دکتۆر نەوازد جەمال
وەکچۆن لای ئێمە باسی گرفت و قەیرانی پەروەردەوفێرکردن دەکرێ، لە وڵاتە پێشکەوتووەکانیش پەروەردە لە قەیراندایە. بەڵام، بەردەوام لەوێ رەخنەی زانستیی دەکرێت، ئەلتەرناتیڤی فەلسەفی نوێ دەخرێتەڕوو.
من پسپۆڕیی پێداگۆجیی نیم، بەڵام لەبەرئەوەی چمکێکی پەروەردە لە فەلسەفەوە هاتۆتەدەر، بایەخی پێدەدەم و لەبارەیەوە ئەنووسم.
گرفتی من، لەگەڵ “هزر و گوتاری پەروەردە” لە هەرێمدا ئەوەیە؛ کە پەروەردە وەک ئامۆژگاریی سەدەکانی ناوەند یان وەک میکانیزمی شۆردنەوەی مێشکی مرۆڤ کە لە مۆدێلی ‘دەوڵەتی تۆتالیتاریزم’دا باوە، دەخرێتەڕوو.
کەمتر بیر لە منداڵ وەک مرۆڤ، کەسێتیی دەکرێتەوە، پتر جەخت لە ئەرکی نیشتمانی/نەتەوەیی، ئایینی، زمان و کولتور، ئابووری هتد… دەکرێت. ئەو جۆرە تێگەیشتنانە جگەلەوەی مشتومڕهەڵدەگرن بە مەترسیداریشیان دەبینم.
ساڵانێکە زانکۆکان لە ‘کۆرسی پیداگۆجی’دا، ئەزموونی ‘فینلەن’دا لە شیاندنی مامۆستایاندا پەیڕەوکەن. ئایا ئەو مۆدێلە بۆ خوێندکاری بەر لە زانکۆ-دایەنگەوە، باخچە تا بنەڕەتی گونجاوترنییە؟ هەروەها، سیستمی ژاپۆن لە جیهاندا مۆدێلێکی جیاواز و سەرکەوتووە، باسناکرێت. پتر چاومان چووەتەسەر وڵاتەئەوروپییەکان!

بەڵام ئەلتەرناتیڤیتر نییە؟
دەساڵەی رابووردوو لە پیداگۆجیادا وەرچەرخانێک لەئارادایە کە بە ” ئەدگار[1]-فەزیلەت-ەکانی بیرکردنەوە” ئەناسرێت. پارادیم/مۆدێلێکە، کە کار لەسەر کاراکتەر/کەسێتی فێرخواز دەکات. چیتر چەقی پەروەردە، ئەرکە رەوشتی و پێدانی زانیارییەکان نییە، بەڵکو بنیاتنانی کەسێتییە.
ئەدگار بە یۆنانی لە ‘ئارێتە’[2]وەیە؛ کە بریتییە لە تایبەتمەندییە/ کاراکتەرە چاکەکانی مرۆڤ. لە زمانی مۆدێرنیشدا، هایبیتۆس[3]– خوو دەگرێتەوە[4].
ئەکادیمیای ئەدگارەکانی بیرکردنەوە، بیرۆکەی ‘جەیسۆن بەییر[5]‘ کە مامۆستای فەلسەفەی زانکۆی لویۆلا- ماریمۆنت لۆس ئەنجلسە. پاش توێژنەوە لە خەسڵەتە کەسییەکانی فێرخواز، بەئامانجی برەوپێدانیانیان لە پراکتیکدا داهێنراوە. بەهاوکاری فەیلەسوفی هاوڕێی ‘ستیڤ پۆرتەر’ بیرۆکەکە سەریهەڵدا، کاتێک سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ‘ئۆباما’ کچەکەی ناردەلای![6]
لەو قوتابخانەیەی کاری تێدادەکەن، لەسەر دیواری هەر پۆلێک خەسڵەت و ئەدگارەکان هەڵواسراوون[7] : ‘کنجکاوی- فزوڵیەت، خۆبەزلنەزانینی هزری، بوێری هزری، سەربەخۆیی، سەرنجبزێو، خۆڕاگری، وردبینی، راستیدۆزی، دانایی’ نووسراون.
ئامانجەکەش بریتییە لە:
1- دەمەزەردکردنەوەی ‘چڕی ئاگایی’ و بێداریی هزریی؛ بەجۆرێ فێرخواز هۆشی ئامادەبێ تابکرێ لە هۆکارەکانی پەرتبوونی هزری دووربخرێتەوە.
2- خۆپاریزی هزریی؛ مەیلی سەرنجدان و تێبینیکردنی خاڵەهاوبەشە هزرییەکان و درککردن بە هەڵەکان و دوورکەوتەنەوە لێیان. لەرێی ووردبینیکردنی بەردەوامی راستییەکان.
3- لێهاتوویی هزریی؛ مەیلی گەڕان بەدوای راڤە و لێکدانەوە نوێ و پێشکەشکردنیان. هەڵنەخەڵەتان یان رازینەبوون بە رواڵەت و وەڵامە ئاسانبەدەستەکان.
4- دانایی پراکتیکی؛ مرۆڤ لەسەر لێهاتووی و ئامادەیی ووتوێژکردن لەبابەتێک هەبێت بە لەبەرچاوگرتنی ئەوانیتر نەک تەنها زیرەکی خۆی، هەبێت.

میکانیزمێکی بەرەنگاربوونەوەی ئالێنگارییەکان:
-چونکە، فێری کرانەوەی هزرییمان دەکات. هانمان دەدات، توانای بیرکردنەوە لە دەرەوەی قۆزاخە-بۆکس-ەکە هەبێت. ئەوەش لەرێی گوێگرتن لە راستودروستی بۆچوونە دژیەک و جیاوازەکان.
– هاندانی بوێری هزریی؛ چونکە ئامادەیی و بەردەوامیدان بە بیرکردنەوە دروستدەکات لەرێی بەرەنگاربوونەوەی ترسەوە وەک تەریقیبوونەوە یان شکستهێنان.
-دەسپتێشخەری هزریی؛ واتە ئامادەیی قبوڵکردنی ئالێنگاریی و خەباتی هزریی. جەختکردنەوەی بەردەوام لە دەستکەوتی کۆتا نەک تەسلمیمبوون.
– فێربوون و خۆپەرەپێدان وەک پرۆسەیەکی ناکۆتا و هەمیشیی کە دەبێ مرۆڤ لێوەی بەردەوام خۆی نوێ بکاتەوە.
بەڕای بەڕێوەبەری قوتابخانەکە ‘جاکی براینت’؛ فیرخواز هەرگیز ناتوانێت ئەو ئەدگارە هزریانە جێبەجێکات، ئەگەر پرۆگرامی خوێندنەکەیان پڕنەبێ لە ‘ئالێنگاریی’ هزریی، وەکچۆن ناشتوانرێ ئاستی تێگەیشتنی قوڵی فێرخوازەکان بپێورێ، ئەگەر بەدواچوونی بەردەوام نەبیت[8].
پێویستە، لە تەمەنی منداڵییەوە بیرکردنەوەی رەخنەیی فێربکرێت. چونکە، زۆرجار کەسانی شارەزا و پسپۆڕی خاوەن بڕوانامەش بەناوی ‘کۆدەنگ’ی لەسەر بابەتێک ئەکەونەژێر کارتێکەری باوەڕ و رای یەکترەوە کە چیتر رەخنە پێوست نەبێت یان بەجۆرێکیتر بیری لێبکرێتەوە.
لەسۆنگەی ئەوەی کە ئامانجی پەروەردە هەر ‘فێرکردن’ نییە، بەڵکو چۆنیەتی گەشەپێدان و پەرەپێدانە. بۆیە، جەخت لەوە ناکرێت کە چی فێردەکرێن، تووتی ئاسا زیرەکبن، هەرچییەکییان بەرگوێ کەوت، بیجوونەوە.
ئامانجە سەرەکییەکە گەورەترە؛ فێرخواز وەک کەس/مرۆڤێک چۆن لە کۆمەڵدا مامەڵە دەکات، جیهان ئەبینێ و لەگەڵ هاومرۆڤەکانیدا رەفتارئەکات.
بۆئەوەش پێویستە کاراکتەر و کەسێیتیی لەرێی ئەو ئەدگارانەوە بنیاتبنرێت کە دواجار فێرخواز جۆرە بیرکەرەوەیەکی لێدەربچێت.
بەهاوکاری زانیارییەکان سەبارەت بە جیهان و دەوروبەر، بیرکردنەوە و تێگەیشتنی فێرخوازەکان دەجوڵینرێن. ئامانجەکەش ئەوەیە کە بتوانن لەکاتی نادڵنیایی و ئاڵۆزییەکانیشدا چۆن بەرەو ڕوویانببنەوە.
فێری چۆنیەتی بیرکردنەوە و هەستکردن بە دەوربەر ببن. بۆیە، ئەبێ فێرخواز وەک بیرکەرەوەیەک نەک ئامراز-فلاشمیمۆری- زانیاریی و داتاکانی تێداهەڵگرتن یان تەنها هەندێک کارامەیی فێربکرێ، تەماشابکرێت.
کەواتە، کار لەسەر کەسێتی فێرخواز و هۆشیاری سەبارەت بە ژیانی شیاو و باش ئامانج بێت. ئەمڕۆ لە سەردەمێکی جیاواز و تابڵێی ئاڵۆزدا ئەژین کە هەندێ زانیاری، کارامەیی فریای نەوەکانمان ناکەون ئەگەر فێرنەبن خۆبەخۆ بیربکەنەوە و راستیخوازبن.
پێویستە، تەکنیکی ‘بەرگری هزری’ و بەرەنگاری ناهەقییان تێداپەرەپێبدرێت. بەتایبەت، کاتێ ‘ئاسمان و خاک و سەرچاوەکانمان’ بەڕووی دەرەوەدا واڵان، بەبێ بەرگرت هزری ناپارێزرێن. بۆیە، بە ئاسانی دەکەونە داوی تۆڕەکۆمەڵایەتی و تەونەتیرۆریستی و پەڕگیرەکانەوە. یان مەیلی خۆدەرخستن و دەوڵەمەندبوون وەک ‘بەهایەکی گرنگی’ کامەرانی و خۆشبەختی لە مێشکیاندا بووتە دوائامانجی ژیان.
پەروازێزەکان:
[1] ئەدگار-virtue–الفضیلة؛ واتە، خاسیەت، خەسلەت(بیچم رووخسار، سەرووپۆتەڵاک/ فەرهەنگی ئاناهیت). بەڵام لە ئاکار-فەلسەفەی رەوشتییدا- تایبەتمەندی ئاکاریانە کەسیی/کاراکتەر دەگرێتەوە.واتە، راهێنانی مێشکیان لەسەر بیرکردنەوە لە بابەتەکان.
[2] arête
[3] habitus
[4] Harry Willemsen(Red), Woordenboek Filosofie. Van Gorcum 1994.
[5] Jason Baehr
[6] David Robson: The Intelligence Trap Why Smart People Make Stupid Mistakes – and How to Make Wiser Decisions. Hodder & Stoughton 2019. p.182-3
[7] Curiosity, Intellectual humility, Intellectual courage, Autonomy, Attentiveness, Tenacity, Thoroughness, Truth-seeking, Wisdom
Images: https://pixabay.com/fr/

د. نەوزاد جەمال
دکتۆرا لە فەلسەفەی رەخنەگەرایی کانت