هەینی, تشرینی دووه‌م 28, 2025
frku

قەیرانی مانا لە كارە هونەرییەكانی ئێستادا

ئەحمەد نەبەز


یەکێک لە کێشە زەقەکانی جیهانی هونەری (شێوەكاری) ئەمڕۆ، دروستبوونی ئەو بەرهەمانەیە کە بەبێ هیچ بناغەیەکی چەمکی و فیکری بوونیان هەیە. زۆرێک لە هونەرمەندان بەرهەمگەلێک بەرهەم دەهێنن کە لە ڕووی بینراوەوە سەرنجڕاکێشن بەڵام لە ڕووی چەمکییەوە بەتاڵن، کارگەلێکن کە لەناو کایەی ڕازاندنەوەدا گیریان خواردووە، بێ ڕۆح و بێ بیرۆکە، وەک ئاوێنەیەکی بەتاڵ دەدرەوشێنەوە. زۆر جار ئەمە كاتێك ڕوودەدات كە (تەكنیك) لەبری ئامراز دەكرێتە ئامانج، هونەرمەند پێی وایە تەنها بە پیشاندانی لێهاتوویی تەكنیكی مەسەلەی هونەری یەكلایی كردۆتەوە. لە كاتێكدا تەكنیك و لێهاتوویی تەنها ئامرازێكن بۆ گەیشتن بە ئامانجێكی باڵاتر (ئامادەیی فیكر). غیابەكە لێرەدا دروست دەبێت، ئەمەش ئەو دۆخەیە كە لە كاری بەشێكی زۆری هونەرمەندانی کورد بە شێوەیەكی بەرچاو هەستی پێدەكرێت. بێگومان، نەبوونی بناغەیەكی مێژوویی هونەری بەهێز، نەبونی چوارچێوەیەکی فکری قووڵ، هەروەها هە بوونی بۆشایی مەعریفی، وایكردووە هەندێك لە هونەرمەندان، بە ڕەنگ و ڕازاندنەوە سەرخۆش ببن بە ڕووکەشی تابلۆ سەرسام ببن. لە كاتێكدا (مانا) لە ژێر فۆرم و ڕەنگی پڕ باق و بریقدا لەبارچووە.

لە هەوڵی پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە، هونەرمەندەكانمان پەنا دەبەنە بەر توخمەكانی گێڕانەوە بۆ پێکهاتە و فۆڕمە ڕەنگاوڕەنگەکانیان، چیرۆک بۆ كارە هونەرییەكانیان دەهۆننەوە. بەڵام زۆرجار ئەمە لە بری ئەوەی خزمەتییان بكات، زیاتر زیان بە ئەزموونی هونەری ئەوان دەگەیەنێت، چونکە پچڕانی پەیوەندی نێوان فۆرم و ناوەڕۆک بەرهەم دەهێنێت. کاتێک بەرهەمێکی هونەری بیرۆکەیەک یان چەمکێکی ڕەسەنی تێدا نییە، زۆر باشترە ڕاستگۆیانە بەو شێوەیە بەبێ چەمك و بیرۆكە بخرێتەوە ڕوو. لکاندنی ناونیشانێکی دەستکرد یان مانای زۆرەملێ تەنیا دژایەتی و سەرلێشێواوی بۆ (بینەر-وەرگر) دروست دەکات.

هونەر و هونەرمەندی بێ چەمک لانیکەم دەبێ ئەو ڕەوشتەی هەبێت کە بێدەنگ بێت، نەک خۆی وەک بوونێكی قووڵ نیشان بدات. خۆنمایشکردن بە بیرۆکەیەک لەو شوێنەی کە بیرۆكەكە بوونی نییە، خۆ فریودانی هونەرمەندە، لە هەمان كاتتدا فریودانی بینەرە کە بە چیرۆك و قسەی درەوشاوە سەرسام بووە، چەپڵە بۆ ئەو شتانە لێدەدات کە تێناگات.

لە یەکەم ڕوانیندا، ڕەنگە ئەم جۆرە بەرهەمانە و هونەرمەندیش سەرکەوتوو دەرکەون، بە بوونی قەرەباڵغی بینەران و پێاهەڵدانی شیعریی لە سەر وێنەكانی نمایشەكە و کۆبوونەوەی ڕێوڕەسمی، گفتوگۆی دووبارە و سواو…هتد. بەڵام لە ڕاستیدا هەموو ئەمانە زیاتر حەماسەتی کۆمەڵایەتی تیایدا پاڵنەرە نەک بەدواداچوونی هونەری ڕاستەقینە. بگرە ئەم نمایشە ڕووکەشانە، هۆكارێكن بۆ چەقبەستوویی هونەریی. زۆرجار هونەرمەندان زیاتر بەرەو هەڵدێڕی نزیك بوونەوە و دابەزین بۆ ئاست و سەلیقەی نزم دەبەن. دەبێتە هۆی دابەزینی بیرکردنەوەی هونەری.

ئەم دابەزینە بە ڕوونی لە نمایشەكەكانی ئەم دواییەی شارەکانی هەرێمی کوردستاندا بەدی دەکرێت. ئارەزووی (ناوبانگ، قبوڵکردن، سەرسامبوون) پاڵ بە زۆرێک لە هونەرمەندانەوە دەنێت، لەگەڵ سەلیقەی ڕووکەشی بینەردا خۆیان بگونجێنن، بەرهەمگەلێک بەرهەمدەهێنن کە لە ڕەسەنایەتی و قووڵایی ڕەخنەگرانەوە زۆر دوورە و هیچ  تێڕوانینێکی نوێ پێشکەش ناكەن كە نوێنەرایەتی تێگەیشتنی بەرز بكات.

مەترسییەکە کاتێک گەورەتر دەبێت کە هونەر هێزی بەئاگاهێنانەوە لەدەست دەدات و هونەرمەندان تەسلیمی خواستی جەماوەرێکی ئاسایی و (نا-ڕەخنەگر) دەبن، کە خواست و تێگەیشتنیان بۆ هونەری شێوەكاری لە سنوری نیگارکێشانێكی سەرەتایی و تەقلیدیی تێپەڕی نەكردووە. هونەرمەند لەبری ئەوەی ئەم تێڕانینیە سەرەتاییەی (بینەر-وەرگر)، بەرەو خۆری تێگەیشتن بەرز بکاتەوە، بۆ چەپڵە لێدانی ئەوان خۆیان دەچەمێننەوە.

هەر لەبەر ئەمەشە پڕاكتیزەكارانی ڕاستەقینە و جددی وەك: (هونەرمەندان، ڕەخنەگران، کۆڕاتۆرەکان) ئەم جۆرە بەرهەمانە بە قەناعەت پێنەکراو دەزانن. پێان وایە هیچ ڕەسەنایەتی و زەمینەسازییەكی چەمکی نییە.

کێشەی گەورەتر لە بواری بەرفراوانی بەرهەمهێنانی هاوچەرخدایە، کە زۆرجار لاساییکردنەوە خۆی وەک داهێنان دەگۆڕێت هونەرمەند خۆی فریو دەدات، پێی وایە قسەی کردووە، لەکاتێکدا تەنها دووبارەی کردووەتەوە. بینەر بەلاڕێدا دەخرێت و باوەڕی بەوە هەیە کە مانا لەو شوێنانەدا بوونی هەیە کە تەنیا دەرکەوتن هەبێت.

زۆربەی هونەرمەندانی ئەمڕۆ ستایل و زمانە بینراوەکانی ئێستا بەرهەم دەهێننەوە بەبێ ئەوەی لەناو خۆیاندا بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە پەیوەندییان پێوە بکەن. ئەمەش دەبێتە هۆی نەزیفییەك و لافاوێک لەو بەرهەمانەی کە هیچ هەرسکردنی فیکرییان نییە کە هێز و پێویستی بە هونەر دەبەخشێت. بەم شێوەیە پەیوەندی نێوان دروستکردن و تێڕامان دەڕووخێت و دەبێتە تەنها ئاڵوگۆڕێكی وەهمی.

هونەری سەردەمی ئێمە  لە کوردستان، مەترسی نوقمبوونی لە دەریایەکی چەقبەستوودا هەیە. کە هونەرمەندان بە هەڵە ژاوەژاو بە دیالۆگ دەزانن. لەبری ئەوەی ڕووبەڕووی ئەم دابەزینە ببنەوە، بە خستنە ڕووی حەقیقەت، كەچی خەریكی ڕازاندنەوەی بۆشایین. لە پشت وەهمی پێشکەوتنەوە خۆیان دەشارنەوە. لە ژێر ئەم ماسکی پێشکەوتنەدا، هونەر لێرە خەون بە مردنێکی نەرم و نیانەوە دەبینێت.

*كارەكە كاری هونەرمەندی یابانی (Ushio Shinohara).


ئەحمەد نەبەز

هونەرمەندی شێوەکار

Check Also

گۆڕانی دیمۆگرافی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە

د. مەدیحە سۆفی لە دوای شەڕی جیهانی یەکەم و دروستبوونی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی، شێوازێكی گشتی و …