یەکشەممە, كانونی یه‌كه‌م 7, 2025
frku

قەفەسی ژوورێک

خوێندنەوەیەک بۆ هونەری (تەهچینگ هسیه)

بەیان سەلمان


لەو دەقەی ئەحمەد نەبەز، دەربارەی كاری نمایشی هونەرمەند (تەهچینگ هسیهTehching Hsieh ) بەناونیشانی ”پارچەی قەفەس” Cage Piece یاخود ژووری قەفەس، هونەرمەند هسیە لە ساڵێ ١٩٧٨ تا ساڵی ١٩٧٩ ئەو نمایشەی ئەنجام داوە. پاش تێپەڕینی ٤٦ ساڵ بەسەر ئەو نمایشە، ئەمڕۆ ئەم پارچە داخراوە چی دەگەینێت؟

ئەو جۆرە نمایشکارییە، لە تەک ئەو بۆچوونە هەڵوێستکارانەی هونەرمەند، بۆ ماوەی ساڵێکی تەواو و لە ناو تەنیایەکی ڕۆژانە بەسەری بردووە تاکو هەلومەرجی کەسێکی زیندانی و پەناهەندە و مرۆڤە پەراوێزخراوەکان زیاتر ببیندرێ و بخاتەڕوو؛ بە بۆچوونم جیاوازییەکی لەگەڵ دۆخێکی ڕاستی زیندانییەکدا هەیە.

لەلایەنی دەروونییەوە لێکی بدەینەوە زۆر گرنگە، چونکە هسیە ماوەی ١١ مانگ و ٢٩ ڕۆژ، کە لە ساڵەکەدا دەکاتە ٣٦٤ رۆژ و (٨٧٣٦) کاتژمێر بە تەنیا بەسەری بردووە.

ئەگەر بێینە سەر هەستکردن بە ترس، ئەوەی لێرەدا ترسێکی ڕاستەقینە لە دۆخی واقیعیی تاکەکانەوە هەمان ترس نییە. بەم واتایە، ئەگرچی (تەهچینگ هسیه) ساڵێک خۆی لە قەفەسێکدا ناوە و تەنیا هەرە پێداویستیەکانی خۆی بە هاوکاریی هاوڕێیەکی دابین کردووە، بەڵام هونەرمەند لەو هەستە گەورەیە بە ترسی ڕاستەقینە بەدوور بووە! کەسێکی زیندانی لە سیلولێکدا کە حوکمی ساڵانێکی بەسەردا دراوە، نائومێدە لە ئازادکردنی، ئەگەری مەترسی تێکشکانی کەسایەتی هەیە، کەمترین خۆشی ژیان لەلای ئەو لە نێو هەلومەرجێکی ناتەندروستی دێتەدی، ئەوە ئەگەر بێتەدی. پەناهەندەیەک ئەگەر لە ڕێگاوبان و لە ناو دەریا ژیانی لەدەست نەدات، ئەوە لە ناو کەمپێکی پەنابەراندا کە کەمترین بەشی ژیانی بەر ناکەوێت، هەمیشە مەترسی لەدەستدانی کەسایەتی و تەنانەت ئەقڵیشی جێی هەڕەشەیە! ئەم دوو دۆخە هەمان دۆخ نییە.

ئەوەی کە جێی سەرنجمە پتر ئارامیی باری دەروونییەتی، چونکە کە تاک بە ویستی خۆی بچێتە نێو قەفەسێک و ساڵێک نەیەتە دەرەوە، ناکاتە ئەوەی مەترسیی و هەڕەشەی لەسەر بووە. ئەمە دۆخی کەسی زیندانیی ڕاستەقینە نییە. ئەمیان لەژێر فشاری زیندانییەکانی تر، غەڵبەغەڵبیان، نەبوونی هەڵومەرجێکی جەستەیی تەندروست، مەترسی توندوتیژیی کە باوە لە نێوان زیندانیەکان و لەگەڵ پاسەوانەکان، لەسەرووی ئەوە کات دەمرێت و هیچ واتایەکی نامێنێت… گشت ئەوە دەمانخاتە نێوان پانتایی داخراو و کراوە.

لایەنی داخراویی و کاریگەری دەروونی بەسەر هونەرمەند بێگومان جێی لێکدانەوە و سەرسامییە. ئێمە دەچینە جێگەی هونەرمەند بۆ ئەوەی هەست بەو بکەین، بەو مەترسییانەی لەو ساڵەدا دەروونی پێ تەنراوەتەوە، بەو بێزارییەی تەنگی پێ هەڵچنیوە، بەوەی ئەو ماوە درێژە کاری هونەری نەکردووە. بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایا بەڕاستی ئەو ماوەیە دابڕاوە لە بەرهمهێنانی هونەریی؟ هەر خودی بوونی لە ناو قەفەسەکە نایخاتەوە نێو بەرهەمهێنانی پارچەیەکی هونەریی؟

گرنگی ئەم کارەی هسیە، لەوەدایە کە جۆرێک لە قوڵبوونەوە (mise-en-abîm)[1] بۆ ناواخنی بەرهەمە نمایشکراوەکە لە ئارادایە. لێرەدا هونەرمەند خۆیەتی کە خۆی بەرهەمهێناوەتەوە! بینینی خۆیەتی لە گۆشەنیگای خۆیەوە، چونکە لە کاتیی ئاساییدا کە هونەرمەند بە ویستی خۆی جەستەی لە نێو وەرشەیەکی کاری وێنەکێشان و هونەریدا دادەخات؛ خۆی دەبێتەوە بە کارێکی تایبەتی کە بۆ ماوەیەک (بە پێی تەواوبوونی ئەو کارەی بەردەستی) لە خودی ژیانی دەرەوە دایدەبڕێت. لێرەشدا ئەم جەستەیە، بەوەی دووبارە خراوەتە نێو هەلومەرجی قەفەسێکی هونەریی بۆ ئەنجامدانی کارێکی هونەرییە و زۆر جێی سەرنجە.

دواجار بەم لێکدانەوەیە، سنووری ڕاستی و خەیاڵ تێکەڵ دەبن، ئەگەرچی هسییە لەو نمایشەدا قاچێکی لە ناو تەڵەی ئەو قەفەسەیە و قاچێکی هەمیشە لە دەرەوە، بە حوکمی بیرکردنەوە لەوەی، کە ئەو زیندانەی ئەو کاتییە، کلیل و قوفڵەکەی بە خۆیەتی، زیندانی و پاسەوان هەر خۆیەتی، قوربانی و ستەمکار هەر ئەوە، کەوابێت کاتی دەرچوونیشی هەر خۆی بڕیاری لەسەر داوە: ٢٩ی ئەیلول/ سپتەمبەری ١٩٧٩! ئەی بۆچی ٣٠ مانگ نەبوو؟ هەموو دەزانین کە مانگی ئەیلول ٣٠ ڕۆژە نەک ٢٩ ڕۆژ! ئەی بۆچی (بە یەک ڕۆژ) پێش (کۆتایی) مانگەکە دەرچوو؟

بە بڕوای من بۆ هێشتنەوەی ئەو سنوورەیە لە نێوان خەیاڵ و ڕاستی، نەک شکاندنی سنوورەکە!


[1] ئەم پرۆسەیە بریتییە لە خۆنیشاندان، یان لە نیشاندانی کارێک لەناو کارێکی هاوشێوەدا.

Image: Tehching Hsieh. One Year Performance. 1978–79. Life images. Photo: Cheng Wei Kuong. © 1979 Tehching Hsieh, New York

Check Also

هەڵکەوت حەکیم،گفتوگۆی دارە زیندووەکان لەگەڵ زەوی

 بەیان سەلمان لە پێشانگایەک، یاخود نمایشێک بە ناونیشانێکی هەڵبژێردراو ”ژیانەوە”، کە لەگەڵ خودی نمایشی دارەکان دەگونجێت، هەڵکەوت …