ژنکوژەکانی کۆمەڵگەی کوردی تەنیا نیین…!

پێشڕەو عەبدوڵا


لە پەراوێزی مەرگی ماریادا

دیاردەی ژنکوشتن لەکۆمەڵگەی ئێمەدا حاڵەت نییە، بەڵکو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی، سایکۆلۆژی، کەلتورییە، کە ڕۆژانە و ماوەماوە خۆی زیندوو دەکاتەوە و هەر جارە و دەموچاوێکی نوێی بکوژی پیاو و قوربانییەکی تری ژن دەبینیین، بەڵام ئەمانە تەنهانیین و ئەم کاروانە هێشتا لەبرەودایەو و ڕێگەی خۆی قوڵتر دەکاتەوە. ئەوەی پەیوەستە بە کۆمەڵگەی کوردییەوە کۆمەڵێک ڕەهەندی جیاوازی هەیە و مەبەستی ئەم وتارە ڕۆڤە و ڤەکۆڵینی ئەو ڕەهەندانەیە:

۱. یەکەمین ڕەهەند بریتییە لە چۆنییەتی ڕوانینی پیاوی کورد بۆ پێگەی ژن:

 هەم لە کۆمەڵگەکەیدا هەم وەک هاوسەر و خوشک و نزیکەکانی، ڕەهەندی دووەم بریتییە لە ئاریشەی نێوان دوو ئەتنیکی کۆمەڵایەتی نێو کۆمەڵگەی کوردی، ئەوانیش: هێزه کۆنسەرڤاتیڤە کۆمەڵایەتییەکەیە، کە خۆی ڕەنگڕێژکردوە بە بەرگی ئایین کە ژنکوژەکان سەر بەم ئەتنیکەن و خواردنی هزری و جەستەیی خۆیان لەم هێزە کۆمەڵایتییە وەردەگرن، دووەم هێزە ڕۆشنبیرییەکەیە، کە ڕۆشنبیران و نووسەران نوێنەرایەتی دەکەن، زۆربەی ژنە کوژراوەکانیش نوێنەر، یان خوێنەر و سەرسامی ئەم نوخبەیەن بۆ ژیان.

هەرچی هێزە کۆمەڵایەتییەکەیە، کە پیاو تێیدا باڵادەستە، چونکە کۆمەڵگەی کوردی لەڕووی دابەشکاری جێندەرییەوە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاره و ئەمەش ڕیشەیەکی کۆنی هەیە و پەیوەست نییە بەم ساتەی تێیدا دەژین، هەر لە دێرزەمانەوە کە کۆمەڵگەی کوردی خەریکی کوشتوکاڵ و ئاژەڵداری بووە و پیاو تێیدا باڵادەست بووە، ڕەنگی پیاو سالاری یان دەرەبەگایەتی وەرگرتووە، هەروەک چۆن فەیلەسوفی ئەڵمانی هێگڵ لە کتێبی( العالم الشرقی) جۆری کۆمەڵگەکان دەبەستێتەوە بە جیاوازی جوگرفیای ئەو وڵاتانە، کە لەژێر فشاری جوگرافیای وڵاتەکە، ناچارن خەریکی ئاژەڵداری یان کشتوکاڵ ببن و بەمەش دەبنە کۆمەڵگەی کشتوکاڵی یان ئاژەڵداری و لەهەردوو پانتاییەکەدا پیاو سەروەری خۆی لەهەمبەر ژندا بەدەست دەهێنێنت. خۆ ئەگەر بگەڕێیەنەوە بۆ پێشتریش کە کۆمەڵگەکان خەریکی ڕاووشکاربوون، کاری ژن و پیاو دابەشبوون بەوەی پیاو بەرپرس بووە لە بژێوی و خواردن و ژنیش دەبایە لە ماڵەوە بایە بۆ سەرپەرشتی منداڵ و عەیال. لێرەشدا پیاوسالار و سەروەربووە بەسەر ژندا. ئەمەشە وادەکات لەنێو بزوتنەوە فێمینیزمە ڕۆژئاوایەکاندا بگەڕێنەوە بۆ ئەم پاشخانە مێژووییە کەلتورییە، تایبەت لای ئیفلیین ڕید لە کتێبی(is biology  woman`s destiny? _ ئایا سروشتی جەستەی بایەلۆژی ژن، ئایندەی دیاری دەكات) هەوڵی شڕۆڤەی ئەم بارە دەدات.

ئەگەر ئێمە بگەڕێینەوە بۆ ڕەهەندەکانی ئەم گوتارە لە پەیوەندی نێوان ژن و پیاودا، لە کۆمەڵگەی کوردیدا، ئەوە دیارە کە ژن وەک کەرەستە و بوکەڵەیەکی سێکسی لە دیدی پیاودا وێناکراوە، هەروەک لە نووسینی ترماندا تایبەت لە نامیلکەی (ژووری ژنە ڕووتەکان، چاوەشاراوەکەی پیاوی کورد) ئەمەمان زۆر بە ڕوونی شڕۆڤە کردووە، بەوەی هەرکاتێک پیاو وەک مایەی چێژ لەژنی ڕوانی، لایەنە مرۆییەکەی وەلادەنێت و تەنها جەستە و بوکەڵەیەکی سێکسییە و نابێت هەناسەی ئەوە بدات ڕای هەبێت و بەرەنگاری داخوازییەکانی پیاو ببێتەوە. بەشێکی ئەم دەسەڵاتەی پیاویش جگە لەو فاکتەرانەی لەسەرەوە  باسم کردن، لایەنی بەهێزی جەستەی بایەلۆژی پیاو و ئەو جیاوازییە بایەلۆژییە کە جەستەی بەهێزیی پیاوی، سەپاندووە بەسەر جەستەی ژندا، ئەگەرچی ئیفلین ڕید زۆر توند بەرەنگاری ئەم بۆچونە دەبێتەوە و پێی وایە یەکێک لە زەرەرمەندەکانی  دەستی زانستی پزیشکی لەتەفسیری جەستەی نێوان ژن و پیاودا، ژن بووە. کە زانستی پزیشکی ئەمەی وەک زاست و فاکتێکی نەگۆڕ بەسەر ژن و پیاودا سەپاندووە. لە کۆمەڵگە سەرەتاییەکان، باوبووە کە پیاو هەمیشە ترسی لە سەربەخۆبوون و تایبەتمەندی سیفاتی ژن هەبووە، هەروەک سیگمۆند فرۆید لە باسی ئەم قەلەقەی پیاودا دەنووسێت ”پیاو لە کۆمەڵگە سەرەتاییەکاندا ترساوە کە ژن بێ هێز و لاوازی بکات، بۆیە هەوڵیداوە ژن لاوازبکات و کۆنتڕۆڵی بکات. تایبەت لەپڕۆسەی سێکسکردندا، پیاو قەلەق بووە لەوەی ژن ئاڕاستەی دەکات” سیگمۆند فرۆید، ژیانی سێكسی،2021، 155

بەڵام ئایا بۆ کۆمەڵگەی شارستانی ئەمە چۆن دەکەوێتەوە، فڕۆید باوەڕی وایە کە شارستانیەت هێشتا توندتر و بێ ڕەحمترە بەرانبەر بە ژن و لە دەسەڵاتخستنی ژن ”هێزی توندوتیژی و ناکۆکی خۆشەویستی لای مرۆڤی پێش شارستانی هەرگیز ناگات بەو توندوتیژییە بەربڵاوەی لای مرۆڤی شارستانی هەیە” فڕۆید، 2021، 155

ئەمە بۆ کۆمەڵگەی کوردی کە هێشتا پرسیاری ئەوەی لەسەرە ئایا قۆناغی سروشتی تێپەڕاندووە و هاتۆتە نێو قۆناغی شارستانییەوە، لەڕاستییدا ئەگەر بەپێی ئەو دابەشکاریەی جان جاک ڕۆسۆبێت، هێشتا کۆمەڵگەی کوردی قاچێکی لە قۆناغی سروشتی ماوەتەوە و قاچێکی بەئاستەم هاتۆتە نێو قۆناغی شارستانییەوە، بەڵکو ئەو هاتنەشی بۆ نێو قۆناغی شارستانییەت، چون لەڕووی پەیکەری ڕۆحییەوە هەڵگری هەمان پەیکەری هێزە کەلتوورییە عەشایەرە پیاو سالارەکەیە، ئەو جۆرە شارستانییە کێشەی سایکۆلۆژی و فکری بۆ درووستکردووە و تووشی دەیان درم و عوسابی دەروونی کردۆتەوە، چونكە ژیان لەم سەرەدەمە نوێیەدا بەو روانینە كۆنە بۆ ژیان دەی ئەوە دیارە كە ژنان چۆن رووبەرووی سزای كۆمەڵگە و پیاو دەبنەوە. چونكە ژیانی نوێ دەرفەت دەداتە ژن بۆ تێكەڵاوی و دەركەوتن و مامەڵە ڵەگەل پیاو، پیاویش بەو ڕوانینە كەلتوورییە كۆنەوە. لەڕووی ئاینییشەوە، ڕاستە کۆمەڵگەی کوردی بە هەناوی کۆمەڵێک ئاییندا ڕۆیشتووە وەک مەسیحییەت و ئیسلام، بەڵام لەڕووی پەیکەری ڕۆحییەوە بەمانا گۆستاڤ لۆبۆنییەکەی هێشتا ئەو پەیکەرە ڕۆحییە پێچ بە هەموو ئیدیا و بیرەکان دەکاتەوە و سەروەری خۆی دەسەپێنێت و ژنیش هەر بەکۆیلەیی دەمێنێتەوە، هەموو جوڵەیەکیشی مایەی ترسە بۆ پیاو و نزیکترینشیان بریتییە لە کوشتنی ژن، چونکە مرۆڤی سەرەتایی و مرۆڤی نێو کەلتوورە کوردییەکە، کە پیاو تێیدا باڵادەستە. نزیکتریینشیان بۆ یەکلاکردنەوەی یاخییەکانی خۆی، بریتییە لە سڕینەوە و کوشتنی ئەو ژنە، چونکە مرۆڤی سروشتی هێشتا توانادار نییە بە کۆنتڕۆڵکردنی غەریزە  وەحشیگەرییەکانی ناو خۆی، ئەگەر بە زمانی فڕۆید بیچوێنین ئایدی کوردی  idئایدێکی شەڕانگێز و چاوکوێرە و باوەڕی بە گفتوگۆ و تێگەیشتن نییە، چونکە هەم منەکەی ego هەم منەباڵاکەی  super egoپاڵپشتی کوشتن دەکەن بۆ یاخیبوونی ژنێک لە هێزە کۆمەڵایەتیەکە. تەنانەت هێزە ئایینیەکەش ملکەچی پەیکەرە ڕۆحییەکەیە، چونکە هەم موسڵمانەکان هەم یەزیدی و مەسیحییەکانیش لەبەر ئەوەی لەناو کۆمەڵگەی کوردی دەژیین، یان بڵێین خەڵکی ئەم ناوچەیەن و هەڵگری هەمان پەیکەری ڕۆحی کۆمەڵایەتین هەمان چارەنووس بەسەر ژنە یاخی بووەکانی خۆیان دەهێنن، هەڵبەت ئامار و ڕووداوی بەرچاو زۆرن، کە جگە لە موسوڵمانەکان، مەسیحیش کاتێک ژنێک عاشقی کوڕە موسڵمانێک بووە کوژراوە. ئەگەرچی بەبەراورد بە موسڵمانەکان کەمترە، بەڵام لەدەستی هەموو پیاوێکی کورددا تارمایی خەنجەرێک هەیە کە لە زگی ژنی گیربکات. لای یەزیدییەکانیش هەمان حاڵەت بوونی هەیە. خۆ ئەگەر هەریەک بەدرووستی ڕۆبچنە نێو ئاینەکەیان چ ئیسلام چ مەسیحیەت و یەزێدی  هیچیان پاڵپشتی کوشتنی ژن ناکەن، لە یاخی بوونی. تەنیا بۆ زینا نەبێت، ئەوەش بەتەنها بۆ ژنەکە نییە، بەڵکو بۆ پیاوەکەشە، تایبەت لای ئیسلام، بەڵام قەت نەماندیت پیاوێک بکوژرێت هەر ژنەکەیە، باجەکەی دەدات و لەسەر گومان و قسەیەک دەکوژرێت، بێ ئەوەی کە مەرجە ئاینییەکانی تێدا بێت، بەڵام هەم پیاوانی ئایینی هەم دەزگا ئاینییەکان لەژێرەوە دڵخۆش و پاڵپشتن بۆ کوشتنی هەر ژنێک کە یاخی دەبێت، تەنانەت لە ڕووی دەسەڵات و یاساشەوە، ئەگەرچی یاساکانی حکومەتی کوردستان ڕژدن و بە کوشتنی بە ئەنقەست مامەڵەی لەگەڵ دەکات، بەڵام لەبەر ئەوەی دادگا و پۆلیس و حکومەت هەمان پیاوێکن کە هەڵگری پەیکەرە ڕۆحییە عەشایەرەکەن، لەدڵەوە هاوسۆزن بۆ بکوژ نەک کوژراو. لەبەر ئەوەی ئەو ژنەی دەشکوژرێت بە پاڵپشتی عەشیرەت و کۆمڵگەکەیە و لەبەر ئەوەی بکوژ داوای یاسای لەسەر نییە و تەنیا مافی گشتی دەیگرێتەوە، بە چوارساڵی زیندان نەجاتی دەبێت و وەک سەربەرزێک دێتەوە نێو کۆمەڵگە، جا زۆربەی جاریش ڕێدەکەون، کە  گەنجێکی خوار تەمەنی هەژدەساڵ ژنەکە بکوژێت لەپێناوی سوکی سزاکەیدا كە لە یاسای سزاندانی عراقییدا هاتووە.

واتە ئەوەی لێرە تەنهایە ژنە کوژراوەکەیە و بکوژەکە هەم سەربەرزە، هەم پاڵپشتی کەلتووری و ئایینی و یاسایشی هەیە.

۲.  کاتێک ئەتنیکە جیاوازەکان بەر یەکتر دەکەون:

ڕەهەندی دووەم کێشەی نێوان دوو هێزی نێو کۆمەڵگەکەیە. ئەوانیش هێزە ئایینی و کەلتوورییەکە پێکەوە لەگەڵ هێزە ڕۆشنبیرە ئازادی خوازەکە، جارێ پێکەوەبوونی هێزە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکە وەک پێشتر باسمکرد هی وێکچوونی پەیکەری ڕۆحی نەتەوەکەیە، کە خودی ئایینەکە ڕوخسار و قەباغە بۆ هێزە کۆمەڵایەتییەکە. واتە هێزە کەلتوورییەکە ئاڕاستەی ئایینەکە دەکات، با لە ڕوخساریشدا وابێت کە ئەوە ئاینەکەیە کۆمەڵگە ئاڕاستەدەکات، بەڵگەش بۆ ئەمە زۆر ئاسانە، لە کوێدا کەلتوور شتێکی بەڕەوا زانی، پیاوانی ئایینی بەڵگەکاری بۆ دەکەن و دەیشەرعێنن، کاتی خۆی لە مەسەلەی گەورە بەبچوک و ژن بەژن و مارەبەجارش، کە داخوازی کۆمەلگەکە بوو، هەر پیاوانی ئایینی دەیانشەرعان، ئێستا کە کۆمەڵگە ئەمە ڕەت دەکاتەوە، حەرامییان کردووە، یان ئێستا گۆمەڵگە پشتگیری ئەوە دەکات کە ژن بخوێنێ و کاربکات لەلایەن پیاوانی ئاینییەوە حەڵاڵ کراوە، لەکاتێکدا بیست ساڵێک پێش ئێستا دۆخەکە پێچەوانەبوو، بۆیە زۆر ئاساییە، ئەم دوو هێزە لەپاڵ یەک و پاڵپشتی یەکترن، لە مەسەلەی حەرام و حەڵاڵ و ڕەوایەتی دان بەزۆر شتی ناو کۆمەڵگە و لەگەڵ یەکبوونیان لە مەسەلەی کوشتنی ژندا، هێزی دووەم ڕۆشنبیرەکان و نووسەران و شاعیرەکان و چینێکی تایبەتی کۆمەڵگەن، بەخۆیان و خوێنەرەکانییانەوە بەشوێن دەریچەو دەرگەی تایبەتدا وێڵن بۆ دەرچوون لە دەسەڵاتە ئاینییە کۆمەڵایەتییەکە و داوای ئازادی تاک و  بەرگری لەئازادی ژن دەکەن. لە کاتی بوونی ڕوداوی کوشتنی هەر ژنێکدا، ئەم دوو ئەتنیکە جیاوازە بەگژ یەکدا دەچنەوە و شەڕەکەیان نوێدەبێتەوە.

مێژووی دەرکەوتی ڕۆشنبیران کە زیاتر بەلای دیموکراسی و عەلمانیەتدا دەشکێنەوە دەگەڕێتەوە بۆ کۆتای سەتەی نۆزدە و سەرەتاکانی سەتەی بیستەم لەژێر کاریگەری هەژموونی عوسمانییە عەلمانییەکان و شکستی خەلافەتی عوسمانی ئیسلامی، ڕۆشنبیرانی کوردیش سەرەتا لە چوارچێوەی گۆڤاری (مەشروتییەت) لەساڵی ۱۹۰۳ شەریف پاشا دەنووسێت ”بەڵگەی ئازادی خوازی کورد ئەوەیە کە ئافرەتی کورد قەت پەچەی نەپۆشیوە” مەسعود عەبدولخالق، ڕیشەی ئیلحاد لە كوردستان،2018، ۱۲۰

دواتر درووستبوونی کۆمەڵەی هیواو گروپی دیکە، پاشان درووستبوونی حیزب، کە زیاتر ڕۆشنبیران داڕێژەریبوون، بەڵام دواتر حیزبیش بە پاڵپشتی عەشایەر و هێزە ئاینییەکە بەلای کۆمەڵگە نەخوێندەوارە عەشایەرەکەدا شکایەوە و ڕۆشنبیران بوونە کەسی پەراوێزی حیزب و کۆمەڵگەش، هەروەک کێشەی نێوان باڵی مەکتەب سیاسی پارتی دێموکراتی کوردستان و سەرۆکی ئەوکاتی پارتی، کە دواتر سەرۆک زاڵبوو بەسەر گوتاری ڕۆشنبیرانی ئەوکات و پارتی وەک حیزب خستەوە ژێر دەسەڵاتی کۆمەڵگە و پیاوانی ئاینییەوە و ئەوانی دوورخستەوە. کێشەی نێوان ئەم دوو هێزە، کۆنە و لە بوونی هەر ڕووداوێکدا لەڕیگەی نوێنەرەکانییەوە شەڕی یەکتر دەکەن. لە کێشەی کوشتنی ژندا، زۆربەی جار وا ڕێدەکەوێت، ژنەکە نوێنەری جیهانی ڕۆشنبیرەکانە و بکوژیش نوێنەری هێزە کۆمەڵایەتییەکەیە. کاتێکیش لە سۆشیال میدیا هەواڵێک بڵاو دەبێتەوە، هەردوو گروپ دەکەونە وێزەی یەکتر و یەکتر تاوانبار دەکەن.

۳.  دیدگادی هێزە کۆمەڵایەتییەکە بۆ ژنی کوژراو:

هەڵبەت لە کۆمەڵگەی عەشایەری کوردیدا، ژن شتێکە لە شتەکانی پیاو، خاوەندارێتی پیاو بۆ ژن ڕیشەیەکی کۆنی هەیە و ئەوە پیاوە خاوەنی ژنە، هەموو مافێکی خاوەندارێتیش دەگەڕێتەوە بۆ خاوەنەکە، بەجۆرێک عەیبە و چاکەی بۆ خودی شتەکە نییە، بەڵکو ڕاستەوخۆ بۆ خاوەنەکە دەڕوات، کاتی خۆی کاتێک کەرێک هی ماڵێک بووە، حاڵەت هەبووە، کەرەکە لاقە کراوە، ئەم لاقەکردنە ڕاستەوخۆ لەسەر خاوەنەکەی حساب کراوە و بۆوەتە هۆی کوشتنی کەسی لاقەکەر، واتە کێشەی موڵک ئەوەیە بەشێکە لە جەستەی خاوەن موڵک. هەروەک تێکشکانی ئوتومبیلێک، خاوەنەکەی بەتێکشکانی خۆی دەزانێت. دۆڕاندنی کەڵەشێرێک لەشەڕدا. واتە دۆڕاندنی خودی خاون کەڵەشێرەکە. کێشەی ژن لە کۆمەڵگەی کوردیدا کێشەی خاوەندارێتی ژنە لە کۆمەڵگەکەدا، بۆیە هەموو کردار و ڕەفتاری ژن هی خۆی نییە و بۆ خۆی نییە، بەڵکو ڕاستەوخۆ هی پیاوی ناو خێزانەکەیەتی، تا کچە هی باوکە لە نەمانی باوکدا برا گەورە ئەو ئەرکە دەبینێت، لە نەبوونی برا گەورەدا مام، پاشان عەشیرەت و گەورەی خێڵەکە، کە شووش دەکات ڕاستەوخۆ مێرد خاوەنی ژنەکەیە، لەڕێگەی مێردەکەشەوە شوبرا و خەزوور و نێرینەی ماڵی مێردەکەی خاوەندارێتی، ژنەکە لەئەستۆ دەگرن. لە ڕوودانی هەر هەڵەیەک لەم ژنەدا، هەموو ئەو پیاوانە دەبێت باجی ئەو شەرمەزارییە بدەن و ئەوان بەرپرسن، ئەوەشی ئەمە تۆخ دەکاتەوە، کۆنەستی کۆمەڵگەی کوردییە، کە پڕە لە عەیبە و بکە و مەکە و بەپێی خەیاڵدانی ئەو کۆنەستە کوردەوارییە، عەیبەی ژنەکە بۆ هەموو خێڵەکەیە، بەڵام خەتاو عەیبەی پیاو تەنها بۆخۆیەتی و خۆی لێی بەرپرسە، هەڵبەت پیاوانی ئاینیش ئەمە زیاتر تۆخ دەکەنەوە و ئیش لەسەر ئەوە ناکەن، کە ژن وەک چۆن لەقیامەتدا تەنها خۆی بەرپرسە لەوەی جەهەندەمییە یان بەهەشتییە، لەدنیاشدا ئەو مافەی پێ بدەن کە هەموو چاکە و خراپەیەک پەیوەستە بەخودی خۆیەوە، بەڵام عەقڵییەتی خەڵکی و پیاو سالاری کورد ڕێگە بەخۆی نادات دەست لە خاوەندارێتی ژن هەڵبگرێت، تا ئەوەی جار هەبووە تەڵاقیشی داوە، بەڵام هەر بەدوایەوە بووە کە چی دەکات و چی ناکات.

یەکێک لەو دیدە سەیرانەی ئەم هێزە بەپاڵپشتی هێزە ئاینییە کەلتوورییەکە لەمەسەلەی کوشتنی ژندا ئەوەیە، خێرا دەستی تۆمەت بۆ ڕێکخراوی ژنان و نووسەران و ڕۆشنبیران درێژدەکەن و پێی وایە ئەوان هۆکاری بەکوشتددانی ژنانن. هۆکاری بە کوشتدان لەناو دوو کەوانەدا جێگەی لەسەر وەستانە.

کێشەی ئەم عەقڵە ئەوەیە سەیری ئەوە ناکات و ئەوەی لاپرسیار نییە بۆچی ژن دەبێت بکوژرێت؟ بەڵکو زۆر بە شانازییەوە دەڵێت ئەوەی ژنان بەکوشت دەدات ڕێکخراوی ژنانن و ئەوان هان دەدەن یاخی بن لە برا و باوکیان، بۆیە دەکوژرێن. واتە کوشتنەکە وەک ئەوەی یاساییەکی موقەدەس و نەگۆڕبێت و هیچ کێشەی تێدانییە و ئەوە جێگەی پرسیار نییە، ئەوەی نا جۆر و نائاساییە لەم عەقڵەدا ئەوەیە بۆچی شوێن ڕێکخراوی ژنان دەکەوێت و پشتت دەکاتە کۆمەڵگەکەی. واتە کوشتنکە جێگەی لەسەر وەستان نییە و هەر دەبێت بکوژرێت، ئەمە دیدە ترسناکەیە. بکوژیش گەورەکراوی ئەم بیرەیە، چونکە خودی بکوژیش بەکاردەهێنرێت و نازانین ئایا ئەوە خۆیەتی دەکوژێت یان کۆمەڵگەکەیەتی؟ ئەگەرچی ئێمە ئامارمان لەبەردەست نییە کە ئایا ئەوانەی ژنی خۆیان یان خوشکی خۆیان کوشتووە، ئایا دواتر لەڕووی ویژدانییەوە چییان لێ بەسەرهاتووە؟ ئایا ئارام و ئاسودەن؟ ئایا پەشیمان بوونەتەوە؟ کە من دڵنیام لەوەی هەموویان پەشیمانن و لە عەزابێکی دەروونی گەورەدا دەژین، بەڵام لەبەر پاڵپشتە کەلتوورییەکە و ڕەوایەتی دان پێی، ناوێرن گوێ لەناخی خۆیان بگرن، بەڵام زۆر جار دژ وەستانەوە لەبەرانبەر ڕێکخراوی ژنان لە کۆمەڵگەی کوردیدا، پەیوەندی بە کوشتنەکەوە نییە، بەڵکو ڕقێکی کۆن و لەمێژینەیە و بەم ڕووداوانە، هێزە کۆمەڵایەتییەکە حەقی خۆیان لێدەکاتەوە، ئەویش بەچەند هۆکارێک:

#. ئەو ڕێکخراوانە بەشێکی زۆریان سەربەخۆنیین و پاشکۆی حیزب و حکومەتن و بەئاڕاستەی حکومەت وحیزبەکانیان دەجوڵێنەوە، تا ئەوەی ئیش لەسەر شاردنەوەی هەندێک کەیس دەکەن، بەخاتری ناشرین نەبوونی ڕووی حکومەت.

#. ئەو کەسانەی لەم ڕێکخراوانە کار دەکەن، کەسانێکی ئاسایی و سروشتی نیین لەدیدی کۆمەڵگەکەدا، کە زۆربەیان بێوەژن و بە جۆرێک برینداری دەستی کۆمەڵگەکەن و بەڕقەوە دژی کۆمەڵگە و پیاو کاردەکەن.

#. ئەوە جگە لەوەی بەرپرس و کارمەندانی ئەو ڕێکخراوانە، بە مووچە و پارەی گەورە لەسەر ئەم کێشەیە نان دەخۆن. بۆیە هێزە کەلتوورییەکە نابینێت کە بەدیلێکی جوان و باش بوونی هەبێت و هەمیشە دژی دەوەستێتەوە و لە بارێکیش کە ژنێک دەکوژرێت کە کەم و زۆر پەیوەندی بەوانیشەوە نەبێت، هەر دەیخەنە ئەستۆی ئەوان و ڕقی کۆنی پێ دەڕێژن.

٤. دیدگای هێزە ڕۆشنبیرییەکە بۆ ژنکوژی:

هەرچی هێزە ڕۆشنبرییەكەیە ئایین و كۆمەڵگە بە هۆكاری كوشتنی ژنان دەزانێت و پێیان وایە كە هەم سیستەمە كۆمەڵایەتییەكە، هەم ئایینییەكە پاڵپشت و هۆكارن بو ئەوەی هەر ژنێكی یاخی لە كۆمەڵگە دەبێت بكوژرێت. ڕاستییەكەی كوشتن وەك تاوانێك و وەك كارێكی قێزەوەن و ترسناك لە هەموو بارێكدا بۆ ژن مایەی ڕسواكردن و لۆمەكردنە، بەڵام ئەوەی كێشەی گوتاری ڕۆشنبیری كوردییە ئەوەیە ئایا چۆن ژن ئاڕاستە دەكات؟ و بۆكوێی ئاڕاستە دەكات؟

ئێمە دەزانیین كە ئەوان هانی ژنێكی یاخی دەدەن كە هەموو نۆڕمە كۆمەڵایەتی و ئایینییەكان ببەزێنێت و خۆی بێت، بەڵام ئەم گوتارە هێشتا ڕۆشن نییە و نازانیین ئەو جیهانە ئازاد و یاخییە بۆ كوێیە و بۆ چییە؟ خاڵێكی دیكە ئەوەیە گوتاری ڕۆشنبیری ئێمە بۆ ژن ڕووی لەو ژنانەیە كە نە بەخوێن نە بە عەشیرەت سەر بە عەشیرەت و خوێنی ڕۆشنبیرەكە نیین. بەڵكو ڕووی لەو ژنانەیە كە نەناس و لەڕووی خزمایەتییەوە دوورن لەو. چونكە ئەو ئازادییە بەڕەوا نازاننن بۆ كچ و ژن و خزمەكانی خۆیان، كاتێكیش ژنان هان دەدەن بۆ ئازادبوون بۆ ئەوەیە وەك هاوڕێ و عەشیق و دۆست لەگەڵی بن. كە ڕێكخراوی ژنان و فێمێنیستەكانی كۆمەڵگەی كوردی زۆر باش ئاگەداری ئەم یارییەن.

بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە هیچ یەك لەو ڕۆشنبیر و نووسەرانە ئامادە نیین لەگەڵ ژنێكی ئازاددا هاوسەرگیری ئەنجام بدەن، چونكە كەسێتی ڕۆشنبیری ئێمە، وەك پیاوە ئاینییەكە هەڵگری هەمان پەیكەری ڕۆحی نەتەوەكەیە و لە لۆمەی كۆمەڵگەكە دەترسێت. واتە تا ئەو جێیەی لەو دوورە كێشەی نییە ژن ئازاد بێت، بەڵام كاتێك دەرگەی خۆی دەگرێت، ئەوە ئیتر لەگەڵی نییە و تەنیا جێی دەهێڵێت.

نەك هەر ئەمە هەموو ئەو ڕۆشنبیرانەی كەم و زۆر ئیدانەی بكوژ دەكەن و بەسەختی ڕووبەرووی دەبنەوە، كاتێك ئەو ژنە ژنی ئەو بێت یان كچی یان خوشكی بێت. وەك هەمان پیاوی ناو كەلتوورەكە بیردەكاتەوە. خۆ ئەگەر نەشبێتە بكوژ، ئەوا كەسێتی ژنەكە تیرۆر دەكات و بەهەزاران ڕێگە لە ڕۆحی ژنەكە دەدات.

چونكە گوتاری ڕۆشنبیری ئێمە ئایدۆلۆژیاییە و ڕۆنەچۆتە نێو كەسێتی و دنیابینی خودی ڕۆشنبیرەكەوە، جا چ جای خوێنەر و كۆمەڵگە. نموونەی ئەو ڕۆشنبیرانەشمان زۆرە كاتێك قبوڵی ئازادی یەكدیان نەكردووە و جیابوونەتەوە كە ئەمە كارێكی ئاساییە، ئەوەی ئاسایی نییە دواتر دەكەونە وێزەی یەكتر و كەسێتی یەكتر تیرۆر دەكەن.

یەكێكی تر لەو كێشانەی هێزە كۆمەڵایەتییەكە ڕووبەڕووی گوتاری ڕۆشنبیری دەكاتەوە ئەوەیە بۆ ژنان بە كوشتن دەدات؟ كە پێشتر سەیر و سەمەرەی ئەم گوتارەی كۆمەڵگەم ڕوون كردەوە.

بەڵام ئەوەی چاوی ڕۆشنبیری ئێمە نایبینێت ئەوەیە، باش دەزانێت كە سیستەمە كۆمەڵایەتییەكە ژنی یاخی قبوڵناكات. لەولاشەوە ژنان ئاڕاستەی ئەو سیستەمە دەكات لە كاتێكدا ئەم هەنگاوە دەبێت دوولایەنە بێت. واتە دەبێت هەم زەمینەیەك بخوڵقێنێت و پانتاییەك ئامادە بكات بۆ ئەوەی ژن پێگەی هەبێت. هاوتەریب بەمە ئنجا ئیش لەسەر ڕۆشنبیركردن و ئازادی ژن بكات.

بەڵام ڕۆشنبیری ئێمە تەنها هانی ژن دەدات، كە هاندانەكە حەماس و هەڵچوونە نەك تێگەیشتن و بیركردنەوەی قوڵ، بۆیە حیكایەتی ژن لە كۆمەلگەی كوردیدا، حیكایەتی كۆترێكە كە ڕاهێنراوە بۆ فرین، بەڵام ئاسمانێكی بۆ فرین نییە. حیكایەتی ژن كۆترێكی باڵنەخشینە رۆژانە هێندە خۆی دەكێشیێت بە قەفەزی كۆمەڵگەدا تا دەمرێت.

هەركاتێكیش لە قەفەزەكە دێتە دەرێ تەنیاییە و كەسی لەگەڵ نییە، بۆیە لەجێی ئەوەی كوژراو تەنیا نەبێت و هەموو كۆمەڵگەی لەگەڵ بێت، بە پێچەوانەوە بكوژی ژن تەنیا نییە و زۆرینە لەگەلی هاوسۆزن.

Les Image par : https://pixabay.com/fr/

Check Also

هەڵکشانی پڕوپوچی -عەرەب و ئیسلام و خۆرئاوا –

د. هاشم ساڵح شوان ئەحمەد کردوویەتی بە کوردی كۆرنیلۆس كاستۆریادیسی بە ڕەگەز یۆنانی و هەڵگری …