هەشتی مارسێکی تر و مافی ژنان

بەیان ئیبراهیم

 ماف هەر جۆرێک بێت و لەسەر هەر ئاستێکدا بێت دەبێت بە یاسا بسەلمێنرێ و پاشان دادگاکان کاری لەسەر بکەن. ئەگەر ئێمە سەیری دەزگای یاسادانان بکەین، کە پەرلەمانە، ئٔەوا دەزانین کە یاسایەک بۆ مافی ژنان هەیە گشتگیرە، بەڵام کاتێک دەبینین ماف خوراوێک ناتوانێت، یان هەر بە ئاگا نیە لەو ماف و یاسایانە کە خۆی داوای مافی خۆی نەکات بە پێی یاسا ئەوا دەبێت لەگەڵ دەرچونی هەر یاسایەکدا هەڵمەتیکی میدیایی بکرێت تا بگاتە کۆی هاوڵاتی؛ تا ئەگەر مافی ئەم هاوڵاتیە خورا ئەوا تێبگات و هوشیاری ئەوەی هەبێت کە یاسایەک هەیە دەتوانێت بە پێی ئەو یاسایە داوای مافەکانی بکات.

 ئا لێرەوە، با ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین، ئەی ئەگەر کەسێک بەتایبەت ژنێک، بشزانێت یاسایەک هەیە و هوشیاری ئەوەشی هەبێت کە دەتوانێت بە پێی یاسایەک داوای مافی خۆی بکات و لەبەر نەریت و کولتوور نەیتوانی داوای مافی بکات؟

ژن بە درێژایی مێژو ئەگەر خۆیان کۆک نەبوبێتن لەسەر ئەوەی بوێرانە داوای مافی خۆیان بکەن و شۆڕشی ئازادی بۆ مافیان نەکردایە ئەوا یاساکان ئەگەر هەشبوبێتن نەیانتوانیوە ئەو ڕۆڵە بگێڕن و ژن ببەنە ناو بازنەی ئازادییەکانییەوە. کەواتە تەنها یاسا ناتوانێت ماف بۆ ژن دەستەبەر بکات، بەڵکو ئەوە خودی ژنە دەبێت خۆیان کار بکەن بۆ ئازادی و ببنە گروپی ڕێکخراو و شۆڕش بەرهەمبهێنن.

ئەوا هەشتی مارسێکی تر هاتەوە و ئێمە پێویستە لە سنووری هەرێمدا ئەو پرسیارانە لە خۆمان بکەین، ئایا هەمان دروشمی سواو و هەمان کەرنەڤاڵ دروست دەبێتەوە کە دەزانین لە پەنای ئەمانەدا ئاماری کوشتن و لێدان و دەستدرێژی زیاد دەکات! خۆ ئەگەر بە پێی پێشکەوتن و تێکەڵبونی کولتوورەکان لە سەردەمی تەکنەلۆژیا سەیر بکەین ئەوا دەبوو ئێستە ژن لە هەمو بوارەکاندا وجودی هەبوایە و شان بە شانی پیاو کاری بکردایە تا ئەم هەرێمەمان ناو بنایە هەرێمێکی تەندروست.

 هیچ کۆمەڵگایەک بە تەندروست ناو نابرێ تا مافەکانی ژنی تیا نەچەسپێ. لە هەرێم ئەوەی زیاتر کار دەکات داب و نەریت و کولتوورێکە نەک یاسا، ئەوەی ژن خۆی تیا دەبینێتەوە حکومی نەریتە نەک یاسا، هەر بۆیە ژنانێک هەن کە لەبەر کۆمەڵێک پێوەری نەریتیی ناتوانن داوای مافی خۆیان بکەن. لێرەوە ژن خۆی دەبێت کار بۆ گەیشتن بە مافەکانی بکات، خۆی دەبێت سەلمێنەری ئەو ڕاستیە بێت کە ژن دەبێت وجودێکی هەقیقی هەبێت نەک پاشکۆ!

لەلایەکی ترەوە، ئەگەر سەیری ڕێکخراوەکانی ژنان بکەین ئەوا پێویست بە باسکردن ناکات! چونکە هیچیان نەیانتوانیوە بچوکترین ماف بخەنە سەر خەرمانی مافەکانی ژنان؛ بگرە هەندێ کاتیش ناتوانن لە بەرامبەر زەوتکردنی مافی ژنێک قسەیەک و کردارێکی جیدیان هەبێت. لە پشتی هەموو ئەمانەشەوە ژن بۆ خۆیان ڕۆڵێکی ئێکجار خراپ دەگێڕن لە سەرکوتکردنی ژناندا، کاتێک دەبن بە دایک. با بپرسین ئایا ئازادی بە چی پێوانە دەکرێت؟ چونکو دەتوانین بڵێین کە ئازادی ئەوە نیە وا ئێستا لە هەرێم کۆمەڵێک ژن دروست بوون و بونەتە کاڵا و پێیانوایە ئازادن! ئەوانە بێ ئاگان لەوەی جگە لە کاڵایەکی مارکێتین و لەش و لار هیچی تر نین. بە دیوەکەی تردا دیسانەوە ئەمەش زەوتکردنی مافی ژن و بەکارهێنانیەتی بۆ مارکێتین و کاڵا و دواجار تووشی دەیان کێشەی کۆمەڵایەتی گەورە دبنەوە.

وا دیسان هەشتی مارسێکی تر هاتەوە، دیسان جگە لە لێدانەوەی هەمان قەوان و هەمان دروشمی سواو هیچی تر نابێت. تا ئەو ئٔاستەی هەشتی مارس لە پرسەیەکی گەورە دەچێت وەک لەوەی بۆنەیەک بێت بۆ داکۆکردن لە مافەکانیان.

Check Also

کورتە گفتوگۆیەک سەبارەت بە چەمکی جێندەر

د. شه‌ونم یه‌حیا و ناسك سعید ناسك سعید: هه‌ركاتێك چه‌مك و زاراوه‌یه‌كی نوێ دێته‌ ناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *