هەینی, تشرینی دووه‌م 28, 2025
frku

چۆن ئەستێرەی فەیلەسوفی مەزن کوژایەوە؟

رازێک بە بۆنەی رۆژی جیهانی فەلسەفەوە

د. نەوزاد جەمال


پێشەکی

سەرەڕای پێشکەوتنی پرۆگرامی خوێندن و توێژینەوەی فەلسەفیی لە زانکۆ ناسراوەکانی جیهان و زۆربوونی ژمارەی پسپۆڕی فەلسەفە، ناوی کاریگەر لە جیهانی فەلسەفەدا نابینرێت. مۆرکی فەیلەسوفێک لەسەر سەردەمەکە بەرچاوناکەوێت.

ئەگەرچی تۆڕەکان دەرفەتی ناوبانگدەرکردنی بۆ “هەموو” رەخساندووە، کەمن ئەوانەی دیمەنەکەیان داگیرکردبێت. فەیلەسوفێکی وەک ‘ژیژەک’ لە ناسراوێتی کەمی نییە، بەڵام هاوشێوەی ‘کانت، هیگڵ، مارکس، نیتچە و هایدەگەر’ لە ئاسۆدا دیارنین.

میدیا و ‘نەوەی زێد’یش کاریگەرییان بەسەر سروشتی بابەت و چۆنیەتی گەیاندنیەوە هەیە. شێوازی ئەکادیمانەی خوێندنی فەلسەفەش، فاکتەرێکی ترە. ئاسۆی فراوان و ناکۆتایی تۆڕەکان، وایکردووە چەندان کاراکتەری جێگرەوە و رکابەری فەیلەسوف و رووناکبیرە پلەیەک و زاناکانیش پەیدابن.

تەریب بەو گۆڕانکاریەکانە، فەلسەفەش بە هەڵبەزودابەزدا تێپەدەپەڕێت. دەستکەوتێکی فەلسەفە ئەوەیە لە پەروەردە و فێربووندا دەخوێنرێت. جورناڵی ئەکادیمی و گۆڤاری گشتی فەلسەفە بەزمانی جیاواز دەردەچێت. هەزاران ماستەر و دکتۆرا پێگەیەندراوون. سەرباری ئەو قەبارەیە، کاریگەری فەیلەسوفەکان وەک پێشتر نییە.

کەواتە؛ بۆچی لەگەڵ پەرەسەندنی فەلسەفەدا “فەیلەسوفی مەزن” لە دیمەنەکەدا نابینرێت؟

1- زاڵبوونی تۆڕەکان وایکرد رووناکبیری جەماوەریش نەمێنێت. ئەو گوڕوتینەی کە لە بەرنامەیەکی رادیۆیی یان تیڤیەکدا هەیبوو، کزبێت. ئەمڕۆ فیگەرە کاریگەرەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان کە هەندێکجار وەک مامۆستا، وەک زانا، فەیلەسوف، سیاسی، شرۆڤەکار، دەروونناس، وەک مەلاوشێخ و فاڵگرەوە هتد. دیمەنەکەیان داگیرکردووە.

2- هۆکارێکیتربە پیشەیبوونی فەلسەفەیە وەک هەر دیسپلینێکیتری ئەکادیمی لە زانکۆکاندا بووە بە پسپۆڕییەک. ئەوانەی لەو بوارە پێدەگەن دەبنە ئوستاد و توێژەر.

هەروەک ‘سوزان هاک’ لە نووسینێکی بەناوی ‘ فەلسەفە لە نێوان بانگەواز-پەیام- و پیشە’[1]دا ئاکامەکانی ئەم گۆڕانەی دەسنیشانکردووە:

– کە فەیلەسوف دەبێت بە فەرمانبەر ئیتر سەرووی خۆی رازیدەکات.

– لە دەستدانی زیندوویەتی و گوڕوتین و پەرۆشی.

– زۆربەی توێژینەوەکان فۆرمی پەخشانێکی ئەکادیمی هاوشێوەن.

– زاڵبوونی بیرۆکراسی و فەرمانی پیشەیی زانکۆ.

– کزبوونی کواڵیتی بیر و پرسیاری فەلسەفیی لە نووسین و توێژینەوەکاندا.

– سەرباری هەڵکشانی ژمارەی بەرهەمی فەلسەفە(کتێب، توێژینەوە، سەمینار و مێزگرد و ڤیدیۆ)، شێوازی نووسیەنەکان یەکچوو و بێ پێز و یەکخراو و یەکڕەنگن. بە زمانێکی وشکی ئامرازەکی کە پێوەرەکانی جورناڵ و وەشانخانەکان جێبەجێکەن، دەنووسرێن. مۆدێلێکی لووسنووس و داماڵراو لە سۆز و پەیامی سیاسی و کۆمەڵایەتی[2].

– دەسەڵات بە هاندانی زیادبوونی بڕوانامەدار، چیتر توێژنەوە وەک ئەرکی سەرەکی زانکۆ نەمایەوە و کارگێڕکردنی توێژینەوە بەسر دۆخەکەدا زاڵبوو. گۆڤاری ئیمپاکت فاکتەر، بایەخدان بە بابەتی لاوەکی، نغرۆبوون لە پسۆڕی وورد کە چەند کەسێک سەرقاڵن، بەرهەمی زانستی رەسەن کزبوو.

– لە رووی مێژووییەوە ‘فەیلەسوفبوون’ پیشەیەک نەبووە(هاک قوتابخانەی فەلسەفیی و رێبازی فەیلەسوفەکانی وەک ئەفلاتون، ئەر`ستۆ نادیدە گرتووە).

– گۆڕانکارییەکانی بەڕێوەبردنی زانکۆ: – بیرۆکراسی، – جەختکردنەوە لە “بەرهەمهێنان”ی نووسین و وانەووتنەوە. -زاڵبوونی کولتوری هەمیشە بڵاوکردنەوە،-گەڕان بەدوای سپۆنسەری پرۆژەی توێژینەوە،- کەموکوڕیی کواڵیتی کاری هزری، – ئەنگیزەی ناوبانگدەرکردن “پرێستیژ” هەڵکشا.

– لە رووی بڵاوکردنەوەی ئەکادیمی: -خەمی دەستڕاگەیشتن بە چاپەمەنییە زەبەلاح و تاڵانچییەکانی کە مافی نووسەران دەفرۆشن، -مۆنتاجکردنی نووسینی فەلسەفەیی لەلایەن دەستەی نووسەرانی جورناڵەکانەوە بۆ ستایلێکی ساردی ئەکادیمی مردوو، – پرۆسەی هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوەی هاوتا(پیرڕڤیو) بووە کات و وزە بەفیڕۆدان و گەندەڵی.

– فشارخستنەسەر خوێندکارانی دەرچووی زانکۆ کە دەبێ بڵاوبکەنەوە[3].

– هەوڵی بەزانستکردنی فەلسەفە تا ببێتە هاوشێوەی زانستە سروشتیەکان.

3- مامۆستای فەلسەفە پیشەکارە نەک فەیلەسوف

کانت لە ‘ململانێی فاکەڵتیەکان(1798) کە داکۆکی لە پێگەی فەلسەفە لەنێو زانکۆدا دەکرد، بەتایبەت ئەو پلەبەندییەی کە زانستە باڵاکان(تیۆلۆجی، قانون، پزیشک) لەسەروو فەلسەفەوە دادەنا وەستایەوە. بەڕای تەنها فاکەڵتی فەلسەفە هاندەری بیرکردنەوەی سەربەخۆ و ئازادە لە بەدواچوونی هەقیقەتدا، بەڵام حکومەتەکان چاویانبڕیووەتە ئەو سێ بوارەپراکتیکیە چونکە لە بەرژەوەندییانە.

بەڕای ‘ریچار رۆرتی’ بە پیشەییبوونی فەلسەفە “واتە گۆڕینی بە دیسیپلینێکی ئەکادیمی، خراپەیەکی ناچارەکی [4] بوو[5]. لەکاتێکا سێ فەیلەسوفی ناسراو بیرتراند رەسل، ئەلبێرت کامۆ و سارتەر، هچیان لە زانکۆدا نەبوون، بەڵام بەربژێری نۆبڵ بوون [6].

4- مامۆستای فەلسەفە یان فەلسەفەی مامۆستا؟

خوێندنی فەلسەفە، شارەزای فەلسەفەی خستووتە دووڕیانێکەوە: مامۆستای فەلسەفە یان فەلسەفەی مامۆستا. وەکچۆن مەرج نییە مامۆستایەکی لێهاتووی فەلسەفە، خاوەنی فەلسەفەیەکی خۆی بێت، ئاوەهاش مەرج نییە فەیلەسوفێکیش مامۆستایەکی کارامەبێت.

پرسیارەکە ئەوەیە؛ ئایا فەلسەفەی مامۆستا چییە و لە کوێوە هەڵقوڵاو؟ ئیکتفیاکردن بە رێبازی فەیلەسوفێک و داکۆکیردن لە بۆچوونەکانی، فەلسەفە لە چ ئاستێکدا دەهێڵیتەوە؟ دەکرێ یەکێک لە فەلسەفەدا قاڵبووبێتەوە و دیدێکی فەلسەفی ئەوتۆی بۆ ژیان نەبێ؟ پرسیاری گەورە و خەمی جڤاکی نەبێت؟

بەڕای کیرکەگۆرد هەقیقەت/ فەلسەفە فێرناکرێت. چونکە، ئەوە مامۆستا نییە کە مەرجەکانی تێگەیشتنی هەقیقەت بە فێرخوازێک بدات[7]. مامۆستایەتی کە جۆرێکە لە فەرمانبەری مووچەخۆر، تا چەند لەگەڵ فەلسەفە وەک چالاکییەکی ئازاددا دێتەوە؟

دەکرێ بە پاساوی پسپۆڕی وورد لە فەیلەسوف و قۆناغێک، تەمەنی نووسین و وانەووتنەوە بە راگوازتنی تێزەکانی فڵانە فەیلەسوف بەسەرببردرێت؟

شارەزابوون لە فەلسەفەیەک، یەکسان نییە بە فەیلەسوفبوون. مامۆستایەک کە گوێزەرەوە و راڤەکار و خەریکی کۆمێنتدانە بە رەتکردنەوە یان داکۆکیکردن لە تێزێک، دوورە لە فەیلەسوف بە واتا دێرینەکەی.

نەهامەتییەکی تری پرۆگرامی فەلسەفەی زانکۆ، لە باشترین حاڵەتدا راهێنانی خوێندکارە کە دواتر ببێتەوە بە مامۆستا یان توێژەرێکی پسپۆڕیەکی وورد. مامۆستایەتیش لە ژێر جەبری کۆمەڵە رێسا و رێنماییەکە کە هزری فەلسەفی لە پشتەوە نییە.

مومارەسەکرنی فەلسەفە وەک بیروڕایەکی سەربەخۆ لە ناو دامەزراوەیەکدا بێ کۆسپ نییە. وەک بینیمان، ئازادی ئەکادیمی لە زانکۆکان سەروەختی جەنگی ئیسرائیل/ غەزە(لە ئەمریکا، ئەوروپا) لە کارەساتدایە. فەرەنسا، سەروەختێک بە کۆماری ئازادی هزرمەندان- ‘کڵێسای ئەقڵ’- ناسراوە کۆنفرانسیکی فەرەنسی/فەلەستینی لە کۆلیجی دوفرانس هەڵوەشاندەوە[8].

مارکۆزە لەنیو ئاپۆرەی خویندکاران ١٩٦٨ زانکۆی بەرلین

5- بەراوردێکی هیگڵ و شۆپنهاوەر

بەپێچەوانەوەی شۆپنهاوەر، هیگڵ فەیلەسوفێکی زانکۆیی خاوەن پێگەبوو. وانەکانی هۆڵەکانی پڕکرد لە خوێندکار و دوورەوتی هیگڵیانە- چەپ و راست-ی لێکەوتەوە. سەروەختێ هۆڵەکانی زانکۆ ئەلتەرناتیڤی هۆڵی کڵێساکان بوون و فەیلەسوف لێوەی دەنگی دەگەیشتە جەماوەر/وەرگر.

شۆپنهاوەریش ئێرەیی بە هیگڵ دەبرد و لە ووتارێکدا بەناوی ‘فەلسەفەی زانکۆیی’ شۆپنهاوەر ڕەخنە لە فەلسەفەی زانکۆیی گرتووە. لە پشت دەقەکەیەوە ‘هیگڵ’ بە ئامانج گیراوە. پێیوایە دەبێ کورسی فەلسەفەیە لە زانکۆکاندا هەڵبوەشێنرێنەوە بەپاساوی:

– فشارەدەرەکییەکان و بەرژەوەندییەدامەزراوەییەکانەوە، زانکۆ فەلسەفە سنوورداردەکات.

– مامۆستایانی زانکۆ قازانجی کەسی لە پێش بیرکردنەوەی ڕاست و سەربەخۆ دادەنێن.

– فەیلەسوفی ڕاست هەوڵی تێگەیشتن لە بوون دەدات، بەڵام زانکۆیی قەرزاری حکومەت و کڵێسا و تەماحی پیشەکەیەتی.

– رازیبوون بە سیستەمی زانکۆیی، پەسەندکردنی پێشوەختە و زاڵکردنی پێوەرکانیەتی بەسەر لێکۆڵینەوەی ڕەسەندا.

– لە زانکۆ خوێندێکی تەنک و ناقووڵ پێشکەشدەکرێت.

– فەیلەسوفی زانکۆیی بە زمانێکی ئاڵۆزوگران دەنووسێت وەک جۆرێک لە سەپاندنی هەژموونی دەسەڵاتی بەسەر فەلسەفەدا تا کەس لێی تێنەگات.

– ناسەربەخۆیی لە بیرکردنەوە وادەکات فەیلەسوفی رەسەن لە زانکۆدا نەبێت.

– لە پێشدانانی پیشە لەسەرووی هەقیقەتەوە. مامۆستای زانکۆ پتر لە خەمی پەیداکردنی بژێوی ژیان و بەدەستهێنانی شکۆمەندییایە، نەک راستییە بنەڕەتییەکان.

– دەبێت بەردەوام لە خزمەتی دامەرزاوە(وەزیر و حکومەت)دابێت، بۆیە ئازاد نییە.

– شێوازی باوی نووسین لە زانکۆ، ڕێگرە لە پەرەپێدانی بیرۆکە و تواناکان.

– فەلسەفە وەک پیشە لە گەڕانی ئازادانە بۆ هەقیقەت جیاوازە و حکومەت پارە نادات بە خەڵکانێ دژایەتی بکەن[9]

Georg Hegel (Credit: thecharnelhouse.org / Wikipedia).

– فەیلەسوف لای دلۆز

ژیل دلۆز[10] دووتایپی فەیلەسوف لێکجیاکردووەتەوە؛ فێرکارێکی ئازاد لە دەرەوەی ئەکادیما سەرقاڵی فەلسەفە و ئوستادێکی زانکۆیی. ئەو سارتەر و میرلۆ پۆنتی بەراورد دەکات کە فەلسەفەی بوونخوازی سارتەر پتەو و قووڵە لەچاو هی پۆنتی کە نەرم و خۆپارێزە.

فێرکارەکان ئەوانەن سەرنجمان بەرەو پرسە بنەڕەتییەکان دەبەن و تەنها بەناوی خۆیانەوە نەک دامەزراوەوە دەدوێن. فەیلەسوف دەبێ چەمکساز بێت (وەک لاینتز)[11] بە مومارەسەکردنی فەلسەفە لەوانیتر جیادەبێتەوە. واتە؛ مومارەسەکردنی مێژووی فەلسەفە بەکردەیی، مومارەسەکردنی چەمک و دامەزراندنی پرسگەلێ کە واتایان هەیە. داهێنانی چەمکیش رێگەیەکە بەرەو تێگەشتن لە چارەسەری کێشەیەکی فەلسەفیی. ئیدی، دامەزراندنی کێشەکان و چەمکسازی دوو ئەرکی فەلسەفەن.

بۆ لە زانکۆککانی ئەمڕۆدا قۆناغی مامۆستا گەورەکان کۆتایی هیاتووە؟ پێیوایە مامۆستایەتی بووە بەکاڕگێڕی پۆل، کۆمپانیاکان پشتگیری زانکۆ وەک دەستی کار نەک توژێنەوە دەکەن. زانکۆ خرایە ژێرباری خۆگونجان لەگەڵ بازاڕی کار.

فەیلەسوف ئەوە نییە کە هەوادار، قوتابخانە و رێبازی تایبەت بەخۆی هەبێت. چونکە، دەبێت هەر خەریکی قوتابخانەکەی بێت. نموونەی فەلسەفەی تایبەت لە ‘ڤیتگشتناین’ دا بەرچاوە. بەڵام ئەو بکوژێکی فەلسەفەیە. تا ئەوپەڕی تەکنیکیانە لەگەڵ پرسە فەلسەفییەکاندا مامەڵەی کرد. ئەقڵی” تەکنیکیش کەمترین ڕووناکی ئاکاری و رەوشتی دابین دەکات”[12].

ئەنجام

سەختە فەیلەسوف بگەڕێتەوە سەر شێوازی سەردەمەکانی پێشین. بەڵام ئالێنگارییەکە ئەوەیە، تاچەند لەسەر ئاستی ئەکادیمی و پراکتیکیش، دەتوانێ بەهرەکانی بخاتەگەڕ. نەخشەی هزری و فەلسەفی لە خۆرئاوا، بەگشتی گۆڕانکاریی بەسەرداهاتووە.

سەروەختێک هزرە فەلسەفییە پێشەنگەکان تا ناوەڕاستی سەدەی بیست، لە سەرتاسەری جیهاندا بەکاربوون. رێبازی هزری و جوڵەی کولتوری و رەوتی ئایدیۆلۆجی سیاسی و هونەری و ئەدەبی خۆرئاوایی مۆدێلبوون. بیری نەتەوەیی و نیشتمانی، فایشیزم، ئەنارکیزم، مارکسیزم، کۆمۆنیزم، سۆسیالیزم و زانستخوازی و پۆستمۆدێرنیزم و هتد. لەوێ سەریانهەڵدا، بەڵام ئەمڕۆکە بێکاریگەرن.

هزروفەلسەفەی ئەوروپی بەجۆرێک لە پاشەکشەی شارستانیدایە. گوڕوتینی پتر لە خۆڕەخنەکردن و بە خۆداچوونەوەدایە. جوڵەی هزری لە ئەکادیمیادا قەتیسە و پتر فەلسەفەیەکی رەخنەیی زاڵە. لە هەفتاکانەوە فوکۆ، ئەڵتۆسێر و بیرمەندە ئەوروپاییەکانیتر، پتر کار لەسەر رەخنەکردن نەک پرۆژەی هزریی ئەلتەرناتیڤی کۆمەڵگا و رژێمەکان دەکەن[13].

رۆژگارێک درووشم و ئایدیاکانی شۆڕشی فەرەنسی، بەلشەفی سەرانسەری جهانییان تەنیبوو. گۆڕانی جیۆسیاسی کۆتاییەکانی سەدەی بیست، رووخانی رژێمەکان لە نموونەی باڵای خستن. هەڵبەت، ئەورپا/خۆرئاوا لە بیرکردنەوە خاڵی نەبۆتەوە، بەڵکو، چیتر بەرهەمهێنەری ئایدیا سنوورتێپەڕەکان نییە.

ناکرێ فەلسەفەکار وەک فێرکار، ئوستاد و لە دەرەوەی زانکۆش چالاک بێت؟ ئوستادێک کە زانکۆ کاتەکانی بە گرێبەست کڕیبێت، سەرچاوەیەکی دارایی سەربەخۆشی نەبێت، مومارەسەی فەلسەفەیەکی ئازادی پێدەکرێت؟

ئەزموونی ساڵانی ووتنەوەی فەلسەفە دەیخست هەر مامۆستایەکی خەمخۆری فەلسەفە بە ئاستەم لە هەڵسەنگاندنی فیدباک دەردەچێت. زۆرینەی فێرخوازەکان حەزیان بەدەرچوونە، بەڵام بە کەمترین ماندووبوون!

فەلسەفە بە زمانی کوردی و کردنەوەی بەشی فەلسەفە لە(٢٠٠٦)دا کاری نەکردەبوون. بەڵام، دووچاری کێشەی سیستماتیکی هاتن. زاڵبوونی مامۆستای ناپسپۆڕ، رێنماییەکانی خوێندنی باڵا، بانگەشەی ناهەق بەرامبەر فەلسەفە و پسۆڕەکانی وایکرد باری فەلسەفە سەختربێت. رازیکردنی هزری کۆنەپارێز و حزبسالاری لە زانکۆکان فەلسەفیان بێکاریگەرکرد. لە دەرەوەی زانکۆش چالاکی فەلسەفی کاریگەر نەبوو، چونکە هەندێکجار بە ئامانجێکی کەسیی بەکاردەهێنرا.


[1] https://www.syzetesis.it/doc/rivista/archivio/2021/02-Haack.pdf

[2] آلان دونو: نظام التفاهة. دار سؤال للنشر، لبنان ٢٠٢٠، ل ١٠٢

[3] APP Editors’ Note: “The Real Question: Can Philosophy be Saved?” originally appeared in Free Inquiry 37, 6 (2017). “Our editor” refers to FI’s editor, Tom Flynn.

[4] necessary evil

[5] Cambridge University Press Philosophy as Cultural Politics: Philosophical Papers, Volume 4 Richard Rorty، Preface

[6] https://againstprofphil.org/2025/02/16/philosophy-professionalized-how-we-killed-the-thing-we-loved/

[7] سورن کیرکگورد: شذرات. الرافدین ٢٠٢٤، ل ٥٠

[8] https://www.college-de-france.fr/fr/actualites/annulation-du-colloque-la-palestine-et-europe-poids-du-passe-et-dynamiques-contemporaines-des-13-et

[9] On University Philosophy Published online by Cambridge University Press: 30 June 2022 Arthur Schopenhauer

Edited and translated by Sabine Roehr and Christopher Janaway

· [10] Gills Deleuze (1925- 1995(

[11] Dialogues II Revised Edition GILLES DELEUZE and CLAIRE PARNET Translated by HUGH TOMLINSON and BARBARA HABBERJAM Columbia University Press

[12] Walter Benjamin, Theories of German Fascism: On the Collection of Essays War and Warrior, edited by Ernst Jünger

[13] https://www.aljazeera.net/culture/2025/10/27/ المفكر-اللبناني-خالد-زيادة-لم-تعد

Images: https://pixabay.com/fr/

د. نەوزاد جەمال

دکتۆرا لە فەلسەفەی رەخنەگەرایی کانت

Check Also

گۆڕانی دیمۆگرافی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە

د. مەدیحە سۆفی لە دوای شەڕی جیهانی یەکەم و دروستبوونی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی، شێوازێكی گشتی و …