هاوپۆڵەکەم

سوهاد عەبدوڵا


لە قۆناغی بنەڕەتیی دابووین. من دۆستی چەند کچێک بووم، کە کەس و کاریان، وابزانم پەکەکە بوون، یان لەوانەشە لایەنگری پەکەکە بووبن. بە گشتی ئەوان چەپ بوون. حەزی زۆرم بۆ خوێندنەوە، منی پتر لەوان نزیک دەکردەوە. هەرچیەکیان لە کتێب و بڵاوکراوە دەست دەکەوت بۆمیان دەهێنا. گوڵزار لەناویاندا زۆرتر چالاک و بەدەم بوو. ئەو هەندێک جار ڕەخنەی لە هەڵوێستەکانی پەکەکەش دەگرت و بە ناسیۆنالیست ناوی دەبردن. دواتر زانیم کە برای گوڵزار کۆمۆنیست بوو. کۆمۆنیستەکان دەیان حیزب و ڕێکخراویان هەبوو، بۆیە هەرگیز نەمدەزانی سەر بە کامەیان بوو. زۆریش بەلامەوە گرنگ نەبوو، تا بکەومە کنەی ئەوەی، براکەی چیە، لەکاتێکدا بۆمن بەس بوو کە کەسێکی چەپە.

کوڕەکانی پۆڵیش، زوربەیان یەکیەتیی بوون. پارتیشمان تێدا هەبوو. هەڵوێستی هەندێکی دیم هەرگیز بۆ ڕوون نەبوو. عوسمان، کە پێیاندەگوت عوسە، لە گوندێکی دەشتی کۆیە هاتبووە شار. ئەو بە تەمبەڵی ناسرا بوو، هەرچەند جارجارەش، جا بە قۆپیە بایە، یان بە ڕێکەوت، پلەی باشی وەردەگرت. عوسە هەر لادێی نەبوو، بەڵکو لە جل و بەرگ و چڕوچاویشی دیار بوو، کە لە بنەماڵەیەکی هەژارە.

عوسە زۆرجاران دەبووە مایەی گاڵتەپێکردنی کوڕانی پۆڵ. ئەو، کە لەبەر زۆر لەمپەری کۆمەڵایەتی، نەیدەتوانی ببێتە هاوڕێی ئێمەی کچ، هاوکات کوڕەکانیش دۆستایەتیان نەدەکرد و تەنیا باڵ مابووەوە.

ئێمەی کچە چەپەکان، بەهۆی ئەوەی، کە عوسە لە چینێکی هەژار و پڕۆلیتێر هاتووە، هاوسۆزی بووین. سڵاومان لێدەکرد. ئەو ڕۆژانەی کە نەدەهات، ئێمە دەفتەرەکانی خۆمان دەدایێ، تا وانەکانی لەبەر بنوسێتەوە. بە کورتی، ئێمە لەناو پۆڵ، نەک هەر هەستمان بە جیاوازی چینایەتی دەکرد، بەڵکو شەڕێکی سەختی چینایەتیشمان دەبینی.

خۆشیەکەی ئەوە بوو کە هیچێک لە ئێمە هەژار نەبووین. واتا بە گشتی لە چینی ناوەڕاست، یان سەرەوە بووین، بەڵام بە ئایدیۆلۆژیا چەپ بووین و ببووینە کرێکار. عوسە بۆ ئێمە ببووە مەیدانی پیادەکردنی پڕاکتیکیانەی بیروباوەڕمان. دەبا بیسەلمێنین کە چەندە لەگەڵ خۆمان ڕاستگۆین.

دوای قۆناغی بنەڕەتیی، هاوپۆڵەکان پەرت و بڵاو بووینەوە. من و گوڵزار، کەوتینە شارێکی دی، بەڵام دیسان لە قۆناغی ئامادەییدا هەر هاوپۆڵ بووین. هەر ئەوەندە ئاگامان لە عوسە بوو، کە لە ئەزمونەکانی کۆتایی ساڵ، لە چەندان وانە دەرنەچووبوو.

 دوای تەواو بوونی ئامادەیی، من و گوڵزار ناومان لە دوو کۆلێژی لێکجیا دەرچوو. سەرەڕای ئەوەش، پەیوەندیمان بەردەوام بوو. زۆری نەبرد کە شەقی زەمانە، منی خستە دەرەوەی وڵات. وەک بەڵێنم بە گوڵزار دابوو، چ بە تەلەفۆن و دواتر ڤایبەری ئێستا، یان لەکاتی سەردانەکانمدا، هەمیشە ئاگام لێیەتی و لێیدەپرسمەوە.

ئەمڕۆ تەلەفۆنم بۆ گوڵزار کرد، وەڵام نەبوو. دوای چەند هەوڵێک، ئینجا تەلەفۆنی هەڵگرت. لێم پرسی کە دەبێت لەم بار و دۆخەدا، بێ موچە و بێ پارە و بێ هیوا، چی بکات و لە چ بارێک دابێت؟ بە گریانەوە پێی گوتم، کە ڕۆژی پێشتر براکەی بردراوە. تێنەگەیشتم مەبەستی چیە!

گوتم بردراوەتە کوێ؟

گوتی نازانم. هێزێکی چەکدار هاتنە سەر ماڵمان و دەست و چاویان بەستەوە و لەگەڵ خۆیان برد. ئینجا بە ئاخێکی زۆر قوڵەوە گوتی، عوسەت لەبیرە؟ گوتم عوسە کێیە؟

ئیدی وەبیری هێنامەوە کە مەبەستی هەمان عوسەی هاوپۆڵی جارانمانە. گوتم جا چی بووە؟ خۆ ئەویش نەگیراوە؟

گوتی نا نا کچێ. ئەو هێزەی کە هاتن و براکەمیان برد، عوسە سەرۆکیان بوو. سەرشانی هەمووی تاج و نەجمە بوو.

دوای ئەوە من دەنگم گیرا. گریان قوڕگمی گوشی. تەلەفۆنەکەم دانا و تفم لە ئایدیۆلۆژیای سەردەمی هەرزەکاریی کرد. ئێمە بە خەیاڵی خۆمان تێدەکۆشاین، تا لەسەر زەوی، بەهەشت بۆ عوسە و کەسانی وەک ئەو دابین بکەین، کەچی دز و مافیاکانی کوردستان، لە ڕێگای عوسەوە، دۆزەخێکیان بۆ ئەو میللەتە بەرپا کردووە.

دوای تێپەڕبوونی دوو هەفتە، ویستم هەواڵێک لە براگیراوەکەی گوڵزار بزانم! دوای دوو جار هەوڵدان، زەنگی تەلەفۆن لێیدا.

گوڵزار:- چۆنی گوڵەکەم. بەخوا لە خەیاڵم بووی و تەلەفۆنت نەکردبایە، من ئێوارە بۆتم دەکرد.

من:- سوپاس گوڵەگیان. سەرەتا پێم بڵێ چ هەواڵێکی خۆشی براکەت هەیە؟

گوڵزار:- سوهاد گیان، دوای لە دەرگادانی ئەو هەموو ناکەسبەچەیە و دیاری بردن بۆیان، بەڵێنمان وەرگرت کە بیبینین. جا چیمان بینی! هەموو گیانیان بە لێدان شکاندووە. چاوم کوێر بێت، ئەو هەر دەیگوت باشم و خەمی منتان نەبێت. پێرێ، بەهۆی گیرانی سەدان کەسی دی لە خۆپیشاندانەکان، بۆ ئەوەی جێگایان بکەنەوە، براکەم و چەندانی دیان بەردا و ئێستا وا لە خەستەخانە خەواندوویانە تا دەتوانێت جارێکی دی پێ بگرێتەوە.

من:- دەستی عوسە و کوێخاکانی عوسە بشکێت و خێر لە پارەی دزراویان نەبینن!

گوڵزار: کچێ عوسەش گیرا!

من:- ئەو بۆ؟

گوڵزار:- وا دیارە موچەی چەند مانگێکیان پێنەداوە، بۆیە لە خۆپیشاندانەکانی پێرێ، عوسە لە پێشەوەی خەڵکە ناڕازیەکە، پڕ بەدەم هاواری دەکرد:- نا بۆ دزینی موچە! نا بۆ نیوە موچە!

من:- کەواتە عوسە هێشتا ناخی ڕەش نەببوو، هەر برسیەتیی زۆری بۆ هێنابوو.

گوڵزار:- چی بکەین! ئێستا خەمی چارەنووسی عوسەشمان، هاتۆتە سەر خەمە زۆرەکانی دی.   

Image: https://pixabay.com/fr/

Check Also

زیندان و کۆڕەو

دۆستۆیڤسكی، بەیان سەلمان   رەفیق سەعید بەراوردێك لە نێوان دوو كتێب كە جیاوازی نوسینیان سەدەیەكە …