ڕۆیشتن بەدەم (با) لە ڕەنگەکانی هونەرمەند (حەمە هاشم)

حەمە هاشم


نووسینی: بەیان سەلمان

بەیەکەم تەماشای تابلۆکانی هونەرمەند حەمەهاشم، وەک دەرکەوتەکانی ساتەوەختێکی پڕ دەربڕین سەرنجمان ڕادەکێشن. لەم تابلۆیانە لەنێوان ڕەنگ و جیهانێکی ئەبستراکتدا هونەرمەند توانیوێتی هەمائاهەنگیەکی گونجاو دروست بکات. هەستی پێ دەکەین وەک ئەوەی خۆی فڕێدابێتە نێو قووڵایی خۆی، هاوکات بۆ ئەوەیەتی ناخی مرۆڤەکان بوروژێنێت و بەتایبەتی هەستەکانمان چالاک بکات لە ئاست خوێندنەوەی ڕەنگ لەبری وشە. ئەوەش هەر جۆرە تێکۆشانێکی هونەرمەندی داهێنەرە، بۆ جێکردنەوەی تروسکاییەک لەنێو دنیای خەونی ڕەنگاورەنگ، بەڵام لە هیوا بێ بەرمان ناکات.

هونەرمەندی پڕ ئەزموون، ڕوانگەی خۆی بۆ ئێمە دەگوازێتەوە، بەهەردوودیوی خۆشی و ناخۆشیش. نووسەری کورد، عەباس عەبدوڵا یوسف، بەم شێوەیە وەسفی تابلۆکانی هونەرمەند دەکات: ”ڕەنگ و نووسینی درەوشاوە، حەمە ھاشم لەناو ئاژاوەی رەنگ، خۆی و ئێمە و لەخۆی خۆتر و لە ئێمە ئێمەتر دەورووبەر و ژینگە دێنێتە گۆ، رەنگ لە فرە ئاستەی خۆی زەقڕەنگ و خەمڕەنگ و مەستڕەنگ و خاوڕەنگ و صافڕەنگ … جیھانێکە. شتەکانیش لە ئاوەژووی بوونیان و ئازاریان و ئومێدیان … جیھانێکە، تێکڕای ھاو جیھانی حەمە ھاشمن، تابلۆکانی دەرفەت بە ئێمە دەدات لێیان بچینە ژوورەوە، قوماشی تابلۆ و چوارچێوەی تابلۆ نابنە بەربەست و تەگەرە، فسفۆڕڕەنگ شادیمان پێدەبەخشێ، بۆرڕەنگیش لەو ئاسمانەیەدا ئەویش شادە. حەمە ھاشم شادبی، ئێمەت شاداند.”

وێڕای گەمەکردن لەناو ئەو جیهانی ڕەنگانەدا، وەلێ ساتێ  بەیەک تەماشا سەرجەمیی تابلۆکان سەیر دەکەین بەزۆریی رەنگی شینیان بەسەردا زاڵە، تابلۆیەکیان ڕەنگی زەردی (خۆر). تابلۆیەکیان لەناو ڕەنگی شیندا بازنە دڵۆپەی بارانی تێدا بەدی دەکەین. بەشێکی تابلۆکانیش لە دوو پلانی سەرەکی بە دوو ڕەنگی جودا سنووریان کێشراوە. ڕەنگی شین، هەستێکی ئاسمان و ڕووبەری ئاوێکی شینباومان لەلا دروست دەکات. بەرێکیشیان خاک و دیوارە کە بە ڕەنگی بۆر دەریبڕیوە، وەک دیوارێکی کۆن و خاکێکی وشکایی دێتە بەرچاومان. بەشێکیان لە پلانی پێشی پێشەوەن و وەک زووم ئینی zoom in لە جووڵەی کامێرایەک، کە بە قورسایی لەشیان خۆیان دەسەپێنن. هەندێکیان خراونەتە دواوە  zoom outوەک پەراوێژ کردنیان. هاوکات دەکرێ بڵێین، سەرجەمی تابلۆکان لەناو ناڕوونی فیگەرەکاندا و نامتمانەییان، پتر بە ئێمەی تەماشاکەر، لەگەڵ جووڵەیان بۆ پێشەوە و دواوە دەمانبەن و دەمانهێنن. هەندێکیشیان وەک بلۆکێکن لە خۆدەقکردن و گرمۆڵەکردندا نوقم بوون.

چەند تابلۆیەکیان فرەپلانییان تێدا دەبینین. تابلۆی تریان جەستەن لە جووڵەیەکی هەمەڕەکیدا. لەلایەکەوە، جووڵەیەکی سەیرن، وەک ئەوەیە بەدەم (با)وە ڕۆیشتبن و ئیدی شێوەی مرۆڤەکان و روخسار و جەستەیان کە بەباشیی ناناسرێنەوە دەگەڕیتەوە بۆ ئەو هۆیە. لەلایەکی تریش، هەست بە قورساییان دەکەین لەنێو کێشمەکێش و تێکۆشانێک بۆ وەرگرتنی دانیشتنێک، یاخود وەستانێکی ڕێک و دروست، بەڵام نەیانتوانیوە، ئیدی یان بەرەودواوە ڕۆیشتوون یان بۆ پێشەوە هاتوون و ئەوەندە نیە بکەون. تەنانەت هیچ کامیان بە جەستەیەکی تەواو ناچن. تەنها هەر ئەو جووڵەیە بەدی دەکەین وەک بڵێی پێناسەی دۆخێکی دەروونی کەسەکان بکات. بەتایبەتی لە تابلۆی ئەو دوو جەستانەی لەیەک ئاڵاون، کە هەرچۆن تابلۆکە بسوڕێنین جەستەی یەکێکیان دەچێتە سەرێ و ئەوی تریان دەکەوێتە خواری ئەوی تر، بەڵام کەسایەتییەکانی نێو تابلۆکە، بەپێی ئیمزای هونەرمەند، بە شێوەیەکە کە سەروژوور هەڵواسراون بە تەنیشتی کونێکی پەنهان، هەتا ڕادەیەک هەردوو جەستەی کەسەکەی پێدا دەڕوات، یاخود پێدا دێنە دەرەوە! وەک ئاماژەیەک بێت بۆ سەرەتای کەوتنی ئادەم و حەوا و بەو نووسینەی لە تەنیشتنیانەوەیە، کە ناخوێندرێتەوە، سەرەتایەکیش بۆ دەسپێکی مرۆڤایەتی دەخاتەڕوو. پەیکەرێکی تاقانەش بە ڕەنگی سووری جەرگیی، سەری ژنێک لەنێوان دوو دیواری سپی، هەر دەەبێ پێشێلکردنی مافی ژن و تێکۆشانێکی بێوەچان بێت لەپێناو دەربازبوون و ئازادی.

نیگارکێش لەهەر تابلۆیەکی ئەم تابلۆیانەدا، بەنێوەندی ڕەنگ و ئەو هێڵە سەرکییانەی پانتایی تابلۆکانی پێ دیاری کردووە، بێجگە لە هەموو ئەو وردەکارییانەی بەسەر بەشەکانی تابلۆکەدا دابەشی کردوون و هەندێ جار هەست بە هەڕەمەکیی فڵچەکەی دەکەین، بەهاوکاری تەواوی ئەو پێکهاتانەی بەکاری هێناوە بۆ ئەنجامدانی کارەکەی، لەگەڵ تەواوبوونی هەر بەرهەمێکی و نمایشکردنی، پێمان دەڵێ بەباشیی بیری لە هەموو جۆرە هاوسەنگیەک کردۆتەوە و بەکاریشیهێناوە.

هونەرمەند حەمەهاشم، هەنگاوێکی نوێ لە مێژووی هونەری خۆیدا تۆمار دەکات. من لەلای خۆمەوە پێمخۆشە بڵێم هونەری ”رەنگکاری”، چونکە بەبڕوام، بۆ هونەرمەند زۆر زەحمەتە ئەو ڕەنگانە بدۆزێتەوە کە بتوانێت بەنێوەندیان بیرۆکەکانی دەربڕێت و بکەوێتە نەشتەرگەریەکی قووڵ؛ لە سەرێکەوە بۆ بەرجەستەکردنی هەندێک فیگەر و ئاشکراکردنی ناواخنی نەستیان، لەسەرێکی تریش بۆ دروستکردنی وەرچەرخانێکی نوێ لە مێژووی هونەریی خۆیدا. دەبێ بشڵێین هەموو تابلۆیەک لەلای هونەرمەند هەوڵێکە بۆ نوێ و بۆ دەرچوون لە نەریت و لە باو، ئەوەش دیوی ڕاستەقینەی وەرچەرخانە لە کاری پیشووی خۆی لەپێناو داهێناندا.   

Check Also

تابوو یێ هزر و فه‌لسه‌فێ

جوان عزەت هه‌ر ژ سه‌رده‌مێ سۆكرات بگره‌ هه‌تا دگه‌هیته‌ سه‌رده‌مێ ده‌ستهه‌لاتداریێ دیرۆكا مرۆڤاهیێ دگوت: “هزر …