پێگەی ژنەشانۆکاری کورد، لە ئێستا و لێرەدا

فرمێسک مستەفا

شانۆ بە گشت ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانییەوە، ڕەنگدانەوەی  ئێستا و ئێرەی کۆمەڵگەیە. سەکۆیەکە هەقیقەتی ژیان بە چین و کایە و قۆناغە  جوداکانییەوە شرۆڤە دەکات و بە زمانێکی هونەری بەرز گفتوگۆ دەکات. ئێمەی شانۆکاران گەر ئاوێنە نەبین ئەوا ئامرازێکین لەو رێگایەوە ئەرکمان نمایشکردنی سەرتاپای ئەو ڕووداوانەن، کە بەو میتودە هونەرییە جیاوازانەی بە پێی سەدەکانی مرۆڤایەتیی و ڕۆشنفکری بەرەوپێشەوە چوون و ئاڵگوگۆڕیان بەسەردا هاتووە. ئەرکمان هۆشیارکردنەوە و دەستخستنە سەر برین و پڕکردنەوەی ئەو بۆشایە مرۆڤایەتییەکانە بە شیکارێکی فەلسەفی جوانیی و هونەر.

 کۆڵەکەی بەرێوەبردنی شانۆ بە هەردوو ڕەگەزەکەوەیە، ئەگەر باسی لایەنی جێندەری بکەین لە شانۆدا، بە تایبەتی لە کوردستاندا، لێ بەگشتی شانۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست  شانۆیەکی پیاوانەیە. گەرچی شانۆ هەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە پیاو سەرقافڵە بووە، لە نووسین، لە دەرهێنان، لە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی و یەکلاکردنەوەی ئەم کایەیە لەسەر دەستی ئەو  بووە؛ وێناکردنی ژنیش لەناو ئەو بازنەیەدا، بەخەیاڵ و بیروبۆچونێکی پیاوانەوە باسی لێکراوە. لە ڕۆژئاوادا، لە دوای بزوتنەوە جوداکانی ژنان لە کایە سیاسی و کولتوورییەکاندا، لەو گۆڕانکاریانەی بەسەر قۆناغە سیاسی و بزوتنەوەی ڕۆشنبیریی و شۆڕش و جەنگەکانەوە  هاتووە،  لەپاڵ ژنانی ئازادی خوازدا، ژنانی شانۆکار جڵەوی شانۆیان گرت و توانیان جێدەستی خۆیانی تێدا تۆمار بکەن. تا ڕادەیەکەی بەرچاو کاردانەوەی ژیان و بزوتنەوەی ئازادی ئافرەتان لە کۆمەڵگەی ئەوروپیدا بخەنە سەر سەکۆ. چەندین گروپی شانۆیی لەپاڵ گروپە سیاسی و چالاکییە مەدەنییەکاندا دروست بوون. ژنانی شانۆکار بە بازووی خۆیان پێگەیەکی شیاویان لە ناوەندی بزوتنەوە شانۆییەکەی ئەوروپادا بۆ خۆیان خوڵقاندووە، کە بەناوەندنی شارستانی ئەم سەدەیە پێناسە دەکرێت. لە ئەمەریکاش بە هەمان شێوە، بەتایبەتی کارکردن بۆ نەهێشتنی ئەو جیاوازیە رەگەزەییەی لەنێوان ڕەشپێست و سپیپێستەکاندا هەیە.

  ئەی پێگەی ژنەشانۆکاری کورد لە ئێستا و ئێرەی کوردستاندا ڕێڕەوی پێشکەوتنەکانی بە ڕووی دونیادا کراوەتەوە! لەگەڵ رووداو و پێشکەوتنەکانی کۆمەڵگەی خۆیدا لە کوێدایە؟ چۆن پێناسەی خۆی لەو ناوەندە گرنگەدا دەکات؟ لە چاو پێگەی ئێستای ژنانی جیهاندا نەک تەنیا لە شانۆدا، بەڵکوو لە چالاکییە جۆربەجۆرە  کولتووریی و مەدەنییەکانیشیاندا پێگەیەکی تا ڕادەیەک لاواز و پاسیڤیان هەیە. ژمارەیەکی زۆرکەم نەبێت بە هەوڵ و تەقەلای خۆیان توانیان پلەی ئەکادیمیی و زانستی لە شانۆدا بەدەست بهێنن، جێگەپەنجەیان لە ناوەندەکەدا دیارە هەر لەسەرەتای پێخستەنە سەر سەکۆوە. ئێستەیشی لەگەڵدا بێت بەردەوامن لەو پێداگیریەی لەپێناو مافی سەربەخۆی خۆیاندا کە پێویستە هەبێت بوونیان هەیە بوونەتە پێشەنگی نەوەی دوای خۆیان.

 شانۆ هەر بەو قاڵبە تەقیلیدیە کلاسیکییەی چەندین ساڵە لەو ناوچەیەدا هەیە، هەر وا ماوەتەوەوە. ئەمە جگە لەوەی ژنانی شانۆکار، شانۆیان بە هاوکارە پیاوەکانیان  ڕاسپاردووە، بە بەراورد لەگەڵ ژنانی ڕۆشنبیر و شانۆدا لە ڕێڕوی پێشکەوتنەکانی ئەم چەرخەدا. دەبینین شانۆکارە ژنەکان نەیانتوانیوە وەک ئەوان (پیاوان) پەرە بە تواناکانیان بدەن و پێداگری بکەن لە بوونی خۆیان وەک  ژنێکی شانۆکار و لەو گۆڕانکارییانەی بەسەر زانستی شانۆدا هاتووە، بێبەش بوون. ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ سێ هۆکاری  سەرەکی:

 یەکەمیان، فەرهەنگی کولتووریی و پیاوسالاری.

دووهەمیان، نەبوونی بەدواداچوون و پێداگرییە لەسەر بەرەوپێشەوەچوونی خودی ژنەشانۆکارەکان.

سێهەمیان، ستراتیجیەتی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی سیستەمی شانۆیە.

بەجارێک ونین… گەرچی لە کوردستان شانۆ بە شێوەیەکی گشتی کایەیەکی فەرامۆش کراوە، ئەوەی دەشکرێ دەچێتە چوارچێوەی خولیای هونەریی شانۆکار خۆیەوە. لێرەدا باسی ڕۆڵی بەڕێوەبردن و گۆڕینی ستراتیجیەتی هونەری شانۆ لەو ناوچەیە ناکەم. ئەوەی بۆ من گرنگە وروژاندنی ئەو پرسیارەیە، سەرباری ئێستا و ئێرەی گلۆبالیزم و  پێشکەوتنی ڕەوڕەوەی شارستانی بە شێوەیەکی ئێجگار خێرا و بەرفراوانە، کەچی ژنە شانۆکاری کورد هەست بەو ڕۆڵە گرنگەی خۆی ناکات لە ئێستا و ئێرەی بزوتنەوە دبلۆماتیکە کۆمەڵایەتییەکانی خۆی، کە بە رۆژگار دەیبینێ و هەستی پێدەکات؟ تا بێتە ناو چالاکییەکەوە، بۆ هەمیشە چاوەڕوانی توانا و بیرۆکە و پرۆژەی هاوەڵە پیاوەکانیەتی؟ بۆ بە بیرکردنەوەی پیاوێک لەسەر سەکۆ ئامادەیی هەبێت و خۆی نەتوانێت بیر بکاتەوە؟

من بڕوام بەوە نییە هێڵێک لەنێوان شانۆکارانی ژن و پیاودا بکێشرێ، چونکە شانۆ بۆ مرۆڤایەتی دەجەنگێ و ئەو جەنگەیش دوو باڵی زیندووی هەیە، کە لە پیاو و ژن پێکهاتووە. کاری منیش نییە فەرشی شانۆ لەژێر پێی پیاوە شانۆکارەکان دەربهێنم، ناشکرێ وا بیر بکەینەوە. من باس لە پەرە پێدان و بیرکردنەوەی توانا و پێگەی خۆم و ژنە شانۆکارەکانی هاوپیشەم دەکەم. دەکرێ لە پرۆژەی ژنەشانۆکارێکدا تەنیا پیاوی ئەکتەری تێدا بێت، لە نوسینێک یاخود لە چالاکیی جیاواز جیاوازدا ژن بەرێوەیبەرێت، بەهەردووکیان بەڕێوەدەچێ لە هەموو حاڵەتێکدا، بەڵام خاڵە گرنگەکە ئەوەیە پێگەی ژن تێیدا بەهێز بێت.

هیچ کاتێک لە پرۆژەیەکی شانۆیدا بیر و بۆچونی ژن لە هی پیاو ناکات. گەر بگەرێینەوە سەدەی پێشوو کاتێک پیاو هەستاوە بە نواندنی رۆڵی ژن، دەبینین لاساییەکی گاڵتە ئامێزانەیە بە ژن. گەر وا نەبووبێت، بۆ لە نواندنی ڕۆڵی ژندا لە لایەن ئەکتەری پیاو هەموو پێدەکەنین و کەسایەتی ژنەکە بۆ ئێمە ڕۆڵێکی کۆمیدی بووە هەمیشە؟ نەک تەنها لەناو کورد، بەڵکوو لە  هەموو دونیا هەر وابووە. کاتێک پیاوەکان هەستاون بە نواندنی ڕۆڵی ژن، وەک لیبۆکێک بۆ پێکەنین لاساییان دەکەنەوە، یان بێدەسەڵات یان وەک جادووگەر گوزارشتیان لێکراوە. تەنانەت لە کۆمەڵگەشدا هەر وابووە، کاتێک گاڵتە بە پیاوێک بکرێت یان بیانەوێ لە ئاستی پیاوەتی نزم بکەنەوە، بەرگێکی ژنانە دەکەنە بەری و فۆتۆ شۆپی بۆ دەکەن، بەڵام کاتێک ژنێک هەستاوە بە دیتنی ڕۆڵی پیاو، بێ لە ریش و سمێڵکی پیاوانە، شمشێرێکی بە لاقەدەوەیە و وەک جوامێر و جەنگاوەر نواندنەکەی بەرجەستە کردووە. سنگی دەردەپەڕێنێ و خۆی وەک خاوەن دەسەڵاتدارێک نمایش دەکات. ئەمەیش ئەوەمان پێدەڵێ، ژنان لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیاندا، پیاویان بە دەسەڵاتدار و خاوەنی هەموو فریادڕەسەکان و خۆیشی دەبینێت.

تێکستە نووسراوەکان هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی شانۆوە ژمارەیەکی کەمیان نەبێت کە ژن تێیدا خواوەندی ئاشتیی و جوانییە، نووسەر پێگەیەکی گرنگی لە کۆمەڵگە پێداوە، دوای ئەوەی وەک قوربانی لە سەرەتادا نمایشی دەکات و دواجار تۆڵە سەندرێنەوەیە. کاتێکیش پیاوێک دێت کاری دەرهێنانی بۆ دەکات، لە هزر و بیرکردنەوەی پیاوێکەوە دێتە ئەنجام، لەو بیرکردنەوەیە ئەنجام دەدرێ، ئەو خۆی وەک پیاو چۆن کەسایەتی ژن دەبینێت، هەروایش بەرجەستەی دەکات! واتە لە دوو پیاوەوە دەستا و دەستی بۆ دەکرێ و  لە پرۆسە شانۆییەکەوە دەکرێتە بەرگی ژنێکی شانۆکار. تەنانەت گەر خودی ئەو تێکستانەیش بێت، کە لە پیاوێکی یەکسان خوازەوە نوسرابێت و خاوەن باوەڕێکی تەواوی فێمینستی هەبێ، نموونەیش بۆ ئەم دەقانە زۆرن. گرنگترینیان کارەکتەری (نورا)یە لە شانۆنامەی “ماڵی بوکەڵەکەی” ئیپسن، کە بە تێکستێکی فیمنیستی ئاماژەی بۆ دەکرێت و لە لایەن نووسەرێکی پیاوەوە، کە (ئیپسن)ە نووسراوە. تەنانەت خودی ئەم دەقەشانۆنییەش گەر دەرهێنەرێکی پیاو بیخاتە سەر سەکۆ زۆر جیاواز دەبێ وەک لەوەی دەرهێنەرێکی ژن بیخاتە سەر سەکۆ!

لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بە سێ نموونە بکەم، کە خۆم تێیدا وەک ئەکتەر بەشدارم: نمایشێکیان تێکستێکە یانزە ژنن لە کارگەیەکی چنیندا، نووسەرێکی شانۆی ئیتاڵی بە ناوی (شتێفانۆ ماسینی) دەرهێنانی (ڤێرنە شورتس مایە)یە. ئەوی دیکەیان بەهەمان شێوە بابەتێکی ژنانەیە و هەشت ژنن لە حەمامێکدان، نووسیینی (رەیحانە) و دەرهێنانی (ئێدیت کۆربەر). ئەوەی ترییان پیاو نووسەرییەتی و پیاویش دەرهێنانی بۆ کردووە، گەرچی لە دیدی نووسەر و دەرهێنەرەکەیشەوە بڕوای تەواویان بە بزوتنەوەی جێندەری هەیە، بەڵام کۆتاییەکەی وەک ئەو شانۆنامەیەی دیکە نییە، کە نووسەرەکەی ژن و دەرهێنەرەکەی بەهەمان شێوە ژنە. لە پرۆژەی یەکەمیاندا ژنەکان دژی یەکترن و لە کۆتایشدا کاتێ رووداوەکان پێشدەکەون و دەگۆڕێن، ژنەکان هەر دژی یەکتر دەمێننەوە. لێ لە دووەم شانۆنامەدا، لەگەڵ هەموو بیروڕا جیاوازەکانی نێوانی ژنەکان، کۆتاییەکەی سۆلیداریەتی ژنەکان پێشان دەدات، بە تایبەتی لە هاوکاری و پشتیوانی یەکتردا و یەکگرتووی ژنەکان. دوای کۆتایی پرۆسەی شانۆنامەی یەکەم، ڤێرنەر شورتس مایە پێێ گوتین: “کچینە گەر ژنێک کاری دەرهێنان بۆ ئەم تێکستە بکات، وەک من لە ڕووداوەکان ناڕوانێت و ڕەنگە جۆرێکی تر بخرێتە سەر سەکۆ.”

 سێهەمیان کارێکی شانۆیی موزیکی پێرفۆرمانسە، بە ناونیشانی “خۆشەویستی”، کە لە دوو بەش پێکهاتووە، بەشێکی کارمان بۆ تێکستی کرد کە لەلایەن کچە نووسەرێکی تەمەن بیست و چواری ساڵی بەرەگەز ئەفریقی لە بەریتانیادا نووسراوە، کە خەڵاتی باشترین نووسەری  شانۆیی لاویی ئەوروپی ئەم سەردەمەی وەرگرت. ناوی (یاسمین لێ جۆنێس). لە یەکەم ئێوارەی نمایشەکەماندا بە ئامادەبوونی یاسمین لێ جۆنێس خۆی بوو. بۆ ڕۆژی دوایی ئیمەیلێکی بۆ ماڵە شانۆییەکە کرد، تێیدا ناڕەزایی خۆی دەربڕی بەرامبەر ئەو ئەکتەرەی دەرهێنەرەکە دایناوە بۆ نواندنی ئەو کەسایەتییەی ئەو نووسیویەتی! ئەو باس لە  ژیانی کچێکی ئەفریقی دەکات. لە تێکستەکەیدا باس لە چەوسادنەوەی ئەو ژنانە دەکات لە لایەن سپیپێستەکانەوە، کە ئەو هەوڵیداوە مافی ئەوان بەدەست بهێنێت. لەبەر ئەوە دەبێت ئەو کەسەی هەڵدەستێ بەبەرجەستەکردنی ئەو ڕۆڵەیش هەر وەها ئەکتەرێکی ئەفریقی بێت! بۆ ئەکتەری سپیپێستی ئەوروپی نەینووسیوە. ناچار دەرهێنەرەکە ڕۆڵەکەی لە کچە ئەکتەرە ئەڵمانەکە وەرگرتەوە، تا ئەکتەرێکی ئەفریقی دەدۆزێتەوە بۆ ئەو ڕۆڵە، نمایشەکەمان وەستاند. ئەم نموونانەیش ئاماژەیەکن بۆ بوونی هۆشیاری تاکەکەسی لەناو پێگەیەکی پێشکەوتووخواز.

تاچەند ئەم هۆشیارییە هەستی پێدەکرێ کاتێک یەکێک لە ڕەگەزەکان کار بۆ بابەتێکی شانۆیی دەکات؟ نموونەیەکی دیکە، لەسەر یەکێک لەو کارانەی وەک ئەکتەر بەشدار بووم، لە درامای ”دواشەو” کاتێکی زۆر لەگەڵ دەرهێنەرەکە لەسەر ڕۆڵی دایکەکە گفتوگۆم کرد، نەک هەر ئەو ڕۆڵە، بەڵکوو بە گشتی لەسەر ڕۆڵی ئەو ژنانەی من ئاگاداریان بووم تا ئەو جێیەی سیناریۆکەم خوێندبۆیەوە. من لەگەڵ سیناریستەکە، کە خودی دەرهێنەر خۆیشی بوو، باسم  لە داهاتوو و چۆنیەتی بەرەو پێشەوەچوونی ڕووداوەکان لەلای ژن و کچەکان کرد.

 ژنێکی پاسیڤ لە خێزانێکدا چۆن دەکرێ بگوڕێت بۆ ژنێک ڕۆڵێکی ئەکتیڤی هەبێ! یاخود پێشاندانی  ئەو هۆکارەی کەسایەتی ئەو دایکەی وا بێدەسەڵات کردووە لەناو خێزانەکەی خۆیدا! بۆ نموونە بۆ دایکەکە هەمیشە کێشەکان دروست دەکات؟ بۆ جیاوازی لە نێوان مندالەکانیدا دەکات؟ بۆ خەسوویەکی ناحەزە؟ لێ بە بیر و بۆچوونی دەرهێنەرێک یان سینارستێک، ڕۆڵەکان بەو جۆرە دەبن کە کاریگەری ئەوتۆیان لای بینەر جێ ناهێڵن. ئەمە بە گشتی هەموو دراما کوردیەکانی تریش دەگرێتەوە… دەکرێ کەسایەتییەکە پاسیڤ بێت، بەڵام  ئەرکی دەرهێنەر یان سیناریست ئەوەیە چۆن لە کۆتایدا  کەسایەتییەکە دەگۆڕی بۆ کەسێکی ئەکتیڤی خاوەن کاریزما. گۆڕینی شەڕ بۆ خێر، تا لەکۆتایدا بەرهەمەکە لەدایک بوو، هاندەرێکی باش بێت بۆ ژنان و بۆ وێنەی ژن لە چوارچێوەی کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاردا بەرز ڕابگیرێ و بتی ئەو دەسەڵاتە  کلاسیکیە وەهمییە بشکێنرێ. بەداخەوە لە شانۆ و لە دراماشدا، ئێمە ئەو ژنانەین لە کۆڵان و بەردەرگا و نێو بازاڕەکاندا وەک فیگورێکی لاواز و سێبەری ئەو فەرهەنگە دواکەوتووە دەبینرێین. لەناو ماڵەکانیشدا یان ژنی بێ دەسەڵاتین یاخود ژنسالارین. کارە گرنگەکەشمان لەبەر تەباخین و خەریکی پاککردنەوەین، هاوکات هەڵەوەڕین و  هیچ لەبارا نەبووین، ( بێگومان هەموو دراما و شانۆنامەکان ناگرێتەوە).

گەر ئەوە ژیانی ژنی کوردیش بێت، بەڵام هەقیقەتی ژنی کورد نییە. مێژووی ژنی کورد لێوانلێوە لە ئازایەتی و تێکۆشان و خەباتی ناوازە، بابەتە گرنگەکە ئەوەیە، هۆشیارکردنەوە و ڕەخنە و ئاریشەکانی لە کۆمەڵگەدان لە بەرهەمە  هونەرییەکاندا  لە کوێدایە؟  کارەکە لەڕووی هونەرییەوە تا چەند سەرکەوتووبێت، ئەرکە بابەتییە بەرپرسیارییەتەکەی ون بوو، کەلێنێکی گەورە دەخاتە ناو بەرهەمەکەوە و لە کۆتاییدا  نیوەچڵ دەبێ. ئەرکی نووسەران و شانۆکاران ئەوەیە لە کۆمەڵگەیەک دەسەڵاتی پیاو تێدا زاڵە، لەڕێی هونەرەوە وێنەی ژن بەرز ڕابگیرێت و هەوڵ بۆ یەکسانی بوون بدرێت. هەقیقەتێکی تر پێشان بدات، کە لە پشتی پەردەوە شاردراوەتەوە و پیاو نایەوێت ببینرێت. ژنانی کورد لە هەموو بوارەکانی ژیاندا لە پاڵ پیاوی کوردا توانای هەڵکەوتوویان هەیە و هۆشیارن، بەڵام لەژێر رکێفی پیاودا ئەو خەسڵەتانەیان پیادە دەکەن. بۆ ئەمەیش پێویستمان بە ڕۆشنبیری شانۆکارە لە هەردوو ڕەگەزەکە و بە دواداچوونی تاکە کەسی خۆیانە بۆ تێگەیشتن لە هونەری یەکسانیخوازی. شارەزایی بوون لە زانستی جێندەریی و پێداگۆکی.

  نووسەر و دەرهێنەری ژنەشانۆکار لە ئەوروپادا تا دێت بەرەو هەڵکشان دەچێت، دەزگا و دامەزراوە کولتووریی و شانۆییەکانیش ئافرەتان بەڕێوەی دەبەن، بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە بۆ پرسی ژن لە گۆمەڵگەکەیاندا بجەنگن و ڕۆڵی بەهێزی خۆیان لە کایەکاندا پێشان بدەن.

ترسێک هەیە لەناو دەروونی ژنانی شانۆکاری کورددا، لەبەر ئەو توندوتیژییەی کۆمەڵگە هەیەتی، لە لایەک بەرامبەر ئەو ئافرەتانە وەک ئەکتەر، لە لایەکی تریش فەرامۆشکردنیانە لە پێگەی بەرپرسیارییەتی، هەموو پۆست و پێگەی کولتووری و ڕۆشنبیرییەکان بۆ پیاو تەرخان کراوە و حەسانەی حزبین بۆ پیاوەکان.

هەر لەبەر ئەم زامەی لە پێگەی ژناندا لە شانۆدا هەیە، تیمارکردنەکەی لەسەر دەستی خۆمانە وەک ژنان. بڕواناکەم هاوکارە پیاوەکانمان دژی ئەوە بن، کە ئێمە خۆمان بەڕێوەبەری توانا و لێهاتوویەکانی خۆمان بین. ڕاستە ڕەنگە ژمارەیەک هەبن لە پیاوان کەیفیان بەوە نەیەت ژنانی شانۆکار پێشبکەون، یان بڕوا ناهێنن بە لایەنی هزریی و هونەریان و ئاستی ڕۆشنبیریان.

لەگەڵ ژنە ئەکتەریکی ئەمریکای لاتینی هاوکارمدا باسی ئەم خاڵەم کرد. ژنانی شانۆکاری کۆلۆمبیا پێگەیان لە کۆمەڵگەی کۆلۆمبیدا چۆنە؟ گوتی: ژنانی شانۆکاری کۆلۆمبی، ڕاستە وەک لای ئێوە هۆڵی شانۆمان هەژار  نییە، بەڵام بزوتنەوەیان هەیە، جێگەدەستی خۆیان لە دەرەوەی هۆڵی شانۆدا هەیە، لە گەراجی کارگە و ئۆتۆمبێلەکاندا، پرۆڤەیان کردووە و کۆبوونەوەیان کردووە تا کارێکی شیاو بەخۆیان بکەن. ژنانی شانۆکاری کۆلۆمبیا هەمیشە وەک شۆڕشگێرن، گەر هیچیان دەست نەکەوێ لە سەر شەقامەکان کارەکانیان نمایش دەکەن.

ئەی ئێمەی ئافرەتانی شانۆکار چی بکەین تا ئیدی سەدەیەک لە دواوە نەبین و دووبارەبوونەوەی سەدەی پێشوو نەبین؟ گرنگترینیان دەنگی سەربەخۆی خۆمان هەبێ. لە ژیانماندا لە خۆمان وەک ئافرەت بگەین، خۆمان پێ قەبوڵ بێت و بەرگری لە هاوڕەگەزی خۆمان بکەین و پشتیوانی یەکتر بین.

بەو هیوایەی ژنانی شانۆکاری کوردیش، بیر لەو هەموو ڕووداوە جۆراوجۆرانەی ڕۆژانە روودەدەن ڕۆڵی کاریگەریان لەسەر سەکۆ هەبێت. ببنە خاوەنی پێگەیەکی بەهێزی خۆیان و جێگە پەنجەی خۆیان بۆ مێژوو تۆمار بکەن. دەبێت لە ئێستا و ئێرەدا بوونیان هەبێ و چیی تر پاشکۆی پیاو نەبن و خاوەنی دەنگی خۆیان بن. ئەوەیش پێویستی بە گەڕان بە دوای زانست و ژیریی و پەرەپێدانیانە لە بوارە جیاوازەکانی ژیاندا، وەک فێربوون و تێگەیشت و بەدواداچوون، دروستکردنی تۆڕی ئاڵوگۆڕی زانیاری لەنێوان خۆیاندا. ئێمەی ژنانی شانۆکار نەهاتووینەتە سەر سەکۆ تا بوکەڵە بین، ئێمە لە کۆمەڵگەی کوردیدا هاتینە سەر شانۆ تا پێگەی بە هێزی خۆمان تۆمار بکەین. خۆمان لەو قاڵبە کلاسیکییەی هەبووە دەرباز بکەین و چییتر پاشکۆ نەبین.

Check Also

٨ی ئازار، بەرەو ڕۆژێکی نوێ

ڕۆژێکی نوێ بۆ پاراستنی مافی هەموو مرۆڤێک بۆ داکۆکی لە گشت ئازادییەک بۆ نوێکردنەوەی پەیمانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *