملووك كه ناوی راسته‌قینه‌ی هه‌زینه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌ودا چه‌ند پاڵه‌وانێكی دیكه هه‌ن كه رۆڵی دیار و به‌رچاویان له زنجیره‌ی رووداوه‌كاندا هه‌یه. له‌وانه دواكڕیاری خه‌زنه كه بازرگانێكه به‌ناوی (عومه‌ر النه‌زیر) و هاوسه‌ری ئه‌و بازرگانه به‌ناوی (ست مه‌عارف) و (شێخ مه‌رجیع) كه زانا و نوسه‌رێكی ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه، به‌ڕای من ڕۆڵی ست مه‌عارف له هی خه‌زنه كه‌متر نییه و ده‌كرێ ئه‌ویش به پاڵه‌وانی سه‌ره‌كی له قه‌ڵه‌م بدرێ .
سه‌ره‌تای رۆمانه‌كه باس له بارێكی ئاسایی ده‌كات كه خه‌زنه‌ی كۆیله تێیدا ده‌ژی. مه‌به‌ست له باری ده‌روونی و ئه‌ندێشه‌یه‌تی. كاتێك به‌ته‌نیا ده‌چێته باخێكی دارخورما و له‌وێ بوونه‌وه‌رێكی سه‌یر ده‌بینێ كه نازانێ چییه. له كۆتاییدا له‌گه‌ڵی ده‌كه‌وێته قسه… بینینی ئه‌و بوونه‌وه‌ره وای لێده‌كات بیر له ڕابردوو و ئێستای خۆی بكاته‌وه. دواتر له بوون و نه‌بوونی ئه‌و بوونه‌وه‌ره ده‌كه‌وێته گومان. كاتێكیش ده‌گه‌ڕێته‌وه ماڵی خاوه‌نه‌كه‌ی، ئه‌و گومانه لێی نابێته‌وه ! تا وایلێدێ نه‌ك ته‌نیا گومان له مرۆڤبوون یان ده‌عبابوونی بونه‌وه‌ره‌كه ده‌كا به‌ڵكو له خۆشی ده‌كه‌وێته گومان “ده‌بێ بڵێم منیش له‌وێدا خۆم به به‌شه‌ر نه‌ده‌زانی ئه‌وه‌نده‌ی وه‌ك ئه‌و به بوونه‌وه‌رێكی هاوشێوه قسه‌مان ده‌كرد. ئه‌گینا چۆن ئه‌و توانی به بوونه‌وه‌ری خۆی بمهێنێته قسه! له‌و به‌ینه‌دا یان من به‌شه‌ر نیم یا ئه‌وه‌تا ئه‌و به‌شه‌ره.”
حاڵه‌تی نامۆبوونی له‌و چه‌شنه بۆ كه‌سێكی كۆیله و تاسه‌ر ئێسقان چه‌وساوه شتێكی ئاسایییه و ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه ترسناكتریش بێت وه‌ك چۆن حاڵه‌ته‌كه‌ی خه‌زنه به‌وه‌وه ناوه‌ستێ كه گومان له مرۆڤبوونی خۆی بكات، به‌ڵكو وای لێدێ گومان له بوونی خۆشی بكات، كه ئایا هه‌یه یان نییه؟!
“ئێوه ده‌زانن یه‌عنی چی ؟ ده‌زانن چی ده‌گه‌یه‌نێ، من بوونم نییه ” … “شته‌كانم ته‌واو لێ تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵ بووه. ئێستا هیچم لێ حاڵی نییه. به‌ڵگه‌یه‌كیشم له‌سه‌ر بوونی خۆم پێ نییه”. ئه‌گه‌ر بپرسین ئایا كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان كه‌سایه‌تی له‌و جۆره‌ی تێدایه، له‌كاتێكدا ئێمه له سه‌رده‌م و قۆناغێكی تردا ده‌ژین؟ یان چی وای له به‌یان سه‌لمان كردووه رۆمانێك له‌سه‌ر كۆیله‌یه‌كی تورك له ژینگه‌ی به‌غدا، به زمانی كوردی بنوسێت؟
بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه ده‌چینه لای شیكردنه‌وه‌یه‌كی (هه‌ندرێن)ی نوسه‌ر كه له‌سه‌ر رۆمانی ”مسخ”ی كافكا كردوویه‌تی و ده‌ڵێ : ”لێره‌دا ناكرێ ئێمه به یادی خوێنه‌ری نه‌هێنینه‌وه كه ئه‌مڕۆ له كوردستاندا بێبه‌هایی كراوه به به‌ها، به‌های پووچی بووه به پێوانه، ده‌عه‌جانبوون ناخی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ته‌نیوه‌ته‌وه. مرۆڤی كورد ده‌رگیری دۆخێكه كتومت به دۆخی (گرێگۆر سا‌مسا) ده‌چێ له‌وێدا مرۆڤ ناچاره ئه‌و پڕۆسه‌ی مێگه‌لاندنه، ئه‌و به‌مادده‌كردن، به‌واسیته‌كردن به‌حیزبیكردن و به‌كاڵاكردنه قه‌بووڵ بكات و ببێته بونه‌وه‌رێكی ده‌عه‌جانبوو، تاكو مه‌رجه سه‌پێنراوه‌كان پڕبكاته‌وه، كارێك په‌یدا بكات و له‌ده‌ست لۆمه‌ی ماڵ و خێزان و كۆمه‌ڵگا ڕزگاربێ.”
خه‌زنه وه‌كو پاڵه‌وانی رۆمانه‌كه‌ی كافكا خۆی ناكوژێ به‌ڵكو بۆ سه‌لماندنی بوونی خۆی په‌نا ده‌باته به‌ر خوێنده‌واریه‌كه‌ی و ده‌ست ده‌كا به گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتی ژیانی كه له لاپه‌ڕه 24 ی ڕۆمانه‌كه‌وه ده‌ست پێده‌كات. سه‌ره‌تا باسی سه‌رده‌می منداڵی خۆی ده‌كات كه دوای مردنی باوكی چۆن ناچار بووه به‌رده‌ستی برایه‌كه‌ی بكات، كه ئه‌ویش شاگردی ئاسنگه‌رێك بووه. دوو خوشكی هه‌بووه هه‌رچه‌نده ناشیرین نه‌بوون كه‌چی نه‌یانتوانیوه شوو بكه‌ن، چونكه دایكیان له‌به‌ر هه‌ژاری و نه‌داری، نه‌یتوانیوه وه‌كو پێویست جیازیان بۆ دابینكا. هه‌زینه له منداڵیه‌وه خه‌ونی به‌وه‌وه بینیوه فێری خوێندن و نووسین بێت، كه ئه‌مه ته‌نیا مافی منداڵی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان بووه. به‌ڵام هه‌زینه له ده‌می خۆی ده‌گرێته‌وه و له‌و ڕۆژانه كه‌مه‌ی كه وه‌ری ده‌گرێ، هه‌ندێك پاره پاشه‌كه‌وت ده‌كات تا بتوانێ خه‌ونه‌كه‌ی بهێنێته دی، دواتر له‌لای ئیحسان ئه‌فه‌ندی، فێری خوێنده‌واری ده‌بێت. ”ئه‌و پیاوه پاش ماوه‌یه‌ك له‌وانه وتنه‌وه، تێگه‌یشت كه ویستی زانستی له‌لام و خوازیاری فێربوونم گه‌وره‌یه. هه‌ر بۆیه به‌وه‌وه نه‌وه‌ستا فێری خوێنده‌واریم بكات به‌ڵكو كه‌وته ئه‌وه‌ی فێری خۆشنووسی و هه‌ندێ هونه‌ری وێنه‌كێشانیشم بكات. “
كاتێك خه‌زنه له گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتی منداڵی ده‌بێته‌وه، گومان و دوودڵیه‌كانی كه‌مێك ده‌ڕه‌وێنه‌وه “وه‌ختێ وه‌ك سێبه‌رێكی خۆم بیرم له خۆم ده‌كرده‌وه، ده‌گه‌یشتمه‌وه ئه‌و بڕوایه‌ی كه هه‌م چونكێ من له جه‌سته‌یه‌كدام بۆیه سێبه‌ریشم هه‌یه. ده‌نا چۆن سێبه‌ر بێ جه‌سته ده‌بێ ! ئه‌مه باره‌كه‌ی تۆزێ له‌لا ساده كردمه‌وه، له‌لاشم ڕوون بوو كه بوونم هه‌یه و ڕاستم.”
ئه‌م ڕووداوه‌ی ئێستا واته نووسینی كتێبێك له‌سه‌ر ژیانی خۆی، قۆناغه‌كانی دوایینی ژیانی خه‌زنه‌یه و كۆتایی ڕۆمانه‌كه‌شه به‌ڵام نووسه‌ر وه‌ك هونه‌رێكی گێڕانه‌وه ئه‌م كاره‌ی كردووه. واته له لاپه‌ڕه‌كانی دواوه‌ی ڕۆمانه‌كه‌دا ده‌زانین خه‌زنه چۆن به‌سه‌رهاته‌كانی خۆی ده‌كات به كتێب .
له قۆناغی هه‌رزه‌كاریدا، هه‌زینه سێ هاوڕێی ده‌بێ. ئه‌وانیش فێری خوێنده‌واری ده‌كات و بازنه‌یه‌ك به ده‌وری خۆیاندا دروستده‌كه‌ن. هه‌ر ئه‌و خوێنده‌واریه فریایان ده‌كه‌وێ و ده‌بێته هۆی دامه‌زراندنیان. هه‌زینه له دیوانی حاكمی شار و دواتر له‌لای قازی گه‌وره داده‌مه‌زرێ. هاوڕێكانیشی به پله‌ی سه‌ربازی سواره داده‌مه‌زرێن “له‌كاتێكدا ژماره‌ی خوێنده‌وار به په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێردرا ئێمه بووینه ناودارانی شاره‌كه و شانازیمان به‌وه‌وه ده‌كرد، تا ڕاده‌یه‌كیش به ده‌عیه‌به‌رز ناوبرابووین، به كورتی ئه‌و دۆزه ژیانێكی ئاسووده‌ی پێ به‌خشین”.
ئه‌م ئاسووده‌ییه زۆر ناخایه‌نێ و به‌هۆی هه‌ڵه‌ی یه‌كێك له هاوڕێكانی بارودۆخیان لێ تێكده‌چێت، سوڵتان سزای هاوڕێكانی به ده‌ساڵ دوورخستنه‌وه ده‌دا و هه‌زینه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی له دیوانی ئه‌ودا كاری كردووه سزاكه‌ی قورس‌تر ده‌بێت .
“له‌سه‌ر فه‌رمانی سوڵتان له‌قبولحه‌ق خوا مه‌قامی بپارێزێ، بڕیاریداوه كه هه‌زینه كوڕی نه‌سروڵا مه‌نه‌ته‌ك له بازاڕی كۆیله‌كاندا بفرۆشرێ و ته‌نها ئه‌و بازرگانانه بۆیان هه‌یه بیكڕن كه له سنووری ئه‌م شاره و شاره نزیكه‌كانی ده‌وروبه‌رمانه‌وه دوورن. هه‌زینه نه‌سروڵا مه‌نه‌ته‌ك چیتر بۆی نییه بگه‌ڕێته‌وه شاری گویلعوزار.”
هه‌زینه ده‌به‌نه بازاڕی كۆیله فرۆشان و بازرگانێك به‌ناوی ژه‌میل به 11 دینار ده‌یكڕێت: “به‌ڕێوه له‌گه‌ڵ ژه‌میل بیرم له‌وه ده‌كرده‌وه ڕاكه‌م، ده‌شمزانی هه‌ر ده‌مگرنه‌وه جگه له‌وه‌ی هه‌ر له‌وساته‌وه ڕه‌وشتی كۆیلایه‌تییم پێوه نووسا، ئیدی نه له بڕیار و نه هه‌ستی یاخیبوون و نه بۆچوونێكی خۆمم له‌لا نه‌ما هه‌موو هێزێكم به ترووكه‌ی چاوێك سڕایه‌وه.” هه‌زینه له‌لایه‌ن یه‌كه‌مین بازرگانی عه‌ره‌به‌وه ناوه‌كه‌ی ده‌كرێته خه‌زنه مه‌ملووك. و هه‌ستده‌كات خوێنده‌واریه‌كه‌ی هیچ دادی نادا بۆیه بڕیارده‌دا خوێنده‌واریی و خۆشنووسییه‌كه‌ی بشارێته‌وه “له هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی ده‌فرۆشرام و ده‌كڕدرامه‌وه شه‌وانه به دزییه‌وه كتێبم ده‌خوێنده‌وه… كه‌سیان نه‌بوو هه‌ستی زوڵمی له‌لاجێنه‌هێشتبم، ئه‌م له‌وی ده‌كڕیمه‌وه هه‌روه‌ك پێڵاو و نه‌عل به‌پێی قاچیان له پێیان ده‌كردم …” دوای حه‌وت ساڵ له ده‌ستا و ده‌ستكردن خه‌زنه مه‌ملووك ده‌كه‌وێته لای دوا كڕیاری كه (عومه‌ر النه‌زیر)ه و نزیكه‌ی چوار ساڵیش له‌وێ به‌سه‌رده‌بات.
لێره‌وه ڕۆمانه‌كه فراوانتر ده‌بێ و ده‌بێته شایه‌دحاڵی كه‌سایه‌تیه‌كانی دیكه… عومه‌ر النه‌زیر به دڕنده‌ترین شێوه ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆی به‌سه‌ر هه‌موو مرۆڤه‌كان یان باشتر بڵێین به‌سه‌ر هه‌موو كۆیله‌كانی ماڵه‌كه‌دا ده‌سه‌پێنێت. خانمی لێده‌رچێ كه به‌ڕوكه‌ش ناچاربوو ڕێزی لێ بگرێت، ده‌نا له كرۆكدا ئه‌ویش ژیانی له‌وان باشتر نه‌بوو، عومه‌رالنەزیر له پشت سه‌ری خانم سه‌ره‌ڕای ڕابواردن له‌گه‌ڵ جاریه‌كانی خۆی و هاوڕێكانی، له‌گه‌ڵ غوڵامه‌كانیشدا ڕایده‌بوارد و هه‌رچی درۆ و ده‌له‌سه و به‌دڕه‌وشتی هه‌یه له قسه و كرده‌وه‌كانیدا هه‌بوو. به بازرگانییه فێڵاویه‌كه‌شیه‌وه كه له دوكانه‌كه‌یدا ده‌یكرد، ده‌بوو نه‌ڕه نه‌ڕ و فرمانه‌كانی ئه‌و له ماڵه‌كه‌دا له‌سه‌رو هه‌موو شتێكه‌وه‌بن !
له ڕۆمانه‌كه‌دا به ڕۆشنی باسی چه‌وساندنه‌وه‌ی ئافره‌ت به شێوه‌ی جیا جیا كراوه: “من ئه‌وه‌نده‌ی بیرم له‌و كچه جاریانه ده‌كرده‌وه كه‌متر بیرم له خۆم ده‌كرده‌وه. هه‌ركچێكیان سێ چوار جار سكی پڕ كراوه و منداڵی لێ سه‌ندراوه. یان فڕێدراوه و كه‌س خۆی ناكاته خاوه‌نیان. ده‌بنه سكێكی هه‌ڵگر بۆ ڕه‌حم و تۆوێكی نه‌زۆك. له ئاستی كاڵایه‌كی حه‌ز و ئاره‌زووی خاوه‌نه‌كانیشیان نین و به‌وه‌شه‌وه ناوه‌ستن ده‌یاننێرنه لای پیاوانی تر”.
دوو جاریه‌كه‌ی ماڵی عومه‌ر النه‌زیریش به هه‌مان شێوه. ئه‌و دوو كچه له به‌یانی تا ئێوارێ وه‌ستانیان نه‌بوو. ده‌بوو له كاتی پێویستیشدا بۆنموونه كاتێك خانم له ماڵی باوكی بایه، داخوازیه تایبه‌تیه‌كانی عومه‌ر النه‌زیر جێبه‌جێ بكه‌ن !
هه‌رچی (ست مه‌عارف)ه كه خه‌زنه پێی ده‌ڵێ خانم، ژنێكی نه‌رم و نیان و سه‌نگینه… ژیانی به دوو قۆناغدا تێده‌په‌ڕێ پێش خوێنده‌واری و دوای خوێنده‌واربوونی .
ڕۆژێكیان خانم پرسیار له خه‌زنه ده‌كات ده‌رباره‌ی ژیانی ڕابردووی. خه‌زنه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی خوێنده‌واریه‌كه‌ی ئاشكرا نه‌بێت، ڕاستی له خانم ده‌شارێته‌وه وچیرۆكێك رێك ده‌خات. ده‌ڵێ : ”باوكم له‌به‌ر هه‌ژاری فرۆشتوومی.” خانمیش ده‌ردی دڵی خۆی بۆ هه‌ڵده‌ڕێژێ: ”ده‌زانی خه‌زنه چیرۆكی ژیانی منیش زۆر له‌وه‌ی تۆوه دوور نییه، منیش هه‌ر باوكم ئه‌م شووه‌ی پێ‌كردم. كاتێ ته‌مه‌نم 17 ساڵ بوو، دڵم به كوڕێكی خزمه‌وه بوو. خۆت ده‌زانی ژنی ئێره ناتوانن دڵی خۆیان هی خۆیان بێ و بیده‌ن به كه‌س، له‌به‌رئه‌وه باوكم به دایكمی گوتبوو بازرگانێكی به‌ناوبانگ دێته خوازبێنیم ئیدی هه‌ر ئه‌و ساته زوو چرای دڵم به ده‌ستی خۆم كوژانده‌وه تا تووشی ئازار نه‌بم. له‌وكاته‌وه ده‌مه‌وێ تۆڵه‌ی لێ بستێنمه‌وه”.
ئه‌گه‌ر به‌راوردێك له‌نێوان شێوه‌ی ژیانی ژن له سه‌رده‌می كۆنی ناو رۆمانه‌كه و ئه‌مڕۆدا بكه‌ین، هه‌ست به گۆڕانێكی ئه‌وتۆ ناكه‌ین. ئێستا له گوند و شارۆچكه‌كانی كوردستان نه‌ك له ته‌مه‌نی حه‌ڤده ساڵی بگره له ته‌مه‌نی دوانزه و سیانزه ساڵی ئه‌و كاره ده‌كه‌ن. ته‌نانه‌ت باوك ئه‌و مافه به خۆی ده‌دا له‌سه‌ر لانك چاره‌نووسی كچه‌كه‌ی یان كوڕه‌كه‌ی دیاری بكات. هه‌روه‌ها دۆخی ئه‌و ئافره‌ته بیانیانیانه‌ی له ماڵی به‌رپرسه‌كانی كوردستاندا كارده‌كه‌ن زۆر له ژیانی جاریه‌كانی ئه‌و كاته باشترنییه !
له سه‌ره‌تای هاتنی خه‌زنه مه‌ملووكدا خانم سه‌ره‌ڕای كاروباری ماڵه‌كه‌ی خۆیان، خه‌زنه‌ی به كارێك یان باشتر بڵێن به فێڵێك ده‌نارده لای ژنه بازرگانه‌كانی دیكه. ئه‌وانیش بۆ تۆڵه سه‌ندنه‌وه له مێرده‌كانیان له‌گه‌ڵ خه‌زنه‌دا ڕایانده‌بوارد و خه‌زنه نه‌یده‌توانی بڵێ نا. ده‌بوو نهێنیشیان بپارێزێت. له به‌رامبه‌ردا، بڕێك پاره‌یان ده‌دایه كه ده‌كرێ ئه‌مه به له‌شفرۆشی پیاوان له‌قه‌ڵه‌م بدرێت و له‌شكڕه‌كانیش لەو دۆخەدا ژنن .
شێوازی هه‌ڵسوكه‌وتی خانم له‌گه‌ڵ خه‌زنه‌دا و گفتوگۆ به‌رده‌وامه‌كانیان، وا له خه‌زنه ده‌كه‌ن نهێنی خوێنده‌واریه‌كه‌ی بۆ بدركێنێ و به‌ڵێنیشی پێ‌بدا كه فێری خوێندن و نووسینی بكات. سه‌ره‌تا كاره‌كه زه‌حمه‌ت بوو به‌ڵام وورده ورده ڕاهاتن: “دووساڵێكمان به‌وشێوه‌یه به دزیه‌وه به‌سه‌ربرد من فێرم ده‌كرد. ڕسته نه‌ما بیستبێتم و به‌وم نه‌گوتبێ. وایلێهات بڵێ خه‌زنه تۆ ده‌رگای ژیانت بۆمن كرده‌وه. له ژیانمدا ئه‌وه‌نده هه‌ستم به ئازادی نه‌كردووه. قه‌ت ڕووینه‌داوه به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستام هێنده شادبم “.
خانم قۆناغی فێربوون جێده‌هێڵێت و ده‌چێته قۆناغی كتێب خوێندنه‌وه‌وه. ڕێگای به خه‌زنه‌دا بچێت له‌لای شێخ مه‌رجیع كتێب بهێنێت. شێخ مه‌رجیع پێشتر به دیقه‌تی خۆی به خوێنده‌واریه‌كه‌ی خه‌زنه‌ی زانیبوو. زۆر ڕێزی ده‌گرت و وه‌ك مرۆڤ و هاوتای خۆی سه‌یری ده‌كرد. لێره‌دا خوێنده‌واری ده‌بێته فریادڕه‌سی ست مه‌عارف و سه‌ره‌ڕای به‌خته‌وه‌ری، ئاستی بیركردنه‌وه و تواناكانی گۆڕانیان به‌سه‌ردا دێت، ده‌یكه‌ن به كه‌سێكی ئازاتر له جاران، به جۆرێك بتوانێت جورئه‌ت وه‌به‌ر خه‌زنه بنێت، كه له كۆتایی ڕۆمانه‌كه‌دا ڕووبه‌ڕووی عومه‌ر النه‌زیر ببێته‌وه. لێره‌وه چیتر په‌یوه‌ندی نێوان خانم و خه‌زنه، په‌یوه‌ندی خانم و كۆیله‌یه‌ك نامێنێت. به‌ڵكو ده‌گۆڕێ بۆ هاوڕێیه‌تیه‌كی بێوێنه. ئه‌مه‌ش خاڵێكی وه‌رچه‌رخانی گرنگه له په‌یوه‌ندی نێوان ژن و پیاو: “هه‌ردووكمان به نهێنی چای زه‌نجه‌بیلمان ده‌خوارده‌وه و موحه‌له‌بی به شیر و زه‌عفه‌رانمان ده‌خوارد و باسی شیعر و چیرۆكمان ده‌كرد، جاری واشبوو هه‌ندێ بابه‌تی سۆفیگه‌رایی و فه‌لسه‌فه‌شمان ده‌وروژاند. بڕواده‌كه‌ن یان نا ئه‌وه كه‌یفی خۆتانه. ئه‌و ژنه نه‌خوێنده‌واره لێهاتوویه‌كی لێده‌رچوو ده‌یتوانی هه‌ر به‌تاق و ته‌نها وڵاتێك به‌ڕێوه‌به‌رێ”.
دیسانه‌وه خۆشی ته‌مه‌نی كورته و ڕۆژێك عومه‌ر النه‌زیر له‌ناكاو دێته‌وه ماڵێ و یه‌كسه‌ر ده‌چێته نهۆمی سه‌ره‌وه. ده‌بینێ خه‌زنه به‌رامبه‌ر خانم دانیشتووه و كتێبی بۆ ده‌خوێنێته‌وه چاوی ده‌چێته پشتی سه‌ری و هه‌رچی سوكایه‌تییه به خه‌زنه‌ی ده‌كات. ئه‌وه‌ش كه به‌لایه‌وه قورسه ئه‌وه‌یه كه خه‌زنه خوێنده‌واربوونی خۆی شاردووه‌ته‌وه. له‌و ڕۆژه‌وه خه‌زنه ناتوانێ رووبه‌ڕووی عومه‌ر النه‌زیر بێته‌وه، به‌ڵام خانم هه‌میشه هانی ده‌دات بڕوای به خۆی بێت: “هه‌میشه ئه‌وه بخه‌ره پێش چاوت تۆ پڕ زانستیت ئیدی خۆت به‌كه‌م مه‌بینه. ده‌زانی چی؟ ده‌بێ ڕۆژێك تۆ لێره بڕۆی و ده‌نگی خۆت بدۆزیته‌وه “.
عومه‌ر النه‌زیر كه خاوه‌نی خه‌زنه‌یه پێیوایه ده‌بێ خاوه‌نی بیر و به‌هره‌كانیشی بێت. دوای ئه‌وه‌ی به خوێنده‌واریه‌كه‌ی ده‌زانێت فرمانی به‌سه‌ردا ده‌كات كه كتێبێك بنووسێت، له‌سه‌ر هه‌ر شتێك كه خۆی بیه‌وێت. له به‌رامبه‌ر سه‌رپێچیكردنیشیدا چه‌ند سزایه‌كی بۆ داده‌نێت. خانم هانیده‌دات كتێبه‌كه بنووسێت و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پرس و ڕا به شێخ مه‌رجیع بكات. ئه‌ویش رێنوێنی ده‌كات كه دوو كتێب بنووسێت، یه‌كێكیان بۆ خۆی و هه‌موو شتێكی تێدا بنووسێته‌وه. ئه‌ویتریش بۆ عومه‌ر النه‌زیر كه ته‌نیا له یه‌ك ڕسته پێكبێ! خه‌زنه‌ش دوای بارێكی ده‌روونی نائاسایی و بیركردنه‌وه‌یه‌كی زۆر ده‌ست به نووسینی كتێبه‌كه ده‌كات.
له به‌یانی جه‌ژنی ڕه‌مه‌زاندا، دوای نانخواردن عومه‌ر النه‌زیر بانگی خه‌زنه و فرمان ده‌كات كتێبه‌كه‌ی بۆ بهێنێت. خه‌زنه‌ش ئه‌و كتێبه‌ی كه له‌م تاكه ڕسته‌یه پێکهاتووە: (من ادام شقا‌ء الاخرین لن ینال الا سم الحیاه) و له‌سه‌ر پێشنیاری خانم نووسیویه‌تی، ده‌داته ده‌ستی. ئه‌ویش ده‌هری ده‌بێ و ده‌یه‌وێ په‌لاماری خه‌زنه بدات. هه‌ر له‌و كاته‌دا خانم هه‌ڵده‌داتێ و به توڕه‌ییه‌وه چه‌ند قسه‌یه‌كی هه‌قی پێده‌ڵێ و خوێنده‌واری خۆشی ئاشكرا ده‌كات. به‌مه هه‌ڕه‌شه و نه‌ڕه‌كانی عومه‌ر النه‌زیر توندتر ده‌بن و ده‌كه‌وێته لێدانی خه‌زنه. خانمیش هانیده‌دا چیتر ئه‌مه قبوڵ نه‌كات: “هه‌ستت بجوڵێ خه‌زنه، ئامان! خۆتی بۆ جێ مه‌هێڵه ده‌نا هه‌تا ماوی له دونیادا نابیته‌وه به به‌شه‌ر!” كاتێك خه‌زنه هه‌ستده‌كات عومه‌ر النه‌زیر خه‌ریكه ده‌ستدرێژی ده‌كاته سه‌ری، له ده‌ستی ڕاده‌كات و چه‌ند جارێك به ده‌وری بیری ئاوێك كه له حه‌وشه‌كه‌یاندایه ده‌سوڕێنه‌وه. له‌پڕ، عومه‌ر النه‌زیر ده‌كه‌وێته ناو بیره‌كه‌وه و هه‌موویان ده‌حه‌په‌سێن … ست مه‌عارفیش خه‌زنه ئازاد ده‌كات: “خه‌زنه له‌م ساته‌وه ئیدی به‌سیه‌تی و بڕۆ. تۆ ئازادی. هه‌رچی ده‌سه‌ڵاته ده‌تده‌مێ و بڕۆ خۆت بڕیاری خۆت بده. له‌مه‌ودوا من ده‌بمه مامۆستا و وانه‌كانی تۆ به كه‌سانی دی ده‌ڵێمه‌وه. خه‌می ئه‌و دوو كچه‌شت نه‌بێت هه‌تا مابم ناهێڵم بكه‌ون و ده‌بنه یه‌كه‌م خوێندكارم “.
خه‌زنه دوای ڕۆیشتنی بیرده‌كاته‌وه و ده‌گاته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه عومه‌ر النەزیر هه‌ر به جه‌سته مردووه و خێوه‌كه‌ی له خه‌یاڵی ئه‌ودا هه‌ر ده‌مێنێته‌وه. بۆیه بڕیارده‌دا ببێ به بازرگان ! “مردن ڕه‌تكردنه‌وه‌ی نییه. كه‌س لێی قوتار نابێ، بۆیه هه‌وڵده‌ده‌م هه‌رهیچ نه‌بێ له ئازار دوور بكه‌ومه‌وه. ئه‌مه‌ش به‌غه‌یری بازرگانبوون نایه‌ته‌دی.” سه‌ره‌تاش هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی له ئازار دوور بكه‌وێته‌وه كۆیلایه‌تی قبوڵكرد و ڕاینه‌كرد.
كۆتایی ئه‌م رۆمانه دوو شتمان پێده‌ڵێ:
– بیهێزی و قبوڵكردنی كۆیلایه‌تی، سیفه‌تێكی سروشتی ژن نییه وه‌كو چۆن هی پیاویش نییه، به‌ڵكو ئه‌وه بارودۆخ و زه‌مینه‌یه كه‌سایه‌تییه‌كان لاواز یان به‌هێز ده‌كات .
– كۆمەڵگه به‌ئاقارێك گه‌یشتووه، تێیدا مرۆڤ یا كۆیله‌یه، یان خاوه‌ن كۆیله. له‌نێوانیاندا پانتاییه‌ك بۆ ئازادی راسته‌قینه جێی نییه. خۆ ئه‌گه‌ر هه‌شبێت له شێوه‌ی درزێكدا ده‌بینرێت.
شوباتی ٢٠١٣
پێداچوونەوە ئایاری ٢٠٢٥
———————–
سه‌رچاوه‌كان/
1. چاوپێكه‌وتنی (ئیدریس عه‌لی) له‌گه‌ڵ (به‌یان سه‌لمان) دا – سایتی ده‌نگه‌كان .
2. (ده‌عه‌جانبوون وه‌ك دۆخێك له ئازادی) نووسینی هه‌ندرێن- سایتی ده‌نگه‌كان .

سارا فه‌قێ خدر
نووسەر