کێشەی کەشوهەوا و دۆخی باشووری کوردستان

د. مەدیحە سۆفی


مێژووناسی ئیسرائیلی یوڤال هەراری دەڵێ ” لە سەدەی بیستویەکدا مرۆڤایەتی ڕوبەڕووی سێ ئاڵنگاری زۆر گەورە دەبێێتەوە، کە بریتین لە شەڕی ئەتۆمی، شێواندنی تەکنەلۆژی و وێرانبوونی ئیکۆلۆژین، ئێمە لێرەدا ئاماژە بە بواری ئیکۆلۆژی دەدەین، کە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی ئەتمۆسفێر و  ئەو دەرئەنجامە نەرێنیانەی بەدوای خۆیدا دەیهێنێ، چ کاریگەرییەکی لەسەر تێکدانی سستەمی ئیکۆلۆژی دەبێت لە جهاندا. لە دوا ڕاپۆڕتی ناوەندی نێونەتەوەیی بۆ پاراستنی کەشوهەوا IPCC، سەرجەم ئەو بەڵگە و بۆچوونە زانستییانەی خستووەتە ئارا، کە ئەگەر ڕێوشوێنی گونجاو بۆ چارەسەرکردن نەگرێتەبەر، ئەگەری ئەوە هەیە کە تا کۆتایی ئەم سەدەیە ئەتمۆسفێری گۆ زەوی زیاتر لە دوو پلەی سەدی لەچاو پێش سەردەمی پیشەسازی بەرزببێتەوە؛ کە لە ئێستادا گەشتووەتە 1,2 پلە و کاردانەوەکانیشی، کە دەرئەنجامی زۆربوونی ڕێژەی گازە زیانبەخشەکانە لە هەوا و بە تابەتی دووەم ئۆکسدی کاربۆن، کاردانەوەیەکی هەمەجۆرە و سەرجەمی گۆی زەوی دەگرێتەوە، لەوانە وشکەساڵی، بارانی بەخوڕ، لافاو، سوتانی دارستان، کەمی ئاوی شیرین، توانەوەی سەهۆڵی بەستەڵەکەکان، بەبیابان بوون و زۆریتر، بەجۆرێک سروشتی ناهاوسەنگ و ئاسایشی سەرگۆی زەوی نائارام کردووە.

بە گوێرەی ئەو پێوەرانەی، کە لە سەردەمی تۆمارکردنی پلەی گەرمیەوە تا ئێستا لە سەر ئاستی جیهاندا پەیڕەو دەکرێ، تێکڕای پلە گەرمی لە ڕۆژی سێی تەموزی ئەمساڵ 2023، بەرزترین پلە و گەرمترین ڕۆژ بووە لە جهاندا[[1]] بە پێی توێژینەوەکان، هەر ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نا، بەڵکو زۆربە ناوچەکانی باشووری ئەوروپا و بەتایبەتی ئیسپانیا و ئیتاڵیا و فەڕەنسا، جگە لەوەی دوچاری بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی ئەتمۆسفێر بووە، هەروەها سەرهەڵدانی کێشەی کەم ئاوییش یەکێکە لە ئاڵنگاریەکان.

ئاشکرایە کە کێشەی کەشوهەوا کێشەی بەکارهێنانی وزەی بەردینە (خەڵوز، نەوت، گاز)، لە کۆنفڕانسی کەشوهەوا لە ساڵی 2021دا لە گلاسکۆ، لەسەر ئاستی جیهاندا بڕیار لەسەر هەنگاو هەنگاو کەمکردنەوەی بەکارهێنانی خەڵوز درا، ئەم بڕیارە کاریگەری زۆری لەسەر کەمکردنەوەی گازە زیانبەخشەکان دەبێت، لە کۆنفڕانسی ئەمساڵدا، کە لە دیسەمبەردا لە شاری دوبەی ئامادە و ساز دەکرێ، بەرپرسی بەڕێوەبردنی کۆنفڕانسەکەش سوڵتان ئەلجابرە، کە یەکێکە لە دەسەڵاتدارەکانی بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکانی نەوت لە ئیمارات. ئیمارات وەکو وڵاتێکی بەرهەمهێنەری نەوت، کە هەر بەهۆی ئەو سامانەوە دەوڵەمەند و دەسەڵاتدار بووە،  ئایا دەتوانێ بڕییارێکی وەکو بڕیارەکەی کۆنفڕانسی گلاسکۆ بدات؟

ئەم پرسیارەی سەرەوە دوو سیناریۆی هەیە، یەکەم ئەوەیە کە دووربینی ئەو وڵاتانەی خاوەن سامانی نەوت و گازن و دەزانن ئەو سامانە هەمیشەیی نیە و بنبڕ دەبێ، ناچارن پلان و نەخشەی جۆراوجۆر بۆ پەرەپێدانی وزەی سەوز دابڕێژن، نەک هەر وڵاتەکان بەڵکو خاوەن کۆمپانیا گەورەکانی دەرهێنانی نەوت و گازیش، سیناریۆی دووەم ئەوەیە هەروەکو زۆربەی کۆنفڕانسەکانیتر بە یەکدەنگی لە نێوان وڵاتە بەکاربەر و بەرهەمهێنەرەکانی نەوت، ڕێگری لە سەرکەوتنی کۆنفڕانسەکە دەکرێت و گۆی زەوی بەرەو دۆخێکی ناهەموارتر دەبرێت، ئەو دۆخەش نادادپەروەرییەکی ئاشکرا دەهێنێتە کایەوە، کە باجەکەی زیاتر دەکەوێتە سەر ئەستۆی وڵاتە هەژار و دواکەوتووەکان. لە ئێستادا ڕێژەی بەکاربردنی وزەی بەردین هێشتا ٨٠٪یە و ئابووری زۆربەی ئەو وڵاتانەی گرتووەتەوە.

مرۆڤایەتی لە بەرامبەر هاتنەکایەوەی کێشەی گەورەترە لەم بوارەدا، سەرمایەداری و بەرژەوەندییەکانیانیش، لە ئاڵنگاریەکی توندن بەرامبەر یاسا و ڕێساکانی پاراستنی کەشوهەوا، شەڕ لە نێوان ئەو دوو جەمسەرەدا تازە نیە، شارەزا و پسپۆرەکانی بواری کەشوهەوا لە ڕێی زانست و توێژینەوەکانیانەوە هەموو ڕاستی و دەرئەنجامەکانی خۆیان خستووەتەڕوو و هیچ کەلێنێكی شارراوە لە ئارادا نییە کە پەی پێ نەبەن و کنەی نەکەن، بەرزبوونەوەی پلە گەرمی ئەتمۆسفێر و دوبارەبوونەوەی دیاردەکانی وەکو وشکەساڵی لە ماوەیەکی کورتدا، تەنانەت لە ئەوروپاش، دواجار ئەو کاردانەوە نائاساییانەی ئاسایشتی جهان دەشێوێنێ، ڕاستییەکە کە ئیدی ناتوانرێ ڕەت بکرێتەوە. جگە لە قەتیسبوونی گەرمی خۆر لە ئەتمۆسفیری گۆی؛ دیاردەی (لێ نینیۆ)ش لە ئێستادا دەبێتە بارگرانیەکیتر و ئەوەندەیتر کێشەی کەشوهەوای لێ دەکەوێتەوە.

نادادپەروەری لە کاردانەوەی کێشەی کەشوهەوادا

لە دوا هەواڵی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی بۆ کەشوهەوا WMO لە ڕۆژی هەژدەی ئەم مانگەدا ، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە شەپۆلێکی توندتر لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی باشووری ئەمریکا، دەڤەری دەریای ناوەڕاست، باکوری ئەفریقا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەندێ لە وڵاتەکانی ئاسیا بۆ نمونە چین دەگرتەوە[[2]] ئەم هەواڵانە جەخت لە دروستی دەرئەنجامی ئەو توێژینەوانە دەکەن؛ کە شارەزاکانی ئەم بوارە سەرقاڵی کارکردنن لەسەری.

ئەگەرچی کاردانەوەی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر زۆربەی ناوچەکانی گۆی زەوییە، بەڵام باجی ئەم کاردانەوەیە زیاتر لەسەر شانی نیوەی خوارەوەی گۆی زەویە و هۆکارەکەیشی چالاکی مرۆڤ و بەرهەمهێنانە لە وڵاتانی نیوەی سەرەوەی گۆی زەوی، لەم گرافیکەی خوارەوەدا[3]، کە بڕی سەرجەم گازی دووەم ئۆکسدی کاربۆن دەخاتەڕوو لە هەوادا، دەردەکەوێت؛ کە ئەفریقا و ئاسیا  هۆکاری کەمترین ڕێژەی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنن، بەڵام زۆرترین کاردانەوەی کێشەی کەشوهەوایان لەسەر بووە، بۆ نمونە لە سۆماڵیا، جگە لە شەڕی ناوخۆ هەڕەشەی دوبارەبوونەوەی وشکەساڵی، کەمی ئاو و خۆراک، برسێتی و نەخۆشی ژیانی زۆربەی خەڵکی ئەو وڵاتەی سەخت کردووە، دانیشتوانەکەی بەهۆی وشکەساڵییەوە بەرەو ناوچەکانیتر کۆچ دەکەن، نەک هەر لە سۆماڵیا بەڵکو لە ئەتیوبیا و کینیا چ بە وشکەساڵی، چ بە لافاوی لەناکاو؛ کە جگە لەوەی بوونە هۆی لەناوچوونی مەڕوماڵات و  ئاوارەبوونی خۆیان، نەخۆشی و نائارامی کۆمەڵایەتشی لێکەوتەوە. هەروەها ئەو لافاوەی بەردەوام لە بەنگلادش و فیلیپین و لە خواروو ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا ڕوودەدات، زیانێکی زۆر لە گیان و ماڵ و دەرامەتیان دەکەوێ.

ئەم گرافیکە، سەرجەم ڕێژەی ئەو گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنە دەردەخات، کە لە ساڵی (1751-2020) بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی بەکارهێنانی وزەی بەردینەوە (خەڵوز، نەوت، گاز) دەردراوەتە نێو هەواوە.

دۆخی باشوور کوردستان لە نێو کێشەی کەشوهەوادا

ماکەکانی گۆڕان کەشوهەوا هەموو کونجێکی جهانی گرتووەتەوە، بە باشووری کوردستانیشەوە، ڕەهێڵە بارانی توند و لەناکاو، وشکەساڵی و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، لەهەمووی پڕ کێشەتر بێئاوی و تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵایەتی؛ کە دەمێکە هاوڵاتی بەبوونی ئەو کێشانەوە دەناڵێنێ.

ماکەکانی گۆڕانی کەشوهەوا گلۆبالە و کەم یا زۆر، زۆربەی دانیشتوانی سەرزەوی گرتووەتەوە،  ڕێکخراوی IPCC لە دوا ڕاپۆرتی خۆیدا بەتەواوەتی باس لەو هەڕەشانە دەکات کە لە داهاتوودا سەرجەم زیندەوەر و ئیکۆسستیمە جۆربەجۆرەکان دەشێوێنێ، ئەو ڕاپۆرتانە بۆ ئەوەیە، کە کۆمەڵگە و حکومەتەکان لەو هەڕەشانە ئاگادار بکاتەوە و ڕێوشوێنی گونجاو و سیاسەتی لەبار بۆ کەمکردنەوەی ئەو هەڕەشە و دەرئەنجامە نەرێنیانە پەیڕەو بکەن، لێرەدا ئەگەر ئاوڕ لە باشووی کوردستان بدەینەوە دەتوانین چەندەها خاڵ ڕیزبەند بکەین کە لە جیاتی ئەوەی هەڕەشەکانی کێشەی کەشوهەوا کەمتر بکاتەوە زیاتر کەڵەکەی دەکات و ڕەنگدانەوەکەی کاریگەرتر دەبێت، لەوانە:

  1. باشووری کوردستان بەتابەتی بەدیوی ئەمدیوی سنووری تورکیادا، خاوەن روبەرێکی گەورەی چڕەدارستانە، لە ماوەی ڕابوردوودا ڕێژەیەکی زۆری ئەو درەختانە بەبەردەوامی لەلایەن تورکیاوە دەبڕدرێنەوە و ئاودیوی تورکیا دەکرێن، ئەمەش یەکێکە لەو دەستدرێژییە ناپەسەندانەی دژ بە سروشت و ژینگەی باشوور دەکرێت، بێ ئەوەی حکومەتی هەرێم هیچ ڕێگرییەکی بەرچاوی لێ بکات، ماوەیەک ئەم بابەتە بووە سکاڵای هاوڵاتیان لەناوخۆ و لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان. ئەم پێشهاتە شایەدی ئەوە دەدەن؛ کە دەسەڵاتی دەرەکی بۆی هەیە ئەو سروشتەش بشێوێنێ کە خۆڕسک و خۆماڵییە.
  2. کەمبوونەوەی ڕوبەری سەوزایی و ڕوو لە هەڵچنینی تەلار و خانوبەرە، پەنگانەوەی ئاو بەهۆی نەگۆنجانی ماستەرپلانی نێو شار لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا، بەجۆرێک کە ئاوی باران هیچ دەرفەتێکی نابێ بۆ داچۆڕین بەنێو چینەکانی زەوی و دوبارە پڕکردنەوەی ئاوی ژێر زەوی.
  3. نەبوونی خزمەتگوزاری هاتوچۆی گشتی، کە دانیشتوانی ناچار کردووە، کە خاوەنداری لە ئوتۆمبیلی خۆیان بکەن، ئەمەش ڕۆڵێکی گرنگ لە پیسبوونی هەوا، زۆربوونی نەخۆشی، ژاوەژاو و قەڕەباڵغی دەبینێ.
  4. لە جیهاندا زیاتر لە یەک ملیار تەن خواردن بەفیڕۆ دەچێت و فڕێ دەدرێت، بێگومان باشووری کوردستانش بێبەش نییە لەو بەفیڕۆدانە، بە هەموو شێوەکانیەوە، ئەمەش هۆشیاری تاک و داڕێژانی بەرنامەی پوختی دەوێت لەلایەن حوکمەتەوە.
  5. بابەتی ئاو، بابەتێکی هەستیارە، خاڵی وەرچەرخانە لە نێوان داڕمانی شارستانیەت و زیندوبوونەوەی. چ ستراتیژێک دەبێتە پێگەیەکی زانستی بۆ ئەم ڕوبەڕوبوونەوەیە. لەکاتێکدا کێشەی کەمئاوی بووەتە قەیران و هیچ ئیدارەدانێکی تەندروستی نیە.
  6. لێپرسراوەکانی ئەم بوارانەی لێپرسراون لە کەمکردنەوەی هەڕەشەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، دەبێ پێش هەموو کارێک لێپرسینەوە لە سێکتەری وزە بکەن، چونکە زۆرترین کاریگەری لەسەر پیسبوونی ژینگە و تێکدانی کەشوهەوا هەیە.
  7. بە پێی توێژینەوە زانستییەکان، لە نێو ئەو ناوچانەی گەورەترین هەڕەشەی کێشەی کەشوهەوای دەبێ لە داهاتوودا، دەوڵەتی عیڕاقە بە باشووری کوردستانەوە، بە کەمبوونەوەی ئاو و بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی ئەتمۆسفێرەکەی، ئایا چ بەرنامەیەک بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو هەڕەشانەدا لە ئارادایە؟
  8. نەبوونی کارەبای پێوست و بوونی ئەو هەموو موەلیدەی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا، کە بەردەوام کاردەکەن، زۆرترین ڕێژەی گازی زیانبەخش دەردەدات و سەرچاوەیەکی سەرەکی گازی ژەهراوییە، زیاتر لە سی ساڵە بەردەوامە، زیانەکەی هەر بۆ هەوا نییە، سەرجەم ژینگە و تەندروستی زیندەوەر تێکدەدات.

ئەم خاڵانەی سەرەوە و چەندەها خاڵیتر، دەتوانرێن ڕیز بکرێن و دۆخی ئەمڕۆی باشووری تێدا ببێتە پرسیار، لێ دەتوانین هەموو ئەمانە لە تیرێژی وێناکردنی ئێستای هەرێم ببینین، ئەویش بە هاوێنەی شارستانییەت پاشان بە هاوێنەی حوکمڕانی، کاتێ لە هەردوو میانەکەدا بەیەک نەخۆن و یەکتر تەواو نەکەن، کاتێ حوکمڕانی تەواوکەری شارستانییەت نەبێت، کاتێ بابەتی زانستی وەکو پێداویستییەکی سەرپێیی و بێ ناوەڕۆک مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، کاتێ یاسا و ڕێسای بەڕێوەبردن بەپێی بەرژەوەندییەکان ببنە بڕیار، ناتوانرێ جەخت لە هیچ هەنگاوێکی گونجاو بکرێت، کە بتوانێ لە دەرگای گۆڕانێکی ئەرێنی بدات.

ئەگەر زەمەن نەبەیتەوە ئەو دەتباتەوە و تۆ دەدۆڕێیت، ئەگەر سێ یەکی سەدەیەک کەم بێت بۆ دابینکردنی چەند پێداویستییەکی ڕۆژانەی هاوڵاتی، لە کاتێکدا کەرەستە خاوەکە بەردەست بێت، هیچ لێکدانەوەیەکی شارراوەی نییە جگە لە هەوڵی بنیاتنانی  بنەمایەکی حیزبی دیکتاتۆری تاکڕەو، کە کۆمەڵگە وەکو پاشکۆی ویستەکانی خۆی دەبینێ و مەودای ئازادی تەنگ دەکاتەوە و مەودای سەرقاڵکردنی بە دابینکردنی پێویستییەکانی رۆژانەی فراوانتر دەکاتەوە، ئەنجامەکەی هەر کاڵکردنەوەی شارستانییەت و نوغرۆبوونە لەو کەشوهەوایەی؛ هزری نوێخوازی و پاراستنی ژینگە جێگای تێدا نامێنێتەوە، ناتوانرێ لە روبەری سەختی ژیاندا روبەرێک بۆ ئەو چەمکانە بدۆزرێتەوە، کە تەنها لە دوای قۆناغی هەژاری و برسێتی بچنە نێو چالاکییەکانی ژیانەوە، بۆیە لە مەودای هەژاری و سەقاڵبوون بە ڕاکردن بەدوای ئاو و کارەبا، تەنها مەودایەک بۆ سڕبوون هەر رۆچوونە بەرەو دونیای خوڕافیات و بێ ئومێدی لە ژیانێکی خۆشتر، هەروەها بڕوای توندڕەوی تێدا زاڵ دەکات و ئاسانتر دەرفەتی سەرقاڵبوونی بۆ دەڕەخسێنێ، نەک هەر ئەوە بەڵکو هێشتا هەستی کەمتەرخەمی و قەرزاربوونی خۆی بەرامبەر بەجێهێنانی ئەرکەکانی، تێدا دەچێنێت.

سەرهەڵدان و گەشەکردن، خۆ هاوپێچکردن لەگەڵ پێشکەوتنی سەدەی بیستویەک، کۆمەڵگایەکی ئارامی دەوێت کە ئاسایشی ئاو و خۆراکی تێدا جێگیر بێت و لە قۆناغی دوای ئەوە پەرەپێدان دەبێتە ئامانج و دەچێتە نێو بەرنامە زانستییەکانەوە، ئەو بەرنامانەی داهێنان و دواتر خۆشگوزەرانی فەراهەم دەکەن.

پەراوێزەکان

  1.   https://www.stern.de/amp/panorama/wetter/rekord-hitze–klimawandel-und-el-ni%C3%B1o-sorgen-fuer-heissesten-tag-der-geschichte-33621126.html
  2. https://public.wmo.int/en/media/news/wmo-monitoring-potential-new-temperature-records
  3. Hansen, Sato & Ruedy (2022)

[1] https://www.stern.de/amp/panorama/wetter/rekord-hitze–klimawandel-und-el-ni%C3%B1o-sorgen-fuer-heissesten-tag-der-geschichte-33621126.html

[2] https://public.wmo.int/en/media/news/wmo-monitoring-potential-new-temperature-records

[3] Hansen, Sato & Ruedy (2022)

https://pixabay.com/fr/

naturfreund_pics

LN_Photoart

stux

garten-gg

Check Also

ئەگەر لە بازنەیەکی سەرووی خۆمانەوە لە جیهان بڕوانین/ بەشی یەکەم

د.مەدیحە سۆفی گۆی زەوی لە ڕوبەڕوبوونەوەیەکی سەختی کێشەی جۆراوجۆردایە، کە ئیدی دەستی مرۆڤ ناتوانێت بە …