تەوەری ئاو، وەکو کێشەیەکی گلۆبال

د. مەدیحە سۆفی/ ئەڵمانیا


نادادپەروەری کۆمەڵایەتی و وەبەرهەمهێنانی بێ سنوور، چاوچنۆکی سەرمایەداری، نیولیبیرالیزم، گۆڕانی کەشوهەوا و ماکەکانی، پەتای کۆڕۆنا، شەڕی ئۆکرانیا و کێشەی دانەوێڵە و پەینی کیمیایی، پلانە شاراوەکانی ئەودیوی دیوارە ئەستورەکان؛ کە پارێزەری بەرژەوەندی زلهێزەکانن و هەر خۆیانیش پێشبینییەکان بە پێی خواستی بەرنامەکانیان دادەڕێژن، هەموو ئەم پێشهاتانە بە گشتی جیهانی ناسەقامگیر کردووە، بەتایبەتی لە دەوڵەتە هەژار و نەدارەکاندا، بەتایبەتتر ئەوانەی خاوەن سەرچاوەی سامانی سروشتین بەڵام خاوەن بیری ستراتیژی و بنەمای زانستی نین و لە میانەی حوکمڕانیاندا بەرژەوەندی و پاراستنی کورسییەکەیان زۆر لە بەرژەوەندی هاوڵاتییان و پێشکەوتنی پیشەسازی و خزمەتی نێوخۆ باڵاترە.

لە دوا ڕاپۆڕتی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ خۆراک کە لە مانگی تەمووزی 2022 دا بڵاوکرایەوە، باسی برسێتی درێژخایەن دەکات، ئەم چەمکە نوێیەی؛ تازەگەری لە نووسینی ڕاپۆڕتەکەدا کردووە و تیایدا هاتووە کەزیاتر لە  800 ملیۆن کەس لە جیهاندا برسی و بێ خۆراکن، زۆرترینیان دەکەونە وڵاتانی یەمەن، ئەفغانستان، مەدەغەشکەر و خوارووی سودان، هەروەها ئەو وڵاتانەی وشکەساڵی تیایاندا دوبارە دەبێتەوە[[1]]

وشکەساڵی دیاردەیەکی سروشتییە، زۆربەی ناوچەکان لە ڕابردووشدا هەر تووشی وشکەساڵی هاتوون، زانستی کەشوهەوا ئەوە ئاشکرا دەکات کە پێش ساڵی 1850، کاتێ هێشتا مرۆڤ کاریگەری لەسەر کەشوهەوای هۆلۆتسین نەبوو، ئەم دیاردەیە دە ساڵ جارێک پێشدەهات، لە سەد ساڵی ڕابوردوودا هەر حەوت ساڵ جارێک دوبارە دەبووەوە، لە دوای ساڵی 1980وە، هەر چوار ساڵێک یەک جار دوبارە دەبێتەوە[[2]]

لە وەرزی هاوینی 2022دا ئاستی ئاوی ڕوباری پۆ لە ئیتاڵیا، نزمترین ئاستی تۆمار کرد لە چاو حەفتا ساڵی ڕابوردوودا، لە پورتوگالیش وشکەساڵی هەرەسی بە بەروبوومی کشتوکاڵی هێناوە، لە ئیسپانیا گۆمی بەنداوەکانی تەنها بە ڕێژەی ٤٥٪ی پڕ لە ئاون، لە یۆنان بەهۆی بەرزبوونەوەی نائاسایی پلەی گەرمییەوە، سوتانی دارستانەکان بەردەوامن، لە فەڕەنسا پلەی گەرمی لە 40 پلە نزیک دەبێتەوە و ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی بەدوادا دێت، لە زۆربەی وڵاتەکانی خوارووی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا ئاو لە کەمبوونەوەدایە و حکومەت هۆشیاری دەدات. ڕوباری ڕاین کە بە چەند وڵاتێکی ئەوروپیدا دەڕوات و بۆ گوازتنەوەی کاڵا و بەروبووم و بەتایبەتی خەڵوز، ڕوڵی سەرەکی دەبینێت، لە ئێستادا بە هۆی گەرما و کەم بارانییەوە ئاستی ئاوەکەی دابەزیوە و هەندێ لە کەشتییەکان لە ئەڵمانیا ناتوانن کاری گوازتنەوە بکەن، دڵەڕاوکێ و نائارامی خەڵکیشێ سەرقاڵ کردووە. ئەمە دۆخی هەندێ لە وڵاتانی ئەوروپایە، هەروەها بە پێی توێژینەوەیەک کە لە Nature Geoscience بڵاوکراوەتەوە[[3]] ئاماژە بەوە دەکات؛ کە سەختترین وشکەساڵی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە لە ئارادایە. ڕاگەیاندنەکانی ئەوروپا باس لە هاتنەکایەوەی کێشەی کەم ئاوی و وشکەساڵی دەکەن، باس لە کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی ڕوبارەکان و بەرزی پلەی گەرمی و کەمبوونەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی دەکەن، لە هەمووی گرنگتر باس لە بەردەوامبوونی ئەو دۆخە هەستیارە دەکەن.

وشکەساڵی یەکێکە لەو دیاردە سروشتیانەی کە نوێ نییە و هەمیشە لە ڕابوردوویەکی دووریشەوە هەر پێشهاتووە، بەڵام دوبارەبوونەوەی لە مەودایەکی کەمدا سەرنجڕاکێش و کاریگەرە، هۆکارەکەیشی بە دڵنیاییەوە دەگەڕێتەوە  بۆ گۆڕانی کەشوهەوا، لە پاش ساڵی 1980وە ئەم دیاردەیە نەک هەر زووتر دوبارە دەبێتەوە بەڵکو بەشێوەیەکی سەختتر و چڕتر زۆربەی ناوچەکان دەگرێتەوە. لە ئێستادا ئەوروپا بەدەر لە هەڵگیرساندنی شەڕ لە ئۆکرانیا، بە سەختترین قۆناغی وشکەساڵیشدا دەڕوات، کەمبوونەوی ئاو، سوتانی دارستان، کێشەی گوازتنەوەی وزە (بۆ نمونە خەڵوزی بەرد) و بەرزبوونەوەی نائاسایی پلەی گەرما ئەم کیشوەرەی ڕوبەڕووی ئاڵنگاری زۆرتر کردووەتەوە.

ئاشکرایە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یەکێکە لە ناوچە هەرە وشکەکان و باجێکی زۆری گۆڕانی کەشوهەوا دەدات، ئەم بابەتەش لە هەشتاکاندا و لە میانەی کۆبوونەوە و شیکردنەوەی کێشەکانی داهاتووی جیهاندا باس کراوە، ئەو هەڕەشەیەی؛ بەهۆکاری کەمی ئاوەوە لەم ناوچەیە دەکرێت، هەڕەشەیە لە سەقامگیری ئاسایشی نەتەوەیی لە نێوخۆی زۆربەی ئەو وڵاتانەدا، چ بەهۆی ئاوارەبوون و پەرتەوازەیی و چ بەهۆی تێکچوونی باری ئاسایشەکەی، دەرکەوتەکانی ئەم هەڕەشەیەش بەڵگەی تەواوی ئەو پێشهاتەن.

پەیڕەوکردنی سیاسەتی ئاو لە میانەی کایەیەکی زانستی و بە پێی دێمۆگرافیای ناوچەکە، یەکێکە لە مەرجەکانی دابینکردنی سەقامگیری سیاسی، ئابووری، ئیکۆلۆژی و کۆمەڵایەتی. بەڵام کێشەی زۆربوونی دانیشتوانی عیڕاق بە گشتی (بە پێی ئەو پێشبینییانەی ئێستا هەن) و بوونی فاکتەری گۆڕانی کەشوهەوا، دوو گرفتن کە کاردانەوەی نەرێنی پرۆژەی گاپی تورکی و پرۆژەکانی گلدانەوەی ئاو لە ئێرانی ئەوەندەیتر سەختتر کردووە. ئێستا تورکیا پابەندی هیچ یاسا و ڕێسایەکی نێودەوڵەتی، هیچ ڕێککەوتنێکی ئیقلیمی نەبووە، هیچ بەڵێن و گرێبەستێک نەیتوانیوە تورکیا لە قۆرخکردنی ئاوی دیجلە و فورات بوەستێنێت، ئەم کێشەیە کێشەیەکی نەزۆکە و کاریگەریترین فاکتەرە بۆ ڕۆبەڕووبوونەوەی بێ ئاوی، تورکیا بە بێ شەرم و بە ئاشکرا دەڵێت ” کە دەبێ عیڕاق سیاسەتی ئاوی نێوخۆیی خۆی بگۆڕێت و بە هیوای تەوژمی ئاوی زیاتر نەبێت لە ڕوباری دیجلە و فوراتەوە” ئێرانیش هەروەها و بە هەمان شێوە چ  لە بنیاتنانی بەنداو و چ بە شکانەوەی ئاو بەرەو دیوی ناوەوەی خۆی درێغی نەکردووە.

عیڕاق بەهۆی کێشە تائیفی و گرفتە کەڵەکەبووەکانیەوە، کە لە دوای ساڵی 2003وە دەروازەی هیچ چارەسەرێکی بۆ نەدۆزیوەتەوە، ئەوەندەیتر وڵاتە ئیقلیمی و دراوسێکانی، بەهیوای دەست تێوەردانی زیاتر کردووە، بۆ نمونە چاوبڕینی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، هەر خۆی لە کەمکردنەوەی ئاودا نابینێتەوە، بەڵکو لە دەستەمۆکردنی  هاوڵاتی لە بوارە کولتووری، گەشتوگوزار، بازرگانی و کۆمەڵایەتییەکانیشدا. ڕەنگدانەوەی کێشەی ئاو لە عیڕاقدا بەگشتی یەکێکە لەو فشارانەی کە چ ئێران و چ تورکیا بۆ خۆبەدەستەوەدانی ئەو وڵاتە پەیڕەوی دەکەن، ئەگەر تورکیا پێشتر بە (مقایضة) و وەکو کارتی فشار بۆ بەدیهێنانی مەرامە سیاسییەکانی بەکاری دەهێنا، ئێستا لە بەر شڵەژان و نائارامی سیاسەتی ناوەند، زۆر بەئاگا و بەمەبەست ئاسانتر بۆی دەچێتەسەر و بەکاری دەهێنێت.

جیاوازی نێوان بوونی ترس و دڵەڕاوکێ  لە هاتنەکایەوەی کێشەی ئاو لە ئەوروپا و لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەوەیە؛کە لە ئەووپا لەلایەکەوە حکومەتەکان پلانی زانستییانە و دەستپێشکەری حەکیمانەیان هەیە و خۆیان بە میوانی سەرخاکەکەیان نازانن، لەلایەکیترەوە خەڵکەکە هۆشیارن و لە خەمخۆری دۆخەکەدا بەشدارن و لە پاشەکەوتکردنی ئاو و وزەدا ڕۆڵی سەرەکی دەبینن، جگە لەوەی گۆڕانی کەشوهەوا بە ڕادەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ماکەکانی خۆی بە توندی لە ئەوروپادا دەرنەخستووە.

کێشەی ئاو لە باشووری کوردستاندا بەرەو قەیرانێکی هەمیشەیی هەنگاو دەنێت، چ لە هەولێر و چ لە چەمچەماڵ، هیچ بەرچاوڕوونییەک بەرەو دامرکاندنەوەی ئەو بێ ئاوییە لە ئارادا نییە، کێشە تەکنیکی و ئیداری و پسپۆرییەکان لە خولگەیەکی بەتاڵدا دەخولێنەوە، ترس و دڵەڕاوکێی بێ ئاوی لە ناوچەییەکی وا دێرین و خاوەن شارستانییەتدا، ئاماژەی دواکەوتن و پابەندنەبوونە بە بەهاکانی سەردەم، بەردەوامبوونیشی تێکچوونی زیاتری شیرازەی کۆمەڵایەتی و بێ ئومێدی دانیشتوانە لە فەراهەمکردنی ژیانێکی شایستە بۆ داهاتوو.

بە گوێرەی ئەو دەرکەوتانەی لە ئێستادا هەن، دەتوانین پێشبینی سەختی کێشەی ئاو بکەین لە داهاتوودا، چەند ڕێنماییەکی خێرا، کە ئەگەر ببنە پرۆژەی حکومەتی هەرێم ئەگەری ئەوەی هەیە توندی دۆخەکە کەمتر بکەنەوە، لەوانە:

  • بنیاتناننی بەنداوی نوێ، با بچوکیش بن، گرنگ گلدانەوەی ئاو فەراهەم بکەن.
  • بارانی بەخوڕ و خێرا، یەکێکە لە دیاردەکانی کەشوهەوا، قۆرخکردن و کۆکردنەوەی ئەو ئاوە، دەتوانێ بودجەی ئاو باشتر بکات نەک ببێتە هۆکاری لافاو و قوربانی لێ بکەوێتەوە.
  • یەکسانی لە دابەشکردنی ئاو لە ناوچە جیاوازەکانی نێو شار و بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاری دانیشتوان، کە کاریگەری زۆری لەسەر بەکارهێنانی بڕی ئاودا هەیە.
  • ڕەچاوکردنی ئاوی ژێرزەوی و تاڵان نەکردنی.
  • ئاودانی کێڵگە و بەروبوومەکان بە شێوازی دڵۆپاندن و بە تەکنیکی نوێ و پاشەکەوتکردنی بڕی ئاو.

لە ڕوانگەی ئەم کۆمەڵە کێشانەی لە ئێستادا هەن، وڵاتە دواکەوتووەکان زۆرترین باجی کێشەکانی ژینگە دەدەن، بەتایبەتی کەمبوونەوەی ئاو، کە ناچاری ئاوارەبوون و پەرتەوازەبوونیان دەکات، عیڕاق وەکو کۆنترین شارستانییەت لە لیستی پێشەوەی ئەو وڵاتانەیە کە کەم ئاوی دەبێتە یەکێک لە هۆکارەکانی گۆڕانی دیمۆگرافی و وشکبوونی زەلکاوەکان و لەناوچوونی پیشە سەرەکییەکانی ئەو وڵاتە.

پەراوێزەکان

  1. https://www.welthungerhilfe.de/presse/pressemitteilungen/2022/welthungerhilfe-stellt-jahresbericht-2021-vor/
  2. https://www.spektrum.de/news/schlimmste-trockenheit-seit-1200-jahren-in-spanien-und-portugal/2037682?fbclid=IwAR2yKLgm2HfNbTtrw3l8AnfHiZJqwVeCzvBhsTnOGmw3lSDSAxnJRB-q7Ts
  3. https://www.natureasia.com/en/research/highlight/13617

[1] https://www.welthungerhilfe.de/presse/pressemitteilungen/2022/welthungerhilfe-stellt-jahresbericht-2021-vor/

[2] https://www.spektrum.de/news/schlimmste-trockenheit-seit-1200-jahren-in-spanien-und-portugal/2037682?fbclid=IwAR2yKLgm2HfNbTtrw3l8AnfHiZJqwVeCzvBhsTnOGmw3lSDSAxnJRB-q7Ts

[3] https://www.natureasia.com/en/research/highlight/13617

Images: https://pixabay.com/fr/

Check Also

ئەگەر لە بازنەیەکی سەرووی خۆمانەوە لە جیهان بڕوانین/ بەشی یەکەم

د.مەدیحە سۆفی گۆی زەوی لە ڕوبەڕوبوونەوەیەکی سەختی کێشەی جۆراوجۆردایە، کە ئیدی دەستی مرۆڤ ناتوانێت بە …