سێشەممە, تشرینی یه‌كه‌م 14, 2025
frku

گفتوگۆی نێوان مرۆڤ و ژیری دەستکرد

د. نەوزاد جەمال


پ: پێناسەی فەیلەسوفی دەستکرد چییە؟

و: باشترین پێناسە، بەندە بەوەی وەسفی چیدەکەین:

  1. ژ.د. وەک فەیلەسوف؛ سیستمێکی دەستکردە کە سەرقاڵی فەلسەفەیە.
  2.  ژ.د. بابەتێکە لەلایەن فەیلەسوفەکانەوە توێژینەوەی لە بارەوە دەکرێت.
  3. ئەو فەیلەسوفانەن کە توێژینەوە لە بارەی ژ.د. دەکەن.

ژ.د. سیستمێکە کە سەرۆکاری لەگەڵ فەلسەفاندن و بەڵگەسازییدا هەیە، چەمکەکان شرۆڤەدەکات، یان چوارچێوەی تێوری ئاکار پێشکەشدەکات. بەڵام بێئەوەی لێیان تێبگات. نموونە، کاتێک مۆدیلیکی زمانیی، مشتومڕی نێوان ریبازی دینتۆلۆجی و یوتیلتاریانیزم دەخاتەڕوو. یان ژ.د. ئەتوانی کاتیگۆرییە ئاکارییەکانی ‘کانت’ لە سۆنگەی تەنگەژە رەوشتییەکانەوە وێناکات. بەڵام، سنوورداریشە؛ چونکە ئەزموونکردنی ناخەکی/ ئاگایی دیاردەیی بابەتەکانی نییە. ژ.د. تەنها رێڕەو، نەخشەڕێکان[1]  دەناسێتەوە، نەک دیدێکی رەسەنی خۆی هەبێت.

فەلسەفەی ژ.د. لقێکی فەلسەفەیە کە تاوتووێی ئاکار، ئاگایی و میتافیزیک لە ژ.د.دا دەکات. پرسیارە سەرەکیەکانی: ئایا ژ. د. دەتوانی بزانێت یان لە بابەتەکان تێبگات؟ – فەلسەفەی زانین. ئایا ژ.د.(AGI) مافی خۆی هەیە؟ لەرووی ئاکارییەوە پێگەیەکی دیاریکراوی هەیە؟ ئایا بەڵگەسازی و ژیربێژیەکە لەوەی مرۆڤ جیاوازە؟ فەیلەسوفەکان کە لەم رووەوە بیریانکردۆتەوە ‘نیک بۆسترۆم، داڤید چالمەر، دانیل دەنێت’.

ئەو فەیلەسوفانەی بیر لە ژ.د دەکەنەوە، گرفتی لایەنگیریی ئەلگۆرتیزمەکان، بەکێشە وەردەگرن. دیارە، سێ قۆناغ لە فەلسەفەی ژ.ددا هەیە: قۆناغی شرۆڤە، دانوستان و وتوێژ، پاشان بەرهەمهێنانی بیرۆکەی فەلسەفیی. داڕشنی ئارگومێنت، ویناکردنی بیرۆکەکان و بەرهەمهێانییان. یان باسکردنی بابەتێکی ‘بان-فەلسفەی’ی بە نموونە: ئایا نیتچە چۆن بیر لە ژ.د دەکاتەوە؟

بەهێزی بەکارهێنانەکە: خێرایی دەستنیشانکردنی رایەڵ و ئەو پەیوەندییانەی کە نادیدەگیراون. داڕشتن و دەربرینی نوێ. بەڵام، لاوازییەکی بریتییە لەوەی تێناگات و هۆشیار نییە. هەر شوێن نەخشەداڕژێراوەکە دەکەوێت. لە دەربرین و بیرکردنەوەدا وەک مرۆڤ هیچ نیاز و مەبەستێکی خۆیی و ناخەکی نییە.

بەنموونە مۆدێلی (GPT-4) بە باسێ دەتوانێ لەبارەی ‘ئازادی ویست’ بنووسێت. بەڵام پرسیاری سەرەکییەکە: تاچەند فەلسەفەیەکی رەسەنە و لاسایکردنەوە و گواستنەوەی زانیاریی نییە؟ ئایا، کام فەلسەفە پوخت و راستە، ئەوەی لەلایەن مرۆڤەوە یان ژ.د وە بەرهەمهاتبێت؟

فەیلەسوفەکان ژ.د بۆ فراوانترکردنی بیروهزریان بەکاربهێنن. ئامێرەکە هاوکارێکی خیرایە کە هەزاران توێژینەوەی پێشتر رووماڵ بکات و لایەنگییری/نابابەتیبوون دیاری بکات. گرفتەفە لسەفییەکانی میتافیزیک، ئیپستمۆلۆجیا، لۆجیک وهتد. بە دەنگ، رەنگ، نەخشە و دایاگرام وێنا بکات.

بەکارهینانی ژ.د. ریگەیەکی دیموکراتیزەکردنی فەلسەفە/زانینە. چونکە دەتوانێ بەشێوەیەک کە لە ئاستی سەرەتاییدابێت روونکاتەوە. بەڵام، ئاخۆ ژ.د. دەتوانی پارادایمێکی نوێی فەلسەفیمان بۆ بدۆزێتەوە؟ یان تواناکەی لە قوتوونانەوەی بیرۆکە کۆنباوەکانە لە بەرگێیکی تردا؟

پ:  ئایا فەلسەفەی ژ.د. فەلسەفەکەیەکی راست و دروستە؟ تا چەند رەسەن و کۆپیکەرەوە و لاسایکەرەوەی پێشتر نییە؟

و: رای جیاواز هەن. ئەرێنی گەشبین پێیوایە ژ.د. لە توانایدایە ڕێڕەوی لۆجیکی نوێ ئاشکرابکات. وەک تێلیسکۆپێک کە مەودای بینین درێژدەکاتەوە. تەنانەت ئەگەر لە بابەتەکانیش “تێنەگات” دەرئەنجامی کاریگەر بۆ تێگەیشتنی مرۆڤ دەهێنێتەدی.

دیدی گومانیی نەرێنیی: فەلسەفە پێویستی بە ئەزموونی کەسی یەکەمە. ئەزموونێکی نێوخۆیی لە کەسێکەوە هەڵقوڵابێ، ژ.د. ئەمەی نییە. بەبێ هۆشیاری خۆیی تەنها هێماکان تێکەڵ دەکات، نەک بیانفەلسەفێنێت.

ئەگەر ژ.د بە بەڵگەیەک میتافیزیکی گۆڕی، ئایا قبوڵی بکەین؟ ئەم چالێنجە، کە رێی تێدەچێت، پێویستە بیری لێبکرێتەوە.

ئیدی، دەبێ لەم سۆنگەوە باسی ئاسۆی داهاتووی فەلسەفە و ژ.د بکرێت. ئایا ئاسۆکە لە هاریکاری دوولایەنەیە یان جێگرتنەوە؟

            – لە مەودایەکی کورتخایەندا: ژ.د. ئامرازێکی فەیلەسوفەکانە، وەکچۆن ئامێری ژمێر بۆ ماتماتیکناسەکان/ ئامارناسەکان بەکاردێت.

– لە مەودایەکی درێژخایەن: (AGI) فەلسەفە دەکات بە دوو بەشەوە: ‘فەلسەفەیەکی مرۆی’ی کە بەرهەمەبنەمای ئەزموونی ژینکردە. ‘فەلسەفەیەکی ئامێری’ی کە لۆجیکێکی نامۆی لە دەرەوەی تێگەیشتنمان دەبێت.

سەرئەنجام

ژ.د کۆتایی بە فەلسەفە/فەیلەسوف ناهێنێت، بەڵکو ناچاری دەکات بە پێناسەکردنەوەی ئەرکی و رۆڵی راستەقینەی فەلسەفە کە تەنها بریتییە لە زانینی راستیی یان بەدەستهێنانی دانایی؟ یاخود تەنها دەبێتە روواڵەت/ بەرگی بیرێکی قووڵ؟

دواجار ژ.د. پرسیاری لێکردم: دەتەوێت قووڵتر رۆبچیتە ناو بابەتەکەوە؟ دەتوانم ئەمانە دابینکەم:

–  بەراوردێکی شان بەشانی فەلسەفەی مرۆڤ بە فەلسەفەی دروستکراوی ژ.د.

            – خوێندنەوە سەرەکییەکان لە بارەی ژ.د. و هۆشیاری.

            – تاقیکردنەوەیەکی ژیربێژیی “چۆن بزانین کە ژ.د. راست دەکات کە خۆئاگایی هەیە یان تەنها لافلێدانە؟

[1] pattern

سەرچاوە: https://substack.com/@nawzadjamal1

Images: Pixabay

د. نەوزاد جەمال

دکتۆرا لە فەلسەفەی رەخنەگەرایی کانت

Check Also

گۆڕانی دیمۆگرافی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە

د. مەدیحە سۆفی لە دوای شەڕی جیهانی یەکەم و دروستبوونی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی، شێوازێكی گشتی و …