یەکشەممە, كانونی یه‌كه‌م 7, 2025
frku

پارچەی قەفەس

ئەحمەد نەبەز


كاری نمایشی هونەرمەند “تەهچینگ هسیه-Tehching Hsieh” بەناوی “پارچەی قەفەس-Cage Piece” كە ساڵێكی تەواوی خەیاند لە ساڵێ ١٩٧٨ تا ساڵی ١٩٧٩ .

لەم بەرهەمەدا هونەرمەند “هسیە” کات دەگۆڕێت “نەک شتەکان” بۆ ئەزموونێكی ناوەکی زمانی هونەری خۆی. بە پاڵپێوەنانی ساڵێکی تەواو بۆ یەک کردەی زیندانیکردن، ئاشکرای دەکات کە کات چەندە درێژ و خاو و قورس دەبێت کاتێک لە سەرقاڵبوون داتاشرێت.

نمایشی یەک ساڵەی هونەرمەند “تەهچینگ هسیە” لە ساڵی ١٩٧٨-١٩٧٩ “پارچەی قەفەس” یەکێکە لە ڕادیکاڵترین و سازشنەکراوترین بەرهەمەکانی مێژووی هونەری نمایشکردن performanc  بۆ ماوەی ساڵێکی تەواو، هسیە خۆی لە خانەیەکی خۆدروستکراودا قەتیس کرد، کە قەبارەکەی نزیکەی (١١.٥ × ٩ × ٨) پێ بوو، لە ژێر بارودۆخێکی هاوشێوەی سیلولێک (زیندانیکردنی تاکەکەسی) دەژیا. بە پێی لێدوانی نووسراوی خۆی، خۆی لە هەموو جۆرەکانی پەیوەندی و چالاکی فیکری بەدوور گرت:

نە قسەی دەکرد، نە دەیخوێندەوە، نە دەینووسی، نە گوێی لە ڕادیۆ دەگرت، نە سەیری تەلەفزیۆنی دەکرد. هاوڕێکەی بەناوی “چێنگ وی کوۆنگ” خۆراک و جل و بەرگ و لابردنی پاشماوەی دابین دەکرد، بەڵام هیچ کارلێکێکی دیکە ڕووی نەدا. هسیە لە ٣٠ی ئەیلوولی ١٩٧٨ تا ٢٩ی ئەیلوولی ١٩٧٩ دا، (٢٤ کاتژمێر) لە ڕۆژێکدا بەبێ پچڕان لەناو قەفەسەکەدا دەمایەوە.

“پارچەی قەفەس” کارێکە کە تێیدا جەستەی هونەرمەند دەبێتە تاکە بەڵگە لەوەی ڕوویداوە. نە درامایەک، نە شانۆگەرییەک، تەنیا بەرگەگرتنی مرۆڤێکە بۆ ماوەی ساڵێکی تەواو كە لەناو قەفەسێکی دروستکراودا قفڵ کراوە. لەم کشانەوە تەواوەتییەدا لە پەیوەندی و کات بەسەربردن و سەرقاڵکردندا، هسیە جەستەی خۆی دەگۆڕێت بۆ بەڵگەنامەیەکی زیندوو لە کات و دیسیپلین و مانەوە و ئاشکرای دەکات کە فۆڕمی مرۆڤ چۆن دەتوانێت لە یەک کاتدا وەک شوێنی خەبات و بابەتێکی سیاسی و ئامێرێکی پێوانەکردن بەرگە بگرێ. زیندانیکردنی خۆبەختانەی، زیاتر وەك ئاوێنەیەکی بارودۆخی ژیانی کۆچبەران لە گۆشەگیریدا، یاخود کرێکارانی گیریخواردوو لە کارە دووبارەبووەکاندا، هەروەها زمانحاڵی ئەو تاکانە بێت كە گەشت بە سیستەم و سنوورەکان و کۆنترۆڵە دامەزراوەییەکان دەكەن. چونكە لەو کاتەدا هسیە خۆی کۆچبەرێکی بێ بەڵگەنامە بووە لە نیویۆرک. ئەم ڕاستییە ژیاننامەییەش دەنگدانەوەی بەرهەمەکە قووڵتر دەکاتەوە، ژیانی پێشوتری بەهۆی پەراوێزخستن، بێدەنگی، نەبینین و سنووردارکردنی توندەوە پێکهاتبوو. بۆیە بەرهەمی “قەفەس” دەبێتە مێتافۆرێک بۆ ئەو گەمارۆ نەبینراوانە (یاسایی، کۆمەڵایەتی و دەروونی) كە بوون و ژیانی مۆدێرن پێناسە دەکەن. بە وتەی هسیە خۆی:

“ژیان سزای هەتاهەتاییە، ژیان تێپەڕاندنی کاتە. ژیان بیرکردنەوەی ئازادە.”

هسیە، لە نمایشکردن و خۆنواندن بۆ بینەرهاتە دەرەوە، بە هەڵبژاردنی ژیان لەناو کارە هونەریەکەدا. ئەو مانەوەی ڕۆژانە دەگۆڕێت بۆ خودی کارە هونەرییەکە، كە خۆی لە واقیع و بەرگەگرتن و پەرەسەندنی بێوچانی کات دەبینییەوە. بەزیندانیکردنی خۆسەپێنرای، بینەر پاڵدەنێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پرسیارە بنەڕەتییەکان:

ئازادی مانای چییە؟ ئایا ناوخۆییە یان دەرەکی؟ ئایا دیسیپلین ڕزگاری دەکات یان زیندانیکردن؟

هسیه، لە ڕێگەی سنووردارکردنەوە، لە سەربەخۆیی مرۆڤ دەکۆڵێتەوە و لە هەمان کاتدا ڕۆڵی هونەرمەندیش دەخاتە بەردەم بەرەنگاری. نە شتومەک، نە بازاڕ، نە کاڵایەک، تەنیا مەبەست و کات وەک کەرەستەی خاوی هونەر. مەبەستی پاککردنەوەی هونەرە تا دەگاتە مادەی جەوهەری ژیان. كردە هونەرییەكەی قورسایی زۆری “کات” ئاشکرا دەکات، بینەر ناچار دەکات هەست بە گەورەیی و بەتاڵی و چڕی دەروونی ساڵێک بکات. کات لە ڕووی جەستەییەوە ئازاربەخش دەبێت و لە ڕووی بوونییەوە قورس دەبێت، ئەمەش ئەو پرسیارە دروست دەکات کە چۆن ساڵانی ژیانمان بەسەر دەبەین، بەفیڕۆ دەدەین، یان بەرگەی دەگرین.

بە تۆمارکردنی ٣٦٥ ڕۆژ ئامادەبوون، هسیە بە “هیچ نەکردن” ئەو ڕەهەندە قووڵانە ئاشکرا دەکات کە لەناو بوونی ئاساییدا شاراوەن. نیشانی دەدات کە چۆن کات جەستە لە قاڵب دەدات، چۆن گۆشەگیری ناسنامە لە قاڵب دەدات و چۆن ژیان دەبێتە هونەر کاتێک ڕووت دەکرێتەوە بۆ ڕووتترین فۆڕمی خۆی، ساڵێک لە زیندانیکردنی خۆبەخشانە وەک ناوەڕۆک، کات وەک پەیام، تاقیکردنەوەی سنوورەکان و ڕەتکردنەوەی هونەری ئاسایی و گۆڕینی بوونی زیندوو بۆ بەرهەمێکی هونەری وەک ئامانجی کۆتایی.

ئەحمەد نەبەز

هونەرمەندی شێوەکار

Check Also

وێنە و شرۆڤە

ئەحمەد نەبەز لە ساڵی ١٥٠٢ لە کاتی کارکردنی وەک ئەندازیاری سەربازی بۆ سیزار بۆرجیا لە …