کلارا تسیتکین و مێژووی هەشتی مارس

وەرگێڕان و ئامادەکردن: شێنێ کەمال

کلارا تسیتکین، تیۆریست و چالاکوان و داکۆکیکاری مافەکانی ژنان بوو، کلارا ئیسنەری کچی گۆتفرید ئیسنەری مامۆستای قوتابخانەی ناوچەکەیە و لە ویدراو لە شاری ساکسۆن، لە(٥/٧/١٨٥٧) لەدایک بووە. لە کاتی خوێندنی لە کۆلێژی مامۆستایان لە لایپزیگ بوو بە سۆسیالیست و فێمینیست و داکۆکیکارێکی سەختی مافەکانی ژنان و ئافرەتان. تا ساڵی 1917 لە پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیادا چالاکبوو پاشان چووە پاڵ پارتی سۆسیال دێموکراتی سەربەخۆی ئەڵمانی و باڵە دوورە چەپەکەی. لە ساڵی 1875 (ئاب بێبل و ویلهم لیبکنخت) دامەزرێنەرانی پارتی کرێکارانی سۆسیال دێموکراتی ئەڵمانی) لەگەڵ (کۆمەڵەی گشتی کرێکارانی ئەڵمانیا) بەسەرۆکایەتی فێردیناند ڕاسل یەکیان گرت بۆ پێکهێنانی پارتی سۆسیال دیمۆکرات. کلارا یەکێک بوو لەوانەی کە چووە ناو ڕێکخراوە نوێیەکە لە هەڵبژاردنی گشتی 1877ی ئەڵمانیادا  کورسی بەدەست هێنا. ئەمەش ئۆتڤۆن بیسمارکی نیگەران کرد و لە ساڵی 1878دا یاسای دژە سۆسیالیستی ڕاگەیاند کە بڵاوکراوە و کۆبوونەوەکانی پارتی سۆسیال دیموکراتی قەدەغەکرد. کلاراش وەک ئەندامانی تری سۆسیال دیموکرات، لە ساڵی 1882شاری بەرەو زوریخ بەجێ هێشت و پاشان ڕۆشت بۆ ئەوەی لە تاراوگە، لە پاریس، نیشتەجێ بێت. لەو ماوەیەدا کلارا زۆرترین کتێبی دەربارەی ژن و سۆسیالیزمی خوێندەوە، لە کتێبی ”ئاب بێل”دا باسی ئەوەی کردووە کە ئامانجی سۆسیالیستەکان بووە “نەک تەنها بۆ بەدیهێنانی یەکسانی ژن و پیاو لەژێر ئەم نەرییە کۆمەڵایەتیەی ئێستادا، کە تاکە ئامانجی بزوتنەوەی ژنانی بۆرژوا پێک دەهێنێت، بەڵکو بۆ ئەوەی زۆر لەوە زیاتر بڕوات و هەموو ئەو بەربەستانە لابدات کە وا لە مرۆڤ دەکەن بە مرۆڤێکی تر پشت بەستوو بێت، کە وابەستەبوونی یەک ڕەگەز بە یەکێکی ترەوە دەگرێتەوە.”

کلارا لەگەڵ ئۆسیپ تسیتکین، کە شۆڕشگێڕێکی ڕووسی بوو و لە تاراوگە دەژیا، هاوسەرگیری کرد. ئۆسیپ دارتاشێک بوو، هاوکات مارکسی بوو. ساڵی 1883، ماکسیمی کوڕی لەدایکبوو، لە دوای ئەو کۆستیا، لە ساڵی 1885 لە پاریس چاوی بە سۆسیالیستە پێشەنگەکانی دیکەی فەرەنسا، ئەڵمانیا و ڕووسیا کەوت. لە ڕووی سیاسیەوە زۆر چالاک بوو، کاری ڕۆژنامەوانی دەکرد و ڕۆڵی “مامۆستا و پەروەردەکاری” دەگێڕا. کلارا و ئۆسیپ تسیتکین بوونە ئەندامی گروپی سۆسیالیستی نێونەتەوەیی بازنەی ئینتەرناشناڵ کە هەفتانە بۆ تاوتوێکردنی پرسیارەکانی تیۆری مارکسیستی و پلاندانان کۆدەبووەوە وهەفتەیەک کلارا وتی: “لێرە سۆسیالیستەکان نەک تەنیا لەگەڵ سۆسیالیستە ڕووسی، ئەڵمانی و فەرەنسییەکان، بەڵکو لەگەڵ سۆسیالیستەکانی ئیسپانیا، ئیتالیا، نەمسا و بەریتانیاش یەکدەگرن و پەیوەندی دەبەستن. لەو ماوەیەدا بوو کە کلارا تسیتکین زانیاری گەورەی خۆی لە بزووتنەوەی کاری نێودەوڵەتی و هەروەها لێهاتوویی لە چەند زمانێک بەدەستهێنا.” ئۆسیپ تسیتکینی هاوسەری لە مانگی کانوونی دووەمی 1889 بەهۆی نەخۆشیەوە کۆچی دوایی کرد. کلارا لە هەڵمەتە سیاسییەکانی بەردەوام بوو، ئەو ڕەتی کردەوە بچێتە ناو کۆمەڵەی ژنانی و کچانی پرۆلیتاری بەرلین، چونکە تەنیا ژنانی وەک ئەندام قبوڵ کرد، کلارا “جیاکردنەوەی ژن و پیاو”ی پەسەند نەکرد و دەیویست بەیەکسانی شان بەشانی یەکدی کاربکەن بەبێ هیچ جیاوازییەک. لە زۆرێک لە لایەنگرانی دیاری بزووتنەوەی بەرلین. کلارا لە سەرەتادا ڕەخنەی لە خواستی مافی دەنگدانی مێینە بوو چونکە “بەبێ ئازادی ئابوری هیچ ئازادیەکی دیکەش بەدەستنایەت.” تسیتکین هەوڵی تایبەتی دەدا لە پشتگیریکردنی ژنانی کرێکار و داواکاری بۆ کرێی زیاتر “بۆنموونه ئەوەی کە کاری ژنان نەک هەر نرخەکەی کەمتر بوو، بەڵکو ژنان زیاتر ژێردەست بوون و پیاوەکان بەرزتر سەیردەکران “کلارای تووڕەکردبوو. سەرمایەداران ئەم دوو فاکتەرەی خوارەوە دەخەمڵێنن: کرێکارە مێینەکە دەبێت بەوپەری خراپییەوە پارەی بۆ بدرێت و پێشبڕکێی کاری مێینە بۆ دابەزاندنی کرێی کرێکارە پیاوەکان تا ئەو شوێنەی کە دەکرێت، دابمەزرێنێت. بە هەمان شێوە سەرمایەداران بۆ داگرتنی کرێی ژنان و کاری ئامێرەکان بۆ داتەپیوکردنی هەموو کارێکی مرۆیی و کارکردن بە منداڵان هەموو مافێکیان هەیە. دوای ئەوەی لە ساڵی 1890دا یاسای دژە سۆسیالیستی تا ڕادەیەک هەرەسی هێنا تسیتکین بۆ ئەڵمانیا گەڕایەوە. ئەندامبوون لە پارتی سۆسیالیستی بە خێرایی گەشەی دەکرد؛ ئێدوارد بێرنشتاین ئەندامی پارتی سۆسیالیستی بوو، لە لەندەن دەژیا قەناعەتی ئەوەی هێنابوو کە باشترین ڕێگا بۆ بەدەستهێنانی سۆسیالیزم لە وڵاتێکی پیشەسازیدا، لە ڕێگەی چالاکی سەندیکایی و سیاسەتی پەرلەمانییەوە بووە. زنجیرەیەک بابەتی بڵاوکردەوە و تێیدا باسی لەوە دەکرد کە ئەو پێشبینیانەی کارل مارکس لەبارەی گەشەکردنی سەرمایەدارییەوە کردی، نەهاتوونەدی. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە کرێی ڕاستەقینەی کرێکاران بەرزبۆتەوە و جەمسەرگیری چینایەتی لەنێوان پرۆلیتاریایەکی چەوساوە و سەرمایەداریدا بەرجەستە نەبوو سەرمایەش لە دەستی کەمتردا چڕ نەببوو.

بۆچوونە پێداچوونەوەکانی ئێدوارد بێرنشتاین لە کتێبە زۆر کاریگەرەکەی خۆیدا دەرکەوت کە سۆسیالیزمی پەرەسەندن (1899) شیکارییەکانی بۆ سەرمایەداری مۆدێرن ئەو بیرۆکانەی لاواز کرد کە مارکسیزم زانستێک بوو و شۆڕشگێڕە پێشەنگەکانی وەک لینین و لیۆن ترۆتسکی نیگەران کرد. ساڵی 1900 ڕۆزا لوکسمبورگ لە نامیلکەی خۆی و ڕیفۆرم یان شۆڕشدا هێرشێکی بۆ سەر بێرنشتاین بڵاوکردەوە.

لوکسەمبورگ باسی لەوە کرد: “ئەو (بێرنشتاین) کە دەیەوێت وەک سۆسیالیست تێپەڕبێت، هاوکات شەڕ لەسەر مەزهەبی مارکس ڕابگەیەنێت، کە بە دڵنەوایترین بەرهەمی عەقڵی مرۆڤە لە سەدەدا، دەبێت بە باوەڕبەخۆبوون بە مارکس دەست پێ بکات، دەبێت بە داننان بە شاگردی خۆی دەست پێ بکات، بە گەڕان لە وانە وتنەوەکانی خودی مارکسدا خاڵەکانی پشتگیری بۆ هێرشێک بۆ سەر ئەویتر، لە کاتێکدا ئەو وەک گەشەیەکی زیاتری مەزهەبی مارکس نوێنەرایەتی ئەم هێرشە دەکات.

 کلارا تسیتکین بوو بە سەرنووسەری ڕۆژنامەی سۆسیالیستەکان، دوای سێ ساڵ، تسیتکین ئێستا بۆچوونی خۆی لەسەر مافی دەنگدانی ژنان گۆڕی و یارمەتیی ڕێکخستنی یەکەمین کۆنفرانسی نێونەتەوەیی ژنانی سۆسیالیستی لە شترۆتگارت دا. کۆنفرانسەکە بە بەشداری 58 نوێنەری ژن لە 15 وڵات لە ئەوروپا بەڕێوەچوو.

لە میانەی کۆنفرانسەکەدا “پارتە سۆسیالیستەکانی هەموو وڵاتان خۆیان پابەند کرد بە بەگەڕخستنی هاوکاری بۆ سەرکەوتنی ژنان و دەنگدانی ژنان بەبێ هیچ کۆتوبەندێک. ئەمەش بە پێچەوانەی ژنانی چینی ناوەندەوە بوو کە ئامادەبوون ‘مافی ئافرەتی  سنوردارکراو’ یان مافی دەنگدانی پیاوان بەسەر خانماندا” قبوڵ بکەن و خۆیان کردبووە قوربانی. بەمجۆرە دۆخی ژنان لەناو شارەکان تادەهات خراپتر دەبوو و ژنان و منداڵەکانیان بەگشتی لە دۆخێکی سەختدا دەژیان، ژمارەی کاتژمێرەکانی کارکردن زیاتر دەبوو و کرێی کەمتریان دەدرایە. برسێتی تەنگی پێهەڵچنی بوون و لەو کاتەش سەرەتاکانی سەرهەڵدانی جەنگی یەکەمی جیهانی بوو، ئەڵمانیا زیاتر دادەڕما و بارودۆخی سەختی ژنان تەشەنەی کردبوو بەرەو دەرەوەی ئەڵمانیا و تەنانەت ژنانی ئەمریکا بەبرسێتی سەریان دەنایەوە و ئارامییان لەبەربڕابوو. دۆخی ئەڵمان بەتەواویی لەدەستچووبوو بۆیەش کلارا، بۆ زیاتر چەسپاندنی هەوڵەکانی، دەچێتە ئەمریکا.

هەشتی مارس و ژنان:

 پارتی سۆسیالیستی ئەمریکا خۆی پێشتر لە ساڵی 1909 یەکەم ڕۆژی نەتەوەیی ژنانی بەڕێوەبردوو، کۆنگرەی سۆسیالیست ئینتەرناشنال لە ساڵی 1910دا ڕازی بوو بە دروستکردنی وەشانێکی نێودەوڵەتی پشووی ئەمریکا بەبۆنەی ئەو ڕۆژەوە، هەروەها لە 19ی ئازاری 1911 یەکەم کۆوونەوەی ڕێکخراوی سۆسیالیستی لە نەمسا و دانمارک و ئەڵمانیا و سویسرا بەڕێوەچوو. زیاتر لە یەک ملیۆن کەس بەشداری کۆبونەوەکان بوون.

لە بەرواری جیاوازدا ئاهەنگ دەگێردرا. لە 8ی مارس (24ی شوبات، شێوازی کۆن) دا، ژنان لە (سانت پترسبۆرگ) ڕووسیا، مانگرتنیان دیاریکرد بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە کەمبوونی خۆراک، خراپی باری ژیان و جەنگی جیهانی یەکەم ئەم مانگرتنە بۆ “نان و ئاشتی” یارمەتیدەر بوو بەهۆکارێک بۆ بەرزبوونەوەی شۆڕشی ڕووسیا کە بووە هۆی ئەوەی نیکۆلاسی دووەم لە 15ی مارس دا بڕوخێت. لەهەمان بەرواریش لە ویلایەتەکانی ئەمریکا بەتایبەتی نیویۆرک ژنانی کرێکاری کارگەی ڕستن و چنین خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری فراوانیان ڕێکخست و نەچوونەسەر کارەکانیان. خۆپیشاندان و ناڕەزای تەواوی ناوچەکانی گرتبوویەوە.

تا پارتی سۆسیال دیموکرات لە ئەمریکا بەسەرۆکایەتی کلارا تستکین لەسەر دۆخی ژنان هاتە دەنگ و کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنان ڕاگەیەندرا، کە تێیدا کلارا خۆی لەسەر مینبەر دوا و چەند مافێکی سەرەکی ژنانی خستەڕوو و کاری لەسەر کرا. پاشان دۆخەکە تاڕادەیەک ڕەویەوە. هەرچەندە بەتەواوی کێشەکان چارەسەر نەکران، بەڵام ئەو هەوڵانەی کلارا وایکردبوو بەتەواوی سیاسەتمەدار و سەرمایەدارەکان بەچاوێکی ڕێزەوە لە کلارا و هاوڕێکانی بڕوانن و وەک بەشێک لە خۆیان بەبێ جیاوازی ڕەفتاریان لەگەڵ بکەن.

پاشان کلارا هەوڵی ئەوەی دا کە هەشتی مارس زیندوو بکاتەوە و بەرگێکی نوێی بەبەردا بکاتەوە و بەهۆی خۆپیشاندانە بەناوبانگەکەی ئەمریکا و شۆڕشەکەی ڕووسیاوە کە هەردووکیان لەهەمان بەروار ڕوویان دا. بۆیەش هەشتی مارس لەو ساڵەوە، واتە لە 1921 کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە بەڕەسمی وەک ڕۆژی جیهانی ژنان دیاریکرا. لە تەواویی جیهاندا یاد دەکرێتەوە.

Check Also

ئەو ڕۆژەی بووم بە “حەڵاڵ”

مولکی میری گولێد٭ وەرگێڕانی: دلێر محەمەد نوری ئەوەی بۆ ئەوان ئاهەنگ بوو، بۆ من یەکێ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *