پێنج شه‌ممه‌, نیسان 18, 2024
frku

ســـــینەمای ئێـــــرانی و دیـــوەکـــــەی تـــری مــــرۆڤ

خەلیل زێوەیی


ئەگەرچی سینەمای ئێرانی بەدەرنیە لە کاریگەریی سیستەمی سیاسی، وەک هەر سینەمایەکی تری وڵاتانی سێیەم، ئەمەش بۆتە حاڵەتێکی سروشتی لە تەواوی دونیا، کە هونەری سینەما جیاواز لە هونەرەکانی تر کەوتۆتەژێر فۆکەسی سیاسی و تەنانەت بەشێک لە سیستەمە سیاسیەکان، وەک پڕۆژەیەکی سیاسی بەکاری دێنن لە ململانێکانیاندا، بەڵام یەکێک لە خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی سینەمای ئێرانی ئەوەیە کە لەناو گێژاوی ململانێی سیاسی و کارگەرییەکانی و هەموو ئەو لەمپەرانەی پێشی کە بۆی دروست دەکرێت،  پانتایی و بۆشاییەکی زۆری بۆ دیوەکەی تری وەزیفەکەی تەرخان کردووە، کە دیوە کۆمەڵایەتیەکەی کاری سینەماو هونەرەکانی ترە، چونکە سینەما وەک هونەرێکی کاریگەرتر لە ژانرەکانی تری هونەری دەتوانێ باشتر کێشەو گرفتەکان و ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ وەک بونەوەرێکی کۆمەڵایەتی تەوزیف بکات؛ یاخود کار لەسەر دیوە شاراوەکەی مرۆڤ و جیهانی نەبینراوی ئێمە بکات.

سینەما بەشێکی تر لە ئەرکەکەی دەرخستنی دیوە نادیارەکەی مرۆڤە، بەتایبەتی لە سەردەمی مۆدێرنێتەدا، کە لەپاڵ شتەکانی تر سینەماش ئەرکی گۆڕا، یاخود ئەرکەکەی گەورەتربوو. بێجگە لەوەی، کە سینەما وەک پیشەسازی و وەک پڕۆژەیەکی بازرگانییش ئەرکدارکراوەو دەبێ هەڵگری پەیامێکی مرۆیی و گەردونی بێت، لە کاتێکدا سینەما لە ڕابردوو ئەرکی سەرقاڵکردنی مرۆڤ بوو، بۆ کات کوشتن، بەڵام ئێستا سینەما دەبێ شان بداتە بەر بەرپرسیاریەتی سیاسی و کۆمەڵایەتیش فراوانتر لە ڕابردوو پڕۆژەیەکی کات کوژی و تەقلیدی نیە.

بەدەر لە پرسە تەکنیکی و هونەریەکانی تەکنەلۆژیای سینەمای ئەمڕۆ، من وەک بینەرێکی سەرسەختی فیلم و بەهۆی ئەوەی کەمێک فارسی زانم زۆرترین تەرکیزیشم لەسەر سینەمای ئێرانی و کاری فیلم سازی ئێران لەو ماوەیە، ئەوەی جێگەی ڕامان و قوڵبونەوەم بووە ئەوەیە، کە سینەمای ئێرانی بەو پێیەی سینەمایەکی زیاتر ڕیالیستی واقعیە، توانیویەتی زۆرترین کار لەسەر پڕۆسەی هۆشیاری کۆمەڵایەتی و ئەو قەیرانە خێزانی و کۆمەڵایەتیانەی ناو هەر خێزانێکی ڕۆژهەڵاتی و وابەستە بە کولتوورو ئاکاری ئیسلامی بکات و یەکێک لە جیاوازیەکانی تری ئەم سینەمایە بریتیە لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاریەکی یاسایی بەوەی، کە لە هیچ کارێکی فیلمسازیدا تاوانبار ناتوانێ بەهیچ بەهانەیەک لە دەست یاسا ڕابکات، کە ئەوە لە کۆنەستی بینەر دروست دەکات، کە یاسا هەمیشە وەک سێبەر بە دوامانەوەیەو ئەنجامی تاوانکردن وەرگرتنی سزایە کە لەڕووی سایکۆلۆژیەوە پاڵنەرێکی هەمیشەییە بۆ خۆپارێزی مرۆڤ لە پەنابردن بۆ تاوان و توندوتیژی و لە هەمانکاتدا هەبوونی هۆشیاری یاسایی، کە ئەمڕۆ بۆ مرۆڤ بۆتە پێداویستیەکی حەتمی.

بێجگە لەوەش، ئەدەبیات و زمانی ئاخاوتنی سینەمای ئێرانی زمانێکی زۆر نزیک و کاریگەرە لەسەر هزرو ڕووحی مرۆڤی ئێمەی کوردو گوزارشتەکانی تەواو گوزارشتی ناسک و پڕ ماناو بێ توانجە و توندوتیژی تێیدا زۆر غایبە. دواجار زمانی گفتوگۆ بەسەر تەواوی کەشەکەدا زاڵە، کە لەناو چیرۆکەکاندا دەگوزەرێ و زمانێکی گونجاوە بێ فلتەرکردن بۆناو پایەی خێزان و ئاشناکردنی مرۆڤە بە ستایلێکی گفتوگۆ، کە هێزی مەنتق تێیدا زاڵە. هەروەها، هەمیشە مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی ژیاندۆست و بەرپرسیار دەخاتە بەردەم مەحەک، کە من پێم وایە سینەمای ئێرانی سەرەڕای ئەوەی بۆتە بەشێک لە پڕۆسەیەکی هۆشیاری و پەروەردەیی و یاسایی بۆ بینەرە جدیەکانی؛ بەڵام هێشتا خەڵکی ئاسایی و عەوامی ئێران، بەتایبەت کوردانی ڕۆژهەڵات، نەیانتوانیوە سوودی لێوەرگرن و بەراورد بە نەتەوەکانی تری ئێران و بگرە دەرەوەش، ئەگینا سیحری ئەوە لە کوێیە سینەمایەک لەناو ئەو هەموو بەربەست و ڕێگریە سیاسی و کۆمەڵایەتیانەی بەردەمی لەناوخۆ و دەرەوە، ئێستاش  تۆپی سینەمای ناوچەکە و جیهانیشە و بەهۆی ئەو فشارو گەمارۆ سیاسیانەی

سەر ئێرانیش سینەمای ئێران دژایەتی زۆری دەکرێت و کەمتر دەرفەتی بەشداری و چونە کێبەرکێی هونەری پێ

دەدرێت؟

Images: https://pixabay.com/fr/

OpenClipart-Vectors

Free-Vector-Images

Check Also

تابوو یێ هزر و فه‌لسه‌فێ

جوان عزەت هه‌ر ژ سه‌رده‌مێ سۆكرات بگره‌ هه‌تا دگه‌هیته‌ سه‌رده‌مێ ده‌ستهه‌لاتداریێ دیرۆكا مرۆڤاهیێ دگوت: “هزر …