سەرپۆشەکەی نەنکم

 

دلێر محەمەد نوری


 سەرپۆشەکەی نەنکم، سەرپۆشێکی، سپی و جوان بوو. هێندەی دڵی هەموو پەپوولەکانی دونیا پاک بوو. نەنکم ئایندارییەکی ئەکرد، هێندەی ئایینداری فریشتەکانی خودا، بێ غەل و غەش بوو. ئەرکی سەرەکی سەرپۆشەکەی، داپۆشینی پرچ و کەزیە سپییەکەی بوو. بەڵام هەندێ ئەرکی دیکەشی هەبوو. نەنکم هێندە خودای خۆش ئەویست، پێویستی بە سەرپۆشیش نەبوو. بەڵام لە بەر ئەوەی، لە باپیرە قورئان خوێنەکەمەوە بیستبووی کە خودا پێیخۆشە سەر و قژی داپۆشێت. ئەو سەرپۆشەی کردبوو بە هاوڕێی سەری. هەر وەک وتمان، ئەم سەرپۆشە هەندێ ئەرکی لاوەکیشی هەبوون، جگە لە ئەرکە ئایینییەکەی. بۆ نموونە، کاتێ دەستگرەکەی لێ ون ئەبوو، خێرا سەرپۆشەکە کۆمەکی ئەکرد، تا مەنجەڵە گەورە فافۆنە پڕ لە خواردنە گەرمەکانمان، بۆ بێنێتە سوچی سەرەوەی سفرەکەمان، ئەو خواردنانەی بەدەم لاوانەوە بە بەیتە فۆلکلورییە کوردییەکانی عەشق، بۆی لێدەناین. بیرمە جارێکیشان لە بازار گەراینەوە، لەبەر ئەوەی زەمیلە نایلۆنەکەی نەنکم، لێوڕێژ بوون لە میوە و سەوزە، لەچکەکەی لە بڕێک لەو میوانەوە پێچا و تا ماڵەوە بەبێ سەرپۆش گەڕایەوە. بەدەم ڕێوە سڵاوی لە هەمووان ئەکرد و کەچی نە مەلای گەڕەک و نە حاجی و ئیمانداران کەسیان لە زەردە خەنە بەولاوە هیچ پەیامێکی تریان نەبوو. جارێکیشیان چاک لەبیرمە، خەریکی گسکدانی حەوشه و بەردەرگا بوو، ئارەقێکی زۆری کردبوو، هەر بە لەچکەکەی جوان جوان دەموچاوی خۆی سڕی و هەر بەو لەچکەشەوە نوێژەکەشی کرد. کەچی نە خودا قێزی لێ کردەوە و نە شەیتایش توخنی ئەو ناوە کەوت. ئاخر دروستی نزاکانی نەنکم بە هۆی لەچکەکەوە نەبوو، بەڵکو ئیمانی ئەو لە دڵەوە بوو، هەر بۆ دڵی خۆیشی بوو. نەنکی من و نەنکەکانی ئێوەش، جاران بەبێ لەچک، بێ قورئان و بێ حەدیسیش هەر ئیماندار بوون. بیرمە جارێکی دیکەش مامێکم بە سەرخۆشی گەڕایەوە، هێندەی خواردبووەوە، ڕشایەوە. کەچی نەنکم یارمەتیدا و لە بەر بەلوعەی ناو حەوشەکە، دەموچاوی بە ئاوی سارد بو شت و هەر بەو لەچکەش بۆی سری و بۆ نوێژی شێوانیش، هەر بەو لەچکەی کە دەموچاوی مامە سەرخۆشەکەمی پێ سڕی بوو، نوێژەکەشی پێوە کرد. ئاخر نەنکم هەرچ شتێک خوا پێی ناخۆش بووایە و عەبد بیکردایە، ئەیوت: ”ڕۆڵە ئیرادەی خوای لەسەرە، دەسەڵاتی ئێمەی تیا نیە. خەڵکی لێرە چی پێ خۆشە با وا بکات، دواجار خودا خۆی حسابمان لە گەڵ ئەکات.” ئاخر نەنکم ئیماندارێکی تەواو سێکولار بوو، هەرگیز دین و دونیای تێکەڵ نەدەکرد. سەرپۆشەکەی نەنکم جوانترین سەرپۆشی دونیا بوو. نە لەو لەچکەی ئامینەی ژنی ئەردۆگان ئەچوو، نە لەو نیقابانەی سەری ژنە داعشەکانی کەمپی هۆلی سوریا دەچوو. سەرپۆشەکەی نەنکم تەنانەت لە سەرپۆشی کچە ئیسلامییە سیاسییەکانی نێو فیستیڤاڵەکانی پاڵاپۆشی و ژنانی تاڵیبان و موجاهیدینی خەلقی‌ ئێران و هیچ لەچکێکی دونیای ئەمڕۆش نەدەچوو. بەڵکو ئەو سەرپۆشە سپییەی نەنکم، سەرپۆشێکی کوردی ڕەسەن بوو. لە یەک کاتدا بۆنی ڕۆنی قرچاوی چێشتلێنان و بۆنی عارەقە فەلەکەی مامەم و بۆنی ئارەق کردنەوەی خۆی و بۆنی سەوزە و بۆنی میوە، هەندێ جاریش بۆنی چڵە ڕەیحانی لا گوێچکە و بۆنی گوڵاوی بەهەشتیشی لێ دەهات. ئەو هەرگیز سەرپۆشەکەی لە ملی خۆی توند نەدەکرد. سەرپۆشەکەی نەنکم وەکو تاڤگە بە سەر شانەکانیدا شەپۆلی ئیمانی دەدا و شۆڕ دەبووەوە. سەرپۆشەکەی نەنکم هێند پڕ تەفەڕک و موبارەک بوو، جار جارە کە ناوکیشی ئەکەوت، جامولکەیەکی فافۆنی لە سەر ناوکی دادەنا و توند بەو سەرپۆشە سپییەی ئەیبەست. کەچی لە وادەی چارەکە سەعاتێکدا ئازاری ئەشکاو ناوکیش ئەهاتەوە جێی خۆی. من دڵنیام ئێستاکە نەنکم و سەرپۆشەکەی وان لە بەهەشتدا، چونکە خودا لەو ئاییندارییە پاکانەی مەبەستە کە بەشێک لە ڕوحی خۆی لە جەستەیاندایە. من دڵنیام تەنانەت خودا لەو وردە هەڵانەی کاتی نوێژ خوێندنیشی خۆش بووە، کاتێ جێگەی (رجیم) و (رحیم)ی لە نێو فاتیحاکاندا لێ دەگۆڕا. چونکە خودا لەو دونیادا، لەسەر ئەوەی لە دڵی مرۆڤەکاندایە حسابمان لەگەڵ دەکات، نەوەک ئەوەی چەند ئایەت و چەند سوڕەتت لەبەرە یان نا! چیت پۆشیوە و چیت نۆشیوە. چوویتە دەرێ یاخود تەنها لە گۆڕی چوار دیوارەکەی ماڵەوە ژیاویت تا ڕۆژی مەرگ. خودا یەک خودایە و جولەکە و مەسیحی و موسوڵمان و تەنانەت بێ باوەڕ و گاپەرستێکیش لەسەر دڵ و دەروونی سزا دەدات، نەوەک لە سەر چی پۆشین و چی نۆشین.

تێبینی: وێنەی هاوپێچی بابەتەکە لە کوردستان پۆست وەرگیراوە

Check Also

زیندان و کۆڕەو

دۆستۆیڤسكی، بەیان سەلمان   رەفیق سەعید بەراوردێك لە نێوان دوو كتێب كە جیاوازی نوسینیان سەدەیەكە …